یەکێتی لە مامی گچکەوە بۆ شێخی گەورە
2020-02-07 07:30:47
ئاسۆ حاجی
دەرئەنجامەکانی کۆنگرەی یەکێتی بە زیاتر لێکترازان و توندبوونی شەڕی باڵەکان وەدیار دەکەوێت، ئەگەر کۆنگرە بە فشارێکی توندی دەرەکی (وڵاتێکی ئیقلیمی) لە بەرژەوەندی باڵێک سازکرابێت، ئەوە ئێستا ئەو ھێزە ھەمان رۆڵ و کاریگەری بەر لە کۆنگرەی نەماوە بۆیە دەرئەنجامەکان وەک ئەوەی نەخشەیان بۆ کێشرابوو خۆیان بەدەستەوەنادەن.
لە کۆنگرەدا ھاوکێشەی نوێ وەدیارکەوتن کە زۆر لە سەرکردەکانی یەکێتی بە تایبەتی کوڕەکانی مام جەلال کەوتنە بەردەم راستەقینەیەکی تاڵ کە پێشتر نەیاندەویست باوەڕی پێبکەن لە ھەڵگەڕانەوەی ئامۆزاکانیان بەتایبەتی لاھور شێخ جەنگی کە بەھۆی ناوی باوکیان و بە پاڵپشتی بافڵ تاڵەبانی توانی جێپێی خۆی قایمبکات و ببێتە ژمارەیەکی حیساب بۆکراو لە ناو و دەرەوەی یەکێتی تا ئەو رادەیەی تێکەڵبوونی بەرژەوەندیەکانی لەگەڵ دەزگای ھەواڵگری چەند وڵاتێک کە کاریگەریان لەسەر بارودۆخی عێراق و کوردستان ھەیە، تایبەتتریش لەسەر پێکھاتەکانی عێراق ھەیە لە رێگای حیزب و ھێزە سیاسیەکانەوە.
ئەنجامی دەنگەکانی کۆنگرەی یەکێتی ئەگەر بۆ کەسایەتییەکی وەک کۆسرەت رەسوڵ مایەی پاشەکشەکردن و کورتھێنان بێت ئەوa بۆ بافڵ تاڵەبانی مایەی شۆک و تێکەڵبوونی ھەموو کاغەزەکانی بوو بەوەی کە لاھور شێخ جەنگی بە نزیکەی دوو سەت دەنگ لە پێشی ئەوەوە بێت و زۆرینەی ئەندامانی دەرچوو بۆ ئەنجوومەنی گشتی یەکێتی لە باڵەکەی لاھور بن.
بەخۆداچوونەوەی بافڵ و لێکنزیکبوونەوەی لەگەڵ قوبادی برا گچکەی دەرفەتێکی بە باڵەکانی دیکە دایەوە کە بتوانن کار بۆ سەرلەنوێ داڕشتنەوەی ھەیکەلیەتی یەکێتی بکەن بە تایبەتی کۆسرەت رەسوڵ بە ھاوکاری باڵی کەرکوکییەکان بەو شێوەیە دەسەڵاتی یەکلاکردنەوەی پرسەکان و بڕیاردان لەلای ئەو ئەنجومەنە بێت کە کۆسرەت رەسوڵ سەرۆکایەتی دەکات رەنگە ئەوەش دەرگا بۆ بافڵ تاڵەبانی بکاتەوە کە بە ھاوکاری کۆسرەت و براکەی و کەرکوکییەکان ببێتە سکرتێری گشتی یەکێتی یان لایەنی کەم جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی ئەگەر ئەو پۆستە بە بەرھەم ساڵح درا وەک بژاردەیەکی تەوافقی لە نێوان باڵە ناکۆکەکان و دوورخستنەوەی لاھور لەو پۆستەدا و پێدانی بە کەسێکی ناو باڵی کەرکوکییەکان.
ماڵباتی تاڵەبانی لە دوای خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە، تاکە چانسێک کە مابوویان بۆ جێگرتنەوەی باوکیان قوباد تاڵەبانی بوو، بەڵام ھەرزوو بافڵ لەژێر کاریگەری و بە ھاندانی لاھورەوە لە براکەی دوورکەوتەوە و ئەوەش دەرفەتی دروستکرد کە لە رێگای ئەو میدیایانەی لاھور پارەیان پێدەدات یان خاوەندارێتییان دەکات، قوباد تاڵەبانی کە دوای مردنی مام جەلال لە ناو یەکێتییەکان بە (مامی گچکە) بانگدەکرا ھێرشێکی توندی پلان بۆداڕێژراوی لە دژ ئەنجامبدەن و وەک کەسێکی لاواز وێنەی بکەن و لە باشترین وەسفدا وەک (جانتا ھەڵگر) بیناسێنن، ھەمان کاریان بەرامبەر بە کۆسرەت رەسوڵیش کرد و توانیان لە ناو ھەولێر و کەرکوک و ئیدارەی راپەریندا کە زۆرینەیان سەر بە باڵی کۆسرەت بوون لەو شوێنانە لە کۆنفرانسەکاندا کەسانی سەر بە لاھور بە جیاوازیەکی زۆرەوە بۆ کۆنگرە سەرکەوتن و ئەوەشیان وەک سەرکەوتن بە بافڵ تاڵەبانی دەفرۆشتەوە تا لە کۆتاییەکەیدا تاڵاوی ئەنجامی کۆنگرەیان پێ نۆشکرد و لاھور توانی وەک کەسی یەکەم و بێ رکابەر بناسێنێ، لە کۆتاییەکەیدا بە بافڵ و ماڵباتی تاڵەبانی گوت ئەگەر بەکارھێنانی پاشناوی تاڵەبانیشم لێ قەدەغەبکەن ئەوە ھەر من جێگرەوەی تاڵەبانیم و شێخی گەورەم.
کۆسرەت رەسوڵ کە بە درێژایی مێژووی یەکێتی رۆڵ و ئامادەیی گەورەی ھەبووە و ھەیە ئێستاش وێڕای نەخۆشییەکەی ژمارەیەکی ئەوەندە ئاسان نیە تەجاوزبکرێت، بە تایبەتیش لە غیابی جەنڕال قاسم سولەیمانی لە ناو ھاوکێشەکەدا کە لە دوای مردنی مام جەلالەوە، بڕیاردەر و رێنوێنیکەری باڵی بنەماڵەی مام جەلال بوو، نەمانی ئەو گۆڕەپانەکەی بۆ کۆسرەت رەسوڵ و سەرکردەکانی دیکە خۆشکردووە کە یاریەکە ئەگەر بە خواست و ویستی ئەوان دەستیپێنەکردبێ، ئەوا بە خواستی خۆیان کۆتاییپێبێنن.