Draw Media

تورکیا؛ گەڕانەوە بۆ دوێنی

تورکیا؛ گەڕانەوە بۆ دوێنی

2020-01-16 20:37:31


پەیڕەو ئەنوەر

تورکیا وەک دیاردە و هێز لە قەیرانە! قەیران لەناوەوە، قەیران لە دەرەوە، قەیران لەگەڵ دراوسێ و هەڤاڵەکانی، قەیران لە سیاسەتی دەرەوەی. ناسنامەی زاڵ لە سیاسەتی دەرەوەی ئێستای تورکیا فراوانبوون و هەڵکشانە، دروستکردنەوەی یادەوەرییە لەگەڵ جوگرافیای سیاسی ئیمپڕاتۆری عوسمانی، سنوورەکانی، یادگارییەکانی. ئەمڕۆ ئەردۆگان و پارتەکەی بە چڕی کارلەسەر ئەوە دەکەن [عوسمانیزمی نوێ] بگەڕێتەوە بۆ ناوچەکە، تێکەڵ بە نۆرم و رێساکانی سیستمی سیاسی هەرێمی ببێت، ببێت بە مۆدێڵ و بیرکردنەوە و ئاگایی.

پێدەچێت تورکیا خەیاڵ و لێکدانەوەیەکی گەورەی هەبێت بۆ ئامادەبوون لە ناو جەستەی دوێنیی عوسمانیزم. لیبیا، سوریا، سودان، عیراق، وڵاتانی قەوقاز، ئاسیای ناوەڕاست ... هتد دیارە تورکیا عیراق بە ناوەند، شادەمار و قوڵایی ستڕاتیژی و جیۆپۆلەتیکی خۆی دادەنێت! بڕیاردەدات کونسوڵخانە لە [کەرکووک و نەجەف] بکاتەوە. کونسوڵخانە لەدیدی تورکیا لە کەرکووک و نەجەف بەتەنها دەزگا، دامەزراوە و کەناڵێکی دبلۆماسی نییە! ئەوەی هەستی پێدەکرێت شتێکی ترە، سەرەتایەکە بۆ سەپاندنی دیاردەی تورکیا لە عیراق. تێكەڵبوون و زاڵبوون بە سەر جیۆپۆلەتیکی شیعە لە عیراق. لەڕاستیدا عیراق دەرگا و دەرفەتێکی لەبارە تاوەکوو تورکیا بتوانێت بەها و رێسا و سیمبوڵەکان لەڕێگەیەوە بۆ خۆی گلبداتەوە. تورکیا وا لە عیراق دەڕوانێت:

یەکەم: عیراق و عیراقیبوون خۆی لە قەیران و پاشەکشەدایە! عیراق لەڕووی دەزگا، هێز و بیرکردنەوە ناتوانێت بجوڵێت. ئەم دۆخە بۆ تورکیا لەبارە زیاتر بکشێت، باڵایی دروستبکات.

دووەم: بێزاربوون، بێ ئومێدبوونی بەشێکی شەقامی عیراقی، گەنجانی تازە پێگەیشتوو لە شیعە وەک ئیمپڕاتۆر، یادەوەری و مەزهەب پاڵ بە تورکیاوە دەنێت مۆدێڵی عوسمانیزم و پەرەپێدان بە دونیای سوننە و جیۆپۆلەتیکی سوونە درێژبکاتەوە بۆ ناوەند و پەراوێزی عیراق.

سێیەم: ئێران و ئەمەریکا دەیانەوێت عیراق وەک گۆڕەپان و پانتایی جەنگ بەرهەمبهێنن! جەنگ بەسەر شانی عیراقییەکانەوە. تورکیا دەیەوێت وای پیشانبدات ئەم دۆخە بەجۆرێکی تر دەستکاری دەکات[عیراق دوور لە جەنگ] دیارە تورکیا لەڕێگەی چیڕۆکی ئاوەدانکردنەوە و کۆمپانیا و دەرفەتی کارەوە ئەم سایکۆلۆژیا و هەستە بۆ عیراقییەکان دەگوازێتەوە.

دەرەنجام عیراق بەلای تورکیاوە بازاڕ، نۆستالیژیا، کایەی ئاسایش و جیۆپۆلەتیکە. جاران [موسڵ] وەک حەوشەی پشتەوەی ئەو رۆڵەی دەبینی. ئەمڕۆ تورکیا شتێکی تر دەخوازێت، هەوڵدەدات موسڵ تێپەڕێنێت و لە نەجەفەوە بجوڵێت. نەجەف وەک قوڵایی ستڕاتیژی چیڕۆکی شیعە و ئێران. بەستنەوەی [نەجەف بە موسڵ] قوڵایی ستڕاتیژی عوسمانیزمی نوێ، چیڕۆکەکانی سیاسەتی دەرەوەی تورکیایە. ئەم بیرکردنەوە پڕە لە سەرکێشی. هەڵکشانی تورکیا لە پانتایی شیعە لە عیراق گۆڕانکاری لە بونیاد و جیۆسیاسی وڵاتە دێنێتەوە کایەوە. خەیاڵی تورکیا ئەوەیە بە عیراقییەکان بڵێت منیش دژ بە ئەمەریکا و سەربازی ئەمەریکیم. لەسەر هێڵی [رووسیا-ئیڕان-چین] لەهەمان بلۆکم، دەرفەتی زیاترم پێ بدەن، خاوەن یەک ماڵ و ناسنامەین. عیراقییەکان چۆن لەم رووداوە دەڕوانن! توانای گۆڕینی ناوەند، بنکە و سەرچاوەی مەزهەبییان هەیە!

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand