Draw Media

دیدێكی پێشوەخت بۆ هەڵبژاردنەكانی 2018ی عێراق

دیدێكی پێشوەخت بۆ هەڵبژاردنەكانی 2018ی عێراق

2018-04-27 17:05:27


رەند رەحیم
وەرگێڕانی: نامیق رەسوڵ 
12ی ئایاری 2018 هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەدەچێت، كە لە هەمانكاتدا بەردەوامیی و گۆڕانكاریی بەرجەستەدەكات، لە كەشێكی زۆر ناتەبادا، هەڵبژاردن لەسایەی ئەو وێرانكارییەدا بەڕێوەدەچێت كە شەڕ لەگەڵ داعش بەجێیهێشتووە لەگەڵ ئەو ناكۆكیی و ناتەباییە مەترسیدارەی لە نێو حزبە شیعە حكومڕانەكاندا هەیە، لەبەرئەوە دەنگدان لە 12ی ئایاردا وەكو تاقیكردنەوەیە بۆ وڵات بە دوای چەند ساڵێكی كەمی ئاڵۆزی و پشێوی.
بە جیاوازییەكی كەم، هەمان یاریزانەكانی كە پێشتر سەرۆكایەتی گۆڕپانی سیاسی عێراقیان لە هەڵبژاردنەكانی 2006ەوە كۆنترۆڵكرد، هەژمونیان بەسەر هاوپەیمانێتییەكانی ئەم هەڵبژاردنەشەوە هەیە، هەرچەندە دەموچاوەكان وەك خۆیان ماون، بەڵام گۆڕانكاری گەورە لە هاوپەیمانێتییەكاندا روویداوە، دیارترینیان دابەشبوونی هێزی شیعەكانە كە دەسەڵاتداربوون لە شانۆی سیاسیدا.
هاوپەیمانی شیعەكان
ساڵی 2014 حزبە شیعەكان لە رێگەی سێ كۆمەڵەوە ركابەرییان كرد بۆ بەدەستهێنانی كورسییەكانی پەرلەمان" هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا كە نوری مالیكی سەرۆكایەتی دەكات، كە پاشان ئەندامانی رێكخراوی بەدریش چوونە پاڵی، هاوپەیمانێتییەكی تر بە رابەرایەتی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامیی عێراق و هاوپەیمانێتییەك بە سەرۆكایەتی موقتەدا سەدر.
دوای چەند هەوڵێكی شكستخواردوو بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانێتییەكی یەكگرتوو، شیعەكان لە هەڵبژاردنی 2018دا بە پێنج هاوپەیمانێتی بەشداری دەكەن: هاوپەیمانی " النصر" بە سەرۆكایەتی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی ئێستا، ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆكایەتی نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق، هاوپەیمانی " الفتح" بە سەرۆكایەتی هادی عامری وەزیری پێشووی گواستنەوە و سەرۆكی رێكخراوی بەدر، هاوپەیمانی حیكمە بە سەرۆكایەتی عەممار حەكیم، هاوپەیمانێتی " سائرون" بە سەرۆكایەتی موقتەدا سەدر.
چەند موفاجەئەیەك لەم پێكهاتە نوێیانەدا هەیە، گرنگترینیان دابەشبوونی حزبی دەعوەیە لە یەك قەوارەی هەڵبژاردنەوە بۆ دوو قەوارە " هاوپەیمانی النصر و دەوڵەتی یاسا"، حزبی دەعوە لە ساڵی 205ەوە حاكمی فیعلی عێراقە و سێ‌ سەرۆك وەزیرانی عێراق لەو حزبە بوون، دانانی عەبادی وەك سەرۆك وەزیران لە ساڵی 2014دا ململانێی لەسەر دەسەڵات لەگەڵ نوری مالیكی كە پێش ئەو لەو پۆستەدا بوو لێكەوتەوە، ململانێ و ناكۆكییە بەردەوامەكانی هەردوولا بووە كەرتبوونی حزب كە لە كاتی ئامادەكاریی بۆ هەڵبژاردنەكاندا گەیشتە لوتكە، لە ئەنجامی ئەمەدا مالیكی و عەبادی دوو هاوپەیمانێتی جیایان پێكهێنا و كاندیدەكانی حزبەی دەعوە لەسەریان پێویست بوو یەكێكیان هەڵبژێرن، دیارنەمانی حزبی دەعوە پاشەكشێیەكی گەورەیە بۆ حزبەكە، بەڵام هەندێك لە ئەندامەكانی سورن لەسەر ئەوەی كە دوای هەڵبژاردن ریزەكانی حزبەكە یەكپێبگرنەوە، رەنگە ئەوە هیوایەكی كۆن بێت ژمارەیەكی زۆر لە شیعە نیگەران نین لەوەی ببینن حزبی دەعوە لاواز دەبێت و دەسەڵات لە دەستیدا نامێنێت.
هەروەها ئەنجومەنی باڵای ئیسلامیش دابەشبوون و جیابوونەوەیەكی تری ریزەكانی شیعەیە بۆ چەندین دەیە، گروپێكی ركابەری دیاری ناو حزبەی دەعوە بوون، بەڵام بە چەند ساڵێك بە شێوەیەكە گەورە لاوازكران و لە ساڵی 2012شدا  رێكخراوی بەدر باڵی سەربازی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی جیابووەوە و لە هەڵبژاردنی ساڵی 2014دا چووە پاڵ هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسای حزبی دەعوە.
ململانێی نێوان سەركرە گەنجەكان و ئەوانەی پێیان دەوترێت حەرەسی كۆنی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامیی لە تەمموزی 2017دا درزی خستە نێو ئەنجومەنی باڵای ئیسلامیی و عەممار حەكیم كە تووشی بێئومێدی بوو لە نەوەی گەورە و ویستی بۆ لاكردنەوە بەلای دەنگدەرانی گەنجدا لە ئەنجومەنی باڵای ئیسلامیی جیابووەوەو رەوتی حیكمەی نیشتمانی دامەزراند و بە هاوپەیمانێتییەكی تایبەت بە خۆی بەشداری هەڵبژاردنەكانی داهاتوو دەكات و هەر ئەو كاتەش سەركردە تەقلیدییەكانی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی لەگەڵ هێزەكانی پێشوو و رێكخراوی بەدر لەژێر چەتری هاوپەیمانی " الفتح" دا كۆبوونەوە كە لە ساڵی 2014ەوە ئامادەكاری بۆ دەكرێت، كە چاوەڕواندەكرێت زیاتر لە هاوپەیمانێتییەكانی تری شیعە جەماوەر بۆ لای خۆی رابكشێێت و رۆڵێكی یەكلاكەرەوە لە پێكهێنانی حكومەتی نوێدا بگێڕێت.
موقتەد سەدریش یەكێك بوو لە موفاجەئەكانی تر، سەدر كەهەڵمەتێكی لەدژی گەندەڵی دەستپێكردبوو- تا ڕادەیەك بەشێوازێكی هەڵخەڵەتێنەر- بەوتەی رەخەنگرانی و داوایدەكرد سیاسییە ناكاران لەرەگ و ریشەوە دەربهێنرێت و داوای دژایەتیكردنی تائیفیەتیشی دەكرد، پەیامە پۆپۆلیستیەكەشی دەنگدانەوەی زۆری لای عێراقییەكان هەبوو كە لەو سیاسەتانە نائومێدبوون كە تەنها خزمەتی خۆیان دەكەن.
لە تێكەڵبوونێكی چاوەڕوانەكراودا، رەوتەكەی سەدر هاوپەیمانێتییەكی لەگەڵ حزبی شیوعی پێكهێنا، ئەم شەراكەتە دوای دوو ساڵ لە هەماهەنگی نێوان سەدرییەكان و شیوعییەكان هات لە رێكخستنی خۆپیشاندانەكانی دژ بە گەندەڵی و تائیفیەت لە شارە گەورەكاندا، سەدر وەك شیوعییەكان وەك دەنگێكی بەهێز دژی دۆخی سیاسی دەركەوت، ژمارەیەك لە گروپە سوننە وشیعە بچوكەكان چوونە ناو ئەم هاوپەیمانێتییەوە، ئەوەش سروشتی تێپەڕێنەری ئاینەكانی پێبەخشی بە بەراورد بە لیستەكانی تر.
ئەمە چی دەگەیەنێت؟ لە ساڵی 2014دا هەرسێ‌ هاوپەیمانێتییە شیعەكە 155 كورسی پەرلەمانیان بەدەستهێنا، دەوڵەتی یاسا بە سەرۆكایەتی حزبی دەعوە 92 كورسی بەدەستهێنا، ئەنجومەنی باڵا 29 كورسی، سەدرییەكان 28 كورسی لەگەڵ شەش كورسی تری هاوپەیمانەكانیان، ئەمەش كەمتربوو لە ژمارەی داواكراوی كورسی بۆ پێكهێنانی زۆرینەی پەرلەمان كە 165 كورسییە، بۆئەوەش بۆ بەدەستهێنانی زۆرینە پێویستیان بە پشتیوانی كورد بوو.
لە هەڵبژاردنی داهاتوودا دەنگی شیعەكان بەسەر پێنج هاوپەیمانێتیدا دابەشدەبێت،  چاوەڕوان ناكرێت هیچ كامیان بتوانێت ژمارەیەكی زۆر كورسی بەدەستبهێنێت كە دەوڵەتی یاسا لە ساڵی 2014 بەدەستیهێنا، ژمارەیەكی زۆر لە چاودێران پێشبیندەكەن هاوپەیمانی النصر و دەوڵەتی یاسا و الفتح ئەنجامی وەك یەك و نزیك لە یەكەوە بەدەستبهێننن ئەوەش دەبێتە هۆی ركابەری و ململانێ لە نێوان سەركردە شیعەكان و وادەكات زیاتر پشت بە پشتیوانی هاوپەیمانێتییە سوننەكان و كوردییەكان ببەستن بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانێتی.
--------------
ركابەرە سوننەكان
سەركردە تەقلیدییەكانی سوننە زیاتر لە شیعەكان پەرت و ناكۆكترن و رووبەڕووی زۆرترین ئاڵنگاری دەبنەوە بەهۆی داگیركردنی ناوچەكانیان لەلایەن داعش و ئاوارەبوونی خەڵكەكەی، ئێستا سوننەكان لە دەوری دوو لیستی سەرەكی گردبوونەتەوە، یەكەمیان ئوسامە نوجێفی یەكێك لە جێگرەكانی سەرۆك كۆمار هاوپەیمانێتییەكی لەگەڵ ئەسیل نوجێفی برای پێكهێناوە كە پارێزگاری نەینەوا بوو لەكاتی داگیركردنی موسڵ لەلایەن داعشەوە، هاوپەیمانێتییەكەیان بەناوی " القرار" لە هەڵبژاردنەكاندا لە موسڵ و پارێزگاكانی تر بەشداریدەكات كە سوننە تێیاندا زۆرینەیە، بەڵام زۆر بەربڵاو نییە، سەلیم جبوری سەرۆكی ئێستای پەرلەمان  و ساڵح موتڵەگ، جێگری پێشووی سەرۆك وەزیران چوونە ناو ئیئتیلافی ئەیاد عەلاوی عەلمانی كە ناوی " هاوپەیمانی نیشتمانی" یە و دروشمی دژ بە تائیفیەت بەرزكردۆتەوە و بانگەشەی مەدەنیەت دەكات و ساڵی 2010ش پەناگەیەك بوو بۆ سوننەكان كاتێك زۆرینەی كورسییەكانی پەرلەمانی بەدەستهێنا، بەڵام سوننەكانی تر لەوانە عەبدوللەتیف همیم پیاوی ئاینی بەناوبانگی سوننە دەستبەرداری دابەشبوونی تائیفی هێناوە و چووتە ئیئتیلافی " النصر" بە سەرۆكایەتی حەیدەر عەبادی.
حزبە كوردییەكان
لە دوای جیابوونەوەی بزوتنەوەی گۆڕان لە یەكێتی نیشتمانی كوردستان و دەركەوتنی چەند حزبێكی تر ، ئێستا كوردەكان بەرەیەكی یەكگرتوو نوێنەرایەتییان ناكات، كوردەكان بە پێچەوانەی سوننەی پەرتەوازەن، هەتا ئێستا سەنگی یەكلاكەرەوەی هاوسەنگی سیاسیی بوون لە عێراقدا،  ئەوان رۆڵی یەكلاكەرەوەیان دەبێت لە دیاریكردنی سەرۆك وەزیرانی نوێدا، پارتی دیموكراتی كوردستان وەك خۆی ماوەتەوە، بەڵام یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەهۆی ململانێ و ناكۆكی ناوخۆیی و جیابوونەوە دەناڵێنێت، كە بەهۆی ئەوەوە چەند حزبێكی بچوك دروستبوون، كە دیارترینیان گۆڕان و هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری بەرهەم ساڵە، كە پێشتر بەرپرسێكی باڵای یەكێتی نیشتمانی كوردستان بووە، ئەگەر كوردەكان گەڕانەوە بۆ یەك بەرەی یەكگرتوو لەدوای هەڵبژاردنەكان لە پێناوی پاراستنی بەرژەوەندییەكانیان لە حكومەتی فیدراڵیدا، ئەوا رۆڵی دروستكەری پاشایان لە پێكهێنانی حكومەتی نوێدا بۆ دەگەڕێتەوە.
دوای هەڵبژاردنەكان
هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەرلەوەی هەڵبژاردن بێت بۆ ئەندامانی پەرلەمان، هەڵبژاردن و دیاریكردنی سەرۆك وەزیرانە، ئەوەش لە پرۆسەی دانوستان و بەراوردكاری و قۆڵباداندا دەردەكەوێت كە دوای هەڵبژاردن بەڕێوەدەچێت، لە سەرەتاشدا لە ناوی ماڵی شیعەكاندا، ئەگەری چەند سیناریۆیەك لە ئارادایە بە پشت بەستن بەم گۆڕانكاریانە: ژمارەی  ئەو دەنگانەی كە سەركردەكان بەدەستی دەهێنن، توانای ئێران بۆ قەناعەتپێكردنی لیستی شیعەكان و فشارخستەرەیان بۆئەوەی هاوپەیمانێتی پێكبهێنن، هەروەها ئەگەری ئەوەی كە حزبە كوردییەكان جارێكی تر كۆدەبنەوە و بتوانن ببنە هۆكاری یەكلاكەرەوە، ئەمریكا دەستوەردانی دەبێت و دەستپێشخەری دەكات یان نا؟
ئێران سوود لە هەژمونی خۆی دەبینێت بەسەر هاوپەیمانێتییە گەورانەی كە شیعەكان رابەرایەتی دەكەن،  سیناریۆی بەهێز ئەوەیە كە هاوپەیمانێتییە كە لانیكەم چوار ئیئیتیلاف لەخۆ بگرێت بە هاوكارییەكی كەمی سوننە و كوردەكان وەك ئەوەی ساڵی 2014 روویدا و زەحمەت نەبوو بۆ ئێران كە بتوانێت لیستە شیعەكان قایل بكات كە بەسەر ناكۆكییەكانیاندا زاڵ بن و لە ژێر ئاڵای " هاوپەیمانی نیشتمانیی" كۆبوونەوە، لە ساڵی 2018دا پێویستە قایلكردنی دەوڵەتی یاسا و هاوپەیمانی الفتح ئاسانبێت كە- هەردووكیان پەیوەندی توندوتۆڵیان لەگەڵ ئێراندا هەیە- بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانی لەگەڵ لیستەكەی حەكیم كە رەنگە لاوازترینیان بێت و لەوانەیە هیچ بژاردەیەكی نەبێت جگە لە چوونە ناو ئەو هاوپەیمانێتییە، ئەگەرێكی كەمە بە رەچاوكردنی ئەنجامەكان عەبادیش بۆ مانەوەی لە گەمەكەدا بچێتە ناو ئەم هاوپەیمانێتییە، زۆر لەوەش كەمتر ئەگەری ئەوەیە موقتەدا سەدریش بچێتە ناو ئەم هاوپەیمانێتییە لەبەرئەوەی هاوپەیمانێتی لەگەڵ شیوعییەكاندا پێكهێناوە ئەمەش بەلای ئێرانەوە پەسەند نییە.
بەڵام ئەگەر ئێران نەیتوانی مالیكی و عامری ملكەچ بكات ئەوا دوو گروپی شیعەی بەهێز دروست دەبن، یەكێكیان بە سەرۆكایەتی عەبادی، ئەویتر بە سەرۆكایەتی مالیكی و عامری، و هەر سێكیشیان چاویان لەوەیە پۆستی سەرۆك وەزیران بۆ خۆیان، یان بۆ كەسێكی سەر بەخۆیان بەدەستبهێنن، لێرەدا موقتەدا سەدر دەبێتە خاڵی یەكلاكەرە بۆ پێكهێنانی ئیئتیلافی حكومڕان، جگە لەوەش هەردوو گروپەكە پێویستیان بەوەیە ژمارەیەكی زۆر لە سوننە و كورد كێشبكەن بۆ پێكهێنانی زۆرینەی پەرلەمانی و ئەوكاتەش ئەگەرەكان زیاتر دەبن.
كوردەكان كە رۆڵی یەكلاكەرەوەیان بینی لەدیاریكردنی سەرۆك وەزیران لە 2010 و 2014دا، هێشتا دەتوانن كاریگەرییان لەسەر دیاریكردنی هەبێت، كورد دەتوانێت هەواڵی خراپ بە گوێی لایەنەكاندا بدات، لەوانەش توڕەیی لە بەرامبەر هەڵوێستی عەبادی بەرامبەر ریفراندۆمی سەربەخۆیی و هاتنی هێزەكانی حكومەت بۆ ناوچە جێ ناكۆكەكان و ئەزمونی تاڵ لەگەڵ نوری مالیكی لە ماوەی هەشت ساڵدا، هەموو ئەمانە دەبنەهۆی ئەوەی كوردەكان كاندیدێكی تر بەباش بزانن كە پۆستی سەرۆك وەزیران وەربگرێت بە پێچەوانەی ئەوەوە دید و بۆچوونی سوننە بۆ عەبادی كەمتر تائیفییە و وەڵامی زۆری پێداویستییەكانی سوننەی داوەتەوە بەوەش زیاتر لە مالیكی و عامری قبوڵكراوە.
ئەگەر لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی پێشووەوە حكوم بدەین ئەوا دوو نەگۆڕ هەیە: پێویستە كاندیدی سەرۆك وەزیران لە لایەن یەكێك لە لیستە سەرەكییەكانی شیعەوە بێت و مایەی رەزامەندی ئێران و ئەمریكا بێت، ئەوەش شێوازێكی جێگیربوو لە ساڵی 2010 و 2014، كاتێك ئێران و ئەمریكا بەجۆرێك لە جۆرەكان رێككەوتن.
ژمارەیەك لە گۆڕانكارییەكان ئێران هاندەدەن كە دیدوبۆچوونی وابێت هاوپەیمانێتی بەهێز و جێگیری لە بەغدا هەبێت، لەلایەن ئێرانەوە بوونی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق و ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئەمریكا بە هەڕەشە دادەنێت، لە بەرامبەریشدا دەكرێت گەرمبوونەوەی پەیوەندییەكانی نێوان سعودیە و عێراق لەم دواییانەدا هەژموونی ئێران كەمبكاتەوە، دەستوەردانی ئێران لە سوریا و هەوڵدان بۆ بونیادنانی رێگەیاكی گەیاندنی هاوكاری یەكسەر بۆ سەر دەریای ناوەڕاست پێویستی بەغدا زیاتر دەكات و ئێران هەروەها پێویستی بە هاوپەیمانێك هەیە لە بەغدا بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە ئابورییەكانی، لە بەرامبەریشدا وادەردەكەوێت كە هەڵوێستی ئێستای ئەمریكا لە عێراق زیاتر خۆی لە شەڕی دژ بە داعشدا دەبینێتەوە زیاتر لە بونیادنانی هاوپەیمانێتییەكی دوورمەودا و پرسیار ئەوەیە كە هەژموونی ئەمریكا لە نێوان ساڵی 2010 بۆ 2014 چ كاریگەرییەكی هەبووە.
حەیدەر عەبادی هەواڵیدا سیاسەتێكی هاوسەنگ لە نێوان ئەمریكا و ئێران پەیڕەوبكات لە چوار ساڵی رابردوودا، چەندین جار  ئەوەی راگەیاندووە كە عێراق نابێتە گۆڕەپانی جەنگی بەوەكالەتی نێوان ئەو دوو وڵاتە، دەكرێت هەڵبژاردنەكان و سیناریۆ جیاوازەكان بۆ هاوپەیمانێتیەكانی دوای هەڵبژاردن  ببێتە هۆی بەردەوامبی ئەم رێگا بێلایەنانە یان پەیڕەوكردنی سیاسەتی زیاتر خۆرهەڵاتی.
*رەند رەحیم- باڵیۆزی پێشووی عێراق لە ئەمریكا و وەك هاوڕێی باڵای پەیمانگای ئەمریكا بۆ ئاشتی كاردەكات و دامەزرێنەر و هاوسەرۆكی دامەزراوەی عێراقە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand