Draw Media

كورد باجی كەباب ئەدات

كورد باجی كەباب ئەدات

2020-02-20 11:32:52


زانا عەبدولڕەحمان 

دبلۆماسیەتی كوردی بەرادەیەك فاشلە كە جێگەی بەزییە هەموو دیدار و چاوپێكەوتنەكان جگەلە كۆمەڵێك وێنەی یادگاری و نان خواردنێكی شاهانە هیچی بەدوای خۆیدا ناهێنێت.
ئەمەش دەردێكی كۆنە كە كورد پێوەی ئەناڵێنێت، زۆركات واوتراوە ئەوەی كورد بەشەڕ بەدەستی دەهێنێت لەسەر مێزی گفتوگۆ دەیدۆڕێنێت، سیاسیەكان لەدوایی رێفراندۆم لەوە تێگەیشتوون كە ئەو هەموو بەرخ و قەل و كەبابەی كە سفرەی وەفدەكانیان پێ تێر ئەكران، بۆ بەرژەوەندی كورد هیچیان پێنەكرا و هەموو بە هەدەر رۆیشت .
ئەو كاتەی كە گەلەكۆمەكێمان لێكراو لە شەنگال تا خانەقین دەریان پەڕاندین، ئەو دۆستە ئەورپیانەی كە هانامان بۆ بردن و باسی كوردمان لەگەل ئەكرد یەك رستەیان بەردەوام ئەوت كە ( خواردنی كوردی زۆر خۆشە) و تامەكەی لە زاریان ماوە.
ئێمەی كورد لەناوەراستیی كۆمەڵێك دەوڵەتی ئیسلامین، كەچی لەماوەی ئەم چەند مانگە سێ سەكردەی كورد سەردانی پاپایی ڤاتیاكانیان كرد. بەبێ ئەوەی خۆشیان بزانن بۆ ئەو سەردانە ؟بەرهەمی ئەو سەردانە بۆ كورد چین ؟ خۆ نامانكەن بە مەسیحی ؟

كورد نەیتوانی كوژرانی قاسمی سولێمانی بكاتە هەلێك بۆ ئەوەی رۆڵی ناوەندگیر لە نێوان ئێران و ئەمریكا بگێریت.
هەر زوو بە قسەی هەندێك شیكەرەوەی سیاسی و رۆژنامەنوس كە گوایە ئێران لە عێراق كۆتایی هاتووە پاڵیاندایە ئەمریكا.
ئێستاش ئیرانەكان توڕەن و داوی لێبوردنی هەرێمشیان قبوڵ نەكردوە. بەغدادیان كردۆتە خاڵی فشار و ئەڵێن: خۆمان وەزیرتان بۆ دائەنێن، ئەگەر كورد دڵێ ئێرانیەكان ئاشت نەكاتەوە هیچ لە رێككەوتنێك لەگەل بەغداد سەرناگرێت و موچە و قوتی خەڵكیش لە مەترسیدا ئەبێت وەك جاری جاران.
هەتا سیاسیەكانی كورد واز لە كەباب و دەعوەت و وێنەگرتن پۆست پۆستێنەی فەیسبووك نەهێنن دۆخمان لەمەی ئێستا باشتر نابێت، سەرنجی دبلۆماسییەت بە كەباب و قاوەڵتی راناكێشرێت! بەڵكو بە هاوتایی و هاوبەرژەوەندی و رێزگرتنی هاوبەشی نێوان دوولا بونیاد ئەنرێت، ئیتر كاتییەتی بەو سلوكە دبلۆماسیەتە بچینەوە.
ئێوە لەكەباب زیاترتان نیە پێشكەشی بكەن ؟ ئەگەر واز لە دبلۆماسیەتی كەباب نەهێنن ئەمجارە باجەكەی بەقورسی ئەدەن

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand