Draw Media

ئەوسا و ئێستا

ئەوسا و ئێستا

2020-01-30 21:24:57


دانا ھەڵەبجەیی 

کاتی خۆی سەرقاڵی تەختەیەک بووم کە پێیان ئەوت کەمان، کەمانچە، ڤیۆل،،، ئێستا ئەزانم کە ھەڵبژاردەیەکی جوان بوو،،ئەو تەختە و ژێیە، چ جیھانێکی بچوک بوو و چ کارامەیەکی گەورە بوو.
کە ناسک بوو ئەو دونیایەی زمانی باڵا و کلاسی بەرزی خۆشەویستی تێدا ئەخوێندرا، کە بەھادار بوو ئەو  تەمەنەی کە بەخشین و فیداکاریمان تیایدا سەرمشقی خود بوون و کورد بوونمان بوو.
کاشکی سروشت و جوانی و موزیک و ھونەر و ئەدەب و کوردایەتی، وەک جاران بەھای خۆی بۆ ئەگەڕایەوە، ھیوا و ئومێد و فەنتازیای منداڵی و مێردمنداڵی و لاویمان، بەم شێوەیە تارمایی  تەڵخ تاڵانی نەئەكرد.
مرۆڤەکانی سەردەمی پاکییەکان ئالودەی ئەم جیھانە ئالوەدەیە نەبوون، نەبووبونە ڕۆبۆتی ئەو مۆبایلەی بە دەستیانەوەن، نەبووبونە  ئاوێتەی زنجیرە دراما بێ کەڵکە تورکییەکان، گوڵەبەڕۆژە و نێرگەلە ساتە ڕامانەکەنییانی لێ نە ئەسەندن.
تی ڤی و ھەواڵە فەیکەکان گەمەی بە عەقڵیان نەئەکرد.
مرۆڤ خاوەنی خۆی بوو، یا باش بوو یا جاش، یا ڕەش بوو یا سپی.
ئێستا ھەموو دنیا بە میدیا و مۆبایل بەڕێوە ئەچێت، یا ئاکتێڤیت یا پاسیڤ، یا جوڵێنەری یا جوڵێنراو.
کەم کەس ئەبینیت خاوەن کەسایەتیەکی نەجوڵاو و نەگۆڕ بێت، بەپێی سات و کات و شوێن وەک حەدبا ڕەنگ و دەنگت بۆ ئەگوڕێت.
کەم کەس ئارامە و ئاسودەیە، ھەمووی ھێلاک و بیزارە، ڕەخنە لە ھەموو شت و لە ھەموو بابەتێک ئەگرێت، تەنھا لە خۆی نەبێت.
جاران خود خاوەنی خۆی بوو، بە ئاسانی ئەتناسییەوە، ئێستا ئاستەمە بێناسیتەوە، ڕەنگاوڕەنگی وبێ ڕەنگی ھەمووی گرتوەتەوە.
ھەر بۆیە مرۆڤەکانی جاران ھاوڵاتی جوگرافییەکی دیاریکراو بوون،  ئێستا خۆیان بە ھاوڵاتی جیھان ئەزانن، ھەر بۆیە نە خاوەنی جوگرافیای خودی خۆیانن نە خاوەنی جیھانیشن.
گەڕانەوە بۆ خودی خۆمان و ئاشتکردنەوەی شتە جوانەکانی ژیان بە خۆمان لەم سەردەمە ڕومەڵخەزانە، ھیچ نەبێت پاراسیتۆڵێکی ئازارشکێنە.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand