چه‌ند تێبینییه‌ک ده‌رباره‌ی یاسای چاکسازی
2020-01-21 12:17:43
ماردین ئیبراهیم
به‌هۆی ڕابردووی خراپی حوکمڕانی له کوردستان و وونبوونی متمانه له‌نێوان حوکمکهران و حوکمکراوان له کوردستان، له سه‌رووی هه‌موویشیه‌وه زاڵبوونی دیدێکی پۆپۆلیستی نا عه‌قڵانی و بێقوڵایی به‌سه‌ر سیاسه‌تدا که ئه‌ویش جۆرێکی دیکه‌ی سته‌مکاریه، دۆخێک خولقاوه قسه‌ی جدی و وتوێژ که‌مترین سه‌رنجی ده‌درێتێ. تازه‌ترین ده‌رکه‌وته‌ی ئه‌و ناعهقڵانیهته کاردانه‌وه‌کان بوو به‌رانبه‌ر یاسای 'چاکسازی له خانه‌نشینی و موچه و ده‌رماڵه و به‌خشین و ئیمتیازاته‌کانی دیکه'. له ماوه‌ی یه‌ک هه‌فته‌ی ڕابردوودا سه‌رنجمدا که‌مترین قسه له‌سه‌ر خودی یاساکه کرا و ئه‌وانه‌یشی که ڕه‌تیان ده‌کرده‌وه، هه‌ر به شێوازی نووسین و کاردانهوهکانیاندا دیار بوو زوربه‌یان نهیانخوێندبۆوه. ده‌کرێت له زۆر گۆشه‌نیگاوه قسه هه‌م له‌سه‌ر کاردانه‌وه‌کان و هه‌م خودی یاساکه‌ش بکرێت، هه‌ر له‌وه‌ی کۆمه‌ڵگای ئێمه چۆن بیر ده‌کاته‌وه؟ ده‌سه‌ڵاتی ئێمه چۆن ده‌سه‌ڵاتێکه و دیدی بۆ چاکسازی چۆنه؟ ئه‌گه‌ره‌کان و سروشتی ئه‌و به‌رهه‌ڵستیه چیه و چۆنه که دژی ده‌سه‌ڵات هه‌یه. من له‌ناو هه‌موو ئه‌وانه‌دا سێ تێبینی تۆمار ده‌که‌م:
یه‌که‌م: بابه‌تی خانه‌نشینی و مووچه‌ی په‌رله‌مانتار به‌شێکی بچووک و لاوه‌کی یاساکه بوو، به‌ڵام هه‌موو سه‌رنجه‌کان خرانه سه‌ر ئه‌و بابه‌ته، له‌کاتێکدا ئه‌وانه‌ی پێیان ده‌ڵێن 'پله‌باڵا' به هه‌زارانن، ئه‌وانه‌ی به نایاسایی خانه‌نشین بوون به هه‌زارانن، ئه‌وانه‌ی به نایاسایی پله‌یان له به‌شی سه‌ربازی بۆ به‌رزکراوه‌ته‌وه به هه‌زارانن، ئه‌وانه‌ی دوو مووچه و سێ مووچه‌یان هه‌یه به هه‌زارانن و هه‌موو ئه‌وانه له یاساکه‌دا هاتوون و ئه‌گه‌ر یاساکه جێبه‌جێبکرێت ههنگاوێکی بچووک، به‌لام گرنگه به‌ره‌و پێشه‌وه. نه‌بوونی ستراتیجێکی شیته‌ڵکاری دروست بۆ یاساکه هێنده‌ی له سۆشیال میدیادا ژاوه‌ژاوی دروست کرد هێنده که‌شوهه‌وایه‌کی بۆ گفتوگۆی لۆژیکی دروست نه‌کرد که زۆر پێویست بوو ئه‌و گفتوگۆیه بکرێت.
دووه‌م: هه‌موو توڕه‌یی ئه‌و که‌سانه‌ی نادادیان به‌رانبه‌ر کراوه ڕوبه‌رووی په‌رله‌مان کرایه‌وه و ئه‌ندامانی په‌رله‌مان و ده‌زگاکه بوو به به‌رخی قوربانی. هه‌موو فۆکه‌س خرایه سه‌ر ئه‌و ئه‌ندام په‌رله‌مانانه که هه‌ندێکیان به دڵسۆزی و هه‌ندێکیان به ناچاری شانییان دابووه به‌ر کارێکی باش. ئه‌گه‌ر حکومه‌ت ئه‌و پرۆژه یاسایه‌ی ئاراسته‌ی په‌رله‌مان نه‌کردایه و په‌رله‌مان دوای وتوێژ و ده‌ستکاری په‌سه‌ندی نه‌کردایه، هیچ که‌سێک نه‌بوو ملیان بگرێت و وایان لێبکات ئه‌و کاره بکه‌ن و ئێستا که‌شوهه‌واکه کشومات بوو و وه‌کو جاران ئه‌وان و هه‌زاران که‌سی دیکه به پاره‌یه‌کی زۆر خانه‌نشین ده‌بوون. خه‌ڵکانێکی زۆر به ناووردکاریی و هه‌ندێک ناوه‌ندیش له که‌سانی موفته‌خۆری به‌شی پشتپه‌رده‌ی ده‌سه‌ڵات بۆ دوورخستنه‌وه‌ی سه‌رنج له‌سه‌ر خۆیان و گه‌نده‌ڵی و تاڵانکاریه زه‌به‌لاحه‌کانی شه‌وێکیان که به قه‌ده‌ر مووچه‌ی ساڵێکی هه‌موو ئه‌ندامانی په‌رله‌مان ده‌بێت، به ئه‌نقه‌ست که‌شێکیان خولقاند هه‌موو ڕمه‌کان روویان له په‌رله‌مان بێت. به‌مه‌ش هه‌م خۆیان لێسایه‌وه و پاڵیاندایهو هه‌م هێنده‌ی تر ئه‌م ده‌زگایه‌ی وڵاتی ئێمه‌یان سووک کرد. سوککردنی داموده‌زگاکان به گشتی و په‌رله‌مان خراپترین کارێکه بکرێت، چونکه ئه‌گه‌ر له کۆمه‌ڵگای دامه‌زراوی خۆرئاوا داموده‌زگاکان توند‌و تۆکمه بن و بوونی دیدێکی کافکایی دژی داموده‌زگا و بیرۆکراسیه‌ت پێویست بێت، ئه‌وا بۆ وڵاتی ئێمه بێنرخکردنی په‌رله‌مان ئاوێکه ده‌ڕژێته ئاشی فه‌وزا و ئه‌و میرانه‌ی جه‌نگ که قازانجیان له بێسه‌روبه‌ره‌یی و نه‌بوونی داموده‌زگای چاودێریدایه. له هه‌موو ئه‌وانه‌ش بترازێت، که‌سانێک هه‌ن ڕه‌نجی فه‌رهادیان دا بچنه په‌رله‌مان و به‌هه‌ر هۆیه‌ک بوو نه‌یانتووانی بچن، ئێستا به‌و ده‌زگایه ده‌ڵێن گه‌وڕ و ته‌ویله، که‌سانێکی دیکه حه‌وت ساڵه زیاتر له شه‌ش ملیۆنی خانه‌نشینی وه‌رده‌گرن ئێستا هاواریان لێهه‌ڵساوه و باسی نادادی ئه‌م یاسایه ده‌که‌ن. به‌ڕاست ئه‌گه‌ر ئه‌وه مۆڕاڵی ئه‌و که‌سانه بێت که تازه به تازه بیریان که‌وتۆته‌وه نادادی هه‌یه، ئه‌وه مۆڕاڵی ئه‌و که‌سانه بێت ئه‌گه‌ر خۆیان له په‌رله‌مان بن په‌رله‌مان باشه و دنیا عه‌یبی نییه، ئه‌گه‌ر خۆیشیان له‌وێ نه‌بن ئه‌وا په‌رله‌مان ته‌ویله‌یه، ئه‌و ده‌بڵ مۆڕاڵیه بابه‌تێک نییه وامان لێبکات دووباره به پێناسه‌کردنه‌وه‌ی چه‌مکه‌کاندا بچینه‌وه؟
سێیه‌م: دژایه‌تی یاساکه له چه‌ند ئاراسته‌یه‌که‌وه ده‌هات، هه‌ندێکیان ئاشکراو هه‌ندێکیان په‌نهان. ئاشکراکه هه‌ندێک که‌س و هاوڵاتی دڵسۆز بوون که بێدادی هاواری لێههڵساندبوون و ده‌یانه‌ویست تووڕه‌یی خۆیان ئاراسته‌ی لایه‌نێک بکه‌ن، بێوه‌یترین ده‌زگاش په‌رله‌مان بوو ئه‌و ڕق و تووڕه‌ییه‌ی خۆیانی پێدابمرکێننهوه، ئه‌م ئاراسته‌یه سه‌ره‌ڕای بێسوودیهکهی به‌ڵام هێشتا ئاساییه، ئاراسته‌یه‌کی دیکه چه‌ند ئه‌ندام په‌رله‌مانێکی پۆپۆلیست بوون که هه‌ندێکیان بێڕوئیا بوون و هه‌ندێکی دیکه‌یان بۆ وه‌به‌رهێنانی سیاسی له ئاینده‌دا ئه‌و ژاوهژاوهیان دروست کردبوو، ئه‌م ئاراسته‌یه‌ش سه‌ره‌ڕای زیانه‌کانی بۆ فه‌زای سیاسی ته‌ندروست به‌ڵام دیسانه‌وه شتێکی زۆر سه‌یر نییه. له هه‌مووی ترسناکتر که زۆر که‌س لێی بێ‌ئاگا بوون ئه‌و ئاراسته‌یه بوو که له ژێره‌وه له‌لایه‌ن هه‌ندێک ده‌زگا و ناوه‌نده‌وه دهجوڵێنرا چونکه که‌سانێکی زۆری مشه‌خۆر له‌و یاسایه زیانمه‌ند ده‌بن (دیسانه‌وه ئه‌گه‌ر یاساکه جێبه‌جێبکرێت)، هه‌روه‌ها رسواکردنی ده‌زگایه‌کی چاودێری وه‌کو په‌رله‌مان له قازانجی ئه‌و ناوه‌ندانه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی ته‌مه‌نی حوکمی میلیشیایی و بێیاسایی خۆیان درێژبکه‌نه‌وه.