Draw Media

رێبوار کەریم وەلی لەپای چی هەرەشە ئەکات!

رێبوار کەریم وەلی لەپای چی هەرەشە ئەکات!

2020-02-25 12:14:32


گۆران عەلی کەریم
  ماوەیەکی زۆرە رێبوار کەریم وەلی، لەباتی هەمووان خەمێکی گەورەی یەکێتی و یەکێتیەکانی  لەکۆڵ ناوە و هەر فرسەتی هەبێت، بەناوی شیکارییەوە موغریزانە بێ کەوچک دەوێت شتێک لەسەر حسابی یەکێتی بخوات، رەنگە ئەوەی کەزیاتر هانی ئەم برادەرەیەی یاوە  وابکات، ئەوە بێت کە ویسنتی شانسی خۆی لەسەر حزبەکەی( پارتی) تاقی بکاتەوە، بەڵام نەک بۆی نەلوا بەڵکو هەر زوو لە نوسینیان خست و نوسینسزیان کرد، دەنا کێشەی ناو پارتی هیچی لە یەکێتی کەمتر نییە گەر زیاتر نەبێت و دەیان بابەتی گرنگ هەیە بۆ نوسین، کە لای رێبوار کراوەتە بڤە و ناتوانێت لەسەری بنوسێت، بۆیە ئەشێ مەرجی گەرانەوەی بۆ ناو دنیای نوسین، ئەوەی بەسەردا سەپێنرابێت، خەمە گەورەکەی یەکێتی لەکۆڵ بگرێتەوە و ئەرکەکەی پێشووی بۆ هێرشکردنە سەر یەکێتی بۆدیاری کرابێت و پێسپێردرابێت.
  لەدواین نوسینیدا لەژێر ناوی ( قۆناخی پۆست بەرهەم ساڵح) جارێکی تر باسی چۆنیەتی وەرگرتنی  پۆستی سەرۆک کۆماری دەکاتەوە و چرنوک دەگرێت، بێ ئەوەی خۆی لەوە بدات، کە ئەو هەنگاوە بۆ یەکێتی دەستکەوتێکی گەورە بوو، کە بەبێ ئیزنی پارتی و موبارەکەی بارزانی، ئەو پۆستە بەهەڵبژاردنێکی بێ تەزویر، سەرباری گوشارەکان و بەخشینەوەی پارە لەدژی دکتۆر بەرهەم، بەڵام بەزۆرینەی دەنگی پەرلەمانتارەکان متمانە درابە بە سەرکردەیەکی یەکێتی، لەلایەکی تریشەوە ئەمە وێنە راستیەکەی نیشاندا کە سەرۆک کۆمار کاندیدی هەموو عێراقیەکانە نەک تەنها چەند حزبێکی کوردی، بەڵام پێدەچێت رێبوارەکان لایان وابێت، بەبێ موبارەکەی پارتی لەعێراقدا کەس نابێت پەنجە بکات بەئاودا، بۆیە لەدەرەوەی خواستی ئەوان هەر کارێک بکرێت، بەکارێکی تاکرەوانەی دەداتە قەڵەم، ئاخر کە پرسەکە هاتە سەر مڵمڵانێیەتی  و هەڵبژاردن لەنێوان دوو کەسدا، بەدڵنیاییەوە کارەکە پرسێکی تاکلایەنانە، دەنا بارزانی پێویستی نەدەکرد کاندیدی خۆی بنێرێتە ناو ئەو کێبەرکێییەوە.
 پێدەچێت نوسەر تای کۆرونای هەبێت بۆیە لەم وتارەی زیاتر لەوتارەکانی تری  زێدەرۆیی دەکات و زبر دەنوسێت و دانەجیرەیتی و لەباتی پارتی هەرەشە ئەکات و دەڵێت". تا ئێستا پارتی بە ئەعسابێكی ساردەوە مامەڵە دەكات و خۆی لە كاردانەوەی توند پاراستووە، بەڵام ئەوەی ئەمجارە وەك بابەتی سەرۆككۆمار وا بە ئاسانی بەسەر كەسدا تێپەڕ نابێت و باجەكەی زۆر قورسە". ریبوار رەنگە چپەیەک بەگوێدا کرابێت بۆیە وا بەئاشکرا هەرەشە دەبرکێنێ، بەڵام ئەوەی ئەو لای وایە چپەیەو تەنها خۆی ئەیزانێت، ساڵانێکی دورو درێژە هەموو خەڵکی کوردستان لێی بەئاگان، چونکە لەرابردوودا هیچ هێزێک هێندەی سەرکردەکانی پارتی هەرەشەیان نەکردوە و دواتر لێی پەشیمان بونەتەوەو پێچەوانەکەیان کردوە، دیارە پارتی هێزێکی بەئەزمونەو مامەڵە لەگەڵ واقعی حاڵدا دەکات، نەک بەقسەی زبرنوسەکانی، وەک ئەوەی لەبرابردووش بەتایبەت لەگەڵی یەکێتی هەروایکردوە، نزیکترین نمونەش ئەوەی ئەو ناوی دەبردن (بەگروپی ١٦ی ئۆکتۆبەر) ئێستا هەر ئەوان قیادەی یەکێتی ئەکەن و پارتیش ناچارە وەک شەریک و هاوبەش مامەڵەیان لەگەڵدا بکات.
رێبوار وەک نوسەرێکی بەناو لیبراڵ خۆی ماندو ئەکات تا خەڵکی تر لەخۆی رازی بکات، رەنگە ئامانج و ئاراستەی نوسین لای ئەو رازیکردن و رەتکردنەوەکان، لەدەرەوەی ویستی خۆی بێت، بۆیە زۆر جار شتگەلێک ئەنوسێت و ئەڵێت، تەواو جیاوازە لەقەناعەتەکانی خۆی.
 لەبەشێکی تری نوسینەکەیدا دەڵێت"هەڵبەتە مافی رەوای سەرۆك بەرهەم ساڵح بوو وەك سیاسییەك ببێ بە سەرۆكی ئەو وڵاتە كەلاوەیەی پێیدەڵێن عێراق، بەڵام دەرهاوێشتەكانی ئەو كارە ئێستا روون دەبنەوە كە حەمە تۆفیق عەللاویش وەك عەبادی نایەوێ حیساب بۆ رای حیزبە سیاسییەكانی كوردستان بكات و وەزیرە كوردەكانی، بە پشتیوانیی سەرۆككۆمار و دەنگی موقتەدا و هادی عامری بە پەرلەماندا تێپەڕێنێ. دیار نییە بۆی دەچێتە سەر یان نا؟ بەڵام ئاوێك رژاوە تازە ناگەڕێتەوە ناو جۆگە".
 سەرەتا با لەو دەستەواژەیەوە دەسپێبکەین کە ئەو عێراق بەوڵاتێکی کەلاوە دەداتە قەڵەم، بەڵام لەم کەلاوەیەوە چەندین بەرپرسی کورد لەناویانا بەرپرسی باڵای حزبەکەی ئەو لەسەر گەندەڵی لەپۆستەکەی دورخرایەوە، ئەی لەکوردستان بۆپرسی گەندەڵی چی؟ لەو کەلاوەیەوە پەرلەمانێک هەیە بەهەموو کەمو کورتیەکانیەوە، نوزەیەکی جیاوازی هەیە، ئەی لەپەرلەمانەکەی خۆمان چی؟ لەو کەلاوەیە تائێستا موچە هەیە و موچەی فەرمانبەرانیش لەهی هەرێم بەرزترە موچەی هەرێمیش بەشێکی لەو کەلاوەیەوە دێت، گەر نەیەت تاقی کرایەوە چی ئەگوزەرێت، ئیتر بۆ ئەبێت، ئەولا کەلاوەو ئەملا شامی شەریف بێت! ئەوەی کە پەیوەندی بە محەمەد تۆفیقەوە هەیە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیران، ئەوە بەسازان و ئۆکەی بارزانی و بەشێکی زۆری لایەنی سوننەو شیعە بووە، بۆدانانی وەزیرەکانیش، رێبوار بە ئاوازی بانێکەو دوو هەوا سەما دەکات، لەلایەک باسی ئازایەتی و جوامێری پارتی ئەکات کە لەحکومەتەکەی نوری مالیکی نەیهێشتوە گۆران وەزارەت وەرگرێت و لەکابینەکەی عادل عەبدولمەهدیش مەنعی وەرگرتنی وەزارەتی کردوە بۆ یەکێتی، کەچی تازە خەبری بوتەوەو بەتەنها لەتۆمەتی دانان لەوەزیری کابینەکەی عەلاوی باس لەمەترسی لە دەستچونی ئیجماعی کوردی ئەکات، تەنها شتێک کە لەناو وتارەکەی مەقبول بێت، ئەو دەستەواژەیەیە کە دەڵێت، دەمێکە ئیجماعی کوردی تێکچووە، تازە ئاوێکەو رژواوەو ناگەرێتەوە ناوجۆگەکە. رێبوار راست ئەکات دیارە ئاوەکە ناگەرێتەوە ناوچۆگەکە چونکە بنەوانەکەی سەرەوە لایداوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand