Draw Media

لەبارەی فۆرمەکەی پەرلەمانەوە

لەبارەی فۆرمەکەی پەرلەمانەوە

2020-01-18 19:17:16


د. ئیسماعیل نامیق     

بەپێی یاسای بەناو چاکسازیی هەر پەرلەمانتارێک دەتوانێت لەدوای جێبەجێ بوونی یاساکە فۆرمێک پڕ بکاتەوەو تیایدا مووچەی خانەنشینی رەت بکاتەوە. ئەم فۆرمە لەرووی یاساییەوە هیچ بەهایەکی نیە، چونکە ماف تا دروست نەبێت، ناتوانرێت تەنازولی لێ بکرێت، مافی خانەنشینیش دوای تەواوبوونی خولی هەڵبژاردن دروست دەبێت، نەک ئێستا، بۆیە لەئێستادا ناتوانرێت تەنازول لەمافێک بکرێت کەلەئایندەدا دروست دەبێت. ئیتر نازانم کام یاسا دانەری بلیمەت!! یان کام عەقڵی گەورەی یاسایی!! ئەم فۆرمەی خزاندۆتە یاساکەوە؟
لەرووی سیاسی وکۆمەڵناسیشەوە، ئەم فۆرمە، زیاتر بۆ بێدەنگکردنی ئەو دەنگە دەگمەن وکەمانەی ناو پەرلەمانە کە ئەگەر بەرواڵەت وقسەش بێت دژی خانەنشینکردنی پەرلەمانتارن، ئەمە جۆرێکە لەترساندن وئیکراهی مەعنەوی، بەرامبەر بەدەنگە ناڕازییەکان، کە زۆرینەی پەرلەمان پێیان دەڵێن، یان دەبێت ئێوەش وەکو ئێمە خانەنشینی وەرگرن، یان فۆرمەکە پڕ بکەنەوە وبێدەنگ بن. واتە لەجیاتی ئەوەی کەمینە ناڕازییەکە رەخنە لەزۆرینە رازییەکە بگرێت، زۆرینە رازییەکە دێت فۆرم بەکەمینە ناڕازییەکە پڕ دەکاتەوە، بەمەش تا خاوەن ماڵ دز ئەگرێت، دز خاوەن ماڵ ئەگرێت.
بەداخەوە ئەم جۆرە یاسایانە بەس لەم هەرێمەدا هەن، جا ئەم فۆرمە ئەگەر جێبەجێ بکرێت ئاوێکی زۆر خراپ ئەڕێژێ دواتر کۆکردنەوەی ئاستەم ئەبێت، چونکە لەمەودوا بەهەر کەسێک بڵێین گەندەڵی مەکە، یان ئەو کارە خراپە، مەیکە، ئەویش ئەیکات وفۆرمێکیش بەتۆ پڕ دەکاتەوە، کە تۆ ئەو کارە خراپەی ئەو نەکەی وبەقسەش موزایەدەی بەسەردا نەکەی و نەڵێی دژی گەندەڵیم.
ئەسڵ ئەوەیە کەس پێش تەمەنی خانەنشینبوون خانەنشین نەکرێت، بۆیە ئەو بیدعەیەی لەم هەرێمەدا دروست کراوە بەناوی خانەنشینی پلەباڵاکان لەتەمەنی گەنجێتیدا، پێچەوانەی ئەسڵ ودادپەروەرییە، هیچ پێویست ناکات بەشەرعاندن وبەیاسایی کردنی منەت بکرێت بەسەر خەڵکدا. کەواتە لەجیاتی ئەوەی زۆرینە منەت بەسەر خەڵکدا بکەن وبڵێن مووچەی خانەنشینی خۆمان کەمکردۆتەوە،( وەکو ئەوەی موڵک وماڵی باوکیان بێت وبەمیرات بۆیان مابێتەوە وئەمان تەنازولی لێ ئەکەن )، وە لەبری ئەوەی کەمینە موزایەدە بەسەر خەڵکدا بکەن بەوەی فۆرم پڕ ئەکەنەوە وخانەنشین نابن، پێویستە خەڵک خۆی قسەی یەکلاکەرەوە بکات، ئەم قسەیەش، یان بەراپرسی دەکرێت لەسەر یاسای خانەنشینی، یان لەرێگەی ناڕەزایەتی وخۆپیشاندانەوە دەکرێـت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand