هاوسەرۆکیەکەی ماری بوکچین و هاوسەرۆکییەکەی یەکێتی!
2020-02-18 16:15:25
کەمال رەئوف
لە دنیادا زۆر تێزی فکری و تێروانینی فەلەسەفی هەبووە، کەتەنها هەر لەسەر کاغەز ماونەتەوەو لەئەسەر ئەرزی واقیع هچیان لێ شین نەبووە و بۆ ژیان تاقی نەکراونەتەوە، یان بەدەردی ئەوە نەهاتون، لەواقیعی ژیاندا کاریان پێبکرێت.
لەئەنجامی گفتوگۆکانی ئۆجەلان و بیرمەندی ئەمریکی ماری بوچین، ئەوە تێزە بۆ ئیدارەو بەرێوە بردن هاتە ئاراوە کە بە سیستەمی هاوسەرۆکی دەناسرێتەوە. زۆرکەس لایان وایە کە ئەسڵی تێزەکە داهێنانێکی ئیکۆلۆجی ماری بوکچین بووەو ئۆجەلان گەشەی پێداوەو لەسەر ئەرزی واقیعیش تاقی کردۆتەوە، دیارە بیرکردنەوە و تێزەکەی ماری بوکچین هەرچۆن بووبێت، ئەوەی کە زیاتر ئەم تێزەی بەجیهان ناساند ئەو هەنگاوە عەمەلیانەی پەکەکە بوو کە لەبواری جێبەجێکردنی جڤاتی و حزبیدا، کاری پێکرد.
ئامانج لەمەش هاوسەنگی جێندەری و بەشداریپێکردنی ژنان بوو، لەهەموو بوارەکانی ژیاندا، بەتایبەتی بواری ئیدارەو حوکمرانی. بەڵام بەحوکمی ئەوەی پەکەکە ناوچە نفوزی لەباکور نەکەوتە بن دەست هاوسەرۆکی لە بواری حوکمرانی لەرۆژئاوا پیادەکرد، بەڵام لەناو حزبدا ماوەیەکی زۆر بوو وەک سیستەکمێکی نوێ، تارادەیەکی زۆر کاری پێکرا بوو. ئێستا دەبیستین یەکێتیش سیستەمی هاوسەرۆکی بۆ ئیدارەدانی حزبەکەی خستۆتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام ئەوەی ئەم هاوسەرۆکییە جیا ئەکاتەوە لەو هاوسەرۆکییەی رۆژئاواو پەکەکە، ئەوەیە، لەناو پەکەکە هاوسەرۆکی بەمانای بوونی بەشداریپێکردنی ژن و پیاو، واتە یەک ژن و یەک پیاو بۆ پۆستێکی دیاریکراو، ئەمەش نەک هەر لە دەستەی سەرۆکایەتی بەڵکۆ بۆ هەموو پنتەکانی کاری رێکخستن و ئیدارەش شۆر دەبێتەوە، بەڵام ئەوەی یەکێتی نەک هەر خۆی لە بەشداریکردنی ژن نەداوە، تەنانەت لە ریزی دووەمی ئەم ئیدارەو سەرۆکایەتیە، کە ناوی جێگرو کارگێری بۆدیارکراوە، ناوی تاکە ژنێکیش نابیسترێت، ئەوە جگە لە ئۆرگانەکانی تری حزب و ئیدارەو حوکمرانی کە یەکێتی هاوبەشی حکومەتی هەرێمەو ناوچە نفوزی خۆی هەیە، ئەم هاوسەرۆکییە هەر باس ناکرێت، وەک ئەوەی حزبێک سەرکایەتیەکەی بەهاوسەرۆکایەتی بێت و باقی ئۆرگانەکانی تری بەشێوە کلاسیکییەکە بمێنێتەوە.
لەناو پەکەکە تەنها شوێنێک کە ئەم هاوسەرۆکییە نایگرێتەوە و وەک پێویست جێبەجێنەکراوە ناو ریزەکانی هێزی گەریلایە، بەڵام بۆ ئەوەش رێژەی کۆتا بەئاستێکی بەرز دیاریکراوە، بەڵام لەرۆژئاوا تارادەیەکی زۆر لە هەموو بوارەکان جێبەجێ کراوەو تارادەیەکی زۆریش بوتە جێگەی سەرنجی هەموو ناوەندەکانی جیهان. بەڵام لەناو یەکێتی ئەم هاوسەرۆکییە تەنها شمولی دوو سەرکردەی پیاو ئەکات وەک عەسای سیحری بۆ چارەسەری ناکۆکی پیاو پیاو بەکار هاتوە نەک کێشەی جێندەری و بەشداریپێکردنی ژنان.