کورد لە بەغدا
2020-01-07 16:07:36
عەدنان عوسمان
رۆژی یەک شەممە ٥/١/٢٠٢٠ کۆبونەوەیەکی گرنگی پەرلەمان ئەنجامدرا بەبێ بەشداری زۆرینەی هێزە سوننیەکان و کورد. راستە پێشتریش کەم تازۆر هەندێ دانیشتن و کۆبونەوەی پەرلەمان بایکۆتکراوە، بەڵام ئەمەی رۆژی یەک شەممە ئاماژەیەکی زۆر جیاوازی هەیە لەوانەی رابردو. کۆبونەوەی یەکشەممە بۆ رەنگرێژکردنی سیاسەتی دەرەکی عێراق و قسەکردن بو لەسەر رێکەوتنەکان و ئاسایشی نیشتمانی کە مەفروز وایە هەم پەیوەندی بەسەرجەم خەڵکی عێراقەوە هەبێت و هەمیش بە هەمو پێکهاتەکان.
ئەم هەنگاوە بەبێ پرس و راوێژکردن بە لایەنەکانی تر و پێکهاتەکانی تری عێراق، وە بێ حسابکردن بۆ راو بۆچونیان، ئاماژەیەکە بۆ یەکلا بونەوەی رەسمیانەی بەغدا بەرەو ئاراستەیەکی خراپ و مەترسیدار و جۆرێک لە تاکڕەوی، کە پێم وایە نەک هەر عێراق تیایدا زەرەرمەند ئەبێت، بەڵکو ناوچەکەش لێی سودمەند نابێت.
هەرچەندە دەستوری عێراق سەرجەم دەسەڵاتی ئەمنی و سەربازی و بەستن و هەڵوەشاندنەوەی رێکەوتنە نێودەوڵەتیەکانی داوە بە دەسەلاتی ناوەند لە رێگەی ئەنجومەنی وەزیران و ئەنجومەنی نوێنەرانەوە. زۆرینەی یاساکانیش بە زۆرینەی سادە تێئەپەڕێندرێت. هیچ میکانیزمێکیش نیە بۆ وەستانەوە دژ بە دەسەڵاتە تایبەت و حەسریەکانی حکومەتی بەغدا تەنانەت گەر نەگونجێتیش لەگەڵ بەرژەوەندی پێکهاتەکانی تر و بەتایبەتتر هەرێمدا، چونکە هەمو گۆڕانکاریەک دەبێ لەدەرەوەی دەسەلاتی حەسری ناوەند بێت.لەم حاڵەتە زۆرینەی پەرلەمانی عێراق( کە لەهەمو حاڵەتێکدا شیعەن) بە گوێرەی بەرژەوەندیەکانێی خۆیان رەنگرێژی سیاسەتە باڵاکانی دەوڵەتی عێراق ئەکەن، بەڵام پێکهاتەو شێوازی ئیدارەدانی عێراقی نوێ، لە سالانی رابردودا، هەوڵدان بوە بۆ هاوسەنگی و بەهەند وەرگرتنی بۆچون و بەرژەوەندی سەرجەم پێکهاتەکانی تر.
تێپەڕاندنی هەردوو یاسای کۆمسیۆنی هەڵبژاردن و هەڵبژاردنی پەرلەمان بە خێرایی و بێ هیچ گۆڕانکاریەک و بێ گوێدانە سەرنج و تێبینی لایەن و پێکهاتەکانی تر، ئاماژەیەکە بۆ ئەو قۆناغە نوێیەی روبەروی عێراق ئەبێتەوە.
لێرەدا دەبێ کورد لەو هەنگاوانەو ئاماژانە تێبگات و بەو شێوەیە بێدەنگ نەبێت لە ئاست لاسەنگی بەشداری و شەراکەت لە عێراقی نوێی دوای سەدامدا. چەندە بۆ کورد گرنگە لەو ململانێ ئیقلیمی و جیهانیە، حەکیمانەو دور لە هاشوهوش و هەنگاوی نامەدروس، کاربکات و خۆی بەدور بگرێت لەهەر جۆرە تەرەفداری و لایەنگریەکی زەق و رەق، لەهەمانکاتیشدا دەبێ بەرونی کار لەسەر پرسی بەشداریی و دەسەڵات و پشکەکانی لە رەنگرێژکردنی سیاسەتی گشتی دەوڵەتی عێراقدا بکات و، چیتر رێگە بە ئینفرادکردنی تەنها بەشێک لە پێکهاتەیەک نەدرێت بە ئارەزوی خۆیان و لە چوارچێوەی قەناعەتە سیاسیەکانیان ئاراستەی سیاسەتە گشتیەکان وەرچەرخێنن.
کورد یادەبێ بەشدارێکی راستەقینە بێت لەو پرسانەدا، وەیا دەبێ بیرێکی تر لە ئایندەو پێگەی خۆی بکاتەوە.