Draw Media

ئەرکی ڕاگەیاندن لەسەردەمی کۆرۆنادا

ئەرکی ڕاگەیاندن لەسەردەمی کۆرۆنادا

2020-02-26 09:52:51


هێمن باقر

ئەگەر کۆرۆنا وەك نەخۆشیەك و وەك بابەتێكی پزیشكی زانستی پزیشكی بەڕیوەبەرێت ئەوا لێكەوتە دەرونی و كۆمەڵایەتی و ئابوری و تەنانەت سیاسیەكانیشی لەلایەن میدیا و بەتایبەتی سۆسیال میدیاوە بەڕێوەدەبرێت.


لێرەدا بەپێی ئەزمونی كاركردنمان چەند خاڵێك دەخەینە ڕوو سەبارەت بە مامەڵەی میدیا لەگەڵ نەخۆشی کۆرۆنا:

1. پێویستە لەسەر میدیا بەشێك نەبێت لە سیاسەتی شاردنەوەی زانیاریەكان لەبارەی نەخۆشیەكەوە،ئەگەر هاتوو دەسەڵاتی سیاسی لەوانەبوو كە هەوڵی شاردنەوەی نەخۆشیەكەیدا. میدیای بەرپرسیار ئەوەیە كە بەڕاستی بەخەڵك بڵێت چی ڕودەدات و چی هەیە لەبارەی نەخۆشیەكەوە، تا هاوڵاتیان بتوانن بەپێی قەبارە و شێواز و شوێنی نەخۆشیەكە پلانی خۆپاراستن و ڕوبەڕوبونەوەی خۆیان دابڕێژن. خۆشبەختانە سیاسەتی حكومەتی هەرێم لەم بابەتەدا تائێستا بریتییە لە ئاشكردنەوەی زانیاریەكان و نەشاردنەوەیان كە ئەمە هەنگاوێكی عەقڵانییە.

2. پێویستە لەسەر میدیاكاران و دەزگاكانی راگەیاندن هەواڵی راست و دروست و باوەڕپێكراو بڵاوبكەنەوە. ئەگەر لەهەر كات و دۆخێكی دیكەدا بواری ئەوە هەبێت هەواڵی پشتڕاستنەكراوە یان بێ‌ سەرچاوە بڵاوبكرێتەوە.ئەوا ئەم دۆخە هەواڵی لەوجۆرە ناخوازێت و لەوانەیە كارەساتی لێبكەوێتەوە.

3. پێویستە رۆژنەوانان بزانن مامەڵەكردن لەگەڵ نەخۆشی کۆرۆنا، سەبقی رۆژنامەوانی و پەلەپەلی هەواڵ نایگرێتەوە. بابەتەكە پەیوەستە بە ژیان و مردنی خەڵكەوە و لەسەر ژیانی خەڵك كێبەركێی رۆژنامەوانی ناكرێت

4. مامەڵەكردن لەگەڵ نەخۆشی کۆرۆنا، ورژاندنی رۆژنامەوانی ناگرێتەوە، چونكە بابەتەكە بۆخۆی بە ئەندازەی پێویست وروژێنەرە و لەوانەیە زیادكردنی رەگەزی وروژاندن ببێتە هۆی دروستكردنی تۆقاندن

5. دەبێت رۆژنامەنوس ئاگاداری ئەوەبێت مامەڵەكردن لەگەڵ نەخۆشی کۆرۆنا چەندین لێكەوتەی هەیە وەك لێكەوتەی دەرونی و ئابوری و و كۆمەڵایەتی و سیاسی.


6. پێویستە رۆژنامەنوس بەشێك بێت لە پرۆسەی هێوركردنەوەی لایەنی دەرونی خەڵكی و مامەڵەكردن لەگەڵ دۆخەكە بە دەرونێكی ئارامەوە.هەموو هەوڵێك بۆ شڵەژاندنی دۆخی دەرونی خەڵك وەك ئەوە وایە میدیا و میدیاكار خۆی ببێت بەبەشێك لە پەتاو نەخۆشیەكە

7. پێویستە میدیاكار رۆڵی هۆشیاركردنەوەی تەندروستی بگێرێت،بەڵام خۆی لێ نەبێتە پزیشك،چونكە بواری پسپۆڕی ئەو نییە. بەواتایەكی دیكە دەتوانێت رۆڵی گرنگ ببینێت لە بڵاوكردنەوەی ڕێنماییە پزیشكیەكان و چاوپێكەوتن لەگەڵ پزیشكەكان.

8. میدیا دەتوانێت رۆڵی گرنگ بگێرێت لە ئاراستەكردنی رای گشتیدا بە شێوەیەكی ئیجابی،بەنمونە چاوپێكەوتنی د.كامەران قەرەداغی لەكەناڵی ئێن ئار تی سیحری دەمامكی پوچەڵكردەوە و رای گشتی لەبارەی بابەتەكەوە گۆڕی.

9. پێویستە لەسەر میدیا ژیان و كەرامەتی نەخۆش و قوربانیەكانی نەخۆشی کۆرۆنا بپارێزێت و وێنەی كەسیان بڵاونەكاتەوە و هەڵنەكوتێتە سەر ماڵەكانیان. بۆ میدیاكار خستنەڕوی نەخۆشیەكە گرنگە نەك نەخۆشەكە.

10. پێویستە لەسەر میدیاكار و دەزگاكانی راگەیاندن ژیان واپیشان نەدەن وەك ئەوەی تەنها بریتییە لە نەخۆشی کۆرۆناو ئیتر ژیان بەتەواوی وەستاوە. دەبێت سەرە رای گرنگیان بە نەخۆشیەكە بابەتی سیاسیو هونەری و تەرفیهی و ژینگەیی بەردەوام بێت. تا نەبێتە هۆی دروستكردنی دۆخێكی پڕ لە خەمۆكی.

11. پێویستە دەزگاكانی راگەیاندن هەر بەتەنها هەواڵە نەرێنیەكان لەسەر نەخۆشیەكە بڵاونەكەنەوە،بەڵكو ئەو بەرەوپێشچون و سەركەوتنانەش بڵاوبكەنەوە كە لەدونیادا بەدەستهاتووە بەسەر نەخۆشیەكەدا،وەك چاكبونەوەی ژمارەیەكی زۆری نەخۆشەكان و دۆزینەوەی دەرمانی چارەسەری نەخۆشیەكە

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand