Draw Media

چل ساڵ لەمەوبەر!

چل ساڵ لەمەوبەر!

2020-01-04 20:25:41


دانا حەمە عزیز

هەڵکوتانە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا، ئاخوندەکانی بردەوە بۆ هەمان سیناریۆی ٤٠ ساڵ لەمەوبەر بەڵام لەولاتێکی دیکە و بە باجی گەورەوە.

موحەمەد ڕەزا شا لە لەژێر گوشاری خۆپیشاندەکانی ئێراندا، لە ١٧/١/١٩٧٩ بە خۆیی و ماڵومناڵەوە وڵاتی بەجێ هێشت و چوو بۆ قاهرە.
ئەنوەر سادات، مافی پەنابەری سیاسی پیدا و تا مردنی وەك شا مامەڵەی لەگەڵ کرد. بەڵام لەگەڵ تەشەنەکردنی نەخۆشیی شێرپەنجەکەی کە لە ئایاری ١٩٧٤ وە دوچاری بوبوو، پێویستی بەچارەسەر بوو لە ئەمریکا.
٢٢ ی ئۆکتۆبەری ١٩٧٩، جەیمی کارتەری سەرۆکی ئەوکاتەی ئەمریکا ڕێگەی بە شا دا بچێتە ئەمریکا.
شا، لە نەخۆشخانەی Cornell Medical Center ی نیویۆرك بە ناو و کۆدی نهێنی David D. Newsom وە داخڵ کرا.
دوای ئەم بڕیارەی کارتەر، ئێران داوای لە ئەمریکا کرد شا ڕادەستی ئێران بکاتەوە. ئەمریکا بە توندی داواکەی ئیرانی ڕەتیکردەوە. دوای ئەم ڕەتکردنەوەیە، فەوجێك لە خوێندکارانی سەر بە خەتی ئیمام خومەینی، بێگوێدانە نەریت و یاسا نێودەوڵەتیەکان، لە ٤ی نۆڤەمبەری ١٩٧٩دا هەڵیانکوتایە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە تاران و هەموو دیپلۆماتەکانیان بە بارمتە گرت.
لە ٢٤ نیسانی ١٩٨٠دا، کارتەر لە پلانێکی سەربازیدا فەرمانی ڕزگارکردنی دیپلۆماتەکانی دا، بەلام پلانەکە بەهۆی بەرکەوتنی یەکێک لە هەلیکۆپتەرەکان بە فڕۆکەیەکی گواستنەوەدا کە بوە هۆی کوژرانی ٨ ئەندامی تیمەکە و ئێرانیەك، پلانەکە شکستی هێنا.
شا لە لە ٢٧ی تەموزی ١٩٨٠ ئەمریکای بەجێهشت و گەڕایەوە میسر، بەڵام دیپلۆماتە ئەمریکایەکان بۆ ماوەی ٤٤٤ رۆژ بەبارمتە مانەوە.
لە یەکەم ڕۆژی دەسبەکاربوونی سەرۆك ڕۆناڵد ڕیگان دا، لە ٢٠/١/١٩٨١ بەهۆی خراپی دۆخی شەڕ لەگەڵ عێراق، ئێران بارمتەکانی ئازاد کرد و کۆمەڵێ دەسکەوتی کاتیی و کورت مەودا بەدەستهێنا، بەڵام برینێکی قوڵی کردی جەستەی ئێران و، ئێرانیەکان ٤٠ ساڵە باجەکەی ئەدەن.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand