پارادۆکسی دەنگ(نە)دان
2018-04-27 14:40:15
د. نیاز نەجمەدین
بۆچونەکانم لەم بابەتەدا تایبەتە بە دوو گروپ لە خەڵک:
گروپی یەکەم ئەوانەن دەنگدەری یەکێتیی و پارتیی نین بەڵام بێئومێدن یان راران لە دەنگدان.
گروپی دووەم ئەوانەن دەنگدەری یەکێتیی و پارتیی بون بەڵام راران دەنگبدەنەوە بەم دوو حزبە یان دەنگیان بخەنە پال لایەنی تر.
ئێمە ناتوانین یەکجۆر پێشنیارمان بۆ ئەم دوو گروپە هەبێت.
پێشنیارەکانی من بۆ گروپی یەکەم ئەمانەیە:
با راست بڕۆین، هەمو بڕیارێک مەترسیی هەیە. دەنگدانیش ئەو مەترسییەی هەیە کە دەنگەکەت بەفیڕۆ بڕوات و هەست بە ئازاری ویژدان بکەیت. یەکێک لە هۆکارەکان ئەوەیە پەرلەمان دەزگایەکی مەسڕەفکاری بێ سود بووە. لەگەڵ ئەمەشدا، ئەگەر دەنگیش نەدەیت ئەوا:
دەنگ-نەدان ناگاتە ئاستێک بەهایەکی سیاسیی هەبێت (بۆ نمونە لە 60%ی خەڵک لە سەرتاسەری عێراقدا دەنگ نەدەن). کورسییەکانیش هەر پڕدەبنەوە، بۆی هەیە هێزە تاریکەکان سەرکەون و کاندیدی زۆر لاواز بچێتە پەرلەمان بەهەمان موچە و ئیمتیازات.
تۆ دەبێت دەرفەت بدەیت کێبڕکێ دروست ببێت، قۆرخکاریی سیاسیی کەم ببێتەوە، ئەوكات حزبەکان بەناچاریی لە خەڵک نزیکتر دەبنەوە و زیاتر خزمەت دەکەن. پاشان دەنگدان بۆ پەرلەمان تەنیا یەک وێستگەیە لەناو پرۆسەیەکی درێژخایەندا، یەک ئامانجی دیاریکراو رەنگە بهێنێتەدی، تۆ دەتوانیت بەشێوازی تر بەردەوام بیت لە رەخنە و هەڵوێستی سیاسیی تەنانەت لەو کاندیدەی دەنگی پێدەدەیت.
پێشنیارەکانی من بۆ گروپی دووەم ئەمانەیە
لای کەم لە دو دەیەی رابردودا و تا ئەمڕۆ، مۆدێلی سیاسیی یەکێتیی و پارتیی مۆدێلێک بوە وڵات لە نەتەوە، نەتەوە لە حزب، حزب لە مەکتەبی سەرکردایەتیی، سەرکردایەتیی لە مەکتەبی سیاسیی، مەکتەبی سیاسیی لە بنەماڵە و بنەماڵە لە سەرۆکی بنەماڵە/حزبدا کورتدەکاتەوە. (ئەمە وەسفيَكي تروتسكييە و دەستكاريم كردوە)
لە ئێستادا، هەرچۆن بتەوێت لەم دو حزبەدا خزمەت بکەیت، هەردەچێتەوە خزمەتی خانەی یەکەم و دوەم، پاشان سێیەم و چوارەم، نەتەوە و نیشتمان لە خانەی کۆتاییدا دەبن. رەنگە ئاسان نەبێت بۆ ئەندام و لایەنگرە دڵسۆز و راراکانی ئەم دوو حزبە لەم وێستگەیەدا بە 180 پلە سوکان بسوڕێنن. دەکرێت لای کەم دەنگەکانیان بسوتێنن یان بایکۆت بکەن، بەم هۆیەشەوە رەنگە هیچ نەبێت حزبەکانیان ناچار بە گۆڕانکاریی بکەن.
ب. گۆڕان، هاوپەیمانیی، و نەوەی نوێ
هەر سێکیان خاڵی لاوازیان زۆرە( بۆ نمونە: بەشداریی لە شەڕی ناوخۆ لەلایەن بەشێک لە سەرکردایەتیی گۆڕان و هاوپەیمانیی، قۆرخکردنی سەرکردایەتیی گۆڕان لەلایەن نەوەی پێشوەوە، ناڕۆشنی سەروەت و سامانی د.بەرهەم، عاشقبون بە دەوڵەمەندبون و موبالەغەكردن و بیناکردنی گوتاری سیاسیی لەسەر ئەو بنەمایەوە لای شاسوار عەبدول واحید، جگە لە قەزیەی چاڤی لاند). بەڵام سێ هێزی مەدەنیین، عەسکەریی نین، ئیسلامی توندڕەو نین، رەخنەگرتن و کاریگەردانان لەسەریان قورس نییە و خەڵکی بەتوانایان لەگەڵە. لەناویشیاندا، بزوتنەوەی گۆڕان دامەزراوتر و تۆکمەترە. بۆ بەهێزکردنی مونافەسەش بێت، دەکرێت کاندیدێکی بەتوانا و فکرکراوە لەناویاندا هەڵبژێریت.
کۆمەڵ و یەکگرتووە
مەلەفی گەندەڵییان لە حکومەتدا پاکە و جێی دەستخۆشییە. من دژی ئیسلام نیم، بەڵام ئەم دوو حزبە مەزهەبیی و ئاینیین، دونیا دابەشی سەر مسوڵمان و نامسوڵمان یان سوننە و شیعە دەکەن، هەرگیز زۆر گەشە ناکەن و رەنگیشە مەترسیی بن بۆ سەر کەسێک رای دژ بە ئیسلام بهێنێتە ئاراوە. بەڵام ئەگەر ئیسلامەتیی بنەمای سەرەکیی دەنگدانم بوایە، ئەوا کاندیدێکی بەتوانا و فکرکراوەی کۆمەڵی ئیسلامییم پێ باشتر دەبو دوای ئەوەی یەکگرتو زۆر لە ئۆپۆزسیۆنبون دورکەوتەوە.