مافیاکان کێن؟
2020-02-02 15:44:21
ئاسۆ حاجی
ھاوڕێیەکی ئەوروپیم ھەیە لە یەکێک لە ناوەندەکانی لێکۆڵینەوە کار دەکات و جاروبار سەردانی ھەرێمی کوردستان دەکات و یەکدی دەبینین.
جارێکیان شتێکی بۆ باسکردم و ئەوڕۆ دوای روونکردنەوەکەی سەرۆکایەتی حکومەت دەربارەی گرفت دروستکردن بۆ گەیشتنی گازی شل بە ھەولێر و دھۆک لەلایەن کەسانی دەست رۆیشتوو لە دەڤەری سلێمانی و گەرمیان قسەی ئەو برادەرە ئەوروپیەم وەبیرھاتەوە.
زیاتر لە ساڵێک پێش ئێستا لەگەڵ ئەو برادەرە گفتوگۆمان دەربارەی حکومڕانی کوردستان و چۆنیەتی مامەڵەکردنی حیزبەکان لەگەل حکومەت دەکرد، ئەو بۆی باسکردم کە برادەرێکی نزیکی ئەو کە لە دەزگای ھەواڵگری وڵاتەکەی لە کوردستان بۆ ماوەیەک کاری کردووە بەراوردێکی سەرنج راکێشی لە نێوان دەسەڵات لە ھەولێر و سلێمانی بۆ کردووە.
ئەو کەسە پەیوەندی و کاری لەگەڵ دەزگاکانی ھەواڵگری و ئاسایشی کوردستان ھەبووە، گوتوویەتی کارکردن لە دەڤەری سلێمانی بۆ ئێمە زۆر خۆشتر و ئاسانترە لەوەی ھەولێر.
چونکە ھەر کەسێکمان بوێ، تەنھا ناوەکەی بدەینە دەزگا پەیوەندیدارەکان بەبێ سێ و دوو بێ پرسیارکردن کەسەکەمان بە قۆلبەست کراوی بۆ دێنن و ئەگەر بمانەوەێ ھەر لەناوی ببەن بەبێ پرسیار کردن کارەکە ئەنجام دەدەن، تەنھا بۆ ئەوەی باڵادەست بوون و ھێزی خۆیانمان نیشان بدەن، بەڵام لە ھەولێر داوای لەو شێوەیە توشی ھەزاران پرسیار و لێکۆڵینەوەت دەکا و بەبێ بریاری دادگا کەس ناتوانێ کەسێکی دیکە دەستگیربکا یان ھەڵبکوتێتە سەر ماڵان.
ئەوەشی لە قسەکانی زێدە کرد کە لە ھەولێر ئەگەر داوای کەسێک بکەی ئەوە یەکسەر داوای دۆسیەکەت لێ دەکەن و بەخۆیان مامەڵە لەگەڵ کەیسەکەدا دەکەن.
ئەو کات قسەکانم بە ھەند وەرنەگرت و گوتم چونکە دەزانێ نێوانی ھەولێر و سلێمانی سیاسەت تێکیداوە و کەسانێک بۆ بەرژەوەندی خۆیان ھەر دوولا بۆ دژایەتی ھاندەدەن و خەڵکی ئەو دوو شارە تا رادەیەکی زۆر کەوتوونەتە ژێر کاریگەری ئەو گوتارەی رک وەبەردێنێ، بۆیە ئەو قسانە دەکات.
بەڵام ئێستا کە دەزانم مافیاگەلێک دەستیان دەچێتە بڕینی گاز بۆ بەشێکی وڵاتەکەیان و میللەتەکەیان، ئەوە ناچارم دەستبەرداری لێکدانەوەکەم بم و ددان بەو راستەقینە تاڵەدا بنێم کە برادەرە بیانییەکەم بۆی باسکردم و دەزانم ئەوەی حکومەت دەیڵێ راستە و چەند کەسێکی مافیا گرفت دروست دەکەن بۆ ئەوەی گازی شل بگاتە ھەولێر و دھۆک.