بەڕێز کاک نێچیرڤان بارزانی، تکایە قانونی چاکسازی ئیمزا مەکە
2020-01-17 15:05:18
پەیمان عزەدین
دوای دەنگدانی پەرلەمان لەسەر قانونی چاکسازی ، بە ئیمزاکردنی بە ڕێزتان یان ئیمزا نەکردنی لە ماوەی یاسایی دیاریکراودا دەبێتە قانونێکی بەرکار، بۆ ئیمزانەکردنی ئەم قانونە و گێڕانەوەی بۆ پەرلەمان زیاتر لە هۆکارێکی قانونی و کۆمەڵێیەتی و ئەخلاقی هەیە کە لەم نوسینەدا ئەیخەمە بەرچاوی بەڕێزتان.
١-ناوی قانونەکە بەهیچ جۆرێک لەگەڵ ناوەڕۆکی یەکناگرێتەوە و ئەمەش یەکێکە لە عەیبە قانونیەکانی یاساکە، هیچ ماددەیەکی ناو یاساکە بە دورو نزیک پەیوەندی بە چاکسازیەوە نیە و ماددەکان تایبەتن بە ڕێکخستنەوەی خانەنشینی و دەرماڵە لە هەرێمدا، کە لە بنچینەدا بۆ زۆرینەی ئەو ڕێکخستنەوانە قانونی نەدەویست و چۆن حکومەت ئەو دەماڵە و خانەنشینیە ناقانونیانەی دروست کردوە بەهەمان شێوە دەیتوانی بیانبڕێت یان کەمیان بکاتەوە.
٢-هەر قانونێک بەناوی چاکسازیەوە پەسەند بکرێت ، ئەسڵ وایە ئەو قانونە کاری لەسەر هێنانەدی دادپەروەری کردبێ ، کە ئەمەش لە هیچ ماددەیەکی قانونەکەدا بە ڕونی و بە زەمانەتەوە لانی کەمی دادپەروەری ناهێنێتە دی .
دادپەروەری ئەوەیە هەمو پلەکانی وەزیفی لەسەر یەک بنەما خانەنشین ببن و لەسەر یەک بنەما دابمەزرێن و دەرماڵەیان بۆ زیاد بکرێت.کە بە هۆی ئەم قانونەوە ئەو نا دادپەروەریانە زیاتر ئەچەسپێن و دوبارە دەستکاریکردنیان زەحمەت ئەبێت .
ناکرێت و نابێت لە یەک حکومەت و سیستمی حکومڕانیدا کەمینەیەک ڕێژەی خانەنشینکردنیان لەسەر کۆی موچە بۆ هەژمار بکرێ و زۆرینەیەکیش ئەو ڕێژەیەیان لەسەر موچەی بنەڕەتی بۆ هەژمار بکرێت ، بۆیە ئەرک و ئەمانەتێکی مێژویی لەسەر شانی بەڕێزتانە ئەگەر تەنیا لەبەر ئەم خاڵەش بێ قانونەکە بگێڕنەوە پەڕلەمان و ئەو خاڵە بەو جۆرەی لێبێت کە بۆ خانەنشینی موچە باڵاکانیش رێژەی ٪٢٥ و ٪٥٠ لەسەر موچەی بنەڕەتیان هەژمار بکرێت لەبەر ئەم هۆیانە :
-حکومەتی هەرێمی کوردستان بە نیازە یاسای خانەنشینی یەکگرتو لە داهاتودا بنێرێتە پەرلەمان ، چۆن دەکرێ لە ئێستادا قانونێک بەو جیاوازیە گەورەیە لە خانەنشینیدا پەسەند بکرێ کە چەند مانگێکی تر و لە پێشنیازی قانونێکی تردا باس لە خانەنشینیی یەکگرتو بکرێت ، بۆیە لە ئێستاوە بایەکخستنی بنەماکانی خانەنشینی لە خزمەتی موچەخۆران و قانونی خانەنشینی یەکگرتودا بێت .
-هەمو هاوڵاتیانی ئەم هەرێمە لە بەرزترین پلەی وەزیفیەوە تا نزمترینی هاوڵاتی ئەم هەرێمەن و مافی هاوڵاتیبون و بنەماکانی دادپەروەری و بەڵێنەکانی بەڕێزتان ئەوە دەخوازێ کە هەمان بنەما بۆ هەژمارکردنی خانەنشینی ڕەچاو بکرێت .
-ئەم هەنگاوە ڕق و یەکتر ناشرین کردن کاڵ دەکاتەوە ، چونکە ئەوە ئەوناعەدالەتیەی ئەم چەندین ساڵەیە ئەو هەمو ڕق و کینەیەی لەیەکتر دروستکردوە ، دڵنیام بەڕێزتان و هەر کەسێکی تر بچینە شوێنی فەرمانبەرێکی بەتەمەن کە بە هۆی کەمی خانەنشینیەوە خواخوای کاری زیاتر و ماندوبونی زیاترێتی ، بە دڵنیاییەوە ڕقی لەو پەرلەمانتار و وەزیرە دەبێتەوە کە تەنیا بۆ چوار ساڵ ١٥ هێندەی ئەو وەربگرن ، ئێوە ئەگەر ئاشتی کۆمەڵایەتیاتان ئەوێ ئیمزا لەسەر ئەم قانونە مەکەن .
٣-ئەوەی لەم قانونەدا وەک کڕۆکی چاکسازی باسدەکرێت ،هەڵوەشاندنەوەی هەزاران پلەی وەزیفی و خانەنشینی نایاساییە کە زۆربەیان نە بڕوانامەیان هەبوە و نە تەمەنی خانەنشینی و نە پلەی وەزیفی ، لەگەڵ ئەوەشدا هەم دامەزراون و هەم خانەنشین کراون، کە ئەمانەش هەمویان ئەندام و بەرپرس و دەنگدەری یەکێتی و پارتین بە پلەی یەکەم و پارتەکانی تر بە پلەی دووەم ، کە زۆر دڵنیام لەهیچ حاڵەتێکدا ئەو کارە ناقانونیانە هەڵناوەشێنرێتەوە و لە باشترین حاڵەتیشیدا دەخرێنە ژێر ناونیشان وناو چوارچێوەیەکی قانونی نوێ ، کە ئەمەش زۆرتر ناوەڕۆکی قانونەکە لە بابەتی چاکسازی دور دەخاتەوە .
بۆیە و لەبەر ئەو هۆکارانە تکایە قانونەکە ئیمزا مەکە .