ڤایرۆسی کۆرۆنا و زانیاری ورد و نوێ
2020-02-03 19:31:30
لوقمان حەوێز
ڤایرۆسی کۆرۆنا کە لە ناوچەی وھانی وڵاتی چینەوە سەریھەڵداوە چییە؟ چۆن بڵاودەبێتەوە؟ بۆ ئەوەندە مەترسی لێدەکرێت؟ ئایا ھیچ چارەسەرییەک لە ئارادایە؟
ئەم ڤایرۆسە سەر بە گروپی ڤایرۆسەکانی کۆرۆنایە Coronaviruses کە زۆربەی جۆرەکانی شیردەرەکان و باڵندەکان بەکاردەھێنن وەکو خانەخوێیەک بۆ مانەوە و زۆربوون، کاتێک دەچنە نێو لەشیان نەخۆشیان دەکەن و توشی کۆمەڵێک نیشانەیان دەکەن وەکو تا، کۆکە، تەنگی و قورسی لە ھەناسەدان، ئازاری لەش، ڕشانەوە، سکچوون، نەمۆنیا و مردنیش.
تائێستا حەوت جۆر لە ڤایرۆسەکانی کۆرۆنا دۆزراوەتەوە بەمەی ئێستاشەوە کە مرۆڤیش توشدەکەن، لە جۆرەکانی پێشووتریش بۆ نمونە وەک SARS و MERS کە پێشتر بڵاوبوونەوە، ٢٠١٩novel.coronavrus ناوی فەرمی ئەم جۆرە نوێیەیە.
خەسڵەتەکانی ئەم جۆرە نوێیە زۆر لە خەسڵەتی ڤایرۆسی SARS دەچێت کە لە ساڵی ٢٠٠٣دا لە وڵاتانی ئاسیا سەریھەڵدا و ئەوکاتە ترسێکی زۆری نایەوە و لە پتر لە ٢٠ وڵاتدا بڵاوبووەوە و نزیکەی نۆ ھەزار کەسی توش کرد، پتر لە ٧٥٠ کەسیشی کوشت، دواتر کۆنتڕۆڵکرا، ئەمجۆرە نوێیەش لەھەمان زنجیرەیە بەھەندێک خەسڵەتی نوێوە.
چۆن بڵاوبووەتەوە؟ ئێستا چۆن بڵاودەبێتەوە؟
ئەم جۆرە ڤایرۆسانە بەوەی ئێستاشەوە لە بنەڕەتدا لە کۆمەڵێک باڵندە و شیردەردا بازیان داوە بۆ مرۆڤ، بە گشتی پێشتر لەگەڵ ئەوەی بازدانیش بۆ مرۆڤ ڕوویداوە، بەڵام نەخۆشیەکە لە مرۆڤێک بۆ یەکێکی دیکە نەگوازراوەتەوە، بەڵام لەئێستادا بەم جۆرەشەوە لەمرۆڤێکەوە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤێکی دیکە لە کاتی پەیوەندیکردنی ڕاستەوخۆ یان لەڕێگەی ھەواوە کاتێک نزیکەی مەترێک بۆ دوو مەتر لە کەسە توشبووەکە نزیک بیت و ئەو کەسە بپژمێت یان بکۆکێت، ھەروەھا دەشێت بە دەستلێدانی کەل و پەلی نەخۆشەکەش بگوازرێتەوە بۆ کەسێکی دیکە. بەڵام ڤایرۆسەکە بۆ نمونە ناگوازرێتەوە لەڕێگەی ئەو کەل و پەلە ناخۆراکیانەی کە لە چینەوە دەنێردرێن بۆ وڵاتانی دیکە.
بۆچی مەترسی زۆری لێدەکرێت؟
- تائێستا ھیچ ڤاکسینێک نییە بۆ بنبڕکردن یان ڕێگەگرتن لە توشبوون، دوای توشبوون ناتوانرێت بە دەرمان چارەسەربکرێت، تەنیا دوای توشبوون دەتوانرێت نیشانەکانی نەخۆشیەکە سوکتر بکرێن.
- کاتێک کەسێک توشی ڤایرۆسەکە دەبێت بۆ ماوەی نزیکەی ١٤ ڕۆژ لەوانەیە ھیچ نیشانەیەکی نەخۆشیەکە دەرنەکەوێت، لەھەمان کاتیشدا کەسەکە بڵاویشی دەکاتەوە. ھەربۆیە بۆ نمونە ئەو ١٩٥ ھاوڵاتییە ئەمریکییەی کە لە ناوچەی وھانی چین کاریاندەکرد و ھێنرانەوە بۆ ئەمەریکا، ئێستا لە بنکەیەکی سەربازی حکومەتی ئەمەریکا لە کالیفۆرنیا لەژێر چاودێری پزیشکی ورد دان و دەستبەسەرن بۆ ماوەی لایەنی کەم ١٤ ڕۆژ تاوەکو دڵنیابوون لەوەی کەسیان ھەڵگری ئەو ڤایرۆسە نین و توشی نەخۆشیەکە نەبوون.
- زۆر بەئاسانی لەڕێگەی ھەواوە دەگوازرێتەوە لەکەسێکی توشبوو بۆ کەسێکی ساغ لەکاتی پژمین و کۆکە لە کەسە توشبووەکە نزیک بیت، لە شوێنە داخراوەکانی وەکو ناو ژوورەکان و ناو پاسیش ئەگەری گواستەوەی زیاترە ھەتا ئەگەر نزیکیش نەبیت لە کەسە توشبووەکە، ئەگەری گواستنەوەشی زۆر زیاترە لەکاتی پەیوەندیکردنی ڕاستەوخۆ وەکو تەوقەکردن و ماچکردن.
چۆن دەتوانیت خۆت بپارێزیت؟
- دوورکەوتنەوە لەو کەسانەی کەتوشبوون، ھەروەھا لەو شوێنانەی کە گومانی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەکەی لێدەکرێت.
- دەستشوشتن پێش خواردن و خواردنەوە یان بردنی دەست بۆ دەم و چاو و لوت.
- قایمکردنی دەمامک بەتایبەتی لەشوێنە گشتیەکان و نەخۆشخانەکان و شوێنی کارکردن بەتایبەتی لەکاتی ئەگەری ھەستکردن بەبوون یان بڵاوبوونەوەی یەک حاڵەتیش بێت لەو جۆرە ڤایرۆسە لەو ناوچەیەدا.
ئایا ھیچ چارەسەریەک یان ڤاکسینێک بەڕێوەیە؟
بەڵێ کۆمپانیای دەرمانی ئەمەریکی Regeneron لە ئێستادا دەڵێت گەیشتووە بە سەرەداوی دۆزینەوەی ڤاکسینێک بۆ ئەم جۆرە ڤایرۆسە نوێیە، ھەمان کۆمپانیا بەر لە چەند ساڵێک چارەسەری بۆ نەخۆشی ئیبۆلا دۆزییەوە، پێشبینیدەکرێت لە ماوەی چەند ھەفتەیەکی دیکەدا بەتایبەتی دوای دۆزینەوەی ڤاکسینێک، ڤایرۆسەکە کۆنترۆڵبکرێت.
زۆربەی زانیاریەکان ھی سەنتەری CDC یە واتە سەنتەری کۆنترۆڵکردنی نەخۆشیەکان کە سەر بە حکومەتی فیدراڵی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە.
لەبەر ترسناکی ڤایرۆسەکە ھەر زوو ووڵاتی چین لەڕێگەی دامەزراوە زانستیەکانیەوە وردەکاری تەواوی جینۆمی ئەم ڤایرۆسە نوێیەی بڵاوکردەوە genome.sequence بۆ ھەموو جیھان بەمەبەستی ئەوەی ھەموو پسپۆڕانی زیندەوەرناسی و دەرمانناسی لە سەرانسەری جیھاندا لە ھەوڵی ئەوەدابن بەزووترین کات ڤاکسینێک بدۆزنەوە بۆ ڕیگەگرتن لە بڵاوبوونەوە و توشبوون بە نەخۆشیەکە، وردەکاری زنجیرەی جینۆمی ڤایرۆسەکەش لەم لینکەدا دەست دەکەوێت.
دڵنیاشبن ئەوەی دەوترێت لەھەندێک لە ڕاگەیاندن و پەیجە عەرەبیەکان و بەکوردیش بڵاودەکرێتەوە کە ئەم ڤایرۆسە بە دەستی مەبەست پەرەیپێدرابێت یان بڵاوکرابێتەوە لەلایەن ھەندێک لایەن و وڵاتەوە ڕاست نییە، کۆنترین زنجیرەی دۆزراوە لەم جۆرە ڤایرۆسانە کە لە شیردەرەکان و باڵندەکان ھەبووبێت و بڵاوبووبێتەوە دەگەڕێتەوە بۆ پتر لە ھەشت ھەزار ساڵ پێش ئێستا، لە سەدەی بیستەمەوە بازدانی ئەم جۆرە ڤایرۆسانە بۆ مرۆڤ زۆر زۆرتربووە بەھۆی زۆربوونی دانیشتوانی مرۆڤ و بەخێوکردن و خواردنی کۆمەڵێکی زۆر زیاتر لە ئاژەڵە خۆماڵی و کێویەکان لەلایەن مرۆڤەوە.
ئەندامی کۆمەڵەی گەردوونناسی تێکساس