پاشانشین
2020-01-16 08:52:32
ئەرسەلان باییز
(68)
(محەمەد كوڕی راشد) میری دوبەی، لە كتێبەكەی خۆی (ڕوانین) نووسیویەتی: گەنج بووم تازە ڕیش و سمێڵم دەهات، ڕۆژێك پیاوماقووڵ و ریشسپیەكانی عەشیرەت هاتن بۆ لام و وتیان:
-ئێمە لە ڕوومان نایەت بە باوكت بڵێین. دەمانەوێ لەڕێی بەڕێزت ئەم پەیامەمان بە باوكت بگەیەنی. (ماوەیەكی زۆرە جەنابی شێخ خەریكی هەڵكەندنی ئەو چاڵ و خۆڵانەی كەناری ئاوی كەنداوە، هەرچی پارەو پول هەیە لەوێی خەرج دەكات. وا باشترنییە ئەو پارانە بە ئێمە بدات…؟ ئایا ئەو چاڵ و چۆڵانە چ سوودێكی بۆ ئێمە هەیە…؟)
(میر محەمەد) دەگێڕێتەوە: منیش بە سواری جێبە لاندرۆڤەكە چوومە لای باوكم بۆ پێگەیاندنی پەیامی ریشسپیانی عەشیرەت، كاتێ چوومە لێواری كەنداو سەیرم كرد سەدان كرێكارو ئەندازیار خەریكی هەڵكەندنی چاڵ بوون. باوكیشم لەوان سەرقاڵتر بوو. وردە وردە لێی نزیك بوومەوەو پێموت: باوكە..! راسپاردەیەكی پیاوماقوڵانی عەشیرەتم هێناوە. ئەویش بە هێمنییەكەی خۆی وتی: بڵێ بزانم چیە… هەموو قسەكانی پیاوماقوڵەكانم بۆ باوكم گێڕایەوە. ئەویش لەكاتی قسەكردنەكانمدا چیلكەی بەدەستەوە بوو لە لمەكەی پێش خۆی خەتی دەكێشا. دوای تەواوبوونی قسەكانیشم هیچ وەڵامێكی نەدامەوە. منیش قسەی ترم نەكرد. دوای سەعات چواری ئێوارەو تەواوبوونی وادەی كاركردنی كرێكارو ئەندازیارەكان. هەردووكمان بەیەكەوە سواری جێبەكە بووین و بەرەو ماڵ گەڕاینەوە. لە ڕێگا وتی:
-بۆیە لەوێ وەڵامی قسەكانی تۆم نەدایەوە نەوەكا قسەو باسی تری بەسەردا بێت و حەماسەتی كرێكارەكان لە كاركردن كەمبكاتەوە. رۆڵە…! ئەوەی من ئێستا دەیكەم بۆ نەوەی ئایندەیە… من دەڕۆم و لە ژیان نامێنم. رۆژێك دادێت ئەم بەندەرانە دەبێتە هۆی سەرچاوەیەكی گەورەی ژیانی عەشیرەتەكەمان… رۆژێك دادێت بە سەدان كەشتی گەورە دێنە ئەم بەندەرە، لەبری هەر كەشتییەكیش گوژمێكی زۆر پارە وەردەگرین.
پێشبینی (میر راشد) زۆر دووربینانە بوو. ئەو لە خەمی ئایندەی میللەتەكەی خۆی بوو. ئەوسا ئەمارەت، زۆر دواكەوتوو بوون. ئەمارەتێك ژیانیان لەسەر شیرو پشتی حوشتر بوو، كەچی دوای 30 ساڵ ئەمڕۆ بۆتە نموونەی وڵاتانی پێشكەوتووی دنیا. وڵاتان لاسایی دەكەنەوە.
ئایا میرنشینێكی وەكو دوبەی هەزار جار باشتر نییە لە وڵاتێكی وەكو (عیراق، سوریا، میسر، جەزائیر، یەمەنو سودان)ی بەناو كۆماری و جارجارەش بەناو سۆسیالیستی..؟؟ سەركردەكانی وڵاتێكی شانشین كە ژیان و ئاسایش و حورمەتی زۆری بۆ میللەتەكەی مسۆگەر كردووە، جێی شانازیی نییە…؟ ئایا سەركردەی لەو جۆرانە جێی تەقدیرو پیاهەڵدان نین؟ خۆزگە كوردستانیش لە ماوەی ئەو بیست و پێنج ساڵەی رابردوودا لەبری ململانێی ناشەرعیی حزبیی لەسەر دەسەڵات، خزمەتی زیاتری گەل و كوردستانمان بكردایە.
منێك كە زیاتر لە پەنجا ساڵی تەمەنی لاوێتی خۆم بۆ ئایدیۆلۆژیای چەپ و ماركسی تەرخان كرد، بەپێی قەوارەی تێگەیشتنی ئەوسای خۆم و رێكخراوەكەم، سەربازێكی توندڕەوو گیانبەخشی ئەو ڕێگایە بووم، ئێستا دەڵێم:
«خۆزگە رۆژێك دادەهات كوردستانیش دەبووە نموونەی وڵاتێكی شارستانی و خۆشگوزەرانی خەڵكەكەی، با سیستەمی حوكمڕانییەكەش پاشانشین بێت».
15/01/2020