گەر گۆڕانکاری ناکەن گۆڕەپانەکە چۆڵ کەن
2020-02-20 13:20:06
د. شۆڕش حاجی
پێشترو لە چەند وتارو بۆنەی تردا گوتومانە کە شکستهێنانی بزوتنەوەی گۆڕان دەبێتە مایەی نائومێدبونی هاوڵاتیانی باشوری کوردستان بە پرۆسەی گۆڕانکاری، چونکە گۆڕان وەک جوڵانەوەیەکی گۆڕانخواز خاوەنی تێڕوانینو بەرنامەی چاکسازی بو بۆ هەمو بوارەکانی حوکمڕانی. بۆیە ئەگەر گۆڕان شکست بێنێ ئاراستەی روداوەکان بەئاقارێکی تردا دەڕواو رەوتی چاکسازی بۆ ماوەیەک پاشەکشە دەکات. هەروەها پێشتر هۆشداریماندا لەوەی کە بزوتنەوەی گۆڕان لەبەردەم دوڕیانێکی چارەنوسسازدایەو ئەگەری شکستو سەرکەوتن لەبەردەمیدا کراوەیە. هەروەها هەوڵێکی زۆرماندا بۆ ئەوەی بتوانرێ قەرەبوی شکستی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستانو ئەنجومەنی نوینەرانی عیراقی ساڵی ٢٠١٨ بکرێ، بەڵام بێسود بو.
لە ئێستادا هێماکان بەرەو لاسەنگ بونی زیاتری تای تەرازوی شکستی بزوتنەوەی گۆڕان دەچێو نیشانەکانی ئەو شکستە لە دو بواردا بەرونی دەرکەوتون. یەکەم، شکستی گۆڕان لە شێوازی رابەرایەتیکردنو ئیدارەدانی جوڵانەوەکەو میکانیزمی بڕیاردانو هەڵوێست وەرگرتنە لەسەر هەمو پرسەکان. دوەم، شکستی گۆڕانە لە چنینەوەی بەرهەمی بەشداریکردنی لە کابینەی نۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
دەرهاویشتەکانی شکستی گۆڕان لەو دو بوارە وایانکردوە رۆژ لەدوای رۆژ خەڵک لە بزوتنەوەی گۆڕان دور بکەوێتەوەو پەیتا پەیتا قورسایی ئەو جوڵانەوە گۆڕانخوازە لەناو خەڵکو کاریگەریی لەسەر کایەی سیاسی کەمبێتەوە. بۆیە ئەرکی هەمو خەمخۆرانی ئەم گەلو نیشتمانەیە بەوردی چاودێری ئەدای بزوتنەوەی گۆڕان بکەنو تاووتوێی مەترسی داکشانی گۆڕان بکەن لەسەر پرۆسەی سیاسیو بەرژەوەندی هاوڵاتیانو لە باشوری کوردستان.
پرسیارە گەورەکە ئەوەیە، کە ئایا مانی بزوتنەوەی گۆڕان بەم گوتارو هەڵوێستو شێوازی کارکردنەی ئێستایو، لەژێر رابەرایەتی ئۆرگانە فەرمییەکانی ئەمڕۆی گۆڕانو بڕیاربەدەستەکانی دەرەوەی دامەزراوەکانی گۆڕان لە قازانجی چەمکی گۆڕانخوازیو رەوتی چاکسازییە لە باشوری کوردستان، یان لە زەرەریێتی؟ بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە با دوا هەنگاوی گۆڕان لە کایەی سیاسیدا بەنمونە وەرگرین.
بزوتنەوەی گۆڕان لەدوای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٨، کەوتە گفتوگۆ لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ بەشداریکردن لە حکومەتی هەرێمی کوردستان. دواتر رێکەوتنێکی لەگەڵ پارتی واژۆ کرد، کە لەئاست چاوەڕوانی گۆڕانخوازانی کوردستان نەبو. بەڵام ئەو خاڵانەی شاندی دانوستانکاری گۆڕان باسیانکرد کە لەگەڵ پارتی لەسەری رێکەوتون لەچاو کەمیی ژمارەی کورسییەکانی گۆڕان مایەی رەزامەندی رێژەیەکی بەرچاوی گۆڕانخوازانو هاوڵاتیانیش بو. سەرەڕای ئەوە، هەر لەسەرەتاوە رەخنەی ئەوە لەرێکەوتنەکە گیرا کە سەقفی زەمەنی بۆ جێبەجێکردنی خاڵەکانی ناو رێکەوتنەکە دیاری نەکرابوو هیچ مەرجو کۆتوبەندێکیش بۆ ئەگەری جێبەجێنەکردنی رێکەوتنەکە دانەنرابو.
پارتی دیموکراتی کوردستان، جگە لە رێکەوتنە نوسراوەکە، لە کۆبونەوەی فەرمیدا کۆمەڵێک بەڵێنی زارەکی بە بزوتنەوەی گۆڕان دا. دیارترین خاڵەکانی رێکەوتنی نوسراوو لێکتێگەیشتنی زارەکی نێوان پارتیو گۆڕان بریتی بون لە: دەرکردنی یاسای چاکسازی گشتگیر (نەک ئەو یاسایەی کە بەمدواییە لە پەرلەمان پەسەندکرا بۆ رێکخستنی موچەو خانەنشینی پلە باڵاو تایبەتەکان)و دروستکردنی ئەنجومەنی چاکسازیو پێدانی پۆستی یاریدەدەری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بۆ چاکسازی بە بزوتنەوەی گۆڕانو دروستکردنی سندوقی داهاتەکانی نەوتو پێدانی پۆستی سەرۆکی ئەو سندوقەش بە گۆڕانو گێڕانەوەی پاشەکەوتی موچەو باشکردنی بژێوی هاوڵاتیانو حەلکردنی یەکەکانی ٧٠ و ٨٠و رێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەو هێزەکانی ناوخۆو کردنیان بەهێزی نیشتمانی. هەروەها بەربژێری گۆڕان بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی هەرێم بەرپرس دەبێ لە رێکخستنەوەو ئیدارەدانی هێزی پێشمەرگەو هێزەکانی ناوخۆو پێدانی ١٢٪ی پۆستە حکومییەکانی هەرێمی کوردستان بە بزوتنەوی گۆڕان.
ئێستا وا زیاتر لە ٢٠٠ رۆژ بەسەر پێکهێنانی کابینەی نۆ تێپەڕیوەو تا ئێستا هیچکام لەو خاڵانەی رێکەوتنی نێوان بزوتنەوەی گۆڕانو پارتی دیموکراتی کوردستان جێبەجێ نەکراون. تەنیا شتێک کە تا ئێستا کرابێ دامەزراندنی چوار وەزیرو جێگرێکی سەرۆکی هەرێمە لەسەر پشکی بزوتنەوەی گۆڕان. لەبەرامبەردا گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان رازی بو بە تێپەڕاندنی هەمواری یاسای سەرۆکایەتی هەرێم بەو شێوەیەی کە خواستی پارتی بو. نەک هەر ئەمە بەڵکو، بزوتنەوەی گۆڕان ئێستا لەرێی هەندێ لە بەرپرسەکانی ناو حکومەتەوە بۆتە داکۆکیکەر لە شێوازی خواروخێچی کارکردنی هەندێ لە دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمو بەرگریکار لە نارۆشنیو دیزەبەدەرخۆنە کردنی داهاتی نەوتو داهاتەکانی ناوخۆ.
لەئێستادا هیچ ئاماژەیەک نیە کە ناوەرۆکی رێکەوتنی نێوان پارتیو گۆڕان بەمزوانە جێبەجێ بکرێ. سەرەڕای هەمو ئەوانە بزوتنەوەی گۆڕان، جگە لە هەندێ قسەی شەرمنانە نەبێ، هەڵوێستێکی جیدی نیەو تەسلیمی ئەمری واقیع بوە.
بزوتنەوەی گۆڕان لەسەرەتای دروستبونیدا بڕیاری دابو لەڕێی هەڵبژاردنو سندوقەکانی دەنگدانەوە دەسەڵات بگرێتە دەستو چاکسازیو گۆڕانکاری ریشەیی لە سیستمی سیاسیو ئابوریو کارگێڕیدا بکات. ئەگەر ئەوە نەکرا، بەنیاز بو لەڕێی خەباتی مەدەنیو فشاری جەماوەرییەوە لەسەنگەری ئۆپۆزیسیۆنەوە دەسەڵات ناچار بکا بەشێک لەبەرنامە چاکسازییەکەی گۆڕان جێبەجێ بکات. بەڵام ئێستا بزوتنەوەی گۆڕان لەبری پەیڕەوکردنی ئەو ستراتیژە بۆتە ئارایشکەری چەوتوچێڵیی دەسەڵاتو پەیتا پەیتا دور دەکەوێتەوە لەو بەڵێنانەی کە بەخەڵکی دابو. خەمو خولیای ئێستای گۆڕان بۆتە ئەوەی کێ لەکوێ دابمەزرێنێ. تۆ بڵێی گۆڕان بۆ ئەوە دروست بوبێ کە هەر چەند ساڵ جارێک چەند کەسێک بکاتە پەرلەمانتارو وەزیرو هیچی تر؟
کاتی ئەوە هاتوە گۆڕانخوازانو لایەنگرانی چاکسازی لە باشوری کوردستان بۆ دواجار داوا لە بزوتنەوەی گۆڕان بکەن بگەڕێتەوە بۆ پەیامو ستراتیژەکەی جارانیو بوێرانە هەوڵی گۆڕانکاری بدات. ئەگەر بزوتنەوەی گۆڕان ئەوە ناکات با گۆڕەپانەکە چۆڵ بکاو لێگەڕێ لە هەلومەرجێکی گونجاوی تردا جوڵانەوەیەکی تر سەرهەڵبداو ئەو پەیامو مەشخەڵەی گۆڕان بەرزیکردەوە، ئەو بیگەیەنێتە مەنزڵ.
بێگومان ئەم بژاردەیە بەدڵی زۆر کەس نیەو ورە پروکێنەرە، بەڵام پێمان وایە ئەمە لەوە باشترە کە بزوتنەوەی گۆڕان رۆژ لەدوای رۆژ لاوازترو بچوکتر بێتەوەو هیچ کاریگەرییەکی لەسەر پرۆسەی سیاسیو ژیانی هاوڵاتیان نەمێنێو، لەخەونی گرتنەدەستی دەسەڵاتو ئەنجامدانی گۆڕانکاری ریشەییەوە ببێتە هێزێکی بچوکی پەراوێزکراو.