Draw Media

مه‌سه‌له‌ی خانه‌نشینی و پڕۆفیسۆرێكی زانكۆ

مه‌سه‌له‌ی خانه‌نشینی و پڕۆفیسۆرێكی زانكۆ

2020-01-22 14:46:26


🔹د.كامه‌ران مه‌نتك 
 
یه‌كێك له‌ مامۆستا به‌ڕێزه‌كانی زانكۆی سه‌لاحه‌دین، كه‌ ساڵی رابردوو كۆچی دوایی كردو كۆمه‌ڵێك حه‌سره‌تی له‌گه‌ڵ خۆی برده‌ ژێر گڵ. ئاستی زانستی پڕۆفیسۆر بوو، 48 ساڵ خزمه‌تی هه‌بوو، زۆربه‌ی یاساناس و ماف په‌روه‌رو دكتۆرو پارێزه‌ره‌كانی ئه‌گه‌ر نه‌ڵێم هه‌موو كوردستان، هه‌موو هه‌ولێر له‌ ژێر ده‌ستی ئه‌و خوێندیان و قوتابی ئه‌و بوون، به‌ 2.5 دوو ملیۆن  و نیو خانه‌شین كرا!. بێگومان به‌ ده‌یان نمونه‌ی تری ئه‌و مامۆستا به‌ڕێزه‌ هه‌یه‌، كه‌چی كابرایه‌ك دێنن و چه‌ندین ساڵ به‌ناوی كوردایه‌تیه‌وه‌ خیانه‌تی له‌و میلله‌ته‌ كردووه‌، ناوی پله‌ باڵای لێده‌نێن و به‌ چه‌ند قاتی ئه‌و پڕۆفیسۆره‌ به‌ڕێزه‌ خانه‌نشینی ده‌كه‌ن!. په‌رله‌مانتارێك، كادیرێكی حزبی ، كه‌ پێشتر تا توانای هه‌بوو خزمه‌تی به‌عسی كرد، دواتر خۆی منداڵه‌كانی بوونه‌ پارتی یاخود یه‌كێتی و هه‌ر هه‌موویان به‌ پله‌ باڵا خانه‌نشین كران، یاخود ده‌كرێن، كه‌ ره‌نگ بێت جگه‌ له‌ زیان هیچی تریان بۆ وڵات و نیشتیمان نه‌بوو بێت، ئایا ئه‌و لینگه‌قووچ كردنه‌وه‌ی پێگه‌كانی كۆمه‌ڵگاو بینینی شته‌كان به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، ره‌نگدانه‌وه‌ی ئاستی بیر كردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی نیه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان؟ یاخود سووككردنی مرۆڤه‌ پایه‌به‌رزه‌كانی نێوكۆمه‌ڵگا نیه‌ له‌ لایه‌ن ئه‌و پایه‌ نزمانه‌ی جلی به‌رپرس و سیاسه‌تمه‌دارو سه‌ركرده‌یان له‌به‌ر كردووه‌!؟. یاخود له‌ كۆتایدا جێبه‌جێكردنی ئه‌جێندایه‌كی ده‌ره‌كیه‌ بۆ تێكشكاندن و چرووك كردنی هه‌موو به‌هاكانی ئه‌و ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌!.
تێبینی1: مه‌سه‌له‌ی خانه‌نشینه‌كه‌م وه‌ك نمونه‌ هێنایه‌وه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئێستا قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ زۆر ده‌كرێت، ئه‌گینا ئه‌و بێڕێزی و بێبایه‌خكردنه‌ هه‌موو كایه‌كانی ژیانی كۆمه‌ڵگای كوردی گرتۆته‌وه‌و زۆر زانایانه‌ كاری له‌سه‌ر ده‌كرێت!.
تێبینی2: بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌یته‌ پله‌ی پڕۆفیسۆری ده‌بێت دوای وه‌رگرتنی دكتۆرا 4 ساڵ خزمه‌تت هه‌بێت و به‌لایه‌نی كه‌م 3 توێژینه‌وه‌ت له‌ زانكۆیه‌كی ئه‌كادیمی بڵاوكرابێته‌وه‌، ئینجا ده‌ینێرنه‌ لیژنه‌ی پسپۆڕو له‌م وڵاته‌ یه‌ك دوو ساڵی ده‌وێت، ئه‌گه‌ر توێژینه‌وه‌كانت به‌ زۆرباشه‌ و باشه‌ هاته‌وه‌ ده‌بیه‌ پڕۆفیسۆری یاریده‌در. دوای ئه‌وه‌ ده‌بێت له‌و به‌رواره‌وه‌ 6 ساڵی تر خزمه‌ت بكه‌یت و به‌ لایه‌نی كه‌م 6 توێژینه‌وه‌ی ئه‌كادیمیی پێشكه‌ش بكه‌یت، كه‌ له‌ گۆڤاره‌ ئه‌كادیمیه‌كان بڵاوكرابێته‌وه‌ یاخود فه‌رمانی بڵاوكردنه‌وه‌ی وه‌رگیرابێت و لێژنه‌و بینه‌و به‌رده‌، ده‌بێت به‌ لایه‌نی كه‌م 3 توێژینه‌وه‌ له‌و شه‌ش توێژینه‌وه‌یه‌ ره‌سه‌ن بێت، ئینجا ده‌بێته‌ پڕۆفیسۆر، ئه‌مه‌ سه‌رباری 16 خوێندنی سه‌ره‌تایی و ئاماده‌یی و زانكۆ، ئه‌گه‌ر هیچ ساڵێكیش نه‌مێنێه‌وه‌ هه‌موو ساڵێك به‌سه‌ركه‌وتوویی ده‌رچوو بێت. واته‌ 26 ساڵی رێك له‌ خوێندن و كاركردنی به‌رده‌وام، ئه‌گه‌ر هیچ دوانه‌كه‌وتبێت!. بێگومان ئێستا له‌ هه‌رێم ئه‌و حزبه‌كان ئه‌و پله‌ زانستیانه‌شیان وه‌كو هه‌موو شته‌كانی تر سووك كردووه‌!.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand