Draw Media

ئێران شه‌ڕی راسته‌وخۆی ئه‌مه‌ریكا ناكات 

ئێران شه‌ڕی راسته‌وخۆی ئه‌مه‌ریكا ناكات 

2020-01-07 08:19:12


له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج 
1
ئێران نایه‌وێت راسته‌وخۆ بچێته‌ شه‌ڕی ئه‌مه‌ریكاوه‌ ، ئه‌وه‌ش هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نایه‌وێت دۆناڵد تره‌مپ بكاته‌ براوه‌ی یه‌كه‌م و پاڵه‌وانی گه‌لی ئه‌مه‌ریكی ، ئه‌گه‌ر ئێران راسته‌وخۆ شه‌ڕ له‌ گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا بكات ئه‌وه‌ ده‌بێته‌ هۆكاری یه‌كڕیزی دیموكراته‌كان و كۆماریه‌كان و كێرڤی لایه‌نگری تره‌مپیش له‌ ناو ئه‌مه‌ریكا به‌رز ده‌كاته‌وه‌ ، ئه‌وه‌ جگه‌ له‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌ كاردانه‌وه‌دا زۆر به‌ ئاسانی ده‌توانێت وا بكات ئێرانیه‌كان زیاتر له‌ رژێم و ده‌سه‌ڵاته‌كه‌یان بترازێن ، ئه‌وه‌ش به‌ هۆی ئه‌و هه‌موو نادادی و نه‌بوونی ئازادی سیاسی و بیرو باوه‌ڕه‌وه‌ كه‌ نزیكه‌ی 40 ساڵه‌ له‌ ئێراندا په‌یڕه‌و ده‌كرێت و گه‌ لانی ئێران  له‌ مافه‌كانی وتن و خوێندن و ده‌ربڕینی سیاسی بێبه‌شده‌كرێن ، به‌ تایبه‌ت گه‌لی كورد له‌ رۆژهه‌ڵاتی كوردستان .
چوونه‌نێو شه‌ڕی ئێران له‌ گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا به‌ هه‌موو پێودانگێك به‌ سودی ئه‌مه‌ریكا كۆتای دێت ، ئێرانیش ئه‌وه‌ی ناوێت .
2
تره‌مپ بۆ مانه‌وه‌و هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی له‌ ئه‌مه‌ریكادا ده‌یه‌وێت رۆڵی كه‌ڵه‌شێری شه‌ڕانی و براوه‌ ببینێت ، بۆ ئه‌وه‌ش به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ گیرو گازدانی ئێران ، ئه‌م یاریه‌ ماوه‌یه‌كی زۆر ده‌خایه‌نێت ، تره‌مپ به‌م كاره‌ ده‌یه‌وێت فشاره‌كانی نێو خۆ له‌ سه‌ر خۆی لابه‌رێت و هاوسۆزی بۆ خۆی دروست بكات ، تا ئێران له‌م گه‌مه‌یه‌ خۆی به‌ دور بگرێت به‌ سودی خۆی و زیانی تره‌مپ كۆتای دێت ، من باوه‌ڕم وایه‌ ئێران ئێستا وه‌ك سته‌ملێكراو خۆی نمایش ده‌كات ، فرمێسكی ئاخونده‌كانی له‌سه‌ر تابوتی سلێمانی و یاوه‌ره‌كانی جۆرێكه‌ له‌ نیشاندانی ئه‌و سته‌مه‌ كه‌ لێیان كراوه‌ ، رێك ئه‌مه‌ زندوو كردنه‌وه‌ی كوشتنی حوسه‌ینه‌ ، به‌ڵام له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئێران به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ شه‌ڕی ساردی خۆی له‌ گه‌ڵ " شه‌یتانی گه‌وره‌ " وه‌ك خۆی ناوی ناوه‌ ، ئێران ده‌زانێت تاكوێ‌ توندی بكات و له‌ كوێ‌ خاوی بكاته‌وه‌ ، لایه‌نگرانیشی له‌ وڵاتانی دیكه‌ ده‌كرێت رۆڵێكی دیكه‌ی بۆ بگێڕن .
3
ئێران ئه‌و رۆژه‌ی ئه‌و ئه‌ركه‌ی له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئێران به‌ قاسمی سلێمانی سپاردوه‌، ئه‌م رۆژه‌ی له‌به‌رچاو بووه‌ ، بیرتانه‌پاسدارو به‌سیجه‌كانی له‌ شه‌ڕی ئیران – عیراق  كلیلی  به‌هه‌شتیان له‌ ملدا بوو ،جا كلیلی به‌ هه‌شت له‌ ملی سه‌ربازدا بێت ، ئه‌وه‌ بۆ حاجی له‌ نقێمه‌كه‌ی ده‌ستیدایه‌و لای خا منه‌ئی و ئه‌وانی تر ئێستا حاجی شه‌هیده‌ ، نه‌ك لای ئه‌وان ته‌نانه‌ت لای سه‌رانی شیعه‌ی  عیراق و لای سه‌ركرده‌و سه‌رداره‌كانی باشووری كوردستانیش ، ئێوه‌ بینیتان كه‌س هێنده‌ی میرانی كه‌ نوێنه‌ری راسته‌وخۆی بارزانی بوو شپرزه‌و داخدار نه‌بوو ، ئه‌و ته‌نانه‌ت له‌ بری بنووسێ‌ 2020 كه‌چی 2019ی نووسی بوو ، هه‌ر به‌راستیش مه‌رگی حاجی قاسم بۆ بارزانی كۆستێكی گه‌وره‌ بوو، ئیتر له‌ ته‌نگانه‌دا سوپاسی كێ‌ بكات .

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand