Draw Media

نێچیرڤانییەكان بەرەو سەرۆكایەتی هەرێم 

نێچیرڤانییەكان بەرەو سەرۆكایەتی هەرێم 

2020-02-12 15:28:54


ئەبوكاروان ‎ 
‎لەدونیای حوكمڕانیدا دەسەڵاتەكان جیاوازن‌و هەریەكێك لەو دەسەڵاتانە (یاسادانان، جێبەجێكردن، دادوەری) ئەرك‌و كاری خۆی هەیە، دەسەڵاتی یاسادانان ئەركی دەرچواندنی یاساو هەمواركردنی یاساكان‌و چاوێری‌و جێبەجێكردنی یاساو كارەكانی حكومەت‌و بڕیاردان لەسەر بودجەی گشتی ساڵانەی وڵات. بۆ ئەو مەبەستانەو رایكردنی كارەكانیان ئەم دامەزراوانە پێویستیان بە راوێژكارو بەڕێوەبەرو فەرمانبەری شارەزاو تایبەتمەندی خۆی هەیە، لەسەر رۆشنایی ئەو بنەمایانە، ئەو فەرمانبەرو كادرانە دادەمەزرێن‌و كارەكان بەڕێوەدەبن.
هەر بەهەمان شێوە دوانەی دەسەڵاتی جێبەجێكردن (حكومەت‌و سەرۆكایەتی كۆمار)و (دەسەڵاتی دادوەری) پێویستییان بە كەسانی شارەزاو تایبەتمەندی ئەو ئەو بوارانە هەیە لە بەڕێوبردنی كارەكانیانداو ناكرێت كەسانی تر لە دەورییان كۆبكریتەوە، تەنها بەمەبەستی رازیكردنیان بۆ مەبەستی تایبەت‌و جیاواز.
‎بەڵی، لێرەدا دەمەوێ مەبەستەكەم بەتەواوی ڕوونبكەمەوە، ئەویش ئەوەیە كە لە هەرێمی كوردستاندا كاتێك گۆڕانكاری دەكرێت، هەرچی لە دەوروبەری بەرپرسی پێشووە، دەبێت لە شوێنی كاركردنی نەمێنی‌و بەرپرسی تازە، خەڵكی متمانەكراوی خۆی دادەمەرزێنێ، بێئەوەی سود لەو كەسانەی بەئەزموون‌و شارەزابوون كە لەو بوارەدا كاریانكردوە، وەربگیرێت.
‎ئەمە پێشتر لەنێوان دوو حزبی سیاسیدا روویداوەو بەو پێوەرە كاریان كردوە، بەڵام ئەوەی جێی پرسیارە لەم كابینەی ئێستادا، لەنێو تەنیا حزبێكدا روویدا، كە ئەویش پارتی دیموكراتی كوردستانەو لەوەش زیاتر لەنێو بنەماڵەیەك روویدا كە ئامۆزای یەكترن، كاتێك نێچیرڤان بارزانی لە سەرۆكی حكومەتەوە بوو بە سەرۆكی هەرێم بەشێكی زۆری دەوروبەری خۆی لە وەزیرو راوێژكارو پاریزگار...هتد. گواستەوە بۆ سەرۆكایەتی هەرێم لەژێر ناوی راویژكارو پۆستی تر.
‎لێرەدا حەق بەخۆم دەدەم ئەو پرسیارە بكەم، ئەرێ نەدەبوو سود لەئەزموونی ئەو كەسانە وەربگیرایەو هاوكاری سەرۆكی كابینەی ئێستا بوونایە (كابینەی ئامۆزا)؟ یان سەرۆكی كابینە ئەوانەی پێ قبوڵ نەبوو، پێیوابووە كەسانی متمانەكراوی خۆی لەو شوێنانە دابنرێ ؟ ئەرێ گواستنەوەی ئەو حەشاماتە بۆ سەرۆكایەتی هەرێم‌و دامەزراندنی سوپایەكی تر لە ئەنجومەنی وەزیران، چەند كاریگەری نەگەتیڤی دەبێت لەسەر بوجەی گشتی ؟
‎لەكۆتایدا دەڵێم، حوكمڕانی واناكرێت، بیست‌و هەشت ساڵە سیاسەتمدارو حزبەكان‌و نووسەران‌و رۆشنبیران‌و رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی دوونیایەك رەخنەو تێبینی‌و پێشنیاریان ئاڕاستەی دەسەڵاتداران كرد بێسوود بوو، تائێستا رۆژ لەدوای رۆژ خراپتری دەكەن‌و بە ئارەزووی كەسەكان كارەكان بەڕێوەدەبەن !
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand