Draw Media

چاكی مەكەن با خراپ نەبێت !

چاكی مەكەن با خراپ نەبێت !

2020-01-12 20:01:20


هێمن غازی


لە چەند گرتەیەكی ڤیدیۆیدا كە لە ئەوروپا و ئەمریكا تۆمار كراوە و لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاو بۆتەوە، ئامادەكارەكە لە خەڵك ئەپرسێ‌ كە كێ سەرۆكی ووڵاتە؟ لە وەڵامدا خەڵكە ئاساییەكە بێ ئاگایی خۆیان دەرئەخەن و نازانن كە كێ پرۆسەی سیاسی ووڵاتەكەیان بەڕێوە دەبات. لە كوردستان ئەوە كفرە، چونكە خەڵك بە تەواوەتی سیاسین و بە سیاسیكراوون، لەم ووڵاتە منداڵ لە منداڵییەوە تا سەر لێواری قەبر لەگەڵ بەها فاشیلەكانی سیاسەت گۆش ئەكرێت، رەنگبێت كەسێك هەبێت نەزانینی ناوی سەرۆكی ووڵاتەكەی بەوە تەعریف بكات كە ئەوانە خەڵكانی بێئاگا و نانیشتمانین.
ئەوان بە لایەنەوە گرنگ نییە كە كێ‌ سەرۆكە، بەڵام بەلایانەوە گرنگە كە سەرۆکێکی بەهێز ووڵاتەكەیان  بپارێزێت.
 هەر ئەوانەی كە بێ ئاگان لە پرۆسەی سیاسی ووڵاتەكەیان كەچی نیوەی دنیایان داگیر كردووە و حكومڕانی و بەرژەوەندی خۆیان لە جیهاندا بە باشترین شێوە سەپاندووە. 
هەر ئەوانەی كە بێ ئاگان لە وێنەگەورەكەی سیاسەتی ووڵاتەكەیان بەڵام لە هەركوێییەك نەیارێكیان هەبێ و مەترسیی بۆ سەر ئاسایشی خەڵكەكەیان دروستبكات لەناوی دەبەن و پێشی پێدەگرن ، هەر ئەوانەنین كە خاوەنی داهێنانی گەورەن و خەڵكی جیهان چاوی لەدەستیانە.
لە كوردستان هەر جارەو خەڵك بە چیرۆكێكەوە سەرقاڵ ئەكەن، ئەم جارە لە ساڵی تازە باس بۆتە گۆڕینی یاسای چاكسازی خانە نشینان. كە زۆرینەی خەڵكی بەخۆیەوە نیگەران كردووە، چونكە پەرلەمان رێك كراسێكی بەقەدەر باڵاو مەچەكی پەرلەمنتارەكان بڕییوە. پێچەوانەی دیوە راستەقینەكەی كاری پەرلەمانتاری هەموو چاویان لەوەیە كە زوو خانەنشین بكرێن و ملیۆنان دینار لەسەر یەك كەڵەكە بكەن، لە جیهاندا پەرلەمان سەكۆی خەڵكەو شەڕی حەق و مافە زەوتكراوەكانی خەڵك دەكەن. لە هەرێم رێك پێچەوانەوەیە پەرلەمان باشترین شوێنە بۆ دەوڵەمەند بوون و گۆڕینی ژیان لە خراپەوە بۆ ئەوپەڕی باش. هاوڕێییەكم كە هەڵگری رەگەزنامەی بەریتانییە، لەخولی پێشوتری پەرلەمانی بەریتانیا لەگەڵ  تیمی یەکێک لەپارلەمانتاران ئەو ووڵاتە كاری كردبوو. باسی ئەوەی بۆ كردم كە جارێك پەرلەمانتارەکە پێی راگەیاندووە : كە لە یەكێك لە گەڕەكەكانی شاری لەندەن گرفتی شوێنی عەرەبانەی خاوەن پێداویستی تایبەت هەیە، بۆیە بابچینە ئەوێ و لێكۆڵینەوە لەچارەی ئەو گرفتە بكەین، دوای ئەو سەردانە پەرلەمان چاودێری بونیاد نانی رێگەی بۆ خاوەن پێداویتسییە تایبەتەكان لە شوێنە گشتییەكانی ئەو گەڕەكە كردو ئەو گرفتەی چارەكرد. لەهەرێم ئەو خەڵكە ئاساییە كە دەچنە پەرلەمان و بازەكە لەسەریان ئەنیشێتەوە هەڵە لە كاری پەرلەمانی گەیشتوون، وائەزانن پەرلەمان شوێنی گەشت و گوزار و وێنەگرتنە، لەكوێی ئەم ووڵاتە دیوتانە كە پەرلەمانتارێك خۆی بەیەك گرفتەوە سەرقاڵ بكات و چارەی كات، نموونە هەبووە بەڵام هێندە كەم بووە كە شیاوی باسكردن نییە، جارێ زۆرینەیان بوونەتە میدیاكاری و واتێگەیشتوون كە دەبێت بەردەوام لەسەر شاشەكان بن و وەك خەڵكی ئاسای قسە بكەن، ئەوە ئەو پەڕی بەلاڕێدابردنە.
 لە كوردستان ئەوەی كە بوو بە پەرلەمانتار جارێ چەند مانگێك خەریكی قات و بۆین باخ و جلی كوردی  دەبێت .دواتر چەك وەرئەگرێت، دواتر پاسكیلەكەی ئەكاتە باشترین ئۆتۆمۆبیل، ئەوسا خەریكی باشكردنی ژیانی خۆی ئەبێت.
 ئەوەی لەم ووڵاتە ئەگوزەرێت رێك پێچەوانەی رەوتەباشەكەی پێشكەوتنە.
    

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand