دەبێت شتێک بکرێت!
2020-02-12 15:13:28
چیا عەباس
دۆخی هەرێم تا بێت رو لە گرژی و ئاڵۆزبونی خەستتر دەکات، گروپەکانی مافیا و میلیشیاکانیان هەر وەک سیسیلای باشوری ئیتاڵیا لە شەست و هەفتاکانی سەدەی رابوردو دەستیان بە سەر ناوچەکانی خۆیاندا گرتوە، حاکمی موتڵەقی دەڤەرەکانیانن و بەتەنیشت کۆشکەکانیانەوە بیرە نەوت و گاز و پاڵاوگەیان داگیر کردوە و بە میلیشیاکانیان دەیان پارێزن، کۆنترۆڵی رێگای بەرەو سنورەکان و گواستنەوەیان کردوە، پیاوەکانیشیان لە خاڵە سنوریەکان چاوکراوە و چالاکن. ئەمانە هەڵمەتێکی رێکخراون و نێوانی گروپەکانی نزیک لە یەکتر لێکتێگەیشتن و هەماهەنگی و دابەشکردنی ناوچەکانیان پێوە دیارە.
کەمێکی ماوە شەری نێوان گروپەکانی مافیا لە سەر نەوت و گاز و گومرگ و قاچاخچیەتی کاڵاکان ژیان و حاڵی هاوڵاتیان بە تەواوی هەراسان بکەن.
بە بەردەوامبونی ئەم دۆخە ئەو گروپانە دەبنە جێگرەوەی حکومەت و دامودەزگاکان، دەبنە کۆپیەکی مافیاکانی وڵاتی سۆماڵیای ئێستا.
بەشێکی سەرانی ئەم گروپانەی مافیا لە دەزگاکانی دەسەڵات و حزبەکانەوە هاتون، تێربون نازانن چونکە لە لایەکەوە لە ناخیاندا چاوچنۆک و برسی و تەماعکار بون و لە لاکەی تریشەوە دەسەڵات نەیتوانیوە سنورێکیان بۆ دابنێت و سزایان بدات، دەسەڵات هۆکارێکی ئەم دۆخەیە و گەر وا بەردەوام بێت ناتوانێت چارەی بکات و بەشێکیش بێت لە چارە.
ئەوەی لە دوا مەتافدا دەمێنێتەوە میللەتە کە قسە و کرداری خۆی بکات.
میللەت خواستێکی توند و تۆڵی بۆ گۆرانکاری و چاکسازی و چەسپاندنی یاسا هەیە، بەڵام ئەم خواستە رەوایە دوچاری چەند کێشە و لەمپەر بۆتەوە:
یەکەم: حزبایەتی
- هەرێمێکی بچوکی شەش ملیۆن کەسی چارەکێکی مشەخۆری حزبی بێت، ژیان و گوزەرانی و کاروباری بە ئیرادەی حزبەوە گرێدرابێت، چاوەران ناکەیت هەڵسێتە سەرپێ و بە دەنگێکی دلێرانە نارازی و یاخیبون رابگەیەنێت.
زۆربەی حزبەکان لە نێو هەناوی خۆیاندا بەسەر جەمسەر و تەکەتولەکاندا دابەشبون، بەڵام دەکرێت ئەندامە رەسەنەکانی حزب بە خۆیاندا بچنەوە، بەلایەنی کەمەوە بپرسن بۆچی لە سەرەتای خەباتیان بون بە ئەندامی حزب، لە ئێستادا مەترسی لە سەر مەزنترین دەسکەوتی کورد کە حکومەتی هەرێم و فیدرالیزمە دروستبوە، بۆیە ئەرکیانە داوا لە حزب و سەرکردەکانیان بکەن خەونە نەتەوەیی و نیشتمانیەکان زیندو راگرن و رێگر بن لە هەراجکردنی نیشتمان.
- هێزەکانی پێشمەرگە و پۆلیس و ئاسایش لە لایەن جەمسەر و سەرانی حزبەکانەوە، هەر یەک لە زۆنی خۆی، ئیدارە و ئاراستە دەکرێن و لە پلەی یەکەمدا گوێرایەڵی ئەوانن نەک دەسەڵاتی حکومەتی هەرێم، خۆشیان بوێت یاخود ترش ناراستەوخۆ و راستەوخۆش بەرپرسیاریەتیان لەو ناهەقیانەی بەرامبەر بە میللەت دەکرێت هەیە. ئەم هێزە سەلماندویەتی بە ئیرادەیەکی یەکگرتو دەتوانێت بەرگری لە نەتەوە و نیشتمان بکات، بەڵام رۆڵی لەم دۆخەی ئێستادا زۆر سنوردارە چونکە کرۆکی سوپایەکی نیشتمانی غائبە و وەلای کەسایەتی و حزبی بە سەر ئیرادەیاندا زاڵە، هاوکاتیش ژیان و گوزەرانیان بە دەست حزبەوەیە.
- سیستەمی دادیش کەم یاخود زۆر لە ژێر هەژمونی حزب دەرنەچوە، هەرچەندە دەنگی زوڵال و بوێر تێیاندا دەبیسترێت بەڵام کۆی گشتی سیستەمەکە نەیتوانیوە سەربەخۆیی خۆی بسەلمێنێت، بۆیە سیستەمێکی پاسیڤە و کاریگەری ئەوتۆی نیە.
دوەم: ئابوری و گوزەرانی
هەرێم چەند سەرچاوەیەکی گرنگی ئابوری هەیە:
- نەوت و گاز: ئەم چیرۆکە پێویست بەباسکردن ناکات وەک رۆژی روناک دیارە چۆن زەوتکراوە و کێ لێی بە نارەوا سودمەندە.
- پشکی هەرێم لە بودجەی عێراق:
ئەمە یەکێکە لە گرێکوێرەکانی سیاسەت و ئابوری هەرێم.
حکومەتی هەرێم بەناوی هاوڵاتیانی هەرێمەوە مامەڵە لە گەڵ ئەم پرسەدا دەکات، بەشێکی ئەم پرۆسەیە بە شەفافی و بۆ بەرژەوەندی گشتی بەرێوە نەچوە. دەسەڵاتدارانی بەغداش لە روانگای مەزهەبی و شۆڤێنزمیەوە دەستەدەستیان بەو پرۆسەیە کردوە و مەبەستی سەرەکیانیش لاوازکردنی پێگەی کوردە. لە گەڵ شکستی سیاسەتی سەربەخۆیی ئابوری لە هەرێم و شکستهێنان بە پرۆسەی ریفراندۆم و کارەساتەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر و تێکشکاندنی دەوڵەتەکەی داعش ئیتر زمامی موبادەرە بە رادەیەکی بەرچاو کەوتۆتە دەست بەغدا. لە ئێستاد دۆخی عێراق شلۆق و نادیارە بۆیە لۆژێک نیە چاوەروان بین ئەم پرسە هەستیار و گرنگە بە شاند و کۆبونەوەی حزبی و رێکەوتنە مەتاتیەکان چارەسەر بکرێت. زەرەرمەندی یەکەمیش هاوڵاتیانی هەرێمن و لە ئێستادا شتێکی ئەوتۆیان پێ ناکرێت
- داهاتی گومرگەکان:
چەند پەرڵەمانتارێکی بەرێزی پەرلەمانی کوردستان ناو بە ناو گەندەڵی و دزیەکانی داهاتی گومرگەکان دەوروژێنن، بێ یەک و دو گروپەکانی مافیا و چەند بەرپرس لە پشت ئەم تاڵانکردن و دزیانەوەن، تا ئەم چرکەیە حکومەتی هەرێم بەجدی کاری لە سەر ئەم دۆسیە هەستیارە نەکردوە، چاوەرانیش ناکرێت جدیەتی لە بنبرکردنی ئەم دیاردەیە بەمزوانە روبدات.
- داهەتە لۆکاڵیەکان:
داهاتەکانی دام و دەزگاکانی حکومەتە لۆکاڵیەکانیش کەوتونەتە بەر چاوچنۆکی و تەماعی کۆمپانیا و بەرپرسە ئیداری و حزبیەکانەوە، رەنگبێ نمونەی پارێزگای سلێمانی و دەوروبەری لە چەند ساڵی رابوردودا قێزەوەنترین دزی و تاڵانکردن بێت لە قوت و داهاتی هاوڵاتیان.
سێیەم: جەمسەرگەری ناوچەکە و زلهێزەکان
لە مێژە پارتی و یەکێتی و تەنانەت هێزە ئیسلامیەکانیش بۆ زامنکردنی پێگەیان بونەتە پاشکۆی جەمسەرگەری ناوچەکە، بەتایبەت سەر بە ئێران و تورکیا، لە ئێستادا چەند وڵاتێکی تری ناوچەکەشی هاتونەتە ناو گەمەکەوە، لە لایەکی تریشەوە ئیرادەی زلهێزەکانی دنیا بەسەر هەرێمدا ئەوەندە زاڵە کە وای لێهاتوە دەبێت بە فیکەی ئەوان سەماکانمان بەرپا بکەین. ئەم دۆخە سەروەری هەرێم و سەربەخۆیی بریاری سیاسی خستۆتە ژێر رەحمەتی گەمەکەرە بەهێزە ئیقلیمی و نێودەوڵەتیەکانەوە، هیچ کام لەم هێزانە رۆژێک لە رۆژان خەمخۆری میللەتی کورد و نیشتمانەکەی نەبون، چاوەرانی خێر لێیان وەک راکردن بەدوای سەرابدا وایە.
زۆر لۆژیکە زلهێزەکانی ناوچەکە و دنیا کورد بە پەرتەوازەیی و لەتبون و گەندەڵی و .... ببینن و بهێڵنەوە چونکە کوردێکی لاواز بە ئاسانی گوێرایەڵیان دەبێت.
چوارەم: بەرەی ئۆپزسیۆن و نارازی و یاخیبوەکان
یەكێک لە گرێکوێرە ئاڵۆزەکانی میللەت پەرتەوازەیی و پۆپۆلیزم و غیابی دیدگای هاوبەشی ئۆپزسیۆنی ناو پەرڵەمان و دەرەوەی و گروپە یاخیبو و نارازیەکانە.
جاران بزوتنەوەی گۆڕان وەک هێزێکی ئۆپزسیۆن رادعێکی بەهێز بو بۆ سنوردانان بۆ دەسەڵات و گەندەڵچی و ناهەقی، ئێستا ئەم پاشماوە بچوک و بێ ئیرادەی بزوتنەوەی گۆڕان کە ماوەتەوە و بەناویەوە خۆیان بادەدەن لە جارچیەکی لاڵی بەردەم قاپی پاشا زیاتر نیە، هەرچی رۆح و ئیرادەی ئۆزسیۆنبونی جارانی بزوتنەوەکەیە کراونەتە قوربانی چەند پۆستێکی بێ کاریگەر و تورەکەیەکی شری دۆلار. لە ناو هێزە ئیسلامیەکانی ناو پەرلەمان دەنگی نارازی و بوێر دەبیسترێت، بەڵام بێ بەرنامەییان پێوە دیارە و هەوڵەکانیان پەرتەوازە و خۆرسکانەن.
لە دەرەوەی پەرڵەمان نارازییەکی بێئەندازە دەکوڵێت، ئەمانیش غیابی دیدگا، غیابی مەرجەعێک، غیابی کارنامەی هاوبەش، غیابی کرداری کاریگەر، غیابی پەیامێکی راستگۆیانە و بەردەوام، غیابی راگەیاندنێکی کاریگەر و غیابی ....تاد، بونەتە هۆکاری گرنگ کە جەماوەر بە چێوەروانیەکی واقیعیانە چاویان لەم دەستە و گروپانە نەبێت، لە ئەزمونەکانی رابوردو فێربون خۆیان و ئایندەیان رادەستی کۆمەڵێک لەم جۆرە ئۆپزسیۆنە تەم و مژاوی و یاخیبوی پەرتەوازە نەکەن.
کونجی قەناعەتیان گرتوە و ناهەقیشیان نیە چاوەروانی کۆتایی مانگ بن تا بەو موچەیەی حکومەت بچێک نان بۆ ماڵ و منداڵەکانیان دابین بکەن.
چارەی ئەم دۆخە لە پرەنسیپدا کەوتۆتە ئەستۆی حکومەتی هەرێم، یاسایەکی تۆکمە و گشتگیری چاکسازی لە هەمو بوارەکان و بە کردار هەمو کەسێک بگرێتەوە
سەرەتایەکی ئومێدبەخش دەبێت بۆ خەڵک، دابینکردنی سەروەری داد و یاسا، لێپرسینەو و سزادانی توندی گروپەکانی تاڵان و دزین، رێکخستنەوە و کۆنترۆلکردنی تۆکمەی سەرچاوەکانی داهات و شێوەی سەرفکردن، هەنگاوی جدی بۆ دروستکردنی سوپایەکی نیشتمانی و کۆتایی هێنان بە دابەشکردن و پارچەپەرچەکردنی هێزەکانی پێشمەرگە .... ئەو کردارانەن حوکمرانی خۆمان زۆر بەهێزتر دەکەن و هیوا بە ئایندە دەوروژێتەوە.
راستیەکی حاشاهەڵنەگرە دیموکراسیەکەی ئێمە تا ئەم چرکەیەش جەنینێکی هاوردەکراوی ئەو پرۆسە و پرسەیە، ئەوەی هەمانە زۆر کەم بە خسڵەتە جوان و بەها بەرزەکانی کۆمەڵگای کوردەواری و مرۆڤایەتی مۆتۆربەکراوە، نابینین پاش ٢٨ ساڵ بە تەنیشت ژیانی پەرلەمانیەوە ئەو مێژوە چ گەندەڵ و دز و تاڵانکەر و ... تاد دەرکەوتون، ئەوەی مایەی خەم و مەراق و تورەیی رەوای خەڵکە ئەو دیاردانە و تاوانبارەکان بە بەرچاوی فەرمانرەوایی و پەرلەمانەوە بێباکانە پیاسەی خۆیان دەکەن. گەر ئەم دۆخە لە بنەرەتەوە چارە نەکرێت بێگومان میللەت قسە و کرداری خۆی دەبێت.
نوسینی: چیا عەباس رۆتەردام: اا مارسی ٢٠٢٠