Draw Media

کشانەوەی خویندنی دکتۆراکەم وەک تاوانێکی رێکخراو

کشانەوەی خویندنی دکتۆراکەم وەک تاوانێکی رێکخراو

2020-02-03 07:57:58


ئەحمەد ئەمین 

پێشەکی

ئەم نووسینەو نووسینەکانی داهاتووش بە پلەی یەکەم ئاراستەی وەزیری خویندنی باڵا (د. ئارام محمد قادر)ە، لەویشەوە بۆ سەرۆک کۆماری عێراق، دکتۆر بەرهەم صاڵح. ئەویش بەو پێیەی لە کاتی هاوپەیمانیدا و وەک رێکخراوی داکۆکی لە زانکۆو پەیمانگەکان کە پرۆژەی پاککردنەوەی لیسیتی مووچەخۆرانمان پێشکەشکردن، د. بەرهەم پرۆژەکەی زۆر لا پەسەندبوو. تەنانەت ووتی تاوەکو ئیستا ئیشی وا مەنهەجی نەهاتۆتە بەردەستم. هەربۆیە داوایکرد کە پڕۆژەیەکی بۆ سەربەخۆکردنی زانکۆکانی هەرێمی کوردستانی پێشکەش بکەین. لەو دانیشتنەدا دکتۆر ئارام ئامادەبوو.   

لە هەمان کاتدا ئامانجی ئەم نووسینەو ئەوانەی داهاتووش هەڵسەنگاندن و تێگەیشتنە لە ئاستی گەندەڵی لە خوێندنی باڵاداو هەوڵێکیشە بۆ پیداچوونەوە لە ڕەگوڕیشەکانی گەندەڵی کە ساڵانێکە بووە بە مەسەلەیەکی گرنگیی ناو ژیانی گشتیی لە کوردستاندا. لەوانەشە بتوانێت ھاریکاریی ئەوانە بکات کە پلانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی وساختەکاری لە دام و دەزگاکانی هەرێمی کوردستاندا دادەنێن، ھەروەھا ئەوانەش کە لەم مەیدانەدا چالاکن و خۆیان بەم بوارەوە سەرقاڵ کردووەو دەکەن .ھەموو ئەمانە بەمەبستی برەودان بە تێگەیشتنێکی باشتر بۆ دیاردەی گەندەڵی بۆئەوەی بتوانن سراتیژەیتی باشتر بۆ بەرەنگاربوونەوەی دابنێن. 

ئەم نووسینەو ئەوانەی داهاتووش بەشێوەیەکی سەرەکی پشتی تەواوی بەبەڵگەکانی  تاوانی رێکخراوی کشانەوەی دکتۆراکەم بەستووە. بێگومان کارێکی کەمێک زەحمەتە بتوانین لە یەک بابەتەوە تەواوی ئاستی گەندەڵی بپێوین. بەڵام  لانی کەم دەتوانین  بڵێین ئاستی ڕاستەقینەی گەندەڵی زۆر گەورەترو مەترسیدارترە لەو ئاستە رەسمییانەی کە بڵاودەکرێنەوە هەربۆیە وێنەی گشتیی گەندەڵی لێڵ و ناتەواوە. هەربۆیە ئەو بەڵگانەی لەبەردەستدان و بڵاویان دەکەینەوە ھێما بۆئەوە دەکەن کە گەندەڵی  ڕووبەرێکی گەورەیە و ژمارەی بکەرەکانی ژمارەیەکی گەورەو مەترسیدارن. پرۆژەی ناچاری چاکسازی و دەرکردنی یاسایەک بۆ جاککردنی خراپییەکانی رابردوو باشترین ئاستی گەندەڵییە لە هەریمی کوردستاندا کە خویندنی بالاش پشکێکی گەورەی بەردەکەوێت. 

لە ئێستادا ژمارەیەکی زۆر لە راگەیاندنە نوسراوو بینراوەکان لەلایەن پارتە دەسەڵاتدارەکانەوە کۆنترۆڵکراون، قەیرانی داراییش ئەو برە کەمەی نیمچە راگەیاندنە ئازادەکانی لاوازکردووە. بە پاساوی ناوزڕاندن ناتوانن پەردە لەسەر رووی بکەرە راسەقینەکانی گەندەڵی هەڵماڵن. هەربۆیە بۆ بەئاگابوونی رای گشتی لە ئیستادا تەنها تۆرە کۆمەڵایەتییەکان لەبەردەستدان کە بە ئازادانەو لەسەر بنەمایەکی پێوەری بتوانین راستییەکان وەک خۆی بڵاوبکەینەوە. هەربۆیە تائەو کاتەی دەزگایەکی راگەیاندن بوێری بڵاوکردنەوەی ئەم بابەتەی دەبێت، تۆرە کۆمەڵایەتییەکان  شوێنی راڤەکردنیان دەبێت. 

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش بریتین لە میدیای دیجیتاڵی Digital Media و بەشێکیشن لە رووبەری گشتی Public Sphere. رووبەری گشتی فەزایەكی كۆمەڵایەتی هاوبەش و كراوەیە بە رووی هەموواندا. دەتوانن بە دەنگێكی بیستراو باس لە مەسەلە گشتییەكانی ژیانی خۆیان بكەن. رووبەری گشتی شوێنی گرنگیپێدانی هەمووانەو تایبەت نییە بە ژیانی تایبەتی ئەم یان ئەوەوە.
رووبەری گشتی سەدەی هەژدەهەم لە ئەوروپا رۆلێكی گرنگی بینی لە بەدەستهێنانی ئەو یەكسانی و داپەروییەی لە رووی سیاسی و كۆمەڵایەتییەوە فەراهەم بووە. ئەویش لە رێی ئەو كۆڕو كۆبوونەوانەی كە تیایاندا قسەو باس و راگۆڕكێ لەسەر مەسەلە سەرەكی و گشتییەكانی ژیانی كۆمەڵایەتی لەسەر بنەمایەكی دیموكراسی، عەقڵانی و رەخنەیی دەكران. لە دوای ئەوەش راگەیاندنی چاپکراو رۆڵێکی گرنگی بینی.  واتە رووبەری گشتی ئاكارێكی دیموكراسیانەی بەهێزی هەیەو دیدو بۆچوونە جیاوازەکان لە رێی گفتوگۆی عەقڵانییەوە دەگەنە رێكەوتن.

یەکێک لە خەسڵەتە گرنگەکانی تری رووبەری گشتی ئەوەیە کە وتارو نووسینەکانی جیایە لە دەزگاكانی دەوڵەت. هەر کاتێکێش رووبەری گشتی و دەزگاكانی دەوڵەت بوون بەیەک ئەوا هیچ بەرهەمناهێنێت. سیستمە تۆتالیتارییەكانی سەدەی بیستەم بەرهەمی تێکەڵبوونی دەوڵەت و فەزای گشتیی بوو. هەربۆیە رووبەری گشتی بێشكەی ئەو گوتارانەیە كە گوتاری دەوڵەت نین. گوتاری هاوڵاتیان و كۆمەڵگان و دیدی ئەمان بۆ ژیانی گشتی دەخاتە روو. كە تیایدا بیر لە مەسەلە هاوبەشەكانییان دەكەنەوە.
بە كورتی رووبەری گشتی ئەو رووبەرە كۆمەلایەتییەیە كە تیایدا ئەو گوتارو روانینانە دروستدەبن و بڵاو دەبنەوە كە گوتارو تێڕوانینی دەولەت نین. هەربۆیە لە دەسەڵاتە دیکتاتۆرییەکاندا بە یاسا دەیانەوێت سنور بۆ ئەو رووبەرانە دابنێن. بۆ نموونە لە هەرێمی کورستاندا بە پێی ماددەی دووەم لە یاسای قەدەغەکردنی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن، لە یەککاتدا بەندە و د. رزگار ئاغا لەسەر بڵاو کردنەوەی بابەتی گەندەڵی و رەخنەیی دادگایی کراوین. لە کاتێکدا ئێمە قسەمان لەسەر خراپ بەکارهێنانی بکەرە گەندەلەکانی ناو خویندنی باڵا کردووە. بەڵام لە راستیدا فەلسەفەی پشت یاساکەو بڕیاری دادگا لە هەڕەشە بۆ کارەکانی ئەوان و ترس لە بێکارکەوتن و بژێویانە. هەروەها ترسە لەوەی ئەم ئامێرو تۆڕەکۆمەڵایەتییانە بتوانن بەرهەمهێنەری هۆشیارییەکی مێژوویی نوێ بن و بتوانن بەشدار بن لەدروستکردنی سەردەم و رۆژگارێکی نوێدا.

سارا شایز لە کتێبی دزەکانی دەوڵەت Thieves of Stateدا تیشك دەخاتە سەر جۆرێک لەو حكومەتانەی كە تیایدا دەسەڵاتە فەرمییەكان دەبنە تۆڕی تاوانكاری رێكخراوو سەرچاوەی گەندەڵی. لەم جۆرە دەسەڵاتانەدا داهاتی سەر زەوی و بن زەوی ولات بەشێوەیەکی بەرنامە بۆ داڕیژراو تاڵاندەکرێت. هەربۆیە ئەو قەیرانە هەمەجۆرانەی هەن بەهۆی شکستی حکومەتەکانەوە نین بەڵکو دەرەنجامێکەو بەبەرنامە ئیشی بۆکراوە. 
بۆ بەردەوامی ئەم جۆرە دەسەڵاتانەش، تۆڕەكانی بەرژەوەندی Patronage Networks  گشت پێگە هەستیارە حكومییەكان دەگرنە دەست و هەوڵدەدەن گشت ئامڕازە فەرمی و نافەرمییەكانی دەسەڵات ملكەچ بەبەرژەوەندییەكانییان بكەن. ئەویش لە رێگەی كڕینی لایەنگیری دام و دەزگا سەربازی و ئەمنییەكانەوە. بۆ دەربازبوونیش لەهەر لێپرسینەوەیەكی یاسایی، ئەو تۆڕانە كار لەسەر دەستەمۆکردنی دەسەڵاتی دادوەری دەكەن. مەترسیدارترین خالی ئەو تۆڕانەش بە یاساییكردنی كارە گەندەڵیەكانە لە رێی دەركردنی چەندان یاساو رێنمایی لە لایەن دەزگا یاسا دانانەكانەوە. هەربۆیە ئەم جۆرە دەسەلاتانە دەبن بە مەترسی بۆ ئاسایشی نێوخۆیی و نێودەولەتی. لەو نێوەندەشدا عێراق و ئەفغانستان وەک دوو نموونە باس دەکات. لە کۆتایی کتێبەکەشدا پێشنیار دەکات کە دەبێت شەری سەدەی بیست و یەکەمی ئەمریکا دژی گەندەڵی بێت. جا ئەگەر ئەمە بۆ ئاستە نیودەوڵەتتیەکە راست بێت ئەوا بۆ ئەو وڵاتانەی کە رێژەی گەندەڵی تایاندا زۆر بەرزە، دەبێت شەڕی گەندەڵی کاری لە پێشینەی حکومەتەکان و کۆمەڵگەی مەدەنی بێت.
تاوانی پارچەپارچەکردنی جمال خاشقچی و هەوڵی شاردنەوەی بەڵگەکانی تاوانەکە باشترین نموونەیە لەسەر تاوانی رێکخراو کە لەلایەن تۆڕەکانی بەرژەوەندییەوە ئەنجام دەدرێن.لە کاتێکدا یەکێک لە کارەکانی پزیشکی دادوەری دیاریکردن و دۆزینەوەی سەرچاوەی تاوانەکانە بەلام لە تاوانی تیرۆرکردنی  جەمال خاشقچیدا رۆڵی شاردنەوەی بەڵگەکانی تاوانەکەی بینی. سەرپەرشتیاری خوێندنی دکتۆراکەم (پرۆفیسۆری یاریدەدەر د. دڵنیا ێ‌سعد) بەشێوەیەکی رێکخراو تاوانی بەدڕەوشتی یان ساختەکاری زانستی ئەنجامدا. سەرۆکی بەشی بایۆلۆجی پێشوو (د. هونەر هیوا عارف)، راگری کۆلیجی زانستی پێشوو (د. بەختیار عزیز قادر)، راگری کۆلێجی یاسای پێشو و ئەندامی لیژنەی لێکۆڵینەوەکە (د. رێبین ئەبوبەکر)، سەرۆکی زانکۆی سلێمانی پێشوو (پرۆفیسۆر د. صلاح الدین سعید) بەڕێوەبەری پلاندانان و پرۆگرامەکان لەدیوانی وەزارەت ( د. نجدەت ئاکرەیی) و وەزیری خوێندنی باڵای پێشوو (د. یوسف گۆران)،  هەمان رۆڵی ئەو پزیشکییە دادوەرییەی بینی و بەشداربوون لە شاردنەوەی بەڵگەکانی تاوانەکەدا.

لە نووسینەکانی داهاتوودا، بە پشت بەستن بە بەڵگەکان، تیشک دەخەینە سەر ئاستی تاوانەکە.
  


 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand