Draw Media

کارتە سووتاوەکەی عادل عەبدولمەهدی

 کارتە سووتاوەکەی عادل عەبدولمەهدی

2020-01-12 08:37:14


 هیوا سەید سەلیم
  دوای هاتنی بۆ هەرێمی کوردستان، دیداری لەگەڵ بەرپرسانی پارتی و یەکێتی، میدیاکانی نزیک لە دەسەڵات بڵاویانکردەوە کە هاتنی عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی دەست لە کارکێشاوەی عێراق،   بۆلای بەرپرسانی هەرێم زیاتر بۆ مسۆگەرکردنی پشتیوانی ئەوان و مسۆگەرکردنی پشتیوانی هەرێمە لە  مانەوەی لە پۆستی سەرۆک وەزیرانی ، ئەگەر ئەو هەواڵە راست بێت و هەڕێم بەڵێنی پشتیوانی پێدابێت ، دیسان کورد کەتۆتە هەڵەیەکی گەورە.

  لەو بارودۆخە هەستیار و پڕ قەیرانەی عێراق،  کە خودی عەبدولمەهدی و کابینەکەشی بەشیکە لە قەیرانەکە، بۆیە هەزوو عادل عەبدولمەهدی    لەژیر فشاری ناڕەزایەکانی شەقام ناچارکرا دەست لە سەرۆک وەزیری بکێشیتەوە، لەبەر چەندین  هۆکارە پێمان  وایە نابێت هەرێمی کوردستان پشتیوانی لە مانەوەی مەهدی بکات .
عادل عەبدولمەهدی لە ململانێ سیاسیەکانی عێراقدا، کە پرۆسەی سیاسی بەسەر دوو لایەن لە  حزب و کەسایەتیە تەقلیدیەکانی شیعە لە لایەک، شەقام لە لاکەی دیکە،  ئەو  تەواو بەسەر بەرەی یەکەم کە لە لایەن ئێران پشتیوانی لێدەکرێت ساغ بۆتەوە،.
بە تایبەت کاتێک بەبێ ئامادەبوونی کورد و پێکهاتەی سوونە داوای لە ئەنجوومەنی نوێنەران کرد کە بڕیاری دەرکردنی هێزەکانی ئەمەریکا دەربکات، کە ئەم هەڵوێستەشیان دوای کووشتنی قاسم سلێمانی و ئەبومەدی مهندس هات لەلایەن هێزەکانی ئەمەریکا.
ئەو بڕیارەی کە نە ئاسانی جیبەجێدەکرێت، وە نە کۆتایش بە کێشەکانی عێراق دێنێت، بگرە بە پێداگری شیعەکان لەسەری،  عێراق بەرەو قەیرانی دیکەی ئابووری و ئەمنی دەبردرێت کە ئەو سەری دیارنەبێت.

  لە ئاستی شەقام،  سێ مانگ بەسەر خۆپیشاندانەکانی بەغدا تێدەپەڕێت، خۆپیشاندەران   نەک هەر مەهدیان ناچاری دەستکێشانەوە کردووە، بگڕە تەواوی جێگرەوەی ئەویشیان رەتکردۆتەوە،  کە لەلایەن لایەنە شیعەکان پێشنیارکراون تا ببنە جێگرەوەی عەبدولمەهدی.
لەو بارودۆخەدا کە ئاماژەکانی شکستی سیاسەتی ئێرانی لە عێراق خەریکە دەردەکەون، لە ئاستی ناوخۆشدا ئێران رووبەڕووی سزای تازەی ئابووری دەکڕێتەوە،  کە ئیدارەی کۆشکی سپی بەسەری دەسەپێنێت، قەیرانی خستنە خوارەوەی فڕۆکە ئۆکڕانیەکەش سەرباری هەموو ئەمانە، بۆیە عادل عەبدوڵمەهدی کەوتە هەڵەیەکی گەورە کە بۆ رازیکردنی ئێران چووە پاڵ ئەو داوایەی کە تەپڵیان بۆ دەرکردنی هێزەکانی ئەمەریکا لە پەرلەمانی عێراق لیدا، بەو کارەی کارتی خۆی سووتاند، بۆیە دەبێت کورد دەست بۆ ئەو کارتە سووتاوە نەبات وە پشتیوانی لە عەبدوڵمەهدی نەکات.
بۆ ئەوانەی کە تەنیا لە روانگەی ناردنی مووچە لە بەغداوە  عادل عەبدوڵمەهدی وەک کەسێکی باش دەبینن لەوانەیە ئەو ڕایەیان بەدڵ نەبێت، بگرە بە دانانەوەی عادل عەبدولمەهدی دڵخۆش بن، کێشە لەوە دایە لە نێو هەموو ئەو قەیرانانە دانانەوەی عەبدوڵمەهدی ئاسان نیە.
باشترین بژاردە کە ئێستا لەبەردەم هەڕێمی کوردستان و کورد ئەویە کە لەو کێشانەدا بیلایەن بێت، دووربەدووری چاودێری گۆڕانکاریەکانی عێراق بکات، وەک چۆن لە دوایین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی نوینەران بایکۆتی کرد و خۆی نەکردە بەشێک لە ململانێکە.
پتەوکردنی سیاسەتی یەکڕیزی کوردستانی و دوورخستنەوەی هەڕێم لە ململانێکان،  لە ئێستا دەبێت ئەولەویەتی کارەکانی حزبە بڕیار بەدەستەکانی کوردستان بێت، نەک دەستبردن بۆ کارتی سووتاو.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand