ئەسپەكەی پارتی و سلێمانی
2020-02-01 12:10:55
زانا عەبدولڕەحمان
ئەسپی تەروادە چیرۆكێكی بە ناوبانگی گەلی یۆنانییە، ئەم چیرۆكە بۆتە ڕەمزی لە خشتەبردن و فریودانی بەرامبەر؛ بۆ سەركەوتنی پڕۆسەی داگیركاری .
ئەم چیرۆكی فریودانە لەبەر گرنگییەکەی كراوتە فیلم،
لە دنیایی سیاسەتكردن و ململانێ و بەرەنگاری بەو جوڵەیە ئەڵێن ستراتیژی ئەسپی تەروادە.
پارتی لە ساڵی (1992)وە دەوێت سلێمانی بخات ژێر ركێفی خۆیەوە و هەژموونی لەو شارە زیاد بكات، بەڵام تا ئەم كاتە سەركەوتوو نەبووە. هەرچەندە هەوڵی زۆریان لەو بوارەداوە بە ڕێگەی جیاواز چ بەهێزی خۆی و بە سود وەرگرتن لە هێزی داگیركەران، بە پارە و كڕینی خەڵك و موڵك و ماڵ، بە فشار دروست كردن، هەوڵی جدی بەردەوامیداوە؛ بەڵام وەك بڵقی سەرئاو هەوڵەكانی زوو تەقیوون.
پارتی هەروازی نەهێناوە؛ بەڵكو كۆتا هەنگاوی بۆ سەپاندنی خۆی، هێنانی (ئەسپەكەی تەروادەیە) كە پڕی كردوە لە جاسوس و كاسەلێس و ئۆپۆزسیۆنی پۆپۆلیستی درۆزن و خۆهەراج كەر؛ كە ئێستا بوونەتە دەم ڕاستی پارتی و پڕۆسەی بەناو چاكسازی.
بەشێكی زۆری ئەوانەی كادری دیاری یەكێیتی و گۆڕانن بۆ رەزامەندی پارتی، بۆ بەرژەوەندی دراو؛ خۆیان بە ئەسپە دارینە وەهمییەكەی پارتی هەڵواسیوە و خەریكی بێ هیوا كردنی خەڵكن لە سلێمانی و دەیانەوێ ناشرینترین وێنە نیشانی خەڵك بدەن؛ بڵێن گەر ئێوە تەسلیم نەبن؛ گەر هەمووتان نەبنە بەشێك لە ئەجێندای سەری رەش و ئەسپەكەی، ئەوا نە شەقامی قیرتان بۆ دەكرێت؛ نە بازارٍ جوڵە و گەشەسەندنی بازرگانیتان بۆ دەرەخسێت؛ نە پڕۆژەی پێویستان بۆ جێبەجێ دەكرێت؛ نە دامەزراندن بۆ ئێوە هەیە؛ چونكە ئێوە پارتی نین و بە قسەی ئێمە ناڵێن ... (بەڵێ)؟!
بانگەشەی ئەوە ئەكەن؛ هەرچی خۆراكی خراپ و موادی خراپە تەنها لە سنوری مەرزەكانی سلێمانیەوە دێت چونکە ئێوە پارتی نین ؟، وا پیشان ئەدەن كە تەنها دەروازە لە هەرێم تەنها ئەوانەی سلێمانییە!!!
ئەمە بەشێكە لەو دەستەواژانەی كە خۆفرۆشەكانی یەكێیتی و گۆڕان لە ناو ئەسپەكەی تەروادە بانگەشەی بۆ دەكەن. تاقمی ناو ئەسپەكە خەریكن ئەم شارە و هەیبەتەكەی تا لێواری خستن بەرن و حەق و رەوایەتی بدەن بەو سزاییەی پارتی؛
لە لایەکی ترەوە
خستنی كەناڵە میدیاكانی سلێمانی بۆ ؟ بۆ كەئێن ئێن داخرا بۆ كوردسات و گەلی كوردستان نوزەیان لێبڕا ؟ لەوانەیە بڵێن هۆكارەكە بێ پارەیە؛ بەڵام وانییە، ئاخر چۆن سەرۆكی حكومەت پارە بۆ سێ كەنالی ئاسمانی هەیە؟! یانی چی جێگرەكەی پارەی بۆ كەناڵێك پێ نییە؟! چۆن حیزبێكی وەك گۆڕان كە جاران ئۆپۆزسیۆن بوو پارەی بۆ كەناڵەكە هەبوو ئێستا شەریكی پارتیە و لە حكومەتە بڵێت پارەم پێ نییە بۆیە ئەمانە بە ئەنقەست بە دڵی پارتی كراون تا خەڵك ئەم شارە تەنها چاوی لەو كەناڵانە بێت كە بە ستۆدیۆی زەبەلاحەوە هاتونەتە سلێمانی و سەپۆرتی سیاسیەتی پارتی و ئەسپەكەی تەروادە ئەكەن؛ تا پێمان بڵێن كە ئێوەیی خەڵكی سلێمانی كەمترن لە خەڵكی شارەكانی تر
بەشێ لە كاربەدەستانی یەكێیتی و گۆڕان لە حكومەت لەبەر بەرژەوەندی خۆیان، خۆیان بەم ئەسپەی پارتییەوە هەڵواسییوە، بەڵگەش بۆ ئەوە هەندێ لە كاربەدەستانی گۆڕان و چەند كەسێكی یەكێتی لە حكومەتەكەی پێشوو نەگەڕانەوە سلێمانی و ئیعلانی پارتی بوونی خۆیان راگەیاند و بوونە سەرتۆپی پلانی خستنی ئەم شارە.
ئەم كولتوری خۆفرۆشتنە بە پۆست خەریكە دەبێتە دیاردەیەكی زەق؛ چونكە هاوكێشەیەك هەیە هەرچی پۆست لە هەولێر وەردەگرێت. دوای دوو مانگ دڵی لە سلێمانی تەنگ دەبێت و حەز ناكات بە سەردانیش بێتەوە ئەم شارە.
ئەو نهێنیە چیە؟ بۆ ئەو كەسانە واهەڵدەگەڕێنەوە؟
وەزیر و بەڕێوەبەرە گشتیەكانی یەكێیتی و گۆڕان دەبنە دوژمنی پڕۆژەكانی سلێمانی و یەك هەنگاو بۆ ئاوەدانكردنەوەی ئەم شارە نانێن، ئەوانن كە پێمان دەڵێن پێویستە ببنە پارتی و بەڵێ بۆ بارزانی و كوڕەكانی بكەن؛ ئەگەرنا نە خۆشی دەبینن و نە گەشەسەندنی شارەكەتان.
بەڵام ئەم جاسوسانە تاكەی بەرگە ئەگرن ؟ هێشتا لەوە نەگەیشتون سلێمانی شاری خۆی بە دەستەوەدان نییە؛ چۆن پارتی و یەكێتی و گۆران و هەموو ئەوانەی رەتكردۆتەوە ئەم هەنگاوەش تەنها هەر بڵقی ئاوی كانی ئاسكان ئەبێت
ئەسپەكەی پارتی بە تۆپیووی ئەگرێتەوە بۆ بارەگای خاوەنەكەی