دیدارێكی گرنگ
2020-01-23 08:01:13
سەلام عەبدوڵڵا
لە سەروبەندی پەنجاهەمین كۆڕبەندی ئابووریی جیهان لە (داڤۆس)، هەرێمی كوردستانیش بە شاندێكی باڵا، كە لەلایەن بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمەوە سەركردایەتی دەكرا، بەشداری ئەو كۆڕبەندە گرنگە بوون. ئەم بەشداربوونەی ئەمجارە سەنگ و بایەخێكی تایبەتی هەبوو، بەتایبەتی كە هەرێمی كوردستان، ئەگەرچی شاندێكی باڵای حكوومەتی عێراقیش لەوێ بوو، بە شاندێكی سەربەخۆ بەشداریكرد كە ئەویش پێگەی گرنگی هەرێمی كوردستان نیشاندەدات بە تایبەتی كە سەرۆكی زلهێزترین وڵاتانی جیهان كە ئەمەریكایە لەلایەن سەرۆكەكەیەوە پێشوازییەكی گەرم كرا و كاتێكی باش بۆ ئەو دیدارە تەرخانكرا.
هەرێمی كوردستان هەر لە هاتنی داعشەوە بۆ نیو عێراق، هەڵوێستی ڕاشكاوانەی بەرانبەر ئەو ڕێكخراوە تیرۆریستییە بەڕوونی دیاركرد و هەر زوو لە ماهیەت و مەبەست و ئامانجی ئەو تیرۆریستانە تێگەیشت و سەنگەری لێ گرتن، كە لێرەدا ڕۆڵی ئەمریكا و هاوپەیمانان بۆ پشتیوانی لە هەرێمی كوردستان و شەڕی بەرانبەر داعش بەرز دەنرخێنین، چونكە بەو یارمەتییە كتوپڕەی ئەوان نەبوایە، هەرێم دووچاری دژوارییەكی سەخت دەبوو، بە تایبەتی كە سوپای عێراق چەك و جبەخانەی (3) فیرقەی سەربازی خۆی بەمۆدیرنترین جۆر چەكی پێشكەوتوو، بە تەواوی بۆ بەجێ هێشتن.
ئەگەرچی لە ماوەی ئەو چەندین ساڵەی شەڕی دژ بە داعش هێزی پیشمەرگەی كوردستان زیاتر لە 1700 شەهید و زیاتر لە 10000 هەزار برینداری دا، بەڵام بە سەركەوتوویی و بە تێكشكانی داعش كۆتایی هات، ئەم ڕۆڵە بەرچاوەی هەرێم لە شەڕی دژ بە داعشدا، جێی ڕێز و تەقدیری وڵاتانی شارستانی و دیموكراسی بوو، كە ئێستا وەك دەبینرێ گەلەكەمان لە هەرێمی كوردستان بەری ئەو قوربانیدانە دەچنێتەوە و ئەمڕۆ هەرێم یەكێك لە ئارامترین ناوچەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە.
هەرێم لەڕووی ئابووری و سامانی سرووشتی بە تایبەتی نەوت و گازدا پێگەیەكی گرنگی جیهانی هەیە كە دەتوانرێ لە داهاتوودا هەم دابینی خۆشگوزەرانی بۆ خەڵكەكەی بكات و هەم ئەو وزە گرنگەش بۆ وڵاتانی دەرەوە بەتایبەتی ئەورووپا و ڕۆژائاوا دابین بكات.
ئەم سەركەوتنە بەرچاوەی هەرێمی كوردستان لە شەڕی داعش و دابینكردنی ئەو وزە گرنگە لە داهاتوودا بۆ جیهان لەو پێشوازییە گەرم و لەو دیدارە گرنگانەدا خۆی دەبینێتەوە كە لەلایەن سەركردەكانی جیهانەوە بەرانبەر سەرۆكی هەرێمی كوردستان و شاندەكەی نیشاندەدرا.
ئەوەی دەمینێتەوە بۆ پتەكردنی ئەو سەنگ و پێگەیەش تەنیا یەكێتیی ریزەكانی گەلەكەمانە لە ناوخۆ و یەكهەڵویستییە بەرانبەر داهاتووی هەرێمەكەمان.