Draw Media

کوردو قاسم و ترەمپ

کوردو قاسم و ترەمپ

2020-01-06 11:40:58


پەیكار عوسمان 

- سیستەمی جیهان سیستەمی ئەمریکایە، تا سیستەمی ئەمریکا سەلامەتبێ، "بە هەموو کێشەکانیەوە" هێشتا سیستەمی جیهانی سەقامگیرە.
سیستەمی ئەمریکاش تا ئەوێ سەلامەتە کە سەرۆك بچوکتربێ لە سیستەم، کاتێ ترەمپ دێ و ئەیەوێ وەکو ئەردۆگان و پۆتین بچێتە سەروی سیستەم و خۆی ببێ بە سیستەمەکە، ئیتر سیستەمی ئەمریکی خەلەلی گەورەی تێئەکەوێ و لەگەڵیشیا سیستەمی جیهان تێکئەچێ!

- بەڵێ سیستەمی جیهان تێکئەچێ، چونکە ترەمپ بۆ بەدەسهێنانی ئەو هەدەفە شەخسییە، ئەبێ زۆر کێشەی جیهانی دروستبکات کە ڕەنگە پێویست نەبن و سەرۆکێکی تری ئەمریکی دروستیان نەکات!
ئاخر سەرۆکەکانی تری ئەمریکا، هەر ئەونە کێشەو شەڕ دروست ئەکەن کە سیستەم بیخوازێ، ئیتر هەر سیستەمیش ئەتوانێ ئیدارەیان بدا، بەڵام ئەو کێشانەی لە دەرەوەی خواستی سیستەم بە دافعی شەخسی دروستئەکرێن، ئیتر سیستەمیش ناتوانێ کۆنترۆڵیان بکات.

- سیستەمی جیهانی، سیستەمێکی نمونەییی نیەو پڕە لە کێشەو جەنگ، بەڵام توانای کۆنترۆڵکردنی جەنگی هەیەو نایەڵێ جەنگەکان لەدەست دەرچن و بگەنە ئاستی جەنگی جیهانی. ترەمپ و حەماقەتەکانی، مەترسین لەسەر ئەو توانای کۆنترۆڵکردنە! ڕەنگە لە شوێنێکدا، ئیتر ئەمریکاو نیزامی عالەمی، توانای کۆنترۆڵکردنی جەنگ لەدەستبدەن و بکەوینە بەردەم ئەگەری جەنگی جیهانی!

- دنیا پڕە لە دیکتاتۆری نەخۆش، دیکتاتۆریەتیش ئەونەی کە نەخۆشییەکی نەفسی یە، ئەونە کێشەیەکی سیاسیی نیە. جا ئەم نەخۆشی و گرێیە، لە هەنێ دیکتاتۆردا گەورەئەبێ و ئەبێ بە گرێ ی ئیمپراتۆریی!
گرێ ی دیکتاتۆری تەنیا وڵاتێك گیرۆدە ئەکا، بەڵام گرێ ی ئیمپراتۆری چەن وڵاتێك یان لایەکی جیهان یان تەنانەت تەواوی جیهانیش ئاڵۆزئەکات!
مەسەلەن گرێکەی ئەردۆگان بەشی دروستکردنی کێشەی ئیقلیمی ئەکات، بەڵام هی پۆتین و ترمپ بەشی تێکدانی تەواوی هەسارەکە ئەکات!

- گرێ ی ئیمپراتۆریی لای ئێران و ئیخوان، گرێیەکی ئایدۆلۆژییە، بەڵام لای ئەردۆگان تەنیا گرێیەکی شەخسییەو هیچ پەیوەندییەکی بە باڵایی ئیسلامیزم یان باڵایی تورکەوە نیە، تەنیا خەونی باڵایی خودی ئەوەو هیچی تر!
گرێکەی ترەمپیش لەوەی ئەردۆگانەو هیچ پەیوەندی بە باڵایی ئەمریکاوە نیە، چونکە ئەسڵەن ئەمریکا لە باڵاییدایەو لوتکەی سیستەمە جیهانییەکەیە، ئەوە گرێی باڵایی ترەمپە کە خەریکە کێشە بۆ باڵایی ئەمریکا دروستبکاو بچوکی بکاتەوە!
مەسەلەن حەماقەتی فرۆشتنی ڕۆژاڤا بە ئەردۆگان، کەمکردنەوەبوو لە باڵایی ئەمریکاو هەر زووش ئەمریکییەکان هەستیان بەمە کرد، بۆیە نیوەی هەڵەکەیان ڕاستکرایەوە.

- لەکاردانەوەی کوشتنی قاسمدا، ئێران هیچ ڕووداوێکی گەورە دروستناکا، کە لە گەورەیی ڕووداوی کوشتنی قاسم کەمبکاتەوە!
چونکە ئایدۆلۆژیای شیعە لەسەر "مەزڵومییەت" دامەزراوەو ئێستا ئەوان کە کەشی مەزڵومیەتیان بۆ ڕەخساوە، ئەو هەلە زێڕینە لەکیسی خۆیان نادەن، بەڵکو بە باشترین شێوە کەڵکی لێوەرئەگرن و تەوزیفی ئەکەن بۆ خۆ شەحنکردنەوە!
هێزی شیعە لە تەعزێدایە نەك لە موشەك و سەرباز، بۆیە جارێ تەنیا هەر خەریکی تەعزێ ئەبن و تا هێزی تەواو لەو شین و شەپۆڕە وەرنەگرن، هیچی تر ناکەن.

- بەڵێ هێزی شیعە لە گریان و شین و شەپۆڕدایەو تەعزێ یەکیان ئەخات، کێشەی ئێمەش ئەوەیە ئەو خاڵە نادۆزینەوە!
کورد هەر ئەڵێ هێز لە یەکێتیدایە، بەڵام ئەو شتە نادۆزێتەوە کە یەکێتییەکە دروستئەکات!
جا من بۆیە دژی چەک و ئایدۆلۆژیام، چونکە نابنە ئەو خاڵەو سەدەیەکە هەر پەرتمان ئەکەن و هەر مەرگەسات ئەخولقێنن، مەرگەساتەکانیش هەر کۆیان نەکردینەوە!
دواجار هەڵەبجەو ئەنفال و شەنگال و عەفرین.. ئێمەی کۆنەکردەوەو هەر وەکو خۆمانین، کەواتە ئەو شتانە خاڵی هێزی ئێمە نین!
ڕەنگە خاڵی هێزی ئێمە، کشتوکاڵ و گوندبێ، یان گۆرانی و هەڵپەڕکێ بێت، یان زمان و ئەدەب بێت.. هەرچی بێت ئەبێ بیربکەینەوەو بیدۆزینەوە. وەکچۆن تورکمانەکانی خۆمان، دۆزیویانەتەوەو خاڵی هێزی ئەوان کاسپی و بازاڕەو لەو ڕێگەیەوە بوونی خۆیان ئەپارێزن!

- ئەگەر لە پرۆسەی لێپرسینەوەکاندا، یان لە هەڵبژاردنی داهاتوودا، ترەمپ نەوەستێنرێ، چوار ساڵی داهاتوو بایی ئەونە کێشە بۆ سیستەمی ئەمریکا دروستئەکا، کە لەوێوە سیستەمی جیهان بشێوێ، یان بەپێچەوانەوە، بایی ئەونە کێشە بۆ سیستەمی جیهان دروستئەکا کە سیستەمی ئێستای ئەمریکای لێوە هەڵوەشێتەوە!
عەیامێکە شایەتی ئیستقراری سیاسی ئەمریکاو شڵۆقی سیاسی وڵاتانی ترین، لەسەر دەستی ترەمپ ڕەنگە بۆ یەکەمجارو دوای سەدەیەك، ببینە شایەتی شڵۆقی سیاسی ناوەوەی ئەمریکاو لەوێشەوە باڵۆنی نیزامی عالەمی بتەقێت!

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand