Draw Media

کابینەی تۆڵەکردنەوە لە کورد

کابینەی تۆڵەکردنەوە لە کورد

2020-02-18 16:07:42


 
ئاسۆ حاجی
 
بزاڤەکانی پێکھێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق تەنھا یەک ناونیشانی ھەیە ئەویش"زیاتر چەسپاندنی حکومی زۆرینەی شیعە و بەھێزتربوونی ئێران لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆی" ئەو ئامانجە زادەی چەند مانگێک نیە یان وەک پەرچە کردارێک بێت لە بەرامبەر کوشتنی جەنەرال قاسم سولەیمانی، بەڵکو دەرئەنجامی پلان و کارکردنێکی درێژخایەنە کە سەرەتای ئادگارەکانی لە ساڵی ٢٠١٢دا لە سەردەمی نوری مالیکی بە تەواوەتی وەدیارکەوتن، ئەوەش بۆ پشتڕاستکردنەوەی بۆچوونێکمان دەگەڕێنێتەوە کە ھەر کەسێک و بە ھەر ناو و پاشناوێک لە سەرۆکایەتی حکومەتی عێراق دابندرێت بۆ ئێران جیاوازی نیە، چونکە کەسیان ناتوانن لە بازنەی بەرژەوەندیەکانی ئێران(شیعە)بچنەدەرەوە.

ئێران لە پێکھێنانی ئەو کابینەیە دەیەوێت دەرسێکی نوێ بە کورد و سوننە بدا، تۆڵەی بێ ھەلوێستیان لە بەرامبەر کوشتنی قاسم سولەیمانی لێبکاتەوە کە لە یەکریزی نیشتیمانی دەرچوون لەو رۆژەی لە دانیشتنی پەرلەمان بۆ بڕیاردان لەسەر دەرکردنی ھێزەکانی ئەمەریکا ئامادەنەبوون، ئەو دەرسە ئەوەیە کە لەمەودوا ھەڵوێستی شیعە درێژکراوەی ھەڵوێستی ئەو رۆژە دەبێت کە بۆ ھەر کار و بڕیارێک پێویست بکات ئەوە شیعە دەتوانێت بە زۆرینە یاسا و بڕیارەکان تێبپەڕێنێت و بۆ متمانەدانیش بە کابینەی عەلاوی ئەوە ئەگەرێکی کراوەیە.

تۆڵەکردنەوە لە سوننە و کورد بەشێکە لە کارنامەی ئێران لە رێگای حکومەتەکەی عەلاوی کە لە شاری قومی ئێرانی و بە رێکەوتنی سەدر و عامری و مالیکی و بە ئامادەبوونی نوێنەرانی حەشدی شەعبی و حیزبوللای لوبنانی بڕیاری لەسەردراوە، تۆڵەکردنەوە لە کورد ئادگار (ملامح)ەکانی وەدیار کەوتوون و یەکەمین قوربانی بەرھەم ساڵحی سەرۆک کۆماری عێراقە کە دوای ھەڵوێست وەرگرتن بە رانەسپاردنی کەسێکی بژاری حەشدی شەعبی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران ئەوە ئێران بە ناردنی شاندێک بۆ سلێمانی لە وەرگرتنی پۆستی سەرۆک یان سکرتێری یەکێتی نیشتیمانی کوردستانی بێبەش کرد کە دەتوانین بڵێین بۆ ئەو یەکلایی ببووەوە، ئەگەرێکی بەھێزیش ھەیە کە لە سەرۆکایەتیی کۆماریش لا بدرێت و یەکێک لە کەسە نزیکەکانی ئێران لەلایەن سەرکردایەتی نوێی یەکێتی بۆ ئەو شوێنە دیاری بکرێت کە چانسی ئاراس شێخ جەنگی و ئاڵا تالەبانی زۆرە، ھەروەھا ئێران ھەوڵدەدات تۆڵە لە تێکڕای گەلی ھەرێمی کوردستان بکاتەوە:

- بە سەرلەنوێ ھەوڵدان بۆ لێکترازاندنی ناوماڵی کوردستانی و گرفت دروستکردن لە نێوان ھەولێر و سلێمانی.

-بەشداری کورد لە کابینەی نوێ لە رێگای ھێزە سیاسیە کاریگەرەکان نەبێت، بەڵکو کەسانێکی نزیک لە خۆیان لە بەشە پۆستی کورد دابندرێن، سەرەتاش بەوە دەستپێدەکەن کە یەکێتی و رەنگە گۆڕانیش رایبگەیەنن کە ئەوان لە بەشی خۆیان(وەک حیزب)خۆشدەبن و رێگا بۆ کەسانی سەربەخۆ و تەکنۆکرات خۆش دەکەن تا بەشداری حکومەت بکەن، بەو ھەڵوێستەیان دەیانەوێت دەستی پارتی ببەستن تا دەستی بە بەرکەوتە شایستەکانی خۆی نەگات، کە ئێران ئامانجیەتی پارتی لاواز بکات.

- ئەگەر بڕینی شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان و مووچەی فەرمانبەران زۆر بەھێزە و دوور نیە مەگەر ھەڕەشەی ئەمریکا بە سەپاندنی ئابلوقەی دارایی و سزادانی حکومەتی عێڕاق بە لێدان لە توانا ئابووری و سەربازییەکەی ئێران وا لێبکات کە دەست بۆ ئەو کارتە نەبات، بە تایبەتیش کە ئێران بە شێوەیەکی سەرەکی پشت بە عێراق دەبەستێت بۆ دەسکەوتنی (دراوی قوڕس) لە دۆلار و یۆرۆ ھەروەھا عێراق گەورەترین بازاڕی ساغکردنەوەی کالای ئێرانییە و بەشێکیش لە نەوتەکەی ھەر لە رێگای عێراقەوە دەفرۆشێت.
لە بەرامبەر سوننە زیاتر سیاسەتی زەوی سوتاو و زیاتر لەبەریەک ھەڵوەشانەوەی ھێزە سیاسییەکانیان بەشێک دەبێت لە کارنامەی شیعە بە تایبەتیش کە لە رابردوو ئەو سیاسەتەیان بەرھەمدار بووە و ژمارەیەکی زۆری کەسایەتی و ھێزی سیاسی سوننەیان لە بەرژەوەندی ئێران یەکلایی کردووەتەوە.

ئەوەی لە بەرامبەر ئەو بزاڤانە چاوەڕواندەکرێت سیاسەتی ئەمریکایە کە بە چ شێوە و شێوازێک بزاڤ دەکات بۆ رێگریکردن لە زیاتر بەھێزبوونی ئێران و لاوازبوونی ئەمەریکا لە بەرامبەریدا.

دوای سەرھەلدانی خۆنیشاندانەکانی بەغدا و شارە شیعەنشینەکان بەشێک لە چاودێران و تەنانەت سەرکردە سیاسیەکانیش وای بۆ دەچوون کە رۆژی ئێران لە عێراق لە ئاوابوونە، بە کوشتنی قاسم سولەیمانی ھێندەی دیکە ئەو بۆچوونەیان تەئکید دەکردەوە، بەڵام لە ھەڵگەڕانەوەی سەدر لە خۆپیشاندەران و بزاڤەکانی پێکھێنانی کابینەی نوێ ئەوە دەسەلمێنن کە ئێران لە جاران بەھێزتر ئامادەیی ھەیە، بزاڤەکانی ئەمریکاش ئەوەمان پێدەڵێن کە ئیدارەی تڕەمپ لە کوشتنی سولەیمانی و زیاتر توندکردنی گوشاری ئابوری لە سەر ئێران ئامانج مانەوەی تڕەمپە لە پۆستی سەرۆکایەتیی نەک گۆڕینی دەسەڵات لە ئێران، ئەو لێکدانەوەیەش ھاندەرێکی دیکە دەبێت بۆ ئێران کە مکوڕتر و توندتر کار لەسەر پاوانکردنی عێراق بکات، بە تایبەتیش کە دەبینێت لە سوریا ئەمریکا و ھاوپەیمانەکانی لە پاشەکشێدان و روسیا و رژێمی سوریا لە پێشڤەچووندان.

ھەرێمی کوردستان کە دیسان بووەتەوە جێی سەرنج و بایەخی دونیا بە تایبەتی وڵاتانی زلھێز و کاریگەر تاکە چانس و کارتی بەھێزی یەک ھەڵوێستی و یەک گوتارییە لە بەغدا کە ئەگەری دروستبوونی لاوازە و زیاتر ھێزە کوردستانیەکان لە بەغدا خەریکە دەگەڕێنەوە دۆخی سەردەمی مالیکی و عەبادی کە بەشێک لە پەرلەمانتارانی کوردستان ببنە کەرستەی جێبەجێکردنی کارنامەی شیعە و زیاتر بەھێزبوونیان لە سەرحیسابی زیاتر بێھێزبوونی قەوارەی دەستووری ھەرێمی کوردستان.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand