Draw Media

دابەشكردنی عێراق بۆ سێ پارچە یاخود‌ چوار پارچە؟

دابەشكردنی عێراق بۆ سێ پارچە یاخود‌ چوار پارچە؟

2020-01-14 15:39:28


 كامەران مەنتك   
زۆر لەوانەی دەربارەی ئەگەرەكانی دابەش بوونی ئێراق دەنووسن و داخێون، هەمیشە باس لە دابەش بوونی ئەو‌ وڵاتە دەكەن لەسەر بنەمای ئەتنیكی و ئاینزایی، واتە دابەشكردنی بۆ سێ پارچە، كوردو شیعەو سوننە!. ئەم بیركردنەوە تەقلیدیە بە كەسانی ئاسایی نەوەستاوە و تەنانەت زۆر لە هزرمەندو سیاسەتمەداری گەورەش لەو چوارچێوەیەدا بیردەكەنەوە‌!. لە راستیدا ئەم بیرۆكەیە بنەمایە لەسەر تێڕوانینیكێ سەرپێ و نەبوونی شارەزاییەكی قووڵ دەربارەی ئێراق و پشت بە شێوازی دامەزراندنی ئێراق دەبەستێت لەسەر بنەمای هاوكێشەی (كورد + سوننه ‌= شیعە). لەبەرئەوەی شیعە لە ئێراقدا زۆرینە پێكدەهێنن و بە تەنیا و لە رێگای دیموكراتیەوە دەتوانن بە بێكوردو سوننە ئەو بڕیارانەی بیانەوێت بیدەن، دوا دانیشتنی پەرلەمانی ئێراق و بڕیاردان لەسەر دەركردنی هێزەكانی ئەمریكا لە ئێراق راستی ئەم بۆچوونە دەسەلمێنێت.

بۆ شیكردنەوەی ئەم بۆچوونە بەرلەهەموو شتێك پێویستە ئاماژە بە هۆكارەكانی دابەشكردنی ئێراق بكرێت، كە نەگونجان و نەبوونی كەلتووری بەیەكەوە ژیان و یەكتر قبووڵكردنە، ئەمە سەرباری جیاوازی قووڵایی ستراتیژی هەریەك لەو پێكهاتانە، كە بۆتە سۆنگەی دەستتێوەردانی هەرێمی و بەرژەوەندی زۆر دەوڵەتی لەم ناوچەیە چڕكردۆتەوە!. سوننە بۆ ماوەی هەشتا ساڵ حوكمی ئێراقی كرد، كوردو شیعە لەو ماوەیەدا سەركوت كران، دوای رووخانی رژێمی سەدام شیعە هەموو وڵاتەكەی وابەستەی ئێران كرد و كوردو سوننەی پشتگوێخست!. لەبەرئەوەی لە بنەڕەتدا ئێراق هێندەی لەسەر پاراستنی بەرژەوەندی زلهێزەكانی ئەو كاتە دروستكراوە، هێندە رەچاوی سەقامگیری و بەیەكەوە ژیانی خەڵكەكەی نەكراوە. واتە ئێراق لە بنەڕەتدا لەسەر بنەمایەكی پووچ بوونیاتكراوەو ئەوەی لەسەر پووچیش بوونیات بنرێت هەمیشە پووچ دەردەچێت. لەگەڵ ئەو پووچیەشدا دابەشكردنی ئێراق كارێكی وا ئاسان نیەو پەیوەندی بە مەنزومەیەكی هەرێمی و جیهانیەوە هەیە. ئەگەر گریمانی ئەوە بكەین ئەو مەنزومەیەش گۆڕانكاری بەسەر داهات و ئەو دەرفەتەی هێنایە پێشەوە، ئەوا دابەشكردنی ئێراق لەسەر بنەمای سێ پارچە سەركەوتن بە دەست ناهێنێت، چونكە دەوڵەتی شیعەكان دوو هێندەی دەوڵەتی كوردو سوننە دەبێت و هەمیشە هەوڵی لرف كردنیان دەكات. چونكە ئەو دوو پارچە بە بە بەشێك لەخۆی دەزانێت و هەمیشە هەوڵی گەڕانەوەیان دەدات!. بە لایەنی كەم لە قۆناغی سەرەتایی دابەشكردنەكە‌، ئەگەر بێتوو دابەشكردنەكە كۆگیر نەبێت و دەوڵەتانی تری هەرێمەكەش، وەكو ( توركیاو ئێران و سوریا ) نەگرێتەوە!.

بۆیە لە پێناو هێنانەدی سەقامگیری دەبێت شیعەكانیش بكرێن بە دوو پارچە، لەبەرئەوەی لە بنەڕەتدا ئەوان لەسەر بنەمای یەكەكەی دوو بەقەدەر كوردو سوننە هاوسەنگیان پێكراوە، واتە (كورد + سوننه ‌= شیعە). ئەگەر بمانەوێت دابەشكردنە هاوسەنگ بێت دەبێت هاوكێشەكە بەم شێوەیەی خوارەوە دابڕێژرێتەوە (كورد + سوننە + شیعە +شیعە= سەقامگیری)، چونكە شیعەكانیش لەناوخۆیاندا كێشەیان هەیەو بە شێك بۆ قووڵایی عەرەبی دەگەڕێنەوەو بەشەكەی تریشیان بۆ قووڵایی فارسی!. بۆیە باشترین چارەسەر دابەشكردنی ئێراقە بۆ چوار پارچە، ناوەڕاست و باشوور بكرێت بە دوو پارچە بەغداشیان لەگەڵ بێت، كوردو سوننەكانیش هەریەكەی لە ناوچەی خۆی. ئەگەر ئەوەش هاتنە دی ئاستەنگ بوو، ئەوا دەكرێت بەغدا وەكو ئێستا بە سەنتەر بمێنێتەوە پارچەكانی تریش لەسەر بنەمای كۆنفیدڕاڵی رێككەوتنێك ئەنجام بدەن!. یاخود بەغداش بە تەنیا لەسەر شێوەی دەوڵەتانی كەنداو بكرێت بە دەوڵەتێكی سەربەخۆ، ئەو كاتە ئێراق دەبێت بۆ پێنج پارچە دابەش بكرێت!. هەرچەندە لە هەموو حالەتەكاندا ئەم پارچەكردنە بە بێ قوربانیدانی زۆر نایەتە بەرهەم و لە رووی جیۆپۆلەتیكشەوە دەروازەی دەریای ئەو ناوچەیە (شاری بەسرە) دەخاتە بەردەستی شیعەكان، ئەمەش بە شێوەیەك لە شێوەكان كاریگەری لەسەر زیادكردنی هەژموونی هەرێمی ئێران دەبێت!.

 

 

ئەو وتارانەی لە (درەو) بڵاودەبنەوە تەنها گوزارشتە لە بۆچونی لخاوەنەكەیان و ( درەو ) بەرپرس نیە لە ناوەڕۆكەكەی

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand