Draw Media

بەڵێ کارنامەی گۆڕان رەسەن بو ...

بەڵێ کارنامەی گۆڕان رەسەن بو ...

2020-01-23 15:41:00


 چیا عەباس  

بەشێ سێیەم: گۆڕان حوکمرانی و.... جۆری حوکمرانی!
ژمارەیەکی بەرچاوی هەڵسوراو و گۆرانخواز و دۆستە دڵسۆزەکانی گۆڕان دەرباری بەشداری گۆران لە کابینەی هەشتەم رەخنە و تێرامانیان سەبارەت بەو هەنگاوە هەستیار و گرنگە هەبو، ئێستاش لە دیدگای جیاجیاوە هەڵسەنگاندنی بۆ دەکەن.
ئەم بەرەیەیە لە دو گروپی سەرەکی پێکهاتبو: یەکەمیان بەتەنیشت کەسانی سەربەخۆی دڵسۆز یەکێتیە دێرینەکانی ناو گۆڕان بون کە بە هۆکاری جیاجیا لە یەکێتی دڵگران بون و گومانیشیان لە نیەتەکانی پارتی و یەکێتی هەبو، دوەمیان گەنجەکان بون کە بەهۆی بێزاری و بێ ئومێدیان لە دەسەڵات  هەر جۆرە نزیکبونەوەیەکیان لێی رەتدەکردەوە. رکابەر و کەسانێکی تر بۆ شکاندنی گۆران ئەو تەوەرەیان دەوروژاند، ئێستا لە هەڵومەرجێکی زۆر جیاواز لە رابوردو بێدەنگن، چونکە بەشێک لە مەرامە سەرەتاییەکانیان هاتونەتەدی، لە سەرویانەوە دەستەمۆکردنی گۆڕان و پوچەڵبونی رۆحی یاخیبون و ئۆپزسیۆنبونی.
کاک نەوشیروان پێش هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٣ گەیشتبوە قەناعەتێک کە گۆڕان بۆتە هێزێکی سیاسی گەورە لە هەرێم و عێراق، وڵاتانی دراوسێ دەیانویست پەیوەندی لە گەڵدا دروست بکەن و چەند عەرزێکی تەماع وروژێنەریان کردبو، بەڵام کاک نەوشیروان کاری جدی لە سەریان نەکرد، چونکە پێی وابو ئەوان لە پەیوەندیەکاندا پێویستیان بە هێزی چەکدار و دەزگای جاسوسی هەیە، ئەویش هەر دوکیانی نەبو و گەر هەشێبوایە نەیدەکردن بە دەسکەلای هیچ وڵات و هێزێک.
کاک نەوشیروان لەو باوەرەدا بو هیچ هێزێکی کوردستان ناتوانێت حساب بۆ کاریگەری ئێران لە سەر کوردستان نەکات. ئاماژەشی دەدا بەوەی ئێران لە ئاستی زۆر باڵا فشاری زۆریان لە سەر گٶرانە، بەڵام گۆڕان ناچێتە ژێر باری پەیوەندی لاسەنگ لە گەڵ هیچ لایەنێکدا.
لە باسکردنەکانیدا ئاماژەشی دەکرد بەوەی سنورەکانی دەسەڵاتی گۆڕان دیارن، ئەوەی گۆڕان لە پەرڵەمان و لە ئاستی جەماوەریدا دەیکات ئەرکێکی سیاسی و ئەخلاقی و کۆمەڵایەتین بەرامبەر بە میللەت و جەماوەری گۆڕان، کاریگەری خۆیان هەیە بەڵام لە ئێستادا یەکلاکەرەوە نین بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی قۆناغەکە. 
لە ئەرزی واقیعدا بەردەوامبونی گۆڕان بەو  شێوازە دابینکردنی زۆربەی پێداویستیە مرۆیی و داراییەکانی گۆڕان قورستر و ئاڵۆزتر دەکەن، ئەمە لە کاتێکدا سەدان هەڵسوراوی گۆڕان سزا دراون، لە کار لابراون و نانبراو کراون، زیادە بۆ ئەمانەش وڵاتانی دراوسێ بە حکومەتی بەغداشەوە دەتوانن زۆر ئەزیەتی گۆڕان بدەن. دواتر دەرکەوت لە هەڵبژاردنەکاندا ئەم کارەیان دژ بە گۆڕان کرد.
لە درێژەی قسەکانیدا باسی ئەوەشی دەکرد کاتێک بگاتە سەنگی مەحەک پارتی و یەکێتی ملکەچی پرۆسەی پەرلەمانی نابن، بە پێچەوانەوە ئەوان سودیان لە ئۆپزسیۆنی پەرلەمانی کردوە، چونکە هەمی سەرەکی زلهێزەکان لە عێراق پاراستنی یەکپارچەیی خاکی عێراقە، ئوپزسیۆن لە پەرلەمانی کوردستان سەقامگیری ئەم بەشە گرنگەی عێراقی بۆ دابین کردون، دەسەڵاتیش بونی ئۆپزسیۆن وەک ئاماژەیەک بۆ دیموکراسیەتی سیستەمەکەی عەرز دەکات . 
ئەڵتەرنەتیڤەکان بۆ ئەو دۆخە لە ژمارەی پەنجەکانی یەک دەست تێنەدەپەرین: ئۆپزسیۆنی دەرەوەی پەرڵەمان، شەری چەکداری، دروستکردنی هەرێمێکی سەربەخۆ لە ناوچەکانی نفوزی گۆڕان و یەکێتی، یاخود بەشداربون لە حکومەتدا. 
بۆ هەر یەک لەم ئەگەرانە بەتێروتەسەلی شێکردنەوە و بۆچونی خۆی باس دەکرد، تەنها یەک ئەگەری یەکسەر رەت نەکردەوە: بەشداربون بو لە حکومەت. 
لە دانیشتنێکی دو قۆڵیماندا لە ساڵی ٢٠١٣  ئەم تەوەرانەی وروژاندەوە، زو تێگەشتم وەڵامێکی کورت و موفیدی لێم دەوێت، بەو نەریتەی کاک نەوشیروان ئاشنا بوم و تێشگەیشتبوم ئەم پرسەی لە گەڵ چەند کەسێکی تر باسکردوە، منیش راستەوخۆ و بە کورتی پێم گوت: کاک نەوشیروان بەشێکی ئەوەی جەنابت دەتەوێت بە بەشداربون لە حکومەتی هەرێمدا دەکرێت. بە کورتی وەڵامی دامەوە و گوتی: بیرێکی لێدەکەمەوە، بەیانی زو وەرە بۆ مەکۆی سەرەکی تا لە گەڵ برادەرانی تر باسی بکەین.
بەیانی رۆژی داهاتو لە مەکۆی سەرەکی بوم، وەک نەریتی هەمو رۆژێک زۆربەی بەرپرسی ژورەکان و هەڵسواروە باڵاکان ( ئێستا بەشێکیان ئەندامی خانەی راپەراندنن و بەرپرسیاریەتیان لە دەسەڵاتدا هەیە) لە ژوری کۆبونەوەکان ئامادە بون. کاک نەوشیروان دەستی بە قسەکردن بە ئاراستەی قسەکانی رۆژی پێشوتر کرد، لە دوا ساتەکانی ئەو دانیشتنەدا کاک نەوشیروان ئاماژەی دا بەوەی بەشداریکردنی گۆڕان لە کابینەی ئایندەدا ئەگەرێکی کراوەیە . ئەوەندەی بیرم بێت گرژی نارەزایی بە روخساری چەند کەسێکی ئامادەبوانەوە دەبینرا، دواتر فرکەفرکیان بو زو پۆستێک لە سوچێکی پەرڵەمان و حکومەت بپچرن. 
کاک نەوشیروان بریاری خۆی دابو و بۆ ئەوەش دروشمی سەرەکی بۆ هەڵبژاردنەکان " بەرەو دەسەڵات" دیاریکرا.
کاک نەوشیروان بەردەوام جەختی دەکردەوە لەوەی دەبێت گۆڕان بە قەد بەرەی خۆی پێی رابکێشێت، نە دژایەتی کوێرانە و بێسەروبەر و نە دۆستایەتی و نزیکبونەوەی بێ تام و بێ بنەما بکات، پێویستە گۆڕان کەسایەتی سیاسی و مەعنەوی و جەماوەری خۆی بپارێزێت. گۆڕان بەشداری حکومەتی کرد، روداوەکانی دواتر لای هەموان ئاشکرایە. بێجگە لە نیەتی خراپی دەسەڵات بەرامبەر بە بەشداری گۆڕان لە حکومەت، بەشێکی بەرچاوی نوێنەرەکانی بزوتنەوەکە لە ئاستە جیاکانی حوکمرانی و پەرڵەمان نەیانتوانی پێناسە و ناسنامەی بەرنامەی گۆڕان و رێکەوتنی بەشداری لە حکومەت لە ئیشوکارەکانیاندا بەرجەستە بکەن.   
چەند مانگێک پێش وەفاتی کاک نەوشیروان وەرچەرخاندنی بەرچاو لە بۆچون وهەڵسەنگاندنی بۆ پرسی گۆڕان و حوکمرانی رویدا.
کاک نەوشیروان چەندین نوسینی دەرباری حکومەت و حوکمرانی و حزب بڵاوکردۆتەوە، هەڵسەنگاندن و بۆچونی بۆ ئەزمونی گۆڕان و حوکمرانی لەم خاڵانەدا کۆدەکەمەوە:
یەکەم: گۆڕان پێویستی بە بەشداریبونی حوکمرانی هەبو تا بۆ خەڵکی بسەلمێنێت کار بۆ پەیام و ئامانجەکانی لە نێو جەنجاڵیکی ئاڵۆزی حوکمرانیدا دەکات، لە پشت قسە و لێدوان و دروشمەکاندا خۆی کەنارگیر ناکات،
دوەم: لە گەڵ کاک مسعود باسی خواست و بەرنامەکانی گۆڕانی کردوە، تایبەت لە سەر چەند تەوەرێکی گرنگ، وەک: رێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و بە نیشتمانی کردنیان بە رێگەی تەجنیدی ئیجباری و مەشق و راهێنان و پڕ چەککردنیان بە سیستەمێکی سەربازی دیاریکراو،
سێیەم: دارشتنی دامەزراوە و سیستەمێکی نیشتمانی بۆ مامەڵەکردن بە سەرچاوەکانی وزە لە کوردستان،
چوارەم: پەرلەمانی کوردستان مەرجەعی سەرەکی بێت بۆ پەیوەندیەکانی هەرێم لە گەڵ بەغدا، حزبەکان بە رێگەی فراکسیۆنەکانیان لە پەرلەمانی کوردستان و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رۆڵی خۆیان ببینن،
پێنجەم: پێویستە کوردستان پاش نزیکەی سەدەیەک لە ئەزمونی جۆرا و جۆر لە سەر سنورەکانی لە گەڵ بەشەکانی تری عێراق پشتێنێکی ئەمنی بۆ خۆی دروست بکات، ئەمەش بە رێگای پرۆژەیەکی گەورەی نیشتەجێکردنی کورد لەو ناوچانە، ئاوادانکردنەوەیان، دروستکردنی دامەزراوەکانی فەرمانرەوایی، دابینکردنی هەلەکانی کار، دابینکردنی ئارامی و خزمەتگوزاریەکان.
شەشەم: پێرەوکردنی شەفافیەت و دادپەروەری و سەروەری یاسا لە حوکمرانیدا.
کاک نەوشیروان بە وردی لە کرۆکی پرسی حوکمرانی تێگەیشتبو، هێزی چەکدار و پارە و وەلا و بنەماڵە و مێژو و حزب و کەسایەتیە ناودارەکان و جەمسەرگەری ناوچەیی کۆڵەکە بنەرەتیەکانی حوکمرانین، پەرلەمان و دامەزراوەکانی تر ئارایشتەکردنێکی سەردەمانەن بۆ ئەو پرۆسەیە. سەرەرای ئەم تێگەیشتنەی بۆ سروشتی حوکمرانی دو دڵ نەبو لە بەشداربون، چونکە وەک ریفۆرمخوازێک دەبو ئەوەی بکردایە و زۆر باشیش دەیزانی تەحەدایەکی گەورە دەکات، ئەو پێی وابو سەرکەوتن هێدی هێدی لە هەنگاوی بوێر و بەرنامە دراێژراو لە نێوان داکشان و هەڵکشاندنەکاندا بەدەست دەهێنرێت. 
کاک نەوشیروان لە سەر سیستەمی حوکمرانی نوسیویەتی:  
" هه‌رکه‌س چاودێری ره‌وتی سیاسی روداوه‌کانی ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ی دوایی کرد بێ و، وتار و قسه‌کانی ئێمه‌ی له‌ ده‌زگاکانی راگه‌یاندن دا خوێندبێته‌وه‌ یا بیستبێتی، ئه‌زانێ ناکۆکیه‌کانی ئێمه‌ له‌ گه‌ڵ حیزب و ده‌سه‌ڵاتی سیاسی به‌ هیچ جۆرێ له‌ سه‌ر شتی شه‌خسی نیه‌ به‌ڵکو له‌ سه‌ر جۆری به‌ڕێوه‌بردنی وڵاته‌که‌یه".
دوای دورخستنەوەی گۆڕان لە حکومەت چەند جارێک پرسیار لە کاک نەوشیروان کراوە هەڵسەنگاندنی بۆ دۆخەکە چیە؟  لە وەڵامدا دەگەرایەوە بۆ کارنامەی گۆڕان و جەختی دەکردەوە لەوەی ئەو باجەی گۆڕان داویەتی باجی پرەنسیپەکانیەتی، بەتایبەت پرسی جۆری سیستەمی حوکمرانی. 
لە دوا مانگەکانی ژیانیدا قەناعەتێکی لا دروستبوبو، لە کۆبونەوەیەکی فراوانی گۆڕان لە لەندەن راشکاوانە باسی لێکرد، ئەویش ژیانی پەرلەمانی لە کوردستان کەوتۆتە ژێر پرسیارەوە. 
ئەم قەناعەتە بیرکردنەوەی بە ئاراستەیکی تر لە جۆری حوکمرانیدا بردبو، زۆر باسیشی دەکرد. ماوەیەک پێش ئەو روداوانە نوسینێکم لە سەر هەرێمێکی سەربەخۆ لە ناوچەکانی سلێمانی و راپەرین و گەرمیان و شارەزور و ئەگەر بشکرێت کەرکوک بڵاو کردبوەوە. کاک نەوشیروان ئەوکات بۆچونەکەمی رەتکردەوە و گوتی کاتی شتی وا نیە. لە لەندەن گوێبیستی بوم کە وەک ئەڵتەرنەتیڤێک بۆ شمولیەتی حوکمرانی هەرێمی کوردستان بیر لە هەرێمیکی سەربەخۆ دەکاتەوە. تەنانەت نمای کوری بەجدی خەریکی بەدواداچون و لۆبیکردن بو بۆ ئەو پرسە. 
کاک نەوشیروان چروپڕ باسی لەمپەر و کێشە سیاسی و یاساییەکانی بەردەم هەنگاوێکی لەو جۆرە دە کرد، بۆخۆی لە نیەتی بەشێک لە یەکێتییەکان دڵنیا نەبو، بەڵام بەگشتی گەشبین بو لە هەڵوێستی جەماوەری یەکێتی. لەو باوەرەدا بو ئەگەر ئەو کارە ئەنجام بدرێت دەبێت کێبرکێیەکی شارستانی و ئاشتیخوازانە لە نێوان ئەم هەرێمە و بەشەکانی تری باشوری کوردستان لە سەرجەم بوارەکانی حوکمرانی و یاسا و ئازادی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی و میدیا و. ..تاد بەرپا بکڕێت، پێی وابو ئەمە دەبێتە هەوێنێکی بەپیت بۆ پێشکەوتنی کوردستان، لە سەر پرسە نەتەوەیی ونیشتمانیەکانیش دەبێت هاو هەڵوێستی و کۆدەنگی ساز بکرێن و میکانیزمێکی بۆ دابرێژرێت. هاوکات دەرباری دابینکردنی داهات بۆ هەرێمێکی لەو جۆرە سەرقاڵی پرسکردن و بە دواداچون بو. پێم گوت: ماوەی ساڵێک زیاترە پرۆژەیەکی ئابوری کە ناسیاوێکی نزیکم نوسیویەتی بۆ جەنابت نارد، ناکرێت ئەو پرۆژەیە ببێتە بەشێکی سەرچاوەی داهات بۆ هەرێمەکە، لە وەڵامد گوتی لە بیرمە و خاڵی باشی تێدا هەیە، زیادە بۆ ئەمەش دەسەڵاتدارە شیعەکانیش لەو سەردەمەی لە یەکێتیدا بوم پێشنیازی جۆرێک لەو پرۆژەیان بۆ مام جلال و من کرد، بەڵام ئێمە لە بەر هەستیاری دۆخەکە وەڵاممان نەدانەوە.
لێرەدا باسی کرۆکی پرۆژەکە دەکەم ( وەک لە نوسینێکی پێشترمدا لە سەر تەوەری گۆڕان و حوکمرانی بەڵێنم دابو باسی بکەم) : رێگایەکی زۆر کۆنی تێکچو کە لە پارێزگای دیالەوە دەست پێدەکات و بەدرێژایی سنوری رۆژهەڵاتی عێراق لە گەڵ ئێران بە پارێزگاکانی ناوەراست و باشوری عێراق درێژدەبێتەوە تا دەگاتە بەندەری بەسرە نۆژەن بکرێتەوە و بکرێت بە هێڵی خێرا بۆ هاتوچۆ و بازرگانی و ببەسترێتەوە بە گەرمیان و سلێمانی و ناوچەی شارەزورەوە، زیادە بۆ ئەمەش دەسەڵاتدارانی شیعە ئامادەییان پیشان دابو مەرفایەکی بەندەری بەسرە راستەوخۆ بەو هێڵەوە ببەسترێتەوە. ئەم پرۆژەیە ماهیەتی ستراتیژی گرنگی هەیە بۆ دابینکردنی داهاتێکی باش بۆ هەرێمێکی سەربەخۆ، بەڵام هاوکاتیش دەتخاتە بەردەم رەحمەتی نیەتی سیاسی دەسەڵاتدارانی بەغدا و ئێرانیشەوە. 
ئەزمونەکانی پرۆسەی بە دیموکراتیزەکردن لە ناوچەکەمان ساوان، تموحی سیستەمی دیموکراسی زۆر جوان و رەوایە، بەڵام ئەو ئەزمونانە سەلماندویانە بۆ ئەوەی نەبێت بە تموحێکی نەزۆک پێویستە لە کۆپیکردن و لاساییکردنەوە خۆیان دور رابگرین و بیر لە جۆرێک سیستەمی حوکمرانی بکرێتەوە کە بتوانێت هاوسەنگی نێوان پێکهاتە ناکۆک و رکابەر و ناحەزەکان بە یەکتر رابگرێت و کۆیان بکاتەوە تا سیستەمەکە هی هەموان بێت و خۆیان بە خاوەنی بزانن. 
دوای کاک نەوشیروان دەستەیەک لە هاوکارەکانی دەسەڵاتی خۆیان بەسەر بزوتنەوەکەدا سەپاندوە، چیا و نماش لەو بەینەدا گەمەکانی خۆیان بۆ مەودای دور دەکەن، هەر دولا پێشێلی زەقی پرۆسەی دیموکراسیان لە ناو گۆران و بۆ هەڵبژاردنەکانی عێراق و کوردستان کردوە.
سەپاندنی دوبارەی خانەی راپەراندن و پرکردنەوەی کورسیە بەتاڵەکانی دژە بە دەستوری گۆڕان و پرەنسیپەکانی دیموکراسی. زیادە بۆ ئەمەش راستیەکی حاشاهەڵنەگرە کە هەر دو تەرەف هاریکاری ساختەکردن بون بۆ دەرچوانی ئەو کاندیدانەی مەبەستیان بوە بۆ پەرلەمانی کوردستان دەربچن، ئەم ئەختەبوتی ساختەکاریە لە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی کوردستان درێژ دەبێتەو تا دامەزراوە بەرپرسەکانی بزوتنەوەی گۆڕان. جێگای داخە ئەمانە ئیرسی سیاسی و مەعنەوی و مێژویی کاک نەوشیروان یان بەو شێوازە زەقە ناشرین و لەکەدار کردوە. بێگومان بۆ ئەم هەڵسەنگاندە چەندین بەڵگە هەن و شایەتحال لە ژیاندا ماون کە بەشێکیان بونەتە قوربانی ئەو ساختەکاریە.
بەشداری گۆڕانی ئێستا لە حوکمرانی هەرێمدا لە پرەنسیپەکانی گۆڕانکاری و کانیاوی چاکسازیەوە سەرچاوەی نەکردوە، بەڵکو ساختەکاری و تەکەتولگەری و قۆرخکردن کەرەستە بنەرەتیەکانیان دارشتوە، بۆیە زۆر جیاواز لە سەردەمی کاک نەوشیروان ئەم بەشداریبونە سەربەخۆیی ئیرادەی سیاسی و مەعنەوی و تەحەداکردن و بەرەنگاربونەوەی پێویستیان تێدا بەدی ناکرێن.

نوسینی: چیا عەباس
رۆتەردام: ٢٣ی جانواری ٢٠٢٠ 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand