بزوتنەوەی گۆڕان بەرنامەبوو ، یان كاردانەوە ؟.
2020-02-05 09:31:35
ساڵح ژاژڵەیی
بەشی سیانزەیەم و كۆتایی
چی وای لێكردم ئەم زنجیرە نوسینە بڵاو بكەمەوە ؟.
بۆ ئەوەی ئەوانەی شارەزاییان لە سیاسەتدا نییە، كەمێك لە گەمەی سیاسەت تێ
بگەن .
بۆچی كاك نەوشیروان تا لە ژیاندا مابوو خانەی ڕاپەڕاندنی پَێك نەهێنا؟. ئەمە پرسیارێكی گرنگەو ڕونكردنەوەی پێوێستە. بزوتنەوەی گۆڕان خاوەنی جڤاتی نیشتمانی و جڤاتی گشتییە. جڤاتی نیشتمانی خاوەنی بڕیارە. بەڵام جڤاتی گشتی جڤاتێكی ڕاوێژكارییە .
بە پێی دەستور دەبێ لە كاتی پرسە گرنگەكاندا ڕاوێژ بە ئەندامانی جڤاتی گشتی بكرێت و ڕاو بۆچون و پێشنیارەكانیشیان بە هەند وەرگیرێـت. بەڵام ئەوەی بە لای كاك نەوشیروانەوە گرنگ بوو هەموو ئەوانەی بێكاربون و ببونە هۆكاری قەرەباڵغی لە گردەكە لەم جڤاتەدا كۆیان بكاتەوەو دوریشیان بخاتەوە، بە تایبەتی كادیر و تێكۆشەرە دێرینەكان. لەم هەرێمەدا وا باوە كەس ڕاوێژ بە خوار خۆیەوە نەكات. دانانی ڕاوێژكاریش تەنها بۆ بێدەنگ كردنە .
ئەوەی پشت ڕاستی بۆچونەكەم دەكاتەوە ئەمەیە یەكەم : جارێكیان بە كاك نەوشیروانم گوت بە پێی دەستوور دەبی َ ژمارەی ئەندامانی جڤاتی گشتی بە قەدەر ژمارەی جڤاتی نیشتمانی بێت . ئێستا ژمارەكەی ئێمە زیاترەو چیتر كەس مەكەنە ئەندامی جڤاتی گشتی . وتی كێشە نییە ژمارەی ئەندامانی جڤاتی گشتی چەند بێت . ئەمە وەڵامی دەوێت بۆچی ژمارەی ئەندامانی جڤاتی گشتی هەرچەند بێت گرنگ نییە؟. دووەم بە درێژایی ئەو ماوەیەی من لە جڤات بوم زیاتر لە 100 نوسراومان ناردوە بۆ خانەی ڕاپەڕاندن، بە فەڕمی وەڵامی یەك نوسراویان نەداوینەوە. لە كۆبونەوەكانی جڤاتیشدا پیشنیاری زۆر كراوە ، قسەی زۆر باش كراوە، ڕەخنەی زۆر گیراوە زۆرینەی ئەندامانی جڤاتی گشتی لە زۆر ڕوەوە لە ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی بە تواناتربون. لە جڤاتی گشتیدا 12 مامۆستای زانكۆ هەبون. بەڵام هیچ پێشنیارێكمان بە هەند وەرنەگیرا.
كەواتە بون و نەبونی جڤاتی گشتی هەر وەك یەك وایە. ئەندامانی جڤاتی گشتی شوێنیان لە ئیعرابدا نییە، كە واتە جڤاتی گشتی لە بنەرەتدا زیادەیە. كە تۆ گوێت لێنەگیرێت و هیچ پێشنیارێكت بە هەند وەرنەگیرێت و وەڵامی هیچ داواكارییەكت نەدرێتەوە چ مانایەكی هەیە تۆ خۆت بە ئەندامی جڤات بزانی؟. كەواتە مانەوەت لە جڤاتێكی ئاوادا تەنها خۆ خەلەتاندنەو هیچی تر .
سەبارەت بە جڤاتی نیشتمانیش، تا كاك نەوشیروان خۆی لە ژیاندا مابوو، گوێی بۆ دەگرتن. بەڵام دوایی خۆی چۆنی بویستایە ئاوا بڕیاری دەدا. دوای وەفاتی كاك نەوشیروانیش جڤاتی نیشتمانی هیچ بڕیارێكی ئەوتۆی نەداوە شایانی باس بوبێت و گرینگی هەبوو بێـت .
ئەو هەموو قسەو باسانە لەسەر خاوەن دارێتی كۆمپانیای وشەو، دەست بەسەراگرتنی تەلەفزیۆنەكە لە لایەن كوڕەكانی كاك نەوشیروانەوە دەكرا، نەیانتوانی كۆبونەوەیەكی جڤات بە تایبەت بۆ ئەم كێشەیە بكەن. قسەی زۆربەی بەرپرس و كادیرەكان ئەمەبوو : چاوەڕێ بكەن ئەگەر گردەكە بەش بەش كراو دابەشكرا، یان فرۆشرا ئەو كات قسە بكەن . باشە ئەو كاتە قسە كردن چ سودێكی دەبێت. بەڵام بەلای ئەوەدا نەدەچون كە بزانن چۆن گۆڕانخوازان بە لێشاو واز لە بزوتنەوەكە دەهێنن لەسەر ئەم پرسە .
لەم دوایانەشدا كە باسی بەشداریكردن لە حكومەتدا هاتە پێشەوە، لە بەر ئەوەی زوربەیان بە نیازی وەرگرتنی پۆستبون بێ چەندو چون بڕیاریاندا بەشداری لە حكومەتدا بكەین . لە ڕاستیشدا بڕیاردەرەكان لە دەرەوەی جڤاتی گشتین و بەڵێنی پۆستیان بە زۆر كەس داوە . كەواتە ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی لە ئێستادانەك خاوەن بڕیارنین، بەڵكۆ بڕیاریان بەسەردا دەدرێت كە چی بكەن . لیِرەدا دێمە سەر وەڵامی پرسیارەكەم .
بۆچی كاك نەوشیروان تا مابوو خانەی ڕاپەڕاندنی دروست نەكرد ؟. كاك نەوشیروان تا خۆی مابو، هەر خۆی خاوەنی بڕیاربوو، ئەگەرچی دوو جڤاتیش هەبون . لە ڕاستیدا ئەوانە تەنها ڕوكەش بون و خاوەنی هیچ بڕیارێك نەبون. بەڵام ئەگەر خانەی ڕاپەڕاندنی پێك بهێنایە ، ناچار دەبوو گوێ بۆ ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندن بگرێت و لێگەڕێت بڕیارەكانی ئەوانیش جێ بەجێ بكرێن .
بەڵام چونكە نەیدەویست تا خۆی هەبێ كەس خاوەن بڕیار بێت ، تا لە ژیاندابوو نەیهێشت خانەی ڕاپەڕاندن پێك بهێنرێت . من لە 3 كۆبونەوەی جڤاتی گشتیدا داوام لە مامۆستا جەمال كرد كە بە كاك نەوشیروان بڵێت: ئەندامانی جڤاتی گشتی داوا دەكەن هەڵبژاردن بۆ دەستەی نوێی سەرۆكایەتی جڤاتی گشتی بكرێت . بەڵام كاك نەوشیروان ڕازی نەبوو . هەتا لە جاری سێیەمدا وتوبوی جارێكی تر باسی ئەوە نەكەنەوە. ئەمە لە كاتێكدابوو كە كاك نەوشیروان خۆی پێش هەمومان دەیزانی كە نەخۆشە. لە ڕاستیدا دەبوایە خۆی پەلەی بكردبایە بۆ پێك هێنانی خانەی ڕاپەڕاندن بۆ ئەوەی دوای خۆی پێشێوی و ئاژاوەو دەنگە دەنگ دروست نەبێت .
بە بۆچونی خۆم ئەگەر كاك نەوشیروان تا لە ژیاندابوو خانەی ڕاپەڕاندنی پێك بهێنایە و پشتیوانی لێبكردنایەو جێگیری بكردنایە، بزوتنەوەی گۆران توشی ئەم شكستەی ئێستا نەدەبوو. دیارە ئەمە بە بێ هۆكار نەبوەو لە زنجیرەكانی پێشوتردا ئاماژەم بۆ كردوەو پێویست ناكات لێرەدا دوو بارەی بكەمە. هەموو باوكەكان كە پیر دەبن پێش ئەوەی بمرن هەوڵ دەدەن یەكێك لە كوڕەكان بكەنە جێگرەوەی خۆیان بۆ ئەوەی دوای خۆیان نەوەكانیان كێشەیان بۆ دروست نەبێت .
سەركردەكانی ئێمە تا ئەمرن هەرگیز پیر نابن . لە بری ئەوەی پێش ئەوەی بمرن هەوڵ بدەن جێگرەوەیەك بۆ خۆیان دیاری بكەن و پشتیوانی لێ بكەن و كارێكی وابەكەن هەموان ئەو كەسە بە سەركردەی خۆیان بزانن، بە پێچەوانەوە كاتێك لە ژیاندان و هەست دەكەن كەسێكی بە توانا هەیەو شایانی ئەوەیە ببێتە جێگرەوەیان، دژایەتی دەكەن و هەوڵی پەڕاوێزخستنی دەدەن، خەڵكی تری لە بەرامبەردا دێننە پێشەوە. لە هەموشی سەیرتر ئەوەیە، بەردەوام دەڵێن : دەبێ حیزب نوی َبكرێتەوەو گیانی تازەی بە بەردا بكرێتەوەو گەنجەكان بهێنرێنە پێشەوە كاریان پێ بسپێرێت، بەو مەرجەی خۆیان تا دەمرن هەر لە شوێنی خۆیان بمێننەوە.
ئەوانەی ئێستا سیاسەتی بزوتنەوەی گۆڕان پیادە دەكەن ، كەسانێكن كە برادەرەكانی خۆیان كردە پەیژە بۆ گەیشتن بە مەرامەكانیان. لەناو حیزبەكاندا كەسانێك هەن كە هەمیشە بەدوای بەدەست هێنانی بەرژەوەندی خۆیانەوەن و زۆر بە لایانەوە ئاساییە بەسەر لاشەی هاوڕێكانیاندا باز بدەن بۆ وەدەست هێنانی دەسكەوتی تایبەتی خۆیان، ئەگەر بە هۆی ئەوانەوە حیزبەكە لەبەر یەكیش هەڵوەشێـت. زۆرینەی هەرە زۆری گۆڕانخوازان ڕازی نەبون بەو كەسانەی ئێستا پۆستییان وەرگرتوە. بەڵام ئەوان خۆیان لا گرنگترە لە بزوتنەوەی گۆڕان.
هەندێ كەس هەیە یاریچی باشە كە وازی لە یاری هێنا دەبێتە ڕاهێنەر . ئەمانەی ئێمەش دوای یاریكردن دەبنە ڕاوێژكار. ئەگەر ئەم باس و خواسە كەمێك كورت بكەمەوە ئەمەی خوارەوەی لی دەردەچێت: یاری چییەكانی گردەكە كارێكی وایان كرد كە تەنها خۆیان بمێننەوە .
هاوڕێكانی خۆیان كردنە پردو بەسەریاندا پەڕینەوەو كە چونە ئەو بەر تەنها چەند كەسێك بون و ئەوەی هەبوو بەسەر خۆیاندا بەشیان كرد . پێم باش نییە ناوی كەس بهێم بەڵام باسی هەر پۆستێك دەكرێت دەڵێن : باشە كێمان لە فڵانە كەس باشتر هەیە ؟. ئەم قسەیە تەواو ڕاستە چونكە ئەوەندە خەڵك نەماوەتەوە كێبڕكی َ لەسەر پۆستەكان بكەن و ئەوانەی بۆ پۆستەكان دیاریكراون لە هەموانی تر لە پێشترن.
وەكو دەڵێن : دوكانی بەكر و دوو قاڵب سابون. بەڵام ئەگەر خەڵكانی تریش لەم تیپەدا بەشدار بونایە، ئەنجامەكەی هەر بەم شێوەیەی ئێستا دەبوو ، یان جۆرێكی تر؟.
بە بۆچونی من گەورەترین كارەسات كە لە ئێستادا بێ جیاوازی بەرۆكی هەموو حیزبەكانی گرتۆتەوەو بۆتە هۆكاری لە گرێژەچونی دام و دەزگاكانی حیزبەكان، زاڵ بونی بەرژەوەندی شەخسییە بەسەر بەرژەوەندی گشتیدا. كار گەیشتۆتە ئەوە هیچ كەسی نە بیر لە بەرژەوەندی گەل و نیشتمان، نە حیزبەكەی خۆی، نە هاوڕێكانی دەكاتەوە . ئەوەی كە بیری لی َدەكاتەوەو لە خەمیدا تەنها خۆیی و خانەوادوەو كەسە نزیكەكانی خۆیەتی .
فەرماندەی واهەیە كاتی خۆی چەندین هاوڕێی لەگەڵیدا شەهید بون . ئێستا خێزان و نەوەكانیان لە ژیانێكی خراپدان و لە بری ئەوەی وەفای هەبێت بۆیان و بەسەریان بكاتەوە، بەردەوام لە بیری مناڵەكانی خۆیدایە. ئەمە ئەو پەڕی بێ وەفاییەو ئەم دیاردانە بێ متمانەیی بەرهەم دێنێت . كاتێكیش متمانە نەما ، كۆمەڵگا بەرەو هەڵوەشانەوە هەنگاو دەنێت و كەس لە خەمی كەسدا نابێت.
ئێستا ئەوانە خۆیان بە پاڵەوان دەزانن. بە حساب كڵاویان كردۆتە سەری هەموان. لای ئەم ئەو دەڵێن : كوڕە ئەوە فرسەتی عومرە. ئێوە هاتن هاوڕێكانی خۆتان پەڕاوێز خست و لە پێناوی ئەوەی خۆتان ڕكەبەرتان نەمێنێـت هێواش هێواش ئاوتان كردە ژێریان و شوێنتان پێ لەق كردن و دەرتان پەڕاندن. دوای ئەمە كار لە كار دەترازێت و متمانە بە یەكتری نامێنێت و سەردانی كردنی یەكتری و تەلەفۆن كردن بۆ یەكتری و بەشداریكردن لەپرسەی یەكتریدا هیچ لە بابەتەكە ناگۆڕێت و تازە گۆزەكە شكاوەو هەرگیز وەكو خۆی لێنایەتەوە . كەواتە ئەمەیە سیاسەت بزانن چۆن دەكرێت . كێ دەیكات . بۆچی دەكرێت . دواجار كێ بەرهەمەكەی دەخوات.
سەرنجم داوە هەموو ئەوانەی زۆر دڵسۆزانە كاریان كردوە، دەست پاكبون . هەرچی بۆیان كرابێت كردویانە. بەڵام كاتێك لەبەر هەر هۆیەك بوبێت وازیان هێنابی، كەس لێی نەپرسیونەوە. ئێستا كاتی ئەوە هاتوە وەڵامی ئەوە بدەمەوە : چی وای لێكردم ئەم زنجیرە نوسینە بڵاو بكەمەوە ؟.دەیان ساڵ پێشمەرگە بە كە وازت هێنا، هەموی دەسڕێتەوە و پێت دەڵێن : كوڕە ئەوانە هیچی نایخوات و یەك فلسی قەڵب ناهێنێت. نان ئەو نانەیە ئەمڕۆ لەخوانە. واتە ئەوەی تا دوێنی جاش بوەو ئەمڕو پاسەوانی بەرپرسێكە، زۆر ڕێزی زیاترە لەو كەسەی 10 ساڵ پێشمەرگە بوەو ئێستا لێرە نیە. پێت دەڵێن : كاكە خەبات كردن وەكو سوار بونی قیتار وایەو هەمیشە لە ڕویشتندایە، هەندێك دادەبەزێت و هەندێك سوار دەبن .
باشە من دابەزیوم لێم ناپرسن لەبەر چی دابەزیوم؟. نەخۆشم ، قاچم شكاوە، توانام نەماوە، بێ ئومێد بوم ، یان لە سایەقی قیتارەكە دەترسم لەناومان بەرێت . جاری واهەیە پێت دەڵێن : كوڕە سروشتی شۆڕش وایە هەندی كەس فەقیر دەبێ . هەندێكیش دەوڵەمەمند. ئەی ناپرسی ئەو دەوڵەمەندە بۆ فەقیر بوو ، ئەو فەقیرەش چۆن دەوڵەمەند بوو ؟. ئەسڵی سیاسەت ئەمەیە .
ئەگەر تا ئێستا نەتزانیوە بیزانە، ئەگەر سیاسەت بكەی ڕەنگە ئەمە بەسەر خۆت بهێنن . بە عەرەبی دەڵێت ( السیاسە فن الممكنات ) واتە چۆنت بۆ دەچێتە سەرو چۆنت بۆ دەگونجێت و چۆنت بۆ دەڕوێنرێت ئاوا بیڕوێنە. هەرگیز نەكەی بیر لە هاوڕێكانت بكەیتەوەو شەریك بۆخۆت دروست بكەی. نەكەی باسی ویژدان بكەی. چونكە باسی ویژدان بێتە پێشەوە ڕیسەكەت دەبێتەوە بە خوری . ویژدان و سیاسەت دوو شتی دژ بە یەكن .
لە هەموی سەیرتریش ئەوەیە : كاتێك بە دڵسۆزی كار دەكەیت و هەموو ژیانی خۆت بۆ خەبات تەرخان دەكەیت و دوایی سەیر دەكەی كۆمەڵێكی تریش لەسەر حسابی تۆ و كەسانی تر دەبنە خاوەنی هەموو شتێك، كەس و كار و نزیكەكانت لێت دێنە دەنگ و پێ دەڵێن : سەیركە فڵانە كەس هاوڕێی تۆیە، بزانە ئەو لە كوێیەو تۆش لە كوێی. سەیركە چی بۆ مناڵەكانی خۆی كردوەو جەنابیشت سواڵ دەكەی. بڕۆ هەر ڕەخنە بگرەو دڵی خەڵك بڕەنجێنە لەسەر شۆڕش. بە خوا نەت زانی بیخۆی؟. وەڵامی دەدەیتەوە و دەڵێی ئاخر ئەو دزی كردوە؟. پێت دەڵی تۆش دزیت بكردایە. دەڵێی من ماستاو ناكەم و ئەوەی ڕاستە ئەوە دەڵێم. پێدەڵێن: ئەگەر ماستاو كردن و درۆكردن بۆ ئەوان عەیب نییە بۆچی بۆ تۆ عەیبە. واتە هیچ قسەت بە دەستەوە نامێنیت .
لە ئەنجامی ئەمەدا هێواش هێواش ئینتیمای نیشتمانی و حیزبی نامێنێت و كەس بە تەنگ بەرژەوەندی گشتییەوە نابێَت و هەموو شتێك بە لاڕێدا دەبرێت و نەفس نزم و ماستاوچی و هەلپەرستەكان گرەو دەبەنەوەو ئەوان دەبنە پێشەواو هەموو شتێك بەرەو وێرانی دەڕوات و دواجار خۆشت پەشیمان دەبیتەوە كە ڕاست و دڵسۆز بویت. لە ئەنجامدا ئەمە ڕودەدات : ئەوانەی كە هەمیشە دڵسۆز بون و خۆیان بۆ خەبات تەرخان كردوەو نەبونە خاوەنی هیچ ئەگەر هەر بەردەوام بون چاوەڕوانی هەلێك دەكەن بۆ ئەوەی دەستیان لە شتێ گیر ببێـت .
زۆر جار لە دڵسۆزی خۆیان پەشیمانن و دەڵێن ئەگەر ئەم جارە فرسەتم بۆ ڕێكەوت، دەستی خۆم دەوەشێنم. كەواتە كار دەگاتە ئەوەی كەسە دڵسۆزەكان لە دڵسۆزی خۆیان پەشیمان ببنەوە. خۆ ئەگەر بەردەوام نەبون دەچنە ماڵەوەو نەعلەت لە ڕابوردوی خۆیان دەكەن و بڕوایان بە كەس نامێنێت، لە ڕاستیشدا ئەوە دەبێتە كارەسات .
سەیرم دەكرد هاۆڕێكانم لە جڤاتی گشتی وەكو گەلای پایز هەڵدەوەرن بەڵام كەس لێیان ناپرسێتەوەو كەس ناڵێت بۆچی هەڵدەورن . بەڕێزێكی وەكو دكتۆر شەریف قادر خەڵكی تەق تەق هەموو جارێك كە دەهات بۆ كۆبونەوە یارمەتی لەگەڵ خۆی دەهێنا. با بپرسین كە وازی هێنا كەس لێی پرسی بۆچی وازت هێناوە ؟. ئەو بەڕێزە سیڤی پڕكردۆتەوە بۆ وەرگرتنی پۆستێكی حكومی. دیارە كەسانی وەكو دكتۆر شەریف پۆست وەرناگرن چونكە پیاوی كەس نابن، بەڵام هیچ نەبوایە دەبوو بانگی بكەن و پێی بڵێن لەبەر فڵانە هۆكار پۆستت پی َنەدرا .
پڕۆفیسۆر دكتۆر عەلی تاهیر كە لەسەر بزوتنەوەی گۆڕان گەورەترین سوكایەتی پێكرا. سیڤی پڕكردەوە بۆ پۆستی جێگری وەزیری پەروەردە. پۆستەكەیان پێنەدا، بەڵام هەر قسەیەكیشیان لەگەڵ نەكرد كە بە چ هۆكارێك ئەو پۆستەی پێنادەن؟. دیارە كەسانی تریش هەن داوای پۆستییان كردوە و پێیان نەدراوە .
بەڵام لە بەرامبەردا خەڵكی تر هەیە پێشتر پۆستیشی هەبوەو خۆشی داوای پۆستی نەكردوەو پۆستیشی پێدراوە لەگەڵ ئەوەی كە ناڕەزایی زۆر هەبوو بەرامبەر بەوەی ئەو پۆستەی پێدراوە. ئەمە ڕێك لەگەل ََ پەندە كوردیەكە یەك دەگرێتەوە كە دەڵێت ( بانێكەو دوو هەوا ) بەڵام لە ناو گۆڕاندا بانێكەو زۆر هەوا هەیە .
سەیردەكەم چۆن دانای ئەحمەد مەجید لەسەر گۆڕان دەر بەدەر دەبێـت و لە هۆڵەندە بە دیار مناڵێكی كەم ئەندامەوە گیری خواردوەو ناشتوانی بگەڕێتەوە كوردستان، چونكە لە لایەن دادگاوە داواكراوە . هەرچیشی بەسەر هاتوە لە سەر گۆڕان بوە. ئێستا سەیر بكەن دانای ئەحمەد مەجید لە كوێیەو ئەوانەی دوو جار دوو جار پۆست وەردەگرن لە كوێن ؟؟. دڵنیام هیچ بەرپرسێكی گۆڕان لێی نەپرسیوەتەوە. كەسی وا هەیە لە ناو یەكێتی هاتۆتە دەرەوەو دەستبەرداری باشترین پۆست بوە.
ئێستاش كەس لێی ناپرسێتەوە. لە بەرامبەر ئەودا چەندین كەس كە هیچ كارێكیان نەبوە ،لە بری جارێك دوو جار پۆستی پێدراوەو زۆریش دەوڵەمەند بوە . ئەمە چ عەدالەتێكە؟. ئەمەیە گەمەی سیاسەت، هەتا لێی تێدەگەی و شارەزادەبیت، ئاگات لە خۆت نابێت و كەوڵت دەكەن . هەندێك كەس نەخشەو پلانی سیاسەت دادەڕێژن . هەندێكیش ئەو پلانە جێ بەجی َ دەكەن و زۆر جاریش گیانی خۆیان لەو پێناوەدا بەخت دەكەن . هەندێكی تریش خۆیان پێوە هەڵواسیوەو زۆر بە ئاسانی و بێ عەرەق بەرهەمی هەموان دەخۆن .
گەنجێكی وەكو ڕێبەند كە برازای هاوسەرەكەمە بە ناحەق لەبەر گردی زەرگەتە شەهید دەكرێ لەسەر لێدوانی كارمەندێكی تەلە فزیۆنەكە لە سەر بابەتێك كە دوور و نزیك نە پەیوەندی بە ئەوانەوە هەیەو نە حەقی ئەوانیشە لەسەر بابەتی ئاوا قسە بكەن .
خۆ بەرپرسانی تەلەفزیۆنەكە نەبونە نوێنەر و وەكیلی خەڵكانی تر و بەرگرییان لی بكەن . ئەوان خۆیان لە گۆڕە پانەكەدان و با خۆیان بەرگری لە خۆیان بكەن. ئێستا ڕێیەند شەهید كراو و ژنی بێ مێرد دەبێت و مناڵی هەتیو دەبێت و دایك و باوكی جەرگ سوتاو دەبن، با بزانین لە ئێستادا كێ لە خەمی ئەودایەو چی بۆكراوە؟. وەكو هاوار دەكەن فریامان بكەون گردەكە لە مەترسیدایە، ئەی كە خەڵكی بە كوشت دەدەن بۆچی لێیان ناپرسنەوە ؟.
ئاخر ئەم گردەو دانیشتوانی ئەم گردە شایانی ئەوە ماون خوێنێنیان لەپێناودا بڕێژریت ؟. ڕوداوەكانی 17 شوبات و ئەوانەی شەهیدو كەم ئەندام دەبن. كی َلێیان بەرپرسیارە ؟. لە بەرامبەردا كۆمەڵێك لە گردەكە دوو جار دوو جار پۆست وەردەگرن. با بزانین بەشێكی موچەكەیان بۆ ئەمانە دادەنین ؟. ئەمەیە سیاسەت. بە چاوی خۆت بیبینە كی َ كردی و كێ ماڵ وێران بوو كێش بەرهەمەكەی خوارد.
كاتێك سەیرم كرد كەس نییە لە بەرامبەر ئەم ناحەقیانە بێتە دەنگ، كەس نییە لەو هەموو گۆڕانخوازانە بپرسێتەوە كە واز دێنن و ڕۆژگارێك شەو و ڕۆژیان بۆ گۆڕان دەكرد بەیەك . دواجار بڕیارم دا هەندێ لە ڕاستییەكان باس بكەم . خوێنەری ئازیز ، گۆڕانخوازانی ماندوو نەناس. دەزانم ئێوە بە دڵسوزی كارتان كردوە و ویستوتانە لەم ڕێگایەوە ئایندەیەكی باش بۆ گەلەكەمان دەستەبەر بكەن. بەڵام بەداخەوە بە هۆی بەرژەوەندی كۆمەڵێك خەڵكی خۆپەرست تا سەر ئێسقان، بێ ویژدان، چاوبرسی، بێ وەفا بەرامبەر بە هاوڕێكانیان، دواجار ڕەنجی هەمومانیان بە بادا لە پێناوی خۆیاندا .
لە كاتێكدا بە سەدان كەس سوكایەتیان پێكراو نان بڕواكران و تێیان هەڵدرا، پۆستەكانیان لێ ساندنەوە، بۆ شوێنی دوور گواسترانەوە، خەڵك شەهیدكران، كەمئەندام بون دواجار میللەتمان بێ ئومێدكرد. كاتی ئەوە هاتوە بە هۆش خۆتان بێنەوە . خۆتان ئامادەن بكەن بۆ هەڵبژاردنی ئایندە و سزایەكی وایان بدەنێ كە ببنە مەخسەرەی ناو خەڵك چۆن ماڵەو ماڵتان دەكرد و خەڵكتان هان دەدا دەنگ بە گۆڕان بدەن، بە هەمان شیوە ماڵەو ماڵ بكەن و بڵێن دەنگ بەو هەلپەرستانە مەدەن .
داوا لە هەموو كوردانی تاراوگە دەكەم كە ئاگاداری كەس و كاریان بكەن هەرگیز جارێكی تر دەنگ بە گۆڕان نەدەن لەسەر ئەو سوكایەتییەی پەیجی پەیسەری كوڕەكانی كاك نەوشیروان بە كوردانی تاراوگەی كردوە و بە سۆسیال خۆرەكان ناوی بردون .
ئێستا تۆپەكە لە گۆڕەپانی ئێوەدایەو كاتی ئەوەیە گوڵی بەرامبەر بكەن. هیوادارم تۆڵە كردنەوە لە حیزبەكان لە ڕێگای دانگدانەوە لە كاتی هەڵبژاردنەكاندا، لە بەرامبەر پابەند نەبونیان بە بەڵێنەكانیانەوە ببێـە كەلتوری نەوەكانی داهاتومان. پڕۆسەی دێموكراتی و گەش كردنی كۆمەڵایەتی لەم ڕێگایەوە سەرچاوە دەگرێت .
دوای ئەوەی زۆرمان هاوار كرد بەشداری ئەم حكومەتە مەكەن چونكە گۆڕان ناتوانێت لە ڕێگای ئەم حكومەتەوە هیچ بۆ جەماوەر بەدەست بهێنێت. بەڵام بە قسەیان نەكردین و لەپێناوی وەرگرتنی پۆست بۆ هەندێك كەس بەشداری حكومەتیان كرد. پارتی ژیرانە بۆ ئەوەی گۆڕان لە لایەنەكانی تر دابرَێت، زیاد لە قەبارەی خۆی وەعدی پۆستی پێداون .
بەڵام ئەوە هەر مەرەكەبی سەر كاغەز دەبێت. پەندَێكی پێشینان هەیە دەڵێت (هەڵگرتنی بەردی گەورە نیشانەی پێدا نەدانە). ئەوەتا ماوەی 6 مانگ بەسەر پێكهێنانی حكومەتدا تێدەپەڕێت و تا ئێستا چەند پۆستێك دراوە بە گۆڕان. ئاخر چۆن بەشداری حكومەتێك دەكەی تا ئێستا : بیرە نەوت هەیە موڵكی تاكە كەسییە. كەس نازانێت چەند نەوت دەفرۆشرێت و بە چەند دەفرۆشرێت .
پارەی نەوت لە بری ئەوەی بخرێتە بانقی حكومییەوە، دەخرێتە بانقی تاكە كەسییەوە . چۆن بەشداری حكومەتێك دەكەی كە تا ئێستا كەس نازانێت ڕێكەوتنی 50 ساڵەی نەوت لەگەڵ توركیا چۆن كراوە؟. چۆن بەشداری حكومەتێك دەكەی وەزیری داراییەكەی نەتوانێت كارو باری گومرگەكان و داهات بخاتە ژێر دەستی خۆیەوە؟. چۆن بەشداری حكومەتێك دەكەی لەسەر بەحری نەوت و غازبین و هاوڵاتیان بە دوای بوتڵە غازێكدا ڕادەكەن .
چۆن بەشداری حكومەتێك دەكەی كە وەزیرەكانت و بەرپرسەكانی تریشت لە حكومەتدا هیچ دەسەڵاتێكیان نەبێت و هیچ بودجەیەكیان لەبەردەستدا نەبێت و هەموو ئیشەكەیان موچە دابەشكردن بێت بەسەر كارمەندەكانیان؟. كەواتە بەشداریكردنەكە نە بۆ خزمەتی خەڵكەو نە بۆ ئەوەیە دەست كەوت بۆ گۆڕان فەراهەم بكات. بەشداریكردنەكە بۆ ئەوەیە چەند كەسێك پۆست وەرگرن لەپێناوی بەرژەوەندی خۆیاندا.
تازە هاوارتان لێ هەستاوەو بە برینی خۆتان زانیوە. تازە قاچتان بە تەڵەكەوە بوەو ڕزگاربونتان نییە. لە حكومەتدا دەمێننەوە هیچتان بۆ ناكرێت. لە حكومەت دەردەچن جەماوەرتان نەماوەو جارێكی تریش جەماوەر بە قسەی ئێوە ناخەڵەتێت و دەبێ خۆتان لە گردەكە بە تەنها بن.
ئەوەی لە كۆتایی نوسینەكەمدا ماوەتە بە ئێوەی ئازیزی ڕابگەیەنم ئەمەیە :
بەم نوسینەم ئەركی ئەخلاقی و و نیشتمانی خۆمم بە زیادەوە ئەنجام داوە. ویژدانی خۆم ئاسودە كردوە. من نە خۆم بە قەرزداری نیشتمان دەزانم و نە بە قەرزداری كەس. ئەركی خۆم بە زیادەوە ئەنجام داوە .
هەمیشە خۆشم بە سەربەرز دەزانم و شانازی بە بنەماڵەكەشمەوە دەكەم كە هەمیشە لە بەرەی گەل و نیشتماندا بون، لەبەر ئەوەی ئێمە هەرچیمان لە توانادا بوبێت بەگەل و نیشتمانمان بەخشیوەو لە بەرامبەردا هیچمان وەرنەگرتوە. ئەوەی كە من خۆم بە قەرزداری دەزانم تەنها هاوسەرەكەم و مناڵەكانمە، كە بە هۆی منەوە زۆر توشی ئازار و دەربەدەری و ناڕەحەتی لە ڕادە بەدەربون و نەمتوانی قەرەبوی ئەو هەموو ماندوبونەیان بۆ بكەمەوە .
هەر كەس و لایەنێك هەر بۆ چونێك یان ڕەخنەیەكی لەم زنجیرە نوسینەی من هەیە ، یان بە ناراستی دەزانن، ئامادەم لە شاشەی تەلەفزیۆنەكانەوە یان لە كۆڕێكدا ئامادەبم و ڕاستەوخۆ وەڵامی هەموو پرسیارەكانیان بدەمەوە . ئەوەش بزانن ئێستاش زۆر وردەكاری تر ماوە كە بە باشم نەزانیوە لێرەدا باسی بكەم . من لەم نوسینەمدا نە غەدرم لە كەس كردوە نە خاتری كەسیشم گرتوە. ئەوەی نوسیومە مێژوی خەباتی حیزبێكی سیاسییە لە ماوەی 10 ساڵدا لە هەرێمی كوردستان و جێگەی ئومێدی جەماوەرێكی زۆر بوە. بۆیە ویستومە بە ویژدانەوە ئەم میژوە بنوسمەوە .
هیوادارم سودێكم گەیاندبێت .