Draw Media

نێچیرڤان بارزانی پیاوی رزگاركەر

نێچیرڤان بارزانی پیاوی رزگاركەر

2020-01-23 09:38:15


هێڤیدار ئەحمەد

لەو ماوەیەی بووە سەرۆكی هەرێمی كوردستان، ترافیكی دیپلۆماسی گەورە دروستبووە، جێگری سەرۆكی ئەمریكا، لە هەولێر لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە، بەڵام ئامادەنەبوو لەگەڵ هیچ كەسێكی عێراقی (سیاسی و سەربازی) كۆببێتەوە.
 
وەزیری دەرەوەی رووسیا هاتە هەولێر و كاتێك لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی كۆبووەوە، نەخشەڕێگەی كێشەی كورد لە رۆژئاوا داڕێژرا. وەزیری دەرەوەی توركیا و زۆر دیپلۆماتكاری دیكە هاتن.
 
هەندێ رووداوی گەرم لە ناوچەكە روویاندا (سووریا، توركیا، عێراق و ئێران) بەتایبەت دوای خۆپیشاندانەكانی نێوەڕاست و باشووری عێراق و كوژرانی قاسم سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیس لەلایەن ئەمریكاوە. واشنتن و تاران چاویان لە هەڵویستی هەرێمی كوردستان بوو، خۆی بەلایەكدا ساخبكاتەوە، بەڵام نێچیرڤان بارزانی كارێكی دیپلۆماسی زۆر عاقڵانەی كرد كە نە زیانی بۆ هەرێمی كوردستان هەبێ و نە ببێتە هۆی تەرەفداری لەو هاوكێشەیەدا. ئەمە ئاسان نەبوو كە سەرۆكی هەرێمی كوردستان كردی.
 
زەمینە زۆرە كە نا سەقامگیریی لە هەرێمی كوردستان رووبدات، ئۆپۆزیسیۆن هەیە كە (21 كورسییان لە پەرلەمانی كوردستان هەیە) یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان كە دووەم هێزی سیاسییە لە هەرێمی كوردستان بڕیارەكانی هەمیشە بو نێو پرۆسەی سیاسی كوردستان یەكلاكەرەوە نین و بۆنی ئۆپۆزیسیۆنی لێدێت. بەڵام ئەوە كاك نێچیرڤانە، دروست لە دووەمین ساڵیادی 16ی ئۆكتۆبەردا، هەموو هێزەكانی نێو دەسەڵات و بەوانەی ئۆپۆزیسیۆنیش لەسەر یەك مێز كۆكردنەوە كە چۆن پێكەوە كار بۆ پاراستنی كوردستان بكەن.
 
نێچیرڤان بارزانی، بووە چەتری كۆكەرەوەی هەموو لایەنەكان. بۆیە تێڕوانینی گەورە بو حوكمڕانی، كە ئەمە بینینێ، كەسی سیاسەتمەدارە.
 
لە 10-06-2019 لە بۆنەیەكی زۆر گەورەدا كە زۆر كەسایەتی تێیدا ئامادەبوون، روویكردە ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان و سوێندی یاسایی وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان خوارد. سوپاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانی كرد كە خۆیشی بەردەوام لەنێو پارتی بەرگری لە بەرژەوەندییەكانی یەكێتی كردووە، بەڵام كاتێك بووە سەرۆكی هەرێمی كوردستان، یەكێتی دەنگی پێنەدا و پشتیتێكرد!
 
سەرۆكی هەرێمی كوردستان سێ ئەركی سەرەكی هەن:
 
یەكەم: بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی هەرێمی كوردستانە
 
دووەم: بەرپرسی پەیوەندی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدایە
 
سێیەم: بەرپرسی پاراستنی یەكێتی كوردستان و یەكگوتاری كوردە
 
سەرۆكوەزیرانی دوای شەڕی ناوخۆ بوو لە هەرێمی كوردستان، سایكۆلۆژی دوای شەڕ لە وڵاتێك كە دەوڵەت نەبێ ئاسان نەبوو، بەڵام ئەوە كاك نێچیرڤان بوو كاریكرد بۆ یەكگرتنەوە.
 
ئۆپۆزیسیۆن لەسەردەمی ئەودا لە هەرێمی كوردستان دروستنەبوو، بەڕێز بەرهەم ساڵح، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان بوو، لەو دوو ساڵەدا دۆخی ناوخۆ زۆر ئاڵۆزبوو. دواتر دیسانەوە كاك نێچیرڤان، وەك رزگاركەرێك هێنرایەوە، ئەویش بە پێداگیری خودی یەكێتی، وەك رزگاركەرێك.
 
هەر لەسەردەمی ئەودا شەڕی داعش روویدا. لەسەر دەمی ئەودا بوو 16ـی ئۆكتۆبەر روویدا و كوردستانی لە لێواری لەنێوچۆن رزگاركرد. دەستی بەڕێز قوباد تاڵەبانی گرت و پێكەوە لەنێو كۆشكی ئیلیزێ لە پاریس لای سەرۆك ماكرۆن دەركەوتن بو ئەوەی بڵێ هەرێمی كوردستان یەكگرتووە.
 
جارێك كاك نێچیرڤان بارزانی گوتی "لە كۆشكی ئێلیزێ، سەرۆك ماكرۆن بە ئێمەی گوت، پاڵپشتی هەرێمی كوردستان دەكەم، بەڵام "شەرمەزارم" نەكەن. بەڵێنم پێدا و دوای ئەوەی بوومە سەرۆكی هەرێمی كوردستان و دیسانەوە كە سەردانی سەرۆك ماكرۆنم كرد هەر لەنێو كۆشكی ئیلیزێ پێمگوت، هاتووم پێتبڵێم ئێوەم شەرمەزارنەكرد و هەموومان سەركەوتین".
 
كاتی خۆی لەنێوخۆی هەرێمی كوردستان و لەسەر ئاستی عێراق گاڵتەیان بە هەرێمی كوردستان كرد كە كورد ناتوانن نەوت بەرهەمبێنن، چجای ئەوەی لە بازاڕەكانی دنیا بیفرۆشن. بەڵام ئەوە پێداگیری نێچیرڤان بارزانی بوو بە راكێشانی هێڵی نیشتمانی بو گواستنەوەی نەوتی كوردستان بۆ توركیا و بازاڕەكانی دنیا، كوردستانی خستە نەخشەی وزەی جیهان. دوای 16ـی ئۆكتۆبەر كورد جگە لە پرسی نەوت و بۆری نەوتی كوردستان كارتێكی دیكەی لەدەست نەمابوو، بەغدا حیساب بۆ هەرێمی كوردستان بكات. ئەم بۆرییە بوو، دوو جەمسەری لە عێرقدا هێشتەوە، (جەمسەری هەولێر، جەمسەری بەغدا).
 
بۆ بودجەی 2020یش هەرێمی كوردستان بۆ رێككەوتن لەگەڵ بەغدا، هەر پشتی بە بۆری نەوتی كوردستان بەست. ئیدی وەك شادەماری سەرەكی ئابووری و سیاسەتی هەرێمی كوردستان بەرامبەر بەغدا و راگرتنی بەڵانسی هێز لەنێوان هەولێر و بەغدا، هەولێر و پایتەختی دیكە رۆڵ دەگێڕێت.
 
لە 22/1/2020یش لە كۆڕبەندی ئابووری داڤۆس كۆبوونەوەیەكی بێ وێنە و مێژوویی نێوان سەرۆكی ئەمریكا و وەك دۆناڵد ترەمپ خۆی گوتی "سەرۆكی كوردستان" ئەنجامدرا. ئەم جۆرە كۆبوونەوانە بە ئاسانی دروست نابن. بۆیە سەرۆك نێچیرڤان بارزانی كاتێك لەگەڵ سەرۆك ترەمپ كۆبووەوە، دۆزی كوردستان قەلەمبازێكی گەورەی نا و لە ئایندەیەكی دیكە دیدارە گەورەكە لە كۆشكی سپیش دەبینرێت.
 
نێچیرڤان بارزانی قوتابی قوتابخانەی بەڕێز مەسعود بارزانییە، كە لەكاتی دەستبەكاربوونیدا، سەرۆك مەسعود بارزانی گوتی "بەهەموو توانایەك پشتگیری دەكەم".
 
قسەیەكی كاك نێچیرڤان هەیە دەڵێ "هیچ لایەنێك ناتوانێ هەموو كارەكان بەتەنیا بكات، بەڵام بە یەك تیم دەتوانین كاری زۆر گەورە بو هەرێمی كوردستان بكەین".
 
*ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی پارتی.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand