Draw Media

وه‌همی نوێگه‌ری و واقیعی كۆنه‌پارێزی 

وه‌همی نوێگه‌ری و واقیعی كۆنه‌پارێزی 

2020-01-15 21:58:07


 عەتا قەرەداخی

‌     ئایا په‌یوه‌ندیی نێوان دابونه‌ریت‌ و سیاسه‌ت چۆن دیاری ده‌كرێت؟ ئایا كام له‌م دووانه‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌دا كاریگه‌ریی ئاشكرا و له‌به‌رچاوی له‌سه‌ر ئه‌وی تریان هه‌یه‌؟ ئایا كام له‌و دوو بۆچوونه‌ نزیكترن له‌ راستی؟ ده‌بێ سیاسه‌ت كۆنترۆڵی هه‌موو كۆمه‌ڵگه‌ بكات به‌ دابونه‌ریت‌ و عورفی كۆمه‌ڵایه‌تیشه‌وه‌‌ و له‌ بارێكی وه‌هاشدا دابونه‌ریت ئاماده‌بوونێكی ئه‌وتۆی نه‌مێنێت؟ یان دابونه‌ریت كۆنترۆڵی سیاسه‌ت بكات‌ و ئه‌و سیاسه‌ته‌ی ملكه‌چی دابونەریت نه‌بێت، ئه‌وا دزێو‌ و ناشیرین ده‌ربكه‌وێت‌ و نه‌توانێت مانه‌وه‌ی خۆی مسۆگه‌ر بكات؟
دیاره‌ كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی وه‌كوو كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی داخراو و دواكه‌وتووی په‌راوێزی مێژوو، وه‌كوو كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی پێكهاته‌ خێڵایه‌تی ‌و ئایینیی داخراو، ئه‌وه‌نده‌ی دابونه‌ریت ‌و عورف تێیدا باڵاده‌سته‌، ئه‌وه‌نده‌ سیاسه‌ت به‌ مانای راسته‌قینه‌ی سیاسه‌ت، چ وه‌كوو زانستی سیاسی‌ و چ وه‌كوو سیاسه‌تی رۆژانه‌ و كاری حزبیش باڵاده‌ست نییه‌ و سه‌رباری خه‌ریكبوونی خه‌ڵكێكی زۆر به‌ سیاسه‌ته‌وه‌، سیاسه‌ت له‌چاو هێزی دابونه‌ریت‌ و عورفدا ئاماده‌بوونێكی لاوازی هه‌یه‌. دیاره‌ ئه‌وه‌ ئاشكرایه كه‌ دابونەریت به‌رهه‌می ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تیی هه‌ر پێكهاته‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ له‌ یه‌كه‌ سه‌ره‌تایی‌ و بچووكه‌كانی پێكهێنه‌ری كۆمه‌ڵگاوه‌، تا یه‌كه‌ و دامه‌زراوه‌ باڵا َكۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان. دیاره‌ ئه‌وه‌ش ئاشكرایه‌، كه‌ دابونەریت له‌ روانگه‌ی مۆدێرنیزم‌ و مۆدێرنێته‌وه‌، كه‌ خاسێتیی كۆمه‌ڵگه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی دابونەریته‌، به‌ خاسێتی سه‌ره‌تایی یان خاسێتی كۆمه‌ڵگه‌ سه‌ره‌تایی‌ و دواكه‌وتووه‌كان داده‌نرێت، كه‌ ده‌شێ كۆمه‌ڵگه‌ی خێڵایه‌تی یان ئایینیی داخراو بگرێته‌وه‌. بێ گومان ده‌بێ بزانین ئه‌وه‌ی له‌ كۆمه‌ڵگه‌ نه‌ریتییه‌كاندا كار ده‌كات‌ و په‌یوه‌ندییه‌كان رێك ده‌خات‌ و ئاراسته‌ جووڵه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان دیاری ده‌كات، ئه‌وه‌ دابونه‌ریت‌ و عورفی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌، كه‌ رۆڵی دابونه‌ریت‌ و عورف زۆربه‌ی كات نه‌ك هه‌ر ده‌كه‌وێته‌ پێش یاسا و ده‌ستووره‌وه‌، به‌ڵكوو ده‌كه‌وێته‌ پێش شه‌رع‌ و بنه‌ماكانی ئایینیشه‌وه‌.
راسته‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا له‌مێژه‌ باسی سیاسه‌ت ده‌كرێت‌ و زۆریش باسی دیموكراسی‌ و ئازادی‌ و كرانه‌وه‌ به‌ رووی دنیای نوێ‌ و هاوچه‌رخدا ده‌كرێت‌ و به‌ حیسابیش له‌مێژه‌ شار له‌ كوردستاندا دروست بووه‌‌ و به‌و پێیه‌ش ده‌بێ كۆمه‌ڵگه‌ی شار ئاماده‌بوونی هه‌بێت. دیاره‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی شار و له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی شاردا، په‌یوه‌ندییه‌كان ئاراسته‌یه‌كی ئاسۆییان هه‌یه‌ و په‌یوه‌ندیی شێوه‌ هه‌ره‌می كۆتایی دێت‌ و هه‌ر كه‌سه‌ له‌سه‌ر بنه‌ما و ئاستی ئاماده‌بوونی خۆی جێگه‌ و پێگه‌ی ده‌بێت له‌ كۆمه‌ڵگه‌دا و له‌ بارێكی وه‌هاشدا، واته‌ له‌ زه‌مینه‌ی شاردا، تاكه‌كه‌سی خاوه‌ن شوناس بوونی ده‌بێت. دیاره‌ بوونی تاكه‌كه‌سی خاوه‌ن شوناس ده‌توانێت ئاراسته‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان بگۆڕێت، له‌ په‌یوه‌ندیی لادێ، یان خێڵ‌ و عه‌شیره‌ته‌وه‌، بۆ په‌یوه‌ندیی شار. له‌ په‌یوه‌ندیی شاریشدا په‌یوه‌ندییه‌كان به‌ یاسا رێك ده‌خرێن‌ و هه‌موو كه‌س ئه‌رك‌ و مافی خۆی ده‌زانێت. دیاره‌ كاتێك چه‌مكی ئه‌رك ‌و ماف ده‌بێت به‌ چه‌مكێكی جێگیر و كارپێكراو له‌ كۆمه‌ڵگه‌دا، ئیتر شوێن‌ و پێگه‌ی دابونه‌ریت‌ لاواز ده‌بێت‌ و كه‌س له‌به‌ر خاتری كه‌سێكی تر كارێك ناكات، یان هه‌نگاو نانێت. كه‌واته‌ به‌ئاشكرا ده‌بینین، ئه‌وه‌ی تاكوو ئێستا له‌ كوردستاندا ده‌گوزه‌رێت، ئه‌وه‌نده‌ی به‌رهه‌می دابونه‌ریت‌ و عورفی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌، ئه‌وه‌نده‌ به‌رهه‌می یاسا و په‌ره‌سه‌ندن‌ و ته‌نانه‌ت سیاسه‌ت‌ و حزبایه‌تیش نییه‌. هه‌ر ئه‌مه‌شه‌ وا له‌ ئێمه‌ ده‌كات، كه‌ بڵێین دابونه‌ریت‌ و عورف، كه‌ به‌رهه‌م‌ و ده‌رهاوێشته‌ی ژیانی راسته‌قینه‌ی كۆمه‌ڵگه‌یه‌، تاكوو ئێستا نه‌ك هه‌ر به‌ زیندوویی ماونه‌ته‌وه‌، به‌ڵكوو رۆڵ‌ و كاریگه‌ریی ئاشكرا و له‌به‌رچاویان هه‌یه‌. ته‌نانه‌ت رۆڵ‌ و كاریگه‌ریی دابونه‌ریت‌ و عورف وای كردووه‌، كه‌ كه‌سێتیی دامه‌زراوه‌ نوێیه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ له‌ حزب‌ و ده‌سته‌ و گرووپ‌ و كۆی ئه‌و رێكخراوانه‌ش كه‌ خۆیان به‌ رێكخراوی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی ناو ده‌به‌ن، لاواز و په‌راوێزیی بێت‌ و وه‌كوو پاشكۆی دامه‌زراوه‌ ته‌قلیدییه‌كان، یان ئه‌ڵته‌رنایتیفی ئه‌وان ده‌ربكه‌ون‌ و ته‌نانه‌ت له‌ شێوازی كاركردنیشدا هه‌ست بكرێت، كه‌ هه‌مان عه‌قڵ‌ و به‌رنامه‌ و په‌یڕه‌و به‌ڕێوه‌یان ده‌بات، كه‌ عه‌قڵ‌ و به‌رنامه‌ و په‌یڕه‌وی دامه‌زراوه‌ ته‌قلیدییه‌كان، یان كۆمه‌ڵگه‌ی ته‌قلیدییه‌ به‌گشتی.
لێره‌وه‌ تێده‌گه‌ین، كه‌ هه‌ژموونی دابونه‌ریتی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا، وه‌كوو كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی دواكه‌وتووی په‌راوێزی مێژوو، به‌ جۆرێك به‌هێزه‌، كه‌ كۆنه‌ستی كۆمه‌ڵایه‌تیی داگیر كردووه‌ و ته‌نانه‌ت ئه‌و نوخبه‌یه‌شی، كه‌ ئیدیعای ده‌ربازبوون له‌ هه‌ژموونی دابونه‌ریت‌ و عورف ده‌كه‌ن، یان ته‌نانه‌ت خۆیان وه‌كوو دژ و نه‌یاری دابونه‌ریت و عورف نیشان ده‌ده‌ن‌ و پێیان وایه‌ ده‌بێ خه‌بات بكرێت له‌پێناو ده‌ربازكردنی كۆمه‌ڵگه‌ له‌ رۆڵ‌ و فشار و هه‌ژموونی دابونه‌ریت‌ و عورف، خۆیشیان زۆربه‌ی كات بێئاگایانه‌ ده‌كه‌ونه‌وه‌ ژێر كاریگه‌ریی هه‌مان هێز و فشاره‌وه‌‌ و هه‌مان شێوه‌ی به‌شه‌ فراوانه‌كه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ ده‌جووڵێنن‌ و كار ده‌كه‌ن، كه‌ یان به‌ پیرۆز و گرنگ سه‌یری دابونه‌ریت‌ و عورفی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌كه‌ن، یان هه‌ر هیچ نه‌بێت ئاسایی سه‌یری ده‌كه‌ن‌ و ره‌نگه‌ پێشیان وابێت، بۆ ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ له‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ و تێكچوون بپارێزرێت، پێویست به‌وه‌ بكات، كه‌ هه‌مووان ده‌ست به‌ دابونه‌ریت‌ و عورف‌ و ئه‌و ئه‌خلاق‌ و بنه‌مایانه‌وه‌ بگرن، كه‌ له‌ رابردووه‌وه‌ كۆمه‌ڵگه‌ی له‌سه‌ر رۆیشتووه‌ و ته‌نانه‌ت له‌ هه‌ندێ ئاستدا په‌یوه‌ست بوون به‌ هه‌موو خاسێته‌ ته‌قلیدییه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌وه‌، وه‌كوو جۆرێك له‌ ئیلتیزامكردن بۆ پاراستنی بوون‌ و شوناس سه‌یر ده‌كرێت. هه‌ر له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌م تێڕوانینانه‌شه‌، كه‌ سیمای ئاشكرای ململانێی نێوان نه‌وه‌كان ده‌رده‌كه‌وێت، كه‌ زیاتر به‌ ململانێ‌ و ناكۆكیی نێوان نه‌وه‌ی كۆن‌ و نوێ داده‌نرێت. كۆنێك، كه‌ خۆپارێزه‌ و ده‌یه‌وێت هه‌موو شتێك له‌ جێگای خۆیدا بمێنێته‌وه‌، یان ته‌نانه‌ت هه‌نگاوی به‌ره‌و رابردوو بنرێت، بۆ زیندووكردنه‌وه‌ی هه‌ندێ له‌و پیرۆزی‌ و خاسێته‌ له‌ده‌ستچووانه‌ی كه‌ ئێستا نه‌ماون، نوێیه‌كیش، كه‌ ده‌یه‌وێت نه‌ك هه‌ر هێڵێكی راست ‌و چه‌پ به‌سه‌ر هه‌موو رابردوودا بهێنێت، به‌ڵكوو ده‌یه‌وێت كۆی عه‌قڵ‌ و ره‌فتار و دابونه‌ریت‌ و عورف‌ و شێوازی بیركردنه‌وه‌ و روانینی رابردوو بۆ ژیان بڕووخێنێت‌ و له‌ شوێنی ئه‌وانه‌دا، نوێیه‌ك به‌ دید و بۆچوونی حه‌زی خۆی بنات بنێت، كه‌ ئه‌وه‌ش به‌ تاكه‌ رێگای گۆڕینی كۆمه‌ڵگه‌ ده‌زانێت.
كوردستان له‌سه‌ر دوو ئاست له‌ ململانێی نێوان كۆن‌ و تازه‌دا ده‌ژی. یه‌كه‌میان ئاستی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌، واته‌ چۆن نه‌وه‌ی نوێ ده‌یه‌وێت رابردوو ره‌ت بكاته‌وه‌ و له‌ شوێنی ئه‌ودا نوێ بینا بكات، واته‌ نوێ به‌پێی روانین‌ و لێتێگه‌یشتنی خۆی. دووه‌میشیان ئاستی ململانێی نێوان كۆن‌ و نوێی بواری سیاسه‌ته‌. مێژووی سیاسی له‌ كوردستاندا مێژوویه‌كی ئه‌وه‌نده‌ درێژ نییه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا مێژوویه‌كی پڕ له‌ ململانێیه‌ له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆ، كه‌ ئه‌ویش ئه‌گه‌ر له‌ ئاستێكدا ململانێی نێوان بیروباوه‌ڕ و ئایدیۆلۆجیا جیاوازه‌كان بووبێت، ئه‌وا له‌ ئاستێكی تردا ململانێی نێوان كۆن‌ و نوێیه‌، له‌نێوان هه‌ڵگرانی هه‌مان به‌رنامه‌ و بیر و ئایدیۆلۆجیادا، كه‌ ئه‌مه‌ش كۆن‌ و نوێی ته‌مه‌نه‌، كه‌ زیاتر مه‌به‌ست كۆن و نوێی عه‌قڵ و دید و تێڕوانینه‌ بۆ ژیان و بۆ دنیا. له‌ كوردستاندا ئه‌وه‌ی كه‌ وه‌كوو مێژووی سیاسی بشێ سه‌یر بكرێت ئه‌و مێژووه‌یه‌، كه‌ له‌گه‌ڵ درووستبوون‌ و ده‌ركه‌وتنی حزبدا ده‌ست پێده‌كات كه‌ ئه‌ویش ته‌مه‌نی نزیكه‌ی سێ چاره‌كه‌ سه‌ده‌یه‌ك ده‌بێت. سه‌ره‌تای درووستبوونی ژیانی حزبایه‌تی له‌ كوردستاندا له‌لایه‌ن نوخبه‌ی خوێنده‌واری كورده‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات، كه‌ ئه‌مه‌ش ئه‌و ده‌لاله‌ته‌ هه‌ڵده‌گرێت، كه‌ حزب له‌ كوردستاندا له‌ دروستبوونییه‌وه‌ به‌رهه‌م‌ و دروستكراوی نه‌وه‌ی نوێ بووه‌، چونكه‌ ئه‌وه‌ ئاشكرایه‌، له‌ هه‌ر قۆناغێكی مێژووییدا سه‌یر بكه‌یت، نوخبه‌ی خوێنده‌وار وه‌كوو نوێنه‌ری نوێ‌ و گۆڕانكاری‌ و نه‌یاری عه‌قڵی به‌ستووی كۆمه‌ڵگه‌ خۆی نماییش ده‌كات‌ و وای نیشان ده‌دات، داواكاری بنیانتنانی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی نوێیه‌، واته‌ كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك له‌ده‌ره‌وه‌ی هه‌ژموونی عه‌قڵی رابردوو، رزگاركراو له‌ هه‌ژموونی دابونه‌ریت‌ و عورفی كۆمه‌ڵایه‌تی، كه‌ هه‌موویان خاسێتیی كۆمه‌ڵگه‌ی ته‌قلیدین. له‌ كوردستانیشدا دروستبوونی حزب هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ به‌و جۆره‌ بووه‌ و هه‌ر چۆن له‌ڕاستیدا حزب دامه‌زراوه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی شار و هاوچه‌رخه‌، به‌ هه‌مان شێوه‌ له‌ كوردستانیشدا حزب هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ وه‌كوو دامه‌زراوه‌یه‌ك بۆ له‌ئه‌ستۆگرتنی ئه‌ركی گۆڕانكاری‌ و بیناكردنی نوێ دروست بووه‌، كه‌ ئه‌وه‌ش ده‌شێ دوو ئاستی گرتبێته‌وه‌، كه‌ یه‌كه‌میان رزگاركردنی كوردستان بووه‌ له‌ ده‌ستی داگیركه‌ران، دووه‌میشیان رزگاركردنی كۆمه‌ڵگه‌ بووه‌ له‌ عه‌قڵ‌ و كو‌لتوور و دابونه‌ریتی دواكه‌وتووی رابردوو. ئیتر چه‌ندێ ئه‌وه‌ی به‌كرده‌وه‌ پیاده‌ كردبێت یان نا، ئه‌وه‌یان بابه‌تێكی تره‌.
دیاره‌ مێژوو ئاسایی ره‌وتی خۆی ده‌كات، به‌ڵام ناكرێت رۆڵ‌ و كاریگه‌ریی هێز و عه‌قڵ‌ و روانینی ده‌سته‌ و گرووپ‌ و نوخبه‌ی پێشه‌نگی كۆمه‌ڵگه‌ پشتگوێ بخرێت، كه‌ زۆر جار رۆڵی ئه‌مان له‌ چالاككردنی هێزی گۆڕانكاری‌ و به‌ره‌وپێشه‌وه‌ جووڵاندنی كۆمه‌ڵگه‌دا گرنگ‌ و پڕبایه‌خ ده‌بێت. دیاره‌ هه‌میشه‌ش ئه‌م هێزانه‌ له‌به‌رامبه‌ر هێزی كۆنه‌پارێزی كۆمه‌ڵگه‌ له‌ ململانێدا ده‌بن، كه‌ عه‌قڵ‌ و دابونه‌ریت‌ و عورف‌ و ئه‌خلاقی رابردوو پاڵنه‌ر و بزوێنه‌ریەتی. هه‌روه‌ك كاتێك رووبه‌ری حزبیش له‌ كوردستاندا فراوان بوو، هه‌مان ململانێكانی نێوان كۆن‌ و نوێ له‌و رووبه‌ره‌شدا ره‌نگی دایه‌وه‌ و ئاماده‌بوونی خۆی نواند. ده‌شێ زۆر لە كێشه‌كانی ناو دامه‌زراوه‌ی حزب له‌ كوردستاندا، په‌یوه‌ندیی به‌ ناكۆكیی نێوان كۆن‌ و نوێوه‌ هه‌بێت، نه‌ك به‌رنامه‌ و ئایدیۆلۆجیا‌ و ستراتیژ. بۆ نموونه‌، ئه‌گه‌ر له‌ رووی راستییه‌وه‌ سه‌یری ئه‌و ململانێ‌ و ناكۆكییانه‌ بكه‌ین، كه‌ له‌ ساڵانی شه‌سته‌كاندا جه‌سته‌ی پارتی دیموكراتی كوردستانی گرته‌وه‌، ئه‌وا ناتوانین بیسه‌لمێنین، كه‌ جیاوازیی بیر و بۆچوون‌ و ئایدیۆلۆجیا و ستراتیژی كاركردن هۆكار بووه‌ بۆ ئه‌و ناكۆكی‌ و ململانێیه‌، كه‌ دواجار دابه‌شبوونی لێ كه‌وته‌وه‌، به‌ڵكوو له‌ڕاستیدا هۆكارێك هه‌میشه‌ له‌ ململانێكانی نێوخۆی حزبی كوردیدا ئاماده‌یه‌، ئه‌ویش ناكۆكی‌ و ململانێی نێوان نه‌وه‌ی كۆن‌ و نه‌وه‌ی نوێیه‌. نه‌وه‌ی كۆن پێی وایه‌ خۆی ره‌وایه‌تیی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ تا له‌ ژیاندا بێت ده‌بێ ئه‌و خاوه‌نی هه‌موو ده‌سه‌ڵات‌ و بڕیارێك بێت‌ و ناتوانێت دان به‌ بوونی نه‌وه‌ی نوێدا بنێت، نه‌وه‌ی نوێش پێی وایه‌ سه‌رده‌می نه‌وه‌ی كۆن به‌سه‌ر چووه‌ و ئه‌و ناتوانێت له‌ پێداویستییه‌كانی سه‌رده‌می نوێ تێبگات‌ و ناتوانێت به‌پێی پێداویستییه‌كانی ژیانی نوێ‌ و سه‌رده‌می نوێ كار بكات‌ و حزب‌ و ته‌نانه‌ت كۆمه‌ڵگه‌ش به‌ڕێوه‌ ببات.
دیاره‌ نه‌وه‌ی كۆن ره‌گ‌ و ریشه‌ی له‌ خاكدایه‌ و ئه‌زموون‌ و هێز و هه‌ژموونێكی جێگیر و پته‌وتری هه‌یه‌ له‌چاو نه‌وه‌ی نوێ و ئه‌وه‌ش زۆرجار وا ده‌كات، له‌ ململانێكانی نێوان دامه‌زراوه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ و حزبیشدا له‌ كوردستاندا هه‌ژموونی نه‌وه‌ی كۆن باڵاده‌ستتر ده‌ربكه‌وێت‌ و زۆربه‌ی كات بوار بۆ نه‌وه‌ی نوێ نه‌كاته‌وه‌، كه‌ بوونی خۆی بسه‌لمێنێت، نه‌وه‌ی نوێش له‌به‌ر كه‌مئه‌زموونی و لاوازیی توانا و ئاستی تێگه‌یشتن و نه‌توانینی لێكدانه‌وه‌ و خوێندنه‌وه‌ی واقیع وه‌كوو ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌یه‌، زۆربه‌ی كات له‌به‌رده‌م نه‌وه‌ی پێشتردا وه‌كوو به‌زیو یان پاشه‌كشه‌كردوو ده‌رده‌كه‌وێت. ئه‌مه‌ش وای كردووه‌، زۆربه‌ی كات سه‌ربای ململانێی سه‌ختی نێوان ئه‌و دوو نه‌وه‌یه‌، نه‌وه‌ی نوێ له‌گه‌ڵ هه‌ژموونی سه‌ختی نه‌وه‌ی كۆندا رابێت‌ و هه‌ڵبكات‌ و به‌ جۆرێك خۆی بداته‌ ده‌سته‌وه‌. ده‌شێ ئه‌مه‌ش یه‌كێكە له‌ هۆكاره‌ سه‌ره‌كییه‌كانی لاوازیی ئاستی نوێبوونه‌وه‌ و گۆڕانكاری له‌ كوردستاندا، چ له‌سه‌ر ئاستی كۆمه‌ڵایه‌تی‌ و چ له‌سه‌ر ئاستی سیاسی. ئه‌و نه‌وه‌ نوێیه‌ی، كه‌ له‌ شه‌سته‌كاندا له‌ سه‌ركردایه‌تیی بارزانی جیابوونه‌وه‌، پاشان به‌ناچاری هاتنه‌وه‌ ژێر سایه‌ی هه‌ژموون‌ و ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و. ئه‌و نه‌وه‌ نوێیه‌ی، كه‌ له‌ یه‌كێتیی نیشتمانیدا، چه‌ند جار یاخی بوون‌ و له‌ شێوازی ده‌سه‌ڵاتی باوكسالاری‌ و ئیلهام وه‌رگرتوو له‌ دابونه‌ریت‌ و عه‌قڵی باوی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیی سه‌ركردایه‌تیی تاڵه‌بانی بێزار بوون، نه‌ك هه‌ر هاتوونه‌ته‌وه‌ ژێر سایه‌ی ئه‌و هه‌ژموون‌ و ده‌سه‌ڵات‌ و عه‌قڵه‌وه‌، به‌ڵكوو له‌گه‌ڵ رۆیشتنی كاتدا خۆیشیان بوونه‌ته‌ به‌شێك له‌و عه‌قڵ‌ و میتۆدی كاركردنه‌ی، كه‌ پێشتر لێی یاخی بوون. ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ ده‌سه‌لمێنێت، له‌ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی ته‌قلیدیی وه‌كوو ئێمه‌دا، یاخیبوون له‌ ده‌سه‌ڵاتی باوك‌ و یاخیبوون له‌ دابونه‌ریت‌ و عورفی ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌یه‌ ئاسان نییه‌ و ئه‌وانه‌یشی، كه‌ دروشمی خه‌باتیان بۆ گۆڕینی ریشه‌ی ئه‌و كو‌لتوور و دابونه‌ریته‌ هه‌ڵگرتووه‌، خۆیان له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و یاسا و رێسایانه‌دا ده‌جووڵێن، كه‌ به‌رهه‌می ئه‌و دابونه‌ریت‌ و كولتوور و عورفە‌یه‌.
كه‌واته‌ ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ بۆ سه‌ره‌تای باسه‌كه‌، ئێمه‌ چه‌ندێ ئیدیعای نوێبوونه‌وه‌ و گۆڕانكاری‌ و رووخاندنی بنه‌ما ته‌قلیدییه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ و دابونه‌ریت‌ و عه‌قڵی باو و باڵاده‌ستی كۆمه‌ڵگه‌ بكه‌ین، ده‌ربازبوونمان له‌ هه‌ژموونی ئه‌و خاسێتانه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ هه‌روا ئاسان نییه‌، چونكه‌ ئێمه‌ له‌ رووی نه‌سته‌وه‌ ئاماده‌یی خۆگۆڕین‌ و گۆڕانكاریی ریشه‌ییمان نییه‌ و ده‌توانم بڵێم، له‌ بارێكی تردا هه‌موومان به‌ جۆرێك خۆپارێز و نەریتپارێزین.


 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand