میت بە دوای جەمیک بایک – وەیە
2020-01-16 14:00:51
ئەنوەر حسێن (بازگر)
بەدوای دەستگیرکردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە 15/2/1999 لە نایرۆبی کە بە گرنگترین و گەورەترین ئۆپراسیۆنی تورکیا دادەنرێت لە دژی پەکەکە لە دەرەوەی تورکیا و قەندیل، بە هاوکاری (CIA، موساد و میت...) ئەنکەرە وەکو تاکتیکی کوشندە دژی پەکەکە بیری لەوە کردەوە کە تەنها ئۆپراسیۆن و گەڕان و هێرشی سەربازی لە قەندیل ئەنجام نەدات و لەو چوارچێوەیەدا نەیهێڵێتەوە، بەڵکو لە ڕێگای فشاری سیاسی، سەربازی و هەواڵگری و فرۆکەی بێ فرۆکەوان سەرکردە و ڕێبەرانی پەکەکە بکوژێت و تیرۆر بکات.
قۆناغی یەکەمی ئەم پلانە تازەیەی (میت) لە مانگی ئۆکتۆبەری 1998 بە فشار لە سوریا، ئۆجەلانی لەو وڵاتە دەرپەڕاند.
قۆناغی دواتری، (میت) و هاکان فیدان پەلیهاویشت بۆ ناو دڵی ئەوروپا و فەڕەنسای قەڵای دیموکراسی لە (9/1/2013) لە پاریس ساکینە جانسز ئەندامی کۆنسەی سەرۆکایەتی پەکەکە و لێپرسراوی فایلی کڕینی چەک بۆ پەکەکە و لەیلا سۆیلەمەز و فیدان دۆغانی تیرۆر کرد.
ئەم سێ هەوڵەی ئەنکەرە و (میت) دژی پەکەکە، نەک هەر سەرکەوتوو بوو، بەڵکو بەبێ دەنگی و چاوپۆشی ئەمەریکا و ئەوروپا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی تێپەڕی و وایکرد ئەنکەرە دەست واڵاتر بکات بۆ تیرۆر و ئۆپراسیۆنی هەواڵگری لە دەرەوەی سنورەکانی خۆی و کوردستان و پەلاماری سەرکردە یەکەمەکانی پەکەکە بدات.
بۆیە لە ناوەڕاستی 2017 دیسان (میت) هەوڵی تیرۆری موراد قەرەیلان ئەندامی کۆنسەی سەرۆکایەتی و لێپرسراوی (HPG) دەدات لە ناو دڵی پەکەکە لە قەندیل و کارەکە شکست دەخوات.
هەر دوا بە دوای ئەوەش دەزگای (میت) لە 2017 هەوڵی ڕفاندنی جەمیل بایک دەدەن لە شارۆچکەی دوکان، بەڵام ئۆپراسیۆنەکانیان شکست دەخوات و دوان لە ئەفسەرانی (میت) لەلایەن هێزی فیدایی پەکەکەوە دەستگیر دەکرێن و تا ئێستاش لە قەندیلن.
پلانەکانی (میت) بۆ کوشتنی سەرکردەکانی پەکەکە تا ڕادەیەک سەرکەوتوو بوە، بە تایبەتی کە ئەم مۆدێلی جەنگە نوێیە، کە ئەمەریکا لە کوشتنی زەرقاوی، ئەبوبەکر بەغدادی، قاسم سولەیمانی، مەهدی موهەندیسی تێیدا سەرکەوتوو بوو، ئیسرائیلیش لە کوشتنی عیماد موغنەیە و چەندین بەرپرسی تری حزبوڵڵا و حەماس و جیهاد تاقیکردەوە.
گەر پێشتر پەلامارە سەربازییەکانی لە قەندیل بوو بێت، دواتر بەهۆی بێ دەنگی عێراق و ئێران و وڵاتانی ترەوە، تورکیا لە 15/8/2018 زەکی شەنگالی ئەندامی کۆنسەی سەرۆکایەتی پەکەکە و بەرپرسی هێزەکانی یەبەشە لە شەنگال تیرۆر کرد، لە 5/7/2019 دیار غەریب ئەندامی کۆنسەی سەرۆکایەتی پەکەکەی لە ناو خاکی ئێران شەهید کرد.
لە 17/7/2019 سەرحەد ڤارتۆ ئەندامی مەجلیسی گشتی و بەرپرسی پەیوەندییەکانی پەکەکەی تیرۆر کرد، لە 15/10/2019 لە شاخی گوێژەی سلێمانی دەمهات عەگید ئەندامی مەجلیسی گشتی و بەرپرسی پەیوەندییەکان و مەسعود ئامەدی تیرۆر کرد.
دواین جاریش ڕۆژی 15/1/2020 وەکو یەکەم چالاکی ساڵی تازە زەردەشت شەنگالی ئەندامی مەجلیسی گشتی و لێپرسراوی یەکینەکانی بەرخۆدانی شەنگال (یەبەشە) لە شەنگال تیرۆر کرد.
ئێستا پاش ئەو پانۆرامایە (میت) لەم چەند ساڵەدا، چۆن لە ڕێگای فرۆکەی بێ فرۆکەوانەوە بەشێکی زۆری سەرکردەکانی پەکەکەی کردۆتە ئامانج و شەهیدی کردون.
بەڵام سەرچاوەی زانیارییەکان باس لەوە دەکەن، ئێستا (میت) و حکومەتی ئەنکەرە، فایلێکی گەرمی ڕۆژانە کە لەسەر مێزی کۆبوونەوەکانیان و پیلان و نەخشەسازی بەردەوام و گەرم و گوڕ و تەرخانکردنی پارە و ئیمکانێکی زۆر و زەوەندی خستۆتە گەر و لە هەوڵی کۆکردنەوەی زانیاری وردایە لەلایەن دەزگای هەواڵگری و دۆستەکانی لە ناوچەکەدا و بوونی فرۆکەی بێ فرۆکەوان بەردەوام لە قەندیل و شەنگال و ناوچەکە، گەڕان و ئامانجی سەرەکی کەسێکە.
واتا بۆتە خاڵی یەکەم و گرنگی جێگە سەرنجی تورکیا و بە ئامانج گرتنیەتی وەکو نێچیرێکی گەورە و کەسی یەکەمی دوای عەبدوڵڵا ئۆجەلان، دووەم و گەورەترین ئۆپراسیۆنی تورکیا دوای دەستگیرکردنی ئۆجەلان ئامانجی (جەمیل بایک – هەڤاڵ جومعە)ە – هاوسەرۆکی (کەجەکە)یە.
بەڵام پێناچێت ئەمجارە تورکیا لە ڕاوکردنی ئەم نێچیرە سەرکەوتوو بێت، چونکە لانی کەم ئەو شوێنانەی ئەنکەرە فۆکەسی لەسەرە، ئامانجەکە زۆر دوورە لەو شوێنەوە.