Draw Media

بەڵێ کارنامەی گۆڕان رەسەن بو .... بەڵام.... !

بەڵێ کارنامەی گۆڕان رەسەن بو .... بەڵام.... !

2020-02-21 10:38:39


چیا عەباس

بەشی چوارەم
کاتێک سەرکردەیەکی کاریزما نامێنێت و دوای خۆی دەستەجەمعی شوێنی ناگرێتەوە، لە بری ئەوە بەرپرس و گروپەکان لە گێژاو و تەنگەشە سیاسیەکاندا بەمەبەست و خواستی پێشوەختی تایبەتی خۆیان گەمە بە واقع و راستیەکان دەکەن، دەیان شێوێنن و وەک کرۆکی کارنامەی سیاسیان عەرزی دەکەن و بۆ دەوروبەری رێکخراوەیی و سیاسی خۆیان و دەرەوەش شۆری دەکەنەوە، ئیتر راستگۆیی سیاسی و متمانە لە ئاستێکی زۆر نزمدا دەگیرسێنەوە.
ئەم واقیعە دوای وەفاتی کاک نەوشیروان لە ناو گۆڕان بەرجەستە بو، زۆری نەبرد، هەر لە پاش وەفاتی و لە جێبەجێکردنی داواکەی بۆ دروستکردنی خانەی راپەراندن، پەنجەکان کەوتنە شکاندنی یەکتر، کەوتنە پەنجەمۆرکردنی ساختەی مامەڵەکردن بە ئیرسە مەعنەوی و سیاسیەکانی بزوتنەوەکە. هەڵسوراوە بە ئاگا و هوشیارەکان لێنەگەران ببنە سووتەمەنی ئەم جەنگە قێزەوەنە و لە نێوان پەنجەکاندا بخنکێن.
کاک نەوشیروان لە ١٣ی نیسانی ٢٠٠٦ نامایەک ئاراستەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی دەکات دەرباری چاکسازی، تێیدا دەڵێت:
لێرەدا من باس له چاکسازی حكومەت ناکەمەم چونكه کاروباری حكومه ت و کاروباری حیزب پێكەوه بەستراون. ده زگا حیزبیەکان، وەزیر و وەکیلەکانیان، بەڕوەبەری گشتی و یاریدەرەکانیان، به زۆری له سەر بنچینەی دەستەگەری ومەحسوبیەت و هەندێ جار دابین کردنی قازانجی تایبەتی دانراون، بۆیه چاکسازی له حكومەتدا بەنده له سەر چاکسازی له یەکێتیدا. هەتا پاکسازی و چاکسازی له ناو مای حیزبدا نەکرێ ناتوانرێ ناو ماڵی حكومەت پاك بكرتەوه و رك بخرتەوە، بۆیه من لام وایه ئەبێ ریفۆرم له پێشەوه له یەکێتی دا بكرێ ئینجا له حكومەتدا.
بێگومان بە هەمان بۆچون و نیەتیش لە ناو گۆڕاندا هەوڵی دەدا، وێرای ئەوەی  کاک نەوشیروان لە دوا قۆناغی ژیانیدا گەیشتبوە ئەو قەناعەتەی کە چاکسازی و پاکسازی لە ناو هێزە سیاسیەکاندا بەهۆی ژینگەی سیاسی کوردستان و دەروبەری و بەهۆی پێکهاتەی رێکخراوەیی هێزەکان کاری زۆر ئەستەمن، بەڵام کارکردن لە سەر ئەو چەمکە باشترە لەوەی تەسلیمی ئەو واقیعە تاڵە بیت.
هەرچۆنێک بێت هاوکارەکانی و بە رەزامەندی پشت پەردەی چیا و نما دوای وەفاتی بەپێچەوانەی ئەو چەمکە کاریان دەست پێکرد، چەندی هەڵسوراوی دڵسۆز و ماندویان دەرکرد و لە بزوتنەوەکە دورخستەوە، گوێیان لە هیچ پێشنیاز و پرۆژە و بۆچون بۆ چاکسازی ناو ماڵی گۆڕان نەگرت، بۆیە بیابانی گۆڕانی دوای کاک نەوشیروان نەک تەنها بۆ هزری رەسەنی گۆڕانکاری هیچی لێ شین نەبوە بەڵکو درک و داڵ و خرنۆک چرکە دوای چرکە رۆحە رەسەن و هەناوەکەی گۆڕان بریندار و هەراسان دەکەن، تەنانەت بەو داروپەردوە تارمایی کوخێکیش ساز نەکراوە، ئەوەی کراوە و بەردەوامە ئەو کاراکتەرانە بێهودە لمی بیابانەکەیان دەکوتنەوە و بە خەیاڵ قەڵایەکی گۆرانکاری بەرز دەکەنەوە.
ئەم ئەقڵیەتە ئیرسێکی مێژوە کە پرۆ یەکێتییەکانی ناو گۆڕان و ئەو کەسانەی کە پێش گۆران زۆر بەرە و حزبیان تاقیکردۆتەوە و لە دەرگای زۆر باڵەخانەیان داوە مردنی رێکخەرە گشتیەکەیان بە هەلێکی گونجاو بینی بۆ پچراندن و سەپاندنی پێگەی خۆیان لە گۆرەپانێکدا کە لە واقیعدا بێ مەرجەع و خاوەن و رادعێک بو و ئاسان کەوتە دەستیان. ئەو دەسکەوتە چاوچنۆکی و تینویەتی حەز و تەماعەکانی ئەم ئەقڵیەتەی تێر نەکرد، بۆ ئەوەی نەکەونە گیانی یەکتر کەوتنە دابەشکردنی بیابەنەکەیان، لە مەشدا کاتێک سێ کەس لێیان بەیەکتر گەیشتن  خێرا دوانیان بونە تەکەتولێک دژ بە سێیەم، کەڵتورێکی خۆخۆری سیاسی. ئەم ئەقڵیەت و رەفتارانە وەک هی ئەو راوچیانەن کە لە دارستاندا تەنیا پێست و کەوڵی کۆمەڵێک دڕندەیان دەس دەکەوێت کە لەساتی شەڕ و لەبرساندا لەیەک ئاڵاون و مردوون.
کێن گوناهبارەکانی ناو گۆڕان؟
کاک نەوشیروان لە سەرەتای دروستبونی کۆمپانیای وشەوە، کۆتایی ساڵی ٢٠٠٦، جەختی دەکردوە لەوەی هاوکارە دێرینەکانی قەڵغان و کۆکەرەوەی دەنگ دەبن بۆ بزوتنەوەیەکی نوێ، لە پێناوی ئەو ستراتیژیەدا چاوپۆشی زۆری لێکردن و دڵیانی رادەگرت و فرسەتی گەورەشی خستە بەردەمیان، لە هەمان کاتیشدا لەو باوەرەدا بو ئایندەی رەوتە نوێکە بۆ نەوەی گەنج و نوێ دەبێت. 
کاک نەوشیروان لەم دو هەڵسەنگاندنەدا مەبەستەکانی نەپێکا، ماوەیەکی کورت پێش کۆچی دوایی لای چەند دۆستێکی پەشیمانی خۆی دەربریوە لە جۆری مامەڵەکردن و متمانەکردن بەچەند کاراکتەرێکی ئەو دو گروپە، هەر دو تەرەف کەم یاخود زۆر بون بە بارێکی قورس بەسەر بزوتنەوەی گۆڕانەوە و دوای وەفاتیشی هۆکاری بنەرەتی داکشانی بزوتنەوەکە بون لە زۆر بواردا.
چۆن ؟
پێویست ناکات باسی رۆڵی هاوکارە دێرینەکانی بکەمەوە، لە نوسینەکانی پێشومدا بە وردی باسم کردون، کورتەکەی کاک نەوشیروان لە روانگای هاوخەباتی مێژوییەوە پێویستی بەوان بۆ هزری چاکسازی و گۆرانکاری هەبو، ئەوان ئەهلی ئەو ئەرکە نەبون. ئەم راستیە دوای وەفاتی بەزەقی بەرجەستە بو کاتێک رێکخەری گشتی نوێ راشکاوانە رایگەیاند: سەردەمی کاک نەوشیروان بەسەرچو، هاوکاتیش هەڵسوراوە باڵا مەنگ و ژێر بەژێرەکان کە زۆربەی ژیانی سیاسیان لە ناو گۆڕاندا بە فروفێڵ و پاشقولگرتن و موئامەرەکردن بەڕیکردوە و بەو شێوازە گەیشتونەتە لوتکەکانی دەسەڵات، ئێستاش هەر خەریکی خۆیان و گیرفانیانن. مەخابن ئەم کاراکتەرانە، وێرای رێز و بەرزنرخاندنی ماندوبون و قوربانیەکانیان لە رابوردودا، ئێستاش دەرک ناکەن بەوەی بێ کاک نەوشیروان هیچ مەوقعێکی ئەوتۆیان لە ئیعرابی سیاسی باڵی ریفۆرم و لە گۆرانیشدا نەدەبو.
بە کورتی خانەی راپەراندن و دەورەبەریان و بەشێکی بەرچاوی جڤاتی نیشتمانی دوای وەفاتی کاک نەوشیروان شکستێکی کەمەر شکێنەریان هێنا تا ببنە ئاوێنە رەسەنەکەی هزری گۆران، دەرکەوت ئەوان ئاوێنە سواو و بێ رەونەقەکەی خەم و مەراق و حەزە وردیلە و گەورەکانی پایزی تەمەنیانن.   
گەنجەکان و نەوەی نوێی گۆڕان
کێ بون ئەمانە، لە کوێیەوە هاتبون، چیان دەویست، چیان کرد، ئێستا چیان دەوێت؟ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە بەرچاومان دەرباری رۆڵی ئەم گروپە لە هەڵکشان و داشکانی گۆڕان رون دەکات.
گەنج و نەوەی دوای راپەرین کۆڵەکە بەهێز و باوەرپێکراوەکەی گۆران بون، کەسایەتی و کاریزمای کاک نەوشیروان سەرچاوەیەکی گرنگی ئیلهام و پەرۆشیان بو بۆ گۆڕان. زۆربەی زۆریان خاوەنی ئەزمونی رێکخراوەیی و سیاسی نەبون، لە گەرەک و خێزان و ناوچە هەژار و پشتگوێخراوەکانی کوردستان چاویان کردبوەوە، دەرفەتەکانی ژیانێکی ئاسودە و ئایندەیەکی گەش بە رویاندا داخرابون، خۆیان و خانەوادەکانیان بەدەست ناعەدالەتی و ستەمەوە تورە و یاخیبو بون. 
بە کورتی نەوەی شۆرشێکی نوێ بون، پێچەوانەی ئەو خەباتکەرانەی دوای راپەرین خۆپەرست و خۆخۆر و گەندەڵچی دەرچون. ئاوات و خواستی بنەرەتیان ئازادی و یەکسانی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی و سەروەری یاسا و دابینکردنی مافە رەواکانیان بو تا بە دڵنییاوەی بەرەو ئایندە هەنگاو بنێن، زۆربەی خواست و خەونەکانیان لە کارنامەی گۆڕاندا دەبینیەوە.
بەتەنیشت ئەم زۆرینەیەی نەوەی نوێی گۆڕان، چەند گروپێکی گەنجی تری خاوەن ئەزمونی سیاسی و رێکخراوەیی بە دەنگ گۆڕانەوە هاتن. زۆرینەیان لە ناو یەکێتی و رەوتە ئیسلامیەکانەوە هاتبون، بۆیە خاوەنی زەمینە و ئەزمون و پاشخانی لایەنە ئەرێن و نەرێنەکانی کڵتوری سیاسی و حزبایەتی کورد بون. 
ئەم گروپانە کاری رێکخراوەیی و سیاسیان لە ناو گۆڕاندا زیاتر وەک پرکەرەوە و دەوڵەمەندکردنی ژیانی سیاسی پێشویان دەبینی وەک لەوەی ئەرکێکی قورسی درێژخایان لە سەر بنەمای ئارەزومەندی و خۆبەخشانە بێت.
هەر لە سەرەتاوە گەنجەکان روبەروی دەسەڵاتە هەرەمیەکانی موخەزرەمەکانی ناو گۆڕان بونەوە، کاک نەوشیروان هەوڵی زۆری دا هاوسەنگی نێوانیان رابگرێت، بەکردار زۆربەی ئۆرگانەکانی گۆڕانی دایە دەستی گەنج، وەک بەشێکی بەرچاوی ژورەکانی گۆڕان، ئەندامانی فراکسیۆنەکانی گۆڕان و کارمەندانی راگەیاندن لە گەنجەکان بون، تایبەت ئەو گەنجانەی لە حزبەکانی ترەوە هاتبونە ناو گۆڕان.
نە کاک نەوشیروان و نە جڤاتی نیشتمانی و نە بەرپرسەکانی تری گۆڕان کارنامەیەکی تۆکمە و سیستەماتیکیان بۆ خستنەگەری نەوەی دوای راپەرین لە ناو بزوتنەوەکە نەبو، ئەو نەوەیە زۆر تورە و رادیکاڵ بون و پەلەشیان بو، بۆیە زمانی قسەکردن لە گەڵیان و لێکتێگەیشتن لێیان و پەروەردەکردن و گەشەپێدانی ناسنامەی گۆڕانبونیان حزورێکی سنورداری لاوازی هەبو، بەکورتی وەک ژمارەیەک بۆ سەر سندوقەکانی دەنگدان دەبینران.
بە رۆیشتنی کات، تایبەت دوای دوەم هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی کوردستان و عێراق کە گۆران تێیاندا بەشدار بو لە گەڵ بەشداری لە حکومەتی هەرێم، هاوکاتیش دورکەوتنەوەی کاک نەوشیروان لە وڵات بەهۆی نەخۆشیەوە، هێدی هێدی خڵتە و پیس و پۆخڵی و گەندەڵکاری و تەکەتولگەری و بێباکیش لە ناو بەشێک لە گەنجە دەسەڵاتدارەکان لە ناو بزوتنەوەکە و لە فەرمانرەوایی و لە فراکسیۆنەکانی گۆڕان سەرئاو دەکەوتن، کار گەیشتە ئاستێک ئەو دیاردانە بونە باسی راگەیاندنەکان و بەرەی نارازی ئەو سەردەمەی ناو گۆڕان.
ئێستاش بەشێک لەو گەنجە خاوەن پێگە لە فەرمانرەوایی و پەڕلەماندا تەسلیم بە واقیع بون، بە پاساوی ئەوەی هەر ئەوەندەیان پێدەکرێت، گەر دورکەونەوە پارتی و یەکێتی ئەزیەتی گۆڕان دەدەن و .... تاد دەرک ناکەن بەوەی بەم لێدوان و رەفتارانەیان بێ ئومێدی خەڵک خەستتر دەکەنەوە، با لە خۆیان بپرسن لە سەرەتادا بۆچی بون بە گۆڕان؟ بۆ یاخیبون یاخود تەسلیمبون بو؟ 
لە نێو ئەم گێژاوە سیاسی و رێکخراوەییەدا نەوەی دوای راپەرین لە گۆڕان دورکەوتونەتەوە، بایکۆتی هەڵبژاردنەکان بەهێزترین ئاماژە بو بە بێ متمانەییان بە بەرپرسانی گۆڕان لە هەر دەزگا و شوێنێک بن.
بەشێکی بەرچاوی خانەی راپەراندنی دوای وەفاتی کاک نەوشیروان بەم روداوانە بزەی سمێلێان دەهات، چونکە هەروا فێربون کە رکابەرەکەت لاواز بێت تۆ خۆت بەهێزتر دەبیت.

چیا عەباس
رۆتەردام ٢١ فێبرواری ٢٠٢٠       
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand