تەگبیرێك بكەن
2020-01-06 14:45:06
سەرتیپ جەوهەر
دۆخی ئێستای عیراق و ناوچەكە وەكو گركان دەكوڵێت، ئەگەر كار لەكار بترازێت بەدڵنیاییەوە زیانی بۆ هەموو ناوچەكە دەبێت، پروشكی ئاگرەكە هەموو لایەك دەگرێتەوە. لەو نێوانەدا میللەتانی ناوچەكە بەتایبەت عیراق بەشێك نین لەو ململانێیە و یەكەمین زرەرمەندی دۆخەكە دەبن. ئەوەی روودەدات زادەی روداوێكی كتوپڕ نییە، بەڵكو كەڵەكەبووی ململانێیەكی دوور و درێژی زیاتر لە 16 ساڵەیە، ئەوەی بەر لەچەند رۆژێك رویدا، دەستپێكی قۆناغێكی نوێیە لەو ململانێیە كە رەنگە لێكەوتەكانی تا ماوەیەكی درێژ لەعیراق و كوردستان بمێنێت. پرسیاری هەرە گرنگ بۆ هەموومان ئەوەیە كورد تا چەند ئامادەی ئەم دۆخەیە؟ لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بەرچاو روونییەكیان هەیە؟ حكومەتی هەرێمی كوردستان چەندە ئامادەیە بۆ هەر دۆخێكی نەخوازراوی ناوچەكە؟ ئەمانە ئەو پرسیارانەن رەنگە بەشێكیان بەئاسانی وڵام بدرێتەوە، بەشێكیشیان جێدەهێلین تا زەمەن وڵامی بداتەوە. ئەوەی ئێمە دەتوانین وڵامی بدەینەوە ئەوەیە كە لەماوەی چەند مانگی رابردوو دۆخێكی تەواو شلۆق لەعیراق هەبووە، خۆپێشاندانێكی بەرفراوان و بەردەوام هەبوو، بەڵام روون بوو كە خواستی خۆپێشاندەران كە بریتی بووە لەدابینكردنی خزمەتگوزاریی و باشتركردنی ژیان، دەبێتە قوربانیی ململانێی ئیقلیمیی و نێودەوڵەتیی و سەرەنجام لەبری باشتركردنی ژیان لەعیراق، دۆخەكە زیاتر ئاڵۆز دەبێت و دەبێ هەمووان خۆ ئامادەبكەن! كەچی لەماوەی ئەو چەند مانگەدا نە حكومەتی هەرێمی كوردستان وەك پێویست كۆبونەوەی تایبەت بەدۆخەكەی كردووە بۆ گرتنەبەری رێوشوێنی پێویستی پێشوەختە، نە لایەنە سیاسییەكانی كوردستانیش توانیویانە لەسەر ئاستی باڵا كۆبونەتەوە و تەگبیری هەموو ئەگەرێكیان كردووە. مەترسی ئەو دۆخە تەنها گرژیی و ململانێیەكی ئیقلیمیی نییە، بەڵكو ئەگەرەكانی بەردەم رووداوەكان زیاترن! یەكێك لە ئەگەرەكان خراپبونی باری ئابوریی عیراقە، بۆنمونە پارەی هەڵگیراو نەوتی عیراق لەبانكێكی ئەمریكایە بەناوی (JP Morgan) ئەمریكا لەهەر دۆخێكی نەخوازراودا ئەو پارەیە رادەگرێت. ئەوكاتە نرخی دینار بەتەواوی دادەبەزێت و ئابوریی عیراق روبەرووی دۆخێكی خراپ دەبێتەوە. ئەگەر ئەوە روبدات بەدڵنیاییەوە كاریگەری زۆر خراپی لەسەر هەرێم دەبێت. یەكێكی دیكە لە مەترسییەكان، هێرشی وڵاتانی ئیقلیمییە بۆسەر عیراق، هەرچەند ئەوە ئەگەرێكی لاوازە، بەڵام لەو نێوانەدا توركیا بێدەنگ نابێت! بۆیە یەكێك لە ئەگەرەكان پەلاماردانی كوردستانە لەلایەن توركیاوە، ئەمەش راستەوخۆ كوردستان دەخاتە بەردەم واقعێكی تاڵ. تائێستا هەڵوێستی یەكێتی و پارتی و لایەنەكان بەشێوەیەكی گشتیی هاوسەنگە، ئەویش خۆ بەدورگرتنە لەهەر لێدوانێك لایەنگری لایەنە هەڤڕكەكانی پێوەدیار بێت، بەڵام لەوە گرنگتر خیرا كۆبونەوەی هەموو لایەنە سیاسییەكانە بۆ گفتوگۆ ئەگەرەكانی لەبارەی رۆژانی داهاتوو، كۆبونەوەیەك هەموو لایەنەكان بۆچون خۆیان بخەنەڕوو، هەمووان بەیەكەوە لەسەر پەیمانێك رێككەون چونكە دۆخەكە زۆر مەترسیدارە ئەگەر كلپە بكات.