گۆڕان بەرنامە بوو یان كاردانەوە؟
2020-01-22 12:58:22
ساڵح ژاژڵەیی
بەشی 11
بزوتنەوەی گۆڕان لە كوێی پرۆسەی سیاسی هەرێمی كوردستاندایە؟؟.
بزوتنەوەی گۆرڕان لە ماوەیەكی زۆر كورتدا گەەشەیەكی زۆر خێرای كرد و بو بە جێیی ترسی یەكێتی و پارتی لە لایەك و جێكەی هیواو ئومێدی جەماوەر لە لایەكی تر. بەڵام ئەم گەشەكردنە زۆری نەخایاندو لە ماوەیەكی زۆر كورتدا پاشەكشەیەكی بەرچاوی كرد . لە ئێستادا گۆڕان لەگەڵ پارتی ڕێكەوتنی كردوە و بەشێكە لە پێكهاتەكانی حكومەت . بەڵام كێشەی گرنگ ئەوەیە ئەم ڕێكەوتنە لەپێناوی بەرژەوەندی بزوتنەوەی گۆڕاندا نەكراوە ، بەڵكو لە پێناوی وەرگرتنی پۆست بۆ هەندی كەسی تایبەت كراوە .
كەواتە بزوتنەوەی گۆڕان بەم ڕێكەوتنە لەگەڵ پارتی لە بری ئەوەی گەشە بكات ، بچوك بۆتەوە و جەماوەرێكی زۆری لە دەستدا و پاشەكشەیەكی بەرچاوی كردوە . بۆ ئەگاداری و زانینیی هەمولایەك ، كێشەی گەورەو خەمی گەورەی سەرانی گۆڕان لە ئێستادا ئەوەیە كە پارتی ئەو پۆستانەیان پێ نادات كە پێشتر لەسەری ڕێك كەوتون، نەك لەسەر ئەوەی پارتی بەرنامەكانی گۆڕان جێ بەجی ناكات . گۆڕان خوازی خۆشەویست ، خوێنەری ئازیز ، سەیركەن چۆن ئەم بەناو سەركردایەتیەی گۆڕان لە پێناوی وەرگرتنی چەن پۆستێك بۆ چەند كەسێك كە هەرگیز چاویان پڕنابێت و تێرناخۆن ، هەموو گۆڕان خوازانیان بێ ئومید كرد . ئەوە ماوەی 6 مانگە حكومەت پێك هاتوە ، كوا ئەو چاكسازیانەی وەعدتان بە گۆڕان دابوو. وەرگرتنی چەند پۆستێك بۆ چەند كەسێك كە ئەوانە موستەحەقی وەرگرتنی هیچ پۆستێك نین ، ئەوەی دەهێنا ئاشبەتال بە بزوتنەوەیك بكەن .
ڕەنجی 500 هەزار كەس بەهەدەر بدەن . ئەوە 6 مانگە حكومەتی هەرێم پێكهێنراوە ، ئێستا پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەت بۆ بواری چاكسازی هەر لە دایك نەبوەو هەرگیز لە دایكیش نابێت . پۆستی ئەمینداری گشتی پێشمەرگەش كە پێشتر بڕیار درابوو بدرێتە گۆڕان هەر ناویشی نەما . هەر لە ئێستاشەوە تا ئەم دەورەیە تەواو دەبێت ئەو دەسكەوتانە تۆمار بكەن كە مستەفای سەید قادر بۆ گۆڕانی بەدەست دەهێنێت ، موچەی باش و نەسریەی باشی لێدەرچێت .
دەزانم ئەم بەناو سەركردانە خەمی گەورەیان ئەوەیە كە پارتی ئەو پۆستانەیان پێ نادات كە پێشتر لەسەری ڕێك كەوتبون بۆ ئەوەی دڵی ئەوانە ڕازی بكەن كە دەنگیان دابوو بۆ هەڵبژاردنی خانەی ڕاپەڕاندن . ئەرێ پێم ناڵێن ئەو دروشمانەی لە سەرەتادا بەرزتان دەكردەوەو خەڵكتان پی َدەخەڵاتاند چییان لێهات ؟؟.
بزوتنەوەی گۆرڕان لە سەرەتای دروستبونیدا دروشمی گوڕێنی سیستەمی حوكمڕانی و دژایەتی گەندەڵی و چاكسازی و دەستەبەركردنی عەدالەتی كۆمەڵایەتی و شەفافیەت لە داهاتدا و بە دامەزراوەكردنی دام و دەزگاكانی حكومەتی بەرز دەكردەوە . بەڵام لە ئێستادا خۆی بۆتە بەشێك لە سیستەمەكە . كەواتە ئەم بزوتنەوەیە هیچ بایەخ و هیچ گرنگییەكی نەماوەو ئەم بزوتنەوەیە لە ئێستادا تەنها ناوێكەو بوو بە ڕابوردو .
لە هەموی گرنگتر ئەوەیە كوڕەكانی كاك نەوشیروان بە دەست بزوتنەوەی گۆڕانەوە داماون و نازانن چۆن لەم بزوتنەوەیە ڕزگاریان ببێت و هەست دەكەن بۆتە بارگرانییەكی زۆر بەسەریانەوە .ئەوان لە ئێستادا ئەم بزوتنەوەیە وەكو لەمپەڕێك دەبینن لە بەردەم بەرژەوەندییەكانیاندا. ئەوان تەنها ناوی بزوتنەوەكەیان پێویستە وەكو چەترێك بۆ داپۆشینی بەرژەوەندییە كانی خۆیان . باشترین بەڵگەش بۆ ئەم قسەیەم ئەوەیە بە لێشاو خەڵك واز لە بزوتنەوەكە دەهێنن ، بەڵام كەسێك ناپرسێت بۆچی ؟. لە ڕاستیدا ئەمە خواستی ئەوانەو بەوە زۆر دڵخۆشن .
كاتێك كاك نەوشیروان سەفەری ئەوروپای كرد ، گۆڕان خوازان زۆر بە پەرۆشەوە لەم شارو بۆ ئەو شار و لەم وڵات بۆ ئەو وڵات دوای كاك نەوشیروان دەكەوتن ، تەنها بۆ ئەوەی لە نزیكەوە چاویان پێی بكەوێت . ڕوداوێكی ئوتومبێلیش ڕوی داو كەسێك گیانیشی لە دەستدا .
لە بری ئەوەی ماندو بون و پشتیوانیەكەی ئەوان بەرز بنرخێنن و سوپاسیان بكەن ، لە پەیجی پەیسەری تایبەتی نماو چیاوە هێرشی زۆر ناڕەوا دەكرێتە سەر كوردانی تاراوگەو بە خەڵكانی بێ كەڵك و سۆسیال خۆر ناویان دەبەن . كەسایەتییەكی بەڕێزو ناسراوی وەكو دكتۆر بورهان یاسین كە وەكو قەڵایەك وابوو بۆ گۆڕان لە وڵاتی سوید ، بەدەیان كۆبونەوەو سمینار و وتاری زۆر بە نرخی پێشكەشی كوردانی تاراوگە دەكرد.
ڕۆڵێكی یەكجار گرنگی هەبوو بۆ هوشیار كردنەوەی جەماوەر لە بێ ئومێدیدا وازی لە گۆڕان هێناو هۆكاری دەست لە كاركێشانەوەكەشی لە بزوتنەوەی گۆڕان بە نوسراو بڵاو كردەوەماوە. ئارام ئەحمەد 10 ساڵی ژیانی خۆی بۆ خزمەتی گۆڕان تەرخان كرد و بە هەموو شێوەیەك بەرگری لە گۆڕان كرد .
بەڵام لە ئێستادا كە قسەكانی ئەویان بەدڵ نییە پێی دەڵێن دەم پیس و جنێو فرۆش . ئەی بۆچی جاران كوڕی چاك بوو ؟؟؟. لە ڕاستیدا نە دەم پیسەو نە جنێو فرۆشەو عەیبی ئەوەیە قسەی ڕاست دەكات . نە ڕاستی بە هەموو كەس دەوترێت و نە هەموو كەسێكیش ڕاستی پێ قبوڵە . هەردوكیان پیاوی خۆی دەوێت .
بزوتنەوی گۆڕان گەورەترین خزمەتی بە پارتی كرد ، چونكە ئۆپۆزسییۆنی بۆ لەناو برد . كەواتە پارتی زۆر قەرزداری كۆمەڵێك بەناو سەركردەی گۆڕانە ، ئەگەر وەفا هەبێت ، دەبێ پارتی پاداشتی ئەو دڵسۆزانە بداتەوە كە بەوەكالەت ئەركی ئەوانیان جێ بەجێ كردوە . پێشم وایە پارتی وەفای هەبوە بەرامبەریان ئەوەشتان .
پارتی سیاسەتێكی زۆر حەكیمانەی پەیڕەو كرد بۆ بەرژەوەندی خۆی . سەرەتا بزوتنەوەی گۆڕانی لە كۆمەڵی ئیسلامی دابڕی بەوەی بزوتنەوەی گۆڕانی بەشدار پێكرد لەحكومەتداو لە بەرامبەر دا كۆمەڵی ئیسلامی و یەكگرتوی ئیسلامی پەڕاوێز خست .
لە لایەكی تریشەوە بزوتنەوەی گۆڕان و یەكێتیشی لە یەكتری دابڕین . پارتی حەكیمانە سەرەتا لەگەڵ كۆڕان ڕێك كەوت ودوایی لەگەڵ یەكێتی دانیشتنی كرد . بەم هەنگاوە پارتی یەكێتی ئیحراج كرد. گۆڕان وای زانی بەم كارەی گۆڵ لە یەكێتی دەكات . بەڵام نەیزانی خۆی دەخەڵەتێنێت و پارتی گوڵی لێدەكات و لە هەموانی دادەبڕێت .
پارتی بەم هەنگاوەی توانی هەموو حیزبەكان لە یەكتری دابڕێت . پارتی سیاسەتی ( فرق تسود ) ی بەكار هێناو زۆریش سەركەوتو بوو . لە ڕاستیدا پارتی سەرچاوەی كێشەكانی هەرێمی كوردستان بوەو ئەگەر بۆیان بكرێـت و بۆیان بچێتە سەر ناهێڵن كەسی تر هەبێت جگە لە خۆیان . ئەمە ستراتیجی پارتییە و هەمیشە هەوڵی بەدیهێنانی ئەم ستراتیجە دەدەن.
بە بۆچونی من زۆر بونی ژمارەی حیزب لە هەرێمی كوردستاندا ، لە بەرژەوەندی گشتی خەڵكی كوردستان نییە . بەشێكی زۆری ئەوانەی لەسەر پشكی حیزبەكان لە حكومەتدا دادەمەزرێن ، لە ڕاستیدا هەر زیادەن و هەرپێویست نین و هەمویان دەبنە بارگرانییەكی گەورە بەسەر قوتی خەڵكی كوردستانەوە .
سەیر كەن وەعدی كۆمەڵێك پۆست بە گۆڕان دراوە . بەڵام ئەو شوێنانە بەتاڵ نین و كەسانی تر لەو شوێنانەدا كار دەكەن . كەواتە لابردنی ئەوانە و دانانی كەسانی تر لە شوێنیان چ مانایەكی هەیە . دەبێ ئەوانە بچنە ماڵەوەو موچەی خۆڕایی وەرگرن . كەواتە ئەوانە دەبنە بندیوار . بە بۆچونی من لە هەڵبژاردنی داهاتودا ، نەوەی نوێ ئەگەر بشمێنێت ، زۆر لاواز دەبیت و كاریگەر لە سەر پڕۆسەی سیاسی نامێنێت . بزوتنەوەی گۆڕانیش زۆر زەحمەتە 5 كورسی بهێنێت . كەواتە گۆڕانیش هەر لە جێی نەبوان دەبێت و هیچ ڕوڵ و بایەخێكی لە پڕۆسەی سیاسی هەرێمدا نامێنێت . پێشم وایە ئەگەر ئەم بارودۆخەی ئێستا ئاڵو گۆڕی بەسەردا نەیەت ، حیزبە ئیسلامیەكانیش لە دەرەوەی پڕۆسەی سیاسیدا دەمێننەوە و ئەوانیش كاری گەرییەكی ئەو تۆیان نامێنێت ، ئەگەر سیاسەتیان نەگۆڕن و بیر لە میكانیزمێكی تر نەكەوەوهاو هاو پەیمان بۆ خۆیان پەیدا نەكەن .
ڕاستە لە پەڕلەماندا دەتوانرێت قسە بكرێت بەڵام دواجار هەر زۆرینە یەكلایی بڕیارەكان دەكاتەوە كە لە ئێستادا پارتییە . باشترین نمونە یاسای چاكسازیە كە لە پەڕلمان دەنگی لەسەر درا لەگەڵ ئەوەی بەرەی ئۆپۆزسیۆن دەنگیان پێ نەدا . بەڵام چونكە ئەوە بڕیارە ویستی پارتی بوو هەر دەنگی لەسەر درا .
یاساكە دوو ر ِوی هەیە . كەمكردنەوەی موچەی پلە باڵاكان كارێكی باش بوو ، بەڵام دەبوایە لە بەرامبەر ئەوەدا بڕیاریش بدرێ كەمترین موچە لە 400 هەزار دینار كەمتر نەبێت . بەرەی ئۆپۆزسیۆن داوای ئەوەی كرد ، بەڵام چونكە پارتی نەیویست ئەوە بكرێـت ، بڕیاری لەسەر نەدرا .كەواتە تاكە شوێنێك كە بەرەی ئۆپۆزسیۆن بتوانن قسەی تێدا بكەن پەڕلەمانە . تا زۆرینەی پەڕلەمانیش لای پارتی بێت ، چۆنیان بوێت وا دەكەن .
لە ئێستادا لە بەرژەوەندی هەرێمی كوردستاندایە تاكە حیزبێك حوكمڕانی بكات چونكە ئاستی ڕۆشنبیریی و ئەم ناوچەیە لە ڕوی دێموكراسییەوە زۆر لە دواوەوەیەو زۆر بونی ژمارەی حیزب لە هەموو ڕویەكەوە لە بەرژەوەندی هاولاِتیان و هەرێمی كوردستاندا نابێت . ئەگەر تاكە حیزبێكی میانڕەو هەبێت و بەیەك چاو سەیری هەموان بكات و خزمەت گوزاری بۆ هەموو ناوچەكان بە پێی پێویستی ئەنجام بدات و جیاوازی نەكات ، هەنگاوێكی مەزن دەبێت بۆ گەشە كردنی هەرێمی كوردستان .
ئەو كات تاكە حیزبی حوكمڕان پێویستی بە پشتیوانی هیچ حیزبێك نابێت و ئەویش مولزەم نابێت هیچ ئیمتیازێك كە لە ڕاستیدا ئەوە بەشێكە لە قوتی هاوڵاتیان ،بداتە بە هیچ حیزب و لایەن و كەسایەتییەك . لە ئێستادا پارتی گەورەترین حیزبە لە هەرێمی كوردستان و تۆپەكە لە گۆڕەپانی ئەواندایە بۆ چارەسەری كێشەكان . بەڵام پارتی ئەو حیزبە نییە بە یەك چاویلكە سەیری هەموان بكات لەبەر ئەو هۆكارانەی لە سەرەوە باسمكردون.
پارتی هەمیشە لە هەوڵی ئەوەدایە جومگە ئەساسیەكانی حوكمڕانی كۆنتڕوڵ بكات . هەتا ئێستا هیچ بەرپرسێكی باڵای حكومەت بە پەڕلەمانیشەوە جگە لە پارتی ئاگاداری ناوەرۆكی ڕێكەوتنی 50 ساڵەی نەوت هەیە لەگەڵ توركیا ؟؟؟. ئایا پارتی ڕێگا دەدات وەزیری نەوت بدرێتەلایەنێكی تر ؟؟. ئایا كەس ئاگاداری ئەوەیە نەوت چۆن دەفرۆشرێت و بە چەند دەفرۆشرێت ؟؟؟. وەزارەتی ناوخۆ و فەرمانگەكانی دەرەوەی هەرێم موڵكی پارتین . ئایا وەزیر دارایی دەتوانێت بچێت كارو باری گومرگی ئیبڕاهیم خەلیل ڕێك بخات ؟؟.
پارتی كەی ویستی ڕێگای هەولێر لە بەرپرسانی حیزبەكانی تر دەگرێت . نمونەی زۆرمان هەیە بۆ ئەمە . كەی ویستی دەرگای پەڕلەمان دادەخات . وەزیر دەردەكات. كەواتە هەر كەس و لایەنێك بڕوای بەوە هەبێت كە پارتی دەتوانێت بێلایەنانە و دوور لە بەرژەوەندی تەسكی بنەماڵەیی و حیزبایەتی حوكمڕانی بكات ئەوە لە پێشەوە خۆی دەخەڵەتێنێت ، دوای خەڵكانی تر .
پێش ئەوەی كاك مەسرور دەست بەكار بێت وەكو سەرۆكی حكومەت ، جۆرێك لە گەشبینی هەبوو بەرامبەری . بەڵام كاتێك دەست بەكار بوو ، لە هەنگاوی یەكەمیدا هەموانی بێ ئومید كرد و حكومەتی سێبەری لە پشتی حكومەتەوە دروست كرد . ئەم هەناگاوەی بەڕێز مەسرور بارزانی بۆ ئەوەیە دەستی وەزیرەكان ببەستێت ، نەك بۆ هاوكریكردنیان بۆ ئەنجامدانی كارەكانیان. كەواتە لە هەنگاوی یەكەمەوە وەزیرەكان دڵخۆش نابن و هەست دەكەن دەسەڵاتی تەواویان نییە و بە گومانەوە كار لە حكومەتدا دەكەن .
كەواتە هەرگیز پارتی بەو عەقڵیەتەوە ناتوانێت ببێـت بە جێگەی متمانەی هەموان . لە ئێستادا تاكە ڕكەبەری بەهێز بەرامبەر بە پارتی یەكێتی نیشتمانی كوردستانە . ئەم حیزبە لە ڕوی پێكهاتەو بەرنامەو ستراتیج و بیركردنەوەوە لە ئێستادا جیاوازییەكی ئەوتوی نییە لەگەڵ پارتی . تاكە جیاوازی ئەوەیە كە پارتی پێگەی بەهێزترەو لەناو پارتیشدا مەركەزیەت هەیەو برَیارەكان بە باشی جێ بەجی َدەكرێن .
لە بەرامبەریشدا یەكێتی دوای مامحەلال مەركەزیەتی تێدا نەماوە . فرە كوێخایی هەیە . بڕیارەكان بە ئاسانی نادرێن . ئەوەش وەكو كارەسات وایە بۆ هەر حیزبێك. هەموان چاوەڕوانی كۆنگرەی یەكێتی بون . كۆنگرەش تەواو بوو . هەرچەندە ئەنجامی كۆنگرەكە بۆ ئەم قۆناغە زۆر خراپ نەبوو . دەشتوانین بڵێین سەركەوتوش بوو . بەڵام لە ئاستی پێویسیشدا نەبوو .
لە سەرەتاوە وتم كێشەی گەورەی یەكێتی نەبونی مەركەزیەت بوو . ئایا ئەندامانی سەركردایەتی یەكێتی دوای كۆنگرە دەتوانن بە خۆیاندا بچنەوەو باشتر خۆیان ڕێك بخەنەوەو تەكانێكی باش بدەن و هەنگاوی گەورەتر بەرەو پێشەوە بنێن و مەبدەئی سزاو پاداشت و لێپرسینەوەو بەدوادا چون بكەن بە دروشمی قۆناغی داهاتویان ؟؟.
ئایا سەركردایەتی ئەم حیزبە دەتوانێت بەرنامە دانێت بۆ چاكسازی لەناو ڕیزەكانی حیزبدا و لەناو دام و دەزگاكانی حكومەتدا و هەنگاوی گەورە بنێن لە بواری ئەنجامدانی خزمەت گوزاری و خزمەتی هاوڵاتیان بە تایبەتی چینی فەقیرو هەژار؟؟؟. ئەگەر یەكێتی جۆرێك لە گۆڕان كاری بكات و ئەوەش لە بەرژەوەندی گشتیدا بێت ، ئەوە دەبێتە جێگەی ئومێدی جەماوەر و سەرنجی خەڵك بەلای خۆیدا ڕادەكێشێت . لە ئێستادا جەماوەرێكی یەكجار زۆری ناڕازی لە هەرێمی كوردستاندا هەیە . جەماوەری ناڕازی ئێستا زۆر زیاترە لەو كاتەی كە گۆڕانی تێدا دروست بو . ئەو جەماوەرەی كاتی خۆی بە لێشاو پەیوەندیان بە بزوتنەوەی گۆڕانەوە دەكرد، لە ئێستاشدا بە ڵێشاو لێی دەچنە دەرەوە .
ئەو جەماوەرە زۆرە لە چاوەڕوانی جۆرێك لە گۆڕانكاری سیاسیدان بۆ ئەوەی بتوانن بڕیارێك بدەن و شوێنێك بدۆزنەوە خۆیانی تێدا ببیننەوە . بەڵام ئەگەر سەركردەكانی یەكێتی ئایندەی حیزبەكەیان لە ئەوەدا ببیننەوە كە ئەو ناڕازیانە بگەڕێنەوە ناو ڕیزەكانی یەكێتی و یەكێتی بە هێز دەبێتەوە و دەچێتەوە دۆخی جارانی ، ئەوە تێگەیشتنێكی زۆر هەڵەیە .
یەكێتی بەوە هەڵناسێتەوە نارَِازیەكان بگەڕێنەوە ناوی ، بەڵكو هەنگاوی یەكەم دەبێ هەوڵ بدرێت ڕیزەكانی ناو خۆی یەكێتی ڕ یكبخرێتەوە . یەكێتی لەناو خۆیدا گۆڕانكاری بكات و مەركەزی بڕیار دروست بكرێت . هەوڵ بدەن كۆتایی بە بەرژەوەندییە شەخسییەكان بهێنن و داهاتی حیزب بە مەركەزیەت بكرێـت هێوا بۆ جەماوەر بگێڕنەوە .
ئەگەر ئەمانە كرا ، گومانی تێدا نابێت ، یەكێتی دەبێتەوە جێی متمانەی جەماوەر . لەبیرتان نە چێت یەكێتی خاوەنی جەماوەرێكی زۆر فراوانە، خاوەنی وزەیەكی زۆرە . تەنها پێویستی بە ڕێخستنەوە هەیە . هەموو ئەمانەش ئەتوانرێت ئەنجام بدرێت ، ئەگەر ئیرادەیەكی ڕاستە قینە هەبێت . ، ئەو كاتە یەكێتی دەگەڕێتەوە دۆخی جارانی . ئەگەر گۆڕانكاریەكانی ناو یەكێتی لە بەرژەوەندی گشتیدابون ، ئەو كات یەكێتی دەبێتە جێگەی ئومیدی جەماوەر.
لە ئێستادا تۆپەكە لە گۆڕەپانی یەكێتیدایە بە تایبەتی دوای بەستنی كۆنگرە . ئایا دەتوانن كارێكی وابكەن ببنە جێی متمانەی زۆرینەی ئەو جەماوە رەو لە ئامێزیان بگرن؟؟؟. وەڵامەكەی لای خۆیانە . بەڵام لە یادمان نەچێت یەكێتی هەلێكی زێڕینی بۆ هاتبوو پێشەوە و بە خۆڕایی لە دەستیدا .
ئەویش ئەوەبو لە كاتی دەنگدان بە یاسای چاكسازی دەبوو داوا بكەن كەمترین موچەی خانە نشینی لە 400 هەزار كەمتر نەبێت و ئەوە بكەن بە مەرج بۆ دەنگدان بە یاساكە . ئەگەر ئەوەیان بكردبایە لە ئێستاوە دەبونە خاوەنی پشتیوانییەكی گەورەی جەماوەر . زۆر گرنگە بۆ یەكێتی كە هەوڵ بدات پشتیوانی باش بۆ خۆی دەستەبەر بكات و دواجار بتوانن تەرازوی هێز كە ئێستا تەواو لاسەنگە ڕاست بكەنەوە .
یەكێتی بە تەنها ناتوانێت ڕو بەڕوی پارتی ببێتەوە ، بۆیە زۆر گرنگەو پێویستە هەوڵ بدات لە گەڵ حیزبە ئیسلامیەكان هاوپەیمانییەك پێك بهێنن و دەنگیان بكەن بە یەك ، چونكە لە هەڵبژاردنی داهاتودا هەر ئەو دوو حیزبە ئیسلامیە دەمێننەوە كە خاوەنی جەماوەرن و لە دەرەوەی پڕۆسەی سیاسیدان . كاتی ئەوەیە یەكێتیش سیاسەت بكات .
كۆتا قسەشم لەم بەشەدا ئەمەیە : هەتا پارتی بەم عەقڵیەت و بەم بیرتایەوەكردنەوەی ئێستا كار بكات و سیاسەتی قۆرخكاری پەیڕەو بكات ، لاواز بون و پاشەكشەی یەكێتی نیشتمانی لە گۆڕەپانی سیاسی هەرێمی كوردستاندا ، لەگەڵ هەموو ئەو كەم و كورتیانەی هەیەتی ، لە بەرژەوەندی زونی سەوزدا نابێت و هەموان زەرەرمەند دەبن ، بێ جیاوازی.