Draw Media

سلێمـانی لە نێوان عەقڵ و نەقڵدا

سلێمـانی لە نێوان عەقڵ و نەقڵدا

2020-02-06 19:05:35


ھێمن کەریم

ئەگەر پیاسەیەك بەناو شەقامەكانی شاری سلێمانیدا بكەیت، بۆت دەردەكەوێت، ئەم شارە پرە لە مرۆڤی بیركەرەوە و پرە لەروئیای سیاسی، پڕە لە ئومێد، پڕە لە میهرەبانی، پرە لە مونازەرە و دیالۆگ، شێوەك بەئارەزوی مرۆڤ دەبەخشێت لە شێوەی ئارەزووی مەعریفە و ناچارت دەكات لۆژیكانە بدوێیت. شارێكە بەو هەموو لێدانە سیاسییەوە، هێشتا شان و شەوكەتی جوانە و نەبوونی جادە و خزمەت نەكردنی سیما جوانەكەی نەشاردۆتەوە.

لەپەنا ئەوەشدا روونترە بڵێم «سلێمانی بكەنە قەزا، دەستبەرداری داوا سیاسییەكەی نابێت» بۆنموونە (دەستوورێكی نیشتمانی ، بەدامەزراوەیی كردنی پۆستە باڵاكان و سەروەری دەسەڵاتی دادوەری و كارگێڕیی تا ئەندازەی لامەركەزی) .

راستە سلێمانی مەڵبەندی وەفاو عیشقە، بەڵام وەفا جەفا كێشانی دەوێت و عیشقیش لەكۆتاییدا خۆی دەیخوات، مەبەستمە سلێمانی وەفای بۆ پرۆسە سیاسییەكەی زیاترە و عەشقی ئەو تێگەیشتنەیە كە بۆ خولگەی مێژووی خۆی دەڕوات، لەپاڵ ئەوەدا خزمەتی ئەم شارە لە تێڕوانینە سیاسییەكانی و پرۆسە سیاسییەكەیەوە لێیدراوە، كاتێك خزمەت ناكرێت، هۆكاری ئەو نەزعە سیاسییەیە كە جەفایە، بۆیە دەستبەرداری نابێت و دەیكێشێت.
خاوەن هێزی راستەقینەی شاری سلێمانی، دەبێت بكەونە خۆیان و ئەو هیچگەراییە كە لەدژی ئەم شارە دەكرێت، بە نەشونمای سیمای شار وەڵام بدرێتەوە، ئەویش لەرێگەی نوێنەرەكانیان لەناو حكومەتی هەرێم، كە داواكاریی و پڕۆژەكان بۆ سلێمانی خێراتر و پێداگریی تێدا بكرێت، ناكرێت بەناوی خزمەتنەكردنی سلێمانییەوە روئیایی سیاسیی لایەنێكی دەسەڵاتدار پێمان بڵێت: «ئەگەر ئەو شارە ئێمە خاوەنی بوینایە، ئیستا ئاوا وێران نەدەبوو»، هەڵبەتە لە تێڕواننی ئەوەوە وێران كە پێنچ (پیتە) وشەیەكی ئاسانە، بێئاگا لەوەی سلێمانی بۆ بیركردنەوە لە پرۆسەی سیاسی كۆی هەرێم، چەندین جار ئەو وشەی (وێران)ەی خستۆتە رستەی سیاسییەوە تا كۆی هەرێمی كوردستان (وێران) نەبێت بەخواستی تاك ویستی و تاك خواستی حەزی لایەنێكی سیاسی.

نەقڵی وشەی وێران لە ئەقڵی سلێمانییەوە بۆ پرۆسەی كۆی خزمەتی هەرێمی كوردستان سەرچاوەی گرت، واتە سلێمانی ئەو شارەیە كە خەمی بۆ كۆی شارەكان و پێكهاتەكان خواردووە تا باشترین خزمەت بكرێن، بەداخەوە لە پاڵ ئەو خەمخۆرییەی سلێمانی پاداشتی (وێران) بوونی خزمەت نەكردنییەتی.

لەلایەكی ترەوە ئەگەر حكومەتی هەرێم هی هەمووانە چۆن دەكرێت قسەیەكی نەبێت لەسەر دابەشكاریی و جیاكاریی حكومەت لە شارەكاندا بەهۆكاری نەزعەی سیاسی؟ چونكە پوختەی قسەی میدیایەكی نزیك لە پارتی دیموكراتی كوردستان ئەوەیە «بۆیە سلێمانی خزمەت ناكرێت، چونكە پارتی دەنگی كەمە و دەسەڵاتیان نییە»، واتە ئەگەر پارتی دەسەڵاتی هەبێت لە شارێك، حكومەت لە خزمەتیایەتی و ئەگەر لە شارێكیش دەنگی كەم بێت، ئیتر وێرانە رووی تێ دەكات، ئەمەش یەكێكە لەو بەڵگانەی كە ئەو میدیایانە دەیانەوێت پێمان بڵێن كە ئەو حزبە حكومەتی خستۆتە خزمەتی ئەجێندای خۆیەوە.
ئەگەر ئێمە ناچار نەكرێین ئەم تێڕوانینە تێڕوانینێكی نا عەقڵانییە، چونكە هەموو پێكهاتەی كابینەیەك لە هەموو دونیادا دەیەوێت جوانترین ئەداو باشترین خزمەت پیشان بدات، لێ ئەم جۆرە دەرهاویشتانە لەپێش هەموو روئیایەكی سیاسییەوە، لێدانە لە هەنگاوەكانی كابینەیەك ئەگەر بیەوێت خزمەت بكات و بە جیاكاریی ناوچەیی تۆمەتبار نەكرێت.
بۆئەوەی عەقڵ لەم پرۆسەیەدا ئیشی خۆی بكات، پێویستە لەرێگەی خزمەتكردنی سلێمانییەوە ئەو هیچگەراییە بەرامبەر سلێمانی پوچەڵ بكرێتەوە، تا ئێمە دڵنیابین كە ئەم كابینەیە هی ھەمووشارەکانە، لێ بەپێچەوانەوە ئەگەر بە بێدەنگی ئەو تێڕوانینە تێپەڕێت، ئەوا حكومەت هەمان واتا هەڵدەگرێت كە لەبری خزمەت، لێدانە لەو جێگەیەی كە پارتی تێیدا كەمینەیە.
ئەگەر ئەو گومانەش نەڕەوێتەوە و سیاسیەکانیش بۆ بەرژەوەندی خۆیان ئەم قسەیەیی ئێمە نەکەنە شارچێتی و لەهەمان كاتدا ئێمەمانانیش دەڵێن: «كاتێك خزمەتی شارێكی وەك هەولێر دەكرێت، رەنگە چاكەی سلێمانی بێت، چونكە دەربڕینی رای ئازاد ‌و رەخنەگرتن لە ئەدای حكومی ‌و ئازادیی سیاسی بەحزبی دەسەڵاتداری خاوەن زۆرترین دەسەڵات لە كابینەكە هەزم ناكرێت هەر ئەو فاكتە سیاسییەشە كە پێدەچێت ئەو حزبە بیەوێت بەخزمەتكردنی شارەكانی تر هاووڵاتیانی سلێمانیش ناچاربكات دەستبەرداری روئیای سیاسیی خۆی بێت» بەداخەوە بەڵام ئاماژەكانی سەر ئەرز ناچارمان دەكەن ئەمە بڵێین.

وەك هاونیشتیمانییەكی شاری سلێمانیش دڵنیایی دەدەمە هەموو لایەنێكی سیاسی كە دوورنییە لە دەروازەی شاردا بنووسرێت «بەخێربێیت بۆ شارێك كە لەبەر تێڕوانینە سیاسییەكەی كەمتەرخەمی لە خزمەتكردنیدا دەكرێت!».

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand