Draw Media

باشوورو سیستمی هاوسەرۆكایەتی!

باشوورو سیستمی هاوسەرۆكایەتی!

2020-02-09 13:25:53


 
هیوا سەید سەلیم   
سیستەمی هاوسەرۆكایەتی مۆدیلێكی تازەی ئەو چەند ساڵەی دوایەی PKK و هێزە نزیكەكانیەتی لە شێوازی بەڕێوەبردنی  ئۆرگانە حزبی و رێكخراوەیی و تەنانەت ئیداریەكانیش.

ئەو مۆدیلە كە بیرۆكەكەی لەسەر یەكسانی جێندەری نێر و مێ دامەزراوە، واتا بەشداری هاوبەشی ژن و پیاو بەیەكەوە لەسەرجەم ئۆرگانەكان،  نەك تەنیا لە هەڕەمی حزبی.  

بە مەبەستی  ئەوەی ئەو سیستەمە وەك مۆدیلێكی تازە لە توركیا و باكووری كوردستان بسەپێنن،لەم هەڵبژاردنانەی دوایی،  پارتی دیموكراتی گەلان(HDP)، بۆ هەڵبژاردنی شارەوانیەكان بۆ هەر پۆستێك دوو بەربژێری  كاندیددەكرد لە هەردوو رەگەز، لە هەر پۆستیكیش لەو پۆستانە سەردەكەوت، بە كرداری دوو كەس یەكیان ژن وئەوی دیكە پیاو دەچوونە ئەو پۆستە.
 
ئەگەرچی دەوڵەتی توركیا هەر دان بە یەكەمیان دەنێت، وە مامەڵەی فەرمی لەگەڵ یەكیان دەكات، تەنیا ئەو كاتانە نەبێت كە دەیانخاتە زیندان، هەردووكیان بەیەكەوە دەخرێنە زیندان یان كە قەیومیان بەسەر دەسەپێت بەیەكەوە دووردەخرێنەوە.

لێردا تێدەگەین ئەو مۆدیلەی بەڕێوەبردن مۆدێلێكی فیكریە، نەك سازان و رازیكردن و بەشداری شكلی ژنان لە كایەكانی دەسەڵات.
 
دوای سەرهەڵدانی شۆڕش لە رۆژئاوای كوردستان و دامەزراندنی ئیدارەی خۆبەڕیوەبەری لە رۆژئاوا ئەو سیستەمە گواسترایەوە ئەوێش، ئێستا لە رۆژاوا كار بەو سیستەمە دەكرێت، حزب دوو كەس بەڕێوەی دەبەن، ئیدارە دوو كەس بەرپرسیەتی بە هەمان شێوەش لە رێكخراوە مەدەنیكان رەنگدانەوەی هاوسەرۆكی نێر و مێ هەیە.

لێردا دەپرسین ئایا دەكڕێت هەمان سیستەم بگوازرێتەوە بۆ نێو پارتەكانی باشووری كوردستان؟ بە تایبەت كە ئێستا دەنگۆی ئەوە هەیە كە یەكێتی نیشتمانی كوردستان دوای كۆنگرە ئەو سیستەمەیان پەسەند كردووە و لەمەودوا كار بە سیستەمی هاوسەرۆكایەتی دەكەن.

تێبینی دەكرێت كە لە باشوور زۆر جار سیستەمی هاوسەرۆكایەتی تێكەڵی سیستەمی دەستەی سەرۆكایەتی دەكرێت، ئەوەی ئێستا یەكیتیەكان بیری لێ دەكەنەوە دەستەی سەرۆكاتەتیە، نەك هاوسەرۆكایەتی، بۆیە واباشە هەر ناوی بنێن دەستەی سەرۆكایەتی لەبەر ئەو هۆكارانەی كە ئاماژەیان پێدەدەین.

هەموو ئاماژەكان بۆ ئەوە دەچن كە سەركردایەتی تازەی یەكیتی دوو كەس یان سێ كەس بن كە هەموویان لە رەگەزی نێر دەبن، كە ئەمەشیان ناكۆكە لەگەڵ فەلسەفەی هاوسەرۆكایەتی كە واتای یەكسانی جێندەری دەگەیەنێت.

ئەو هاوسەرۆكیەی كە یەكیتی بەنیازی دامەزراندنیەتی تەنیا بۆ هەڕەمی ئەنجوومەنە گشتیەكەیەتی، كە لە كۆنگرە متمانەیان پێدراوە، واتا شۆڕناكرێتەوە بۆ ئۆڕگانەكانی دیكە، ئەمەش جیاوازە لەگەڵ مۆدێلی باوی باكوور و رۆژئاوای كوردستان كە شۆربۆتەوە بۆ سەرجەم ئۆرگانەكان.

بۆیە واباشە یەكێتی ئەو شێوازەی خۆیان ناو بنێت دەستەی سەرۆكایەتی، سیستمی دەستەی سەرۆكایەتی لە باشوور كە حزبی زەحمەتكێشان لە كۆنگرەی هەشتی خۆی كاری پێكرد دواتر لێی پەشیمان بووەوە.
 
بۆ ئێستای یەكێتی دەستەی سەرۆكایەتی باشترین بژاردەیە، دەستەیەك كە بۆ سازانی ناوەدەكانی بڕیار درووست دەكرێت، چونكە لەدەستەی سەرۆكایەتی مەرج نیە رەچاوی یەكسانی جێندەری بكرێت،  وەك ئەوەی لە هاوسەرۆكایەتی باوە.
 
ئەگەر دەشوترێت دوو كەس نابێتە دەسەتە،  كە بڕیارە مۆدێلەكەی یەكێتی دوو كەس بن، با دوو سەرۆك و جێگرێك بن بە دەسەڵاتی جیاوازەوە، ئەگەرنا حەق نیە ئەزموونی هاوسەرۆكایەتی بەبێ ئەو پرەنسیپانەی باس كران بەشیوازیكی ناتەواو كاری پێبكرێت و ئەو مۆدێلەش ناشیرین بكرێت.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand