Draw Media

ئەنجامی دەنگی ساختە

ئەنجامی دەنگی ساختە

2020-01-14 08:45:13


سەرتیپ جەوهەر

دامودەزگا دەوڵەتیی و دەستورییەكانی كوردستان قەت نەیانتوانیوە رۆڵ و پێگەی خۆیان هەبێت، هەمیشە سێبەرو دیلی دەسەڵاتێكی دیكە بوون لەدەرەوەی دامودەزگای دەوڵەتیی. ئەو روداوەی دوێنێی ناو پەرلەمانی كوردستان زادەی بەریەككەوتنێكی لەناكاو بێپلانی نێوان دوو پەرلەمانتار نەبوو، بەڵكو زادەی واقعی تاڵ و هەژموونی بیری تەسكی حزبیی و بەڵتەجێتیە بەسەر هەڵسوكەوت و بیركردنەوە زۆربەی حوكمڕان و پەرلەمانتارانی كوردستان.
دەزانم دەستەواژەكان هەڵێنجراوی بارێكی توندن، حەزمنەدەكرد توند بنوسم، بەڵام دیمەنی ناو پەرلەمان گەلێك خەمئامێزە، لەم دۆخە زۆر بێزارین و مەگەر توند نوسین بەشێك لەتوڕەییەكەمان بەتاڵ بكاتەوە.
ساڵانێكە پەرلەمان و حكومەت و دامەزراوەكانی دادوەریی لەكوردستان بەتەواوی بێبەهاو بێنرخ بوون، رەوشی میدیاو دەسەڵاتی چوارەمیش لەوان باشتر نییە، هەریەكەیان بەشێوەیەك بۆتە داردەستی حزب و وەزیفەو بایەخی خۆیان لەدەستداوە.
لە 2015 پەرلەمانی كوردستان بە دوو زێرەڤانی داخرا! لەكاتێكدا پەرلەمان نەموڵكی بزوتنەوەی گۆڕان و نە یەكێتی و پارتی و نەهیچ حزبێكی كوردستانە، كاتێكیش لەدەرەوەی پەرلەمان بڕیاری ریفراندۆم-درا ئەوەندەی دیكە بێبایەخ كرا. خراپتر ئەوەبوو پەرلەمانتار لەژورێكی پەرلەمان بەند بكرێت و جگە لەسوكایەتی شەخسی، داركاریی بكرێت، ئەم دیمەنە لەمێژووی هیچ پەرلەمانێكی دونیا نەبووەو نییە.
هەڵبژاردنی 2018 و قەبارەی تەزویرو ساختەكردنی دەنگی خەڵك ئەوەندە گەورەبوو، هیچ قیمەتی بۆ دامەزراوەی نوێنەرایەتی خەڵكی كوردستان نەهێشتەوە، قەبوڵكردنی ئەنجامەكەیشی شەرعیەتدان بوو دەنگی ساختە! ئەو ژمارە زۆرەی بەدەنگی ساختەش بەدەستهات، بووە بارێكی گران بەسەر سەقامگیریی سیاسی و پرسی سازانی نیشتیمانیی لە كوردستان. بۆیە دەبێ بەئاسایی بیبینن بەشێك لەوانەی ئێستا لەپەرلەمانن شەق بوەشێنن یان یان هەڵسوكەوتی نەشیاو و دوور لە عورف و هەڵسوكەوتی گشتیی بكەن، چونكە لەبنەڕەتدا بەشەرعی نەهاتوون و نەبوونەتە پەرلەمانتار! واوەتریش غەدرێكی زۆر لە پێكهاتەكانی دیكەی وەك كلدۆ ئاشوریی و توركمانەكان كرا! بەدەنگی پۆلیس و ئاسایش و زێرەڤانی و پێشمەرگە، ژمارەیەك داردەست كرانە نوێنەری ئەو پێكهاتانە، لەكاتێكدا كۆتا بۆ گرەنتیكردنی مافی بەشداریی پێكهاتەكان بوو نەك زوڵم لێكردن و بەكارهێنانیان بۆ خواستی سیاسی و كردنیان بە بەشێك لە ململانێی سیاسی لەكاتێكدا ئەوانەی بەناوی ئەوانەوە لە پەرلەمانن، نوێنەرایەتی خۆیشیان ناكەن نەك پێكهاتەكانیان.

ئێمە دەزانین پەرلەمان دوو وەزیفەی سەرەكی هەیە، یەكەمیان پەسندكردنی بودجەو بەدواداچونی خەرجییەتی، ئەویدیكەشیان قانون دانان و چاودێریكردنی ئیشوكارەكانی حكومەتە، بەڵام با بپرسین پەرلەمان لەماوەی چەند ساڵی رابردوو چیكردووە؟ جگە لەدوو ساڵی سەرۆكایەتی حكومەتی د. بەرهەم چەند جار ئەو پەرلەمانەی ئێمە گفتوگۆی بودجەی ساڵانەی كردووە؟ لەچاودێریكردنی حكومەت توانیویەتی چەند وەزیر بانگ بكات و متمانەیان ژێر پرسیار؟!
با لەحكومەت بپرسین، بزانین چ دامەزراوەیەكە؟ لەهەموو دونیا حكومەت سێ‌ ئەركی سەرەكی لەئەستۆدایە، یەكەم؛ دابینكردنی ئەمن و ئاسایش، دووەم؛ دابینكردنی خزمەتگوزاریی گشتیی، سێیەمیش؛ مسۆگەركردنی عەدالەتی كۆمەڵایەتی.
لەهەرسێكیدا ئەم حكومەتەی ئێمە ئەوە نییە كە پێویستە هەبێت، لەیەكەمدا دەبینین بەڕێوبەری ئاسایش وەك بەدیگاردی حزب بەروونی و بەبێ‌ تەمومژ بۆ میدیاكانی حزبەكەی ئاشكرای دەكات كە كادری حزبێكیان بە بارمتە گرتووە لەبەرئەوەی كادری حزبەكەیان لەلایەن دادگا دەستگیركراوە؟! ئەم قسەیە دوو دەرەنجاممان دەداتە دەست، یەكەمیان؛ دامەزراوەی ئاسایش دامەزراوەیەكە لەبری پاراستنی گیانی خەڵك، بۆتە مەترسی بۆسەر گیانی هاوڵاتیان! دووەمیشیان؛ دادگاو دادوەر بێبەها دەكات و هیچ بەهایەكیان بۆ ناهێلێتەوە.
خۆ ئەگەر لەخزمەتگوزاریی و عەدالەتی كۆمەڵایەتیش بپرسین ئەوا شایەتیمان پێویست نییە، فەرموون لەماوەی 28 ساڵی رابردووی ئەم حكومڕانییە، نەتوانراوە رێگای دوو پارێزگا بكرێتە جووت ساید، چجای كارەباو ئاو و سوتەمەنیی..تد ئینجا خۆ باسی عەدالەتیش بكەین بەدڵنیاییەوە ناتوانین نەڵێین هەرچی تەزكیەی حزبی نەبێت مومكین نییە نە دابمەزرێت و نە سودمەندبێت لەخێروبێری ئەم وڵاتە، بگرە وەزارەت یان فەرمانگەی حكومەت هەیە وەك مقەڕی حزبی لێهاتووە، ئەندامی یەك حزب نەبێت كەسی دیكەی لێ‌ نییە.

لەبارەی دامەزراوەی دادوەریش بدوێین، بەدڵنیاییەوە دامەزراوەیەكی شەرمهێنە. ئەم دەسەڵاتە بەشێوەیەكی گشتیی ئەوەندە لاوازە، بووە بەدیلی دەستی حزب! عەیبەیەكی زۆر گەورەیە كاتێك دەبینی بەشێك دادوەرانی وڵاتەكەت دەبنە ئەندامی كەمپینی حزب! فەرموون لەكەمپینی 2018 حزب، نەك دادوەران، بگرە سەرۆكی دادگای تێهەڵچونەوەی هەولێرمان بینی لە یاریگای هەولێر بەشداری كەمپینی حزبیان كردبوو، خراپتر ئەوەیە دادوەر لەپەنای حزب هەڕەشە لەدادوەری دیكە بكات و دواتر بەفەرمانی حزب، سكاڵای دادوەری سكاڵاكار لەلایەن دادگاوە وەرنەگیرێت!
ئەوەی سەرەوە بەشێکە لەواقع و ژیانی کۆمەڵگای کوردستان، بۆیە ئاساییە پەرلەمان لەبری ببێتە سەکۆی گفتوگۆو بەیەکگەیشتنی دیدو بۆچونە جیاوازەکان، ببێتە شوێنی شەق وەشاندن و سەپاندنی مەنتقی زرینەی ساختەو تەزویر.

 

 

ئەو وتارانەی لە (درەو) بڵاودەبنەوە تەنها گوزارشتن لە بۆچونی خاوەنەكان و ( درەو ) بەرپرس نیە لە ناوەڕۆكەكەی

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand