تێوه‌گلانی كورد، وه‌ك رووداوێكی چاره‌نووسساز ..!
2020-01-04 18:34:38
عه‌داله‌ت عه‌بدوڵا
وه‌رگرتنی هه‌ڵوێست له رووداوی كوژرانی قاسم سلێمانی(1957 ـ 2020ز)، بۆ هه‌رێمی كوردستان، بڕیارێكی ئاسان نییه. ئه‌و كاراكته‌ره ئه‌فسانه‌ییه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، سیمبولی لایه‌نێكی سه‌ره‌كیی ناو ململانێیه‌كی تونده كه زلهێزێكی گه‌وره‌ی جیهانیی وه‌ك ئه‌مریكا جه‌مسه‌رێكی پێكده‌هێنێ و زلهێزێكی ناوچه‌یی وه‌ك ئێرانیش جه‌مسه‌ره‌كه‌ی تر.
بۆ كورد، ئه‌مریكا، به‌هه‌موو ئه‌و یاده‌وه‌رییه سیاسییه تراژیدیانه‌شه‌وه كه له‌گه‌ڵیدا هه‌یه‌تی، هێشتا جێی گره‌وه، لانیكه‌م، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌ستی له‌دۆسییه گه‌رمه‌كانی ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا هه‌یه، به‌تایبه‌تی له‌و وڵاتانه‌ی كه كوردیان به‌سه‌ردا دابه‌شكراوه، كارێك كه ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی كورد، به هه‌ر ئیعتیبارێك بێ، بچێته ناو هه‌ندێ هاوكێشه‌ی سیاسی و ئه‌منی و ستراتیژیی واشنتۆنه‌وه‌و ئه‌و رۆڵی جوزئییه‌ش كه له ئاراسته‌كردنی رووداوه‌كاندا هه‌یه‌تی ئه‌مریكییه‌كان به‌وه مه‌حكوم بكات كه، ئه‌گه‌ر، وه‌ك كارتێكی سیاسییش بێ، یان به‌شێك له پێویستییه‌كانی هه‌ڵسوڕاندنی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م وڵاته له ناوچه‌كه‌دا، پاڵپشتی له مانه‌وه‌ی كورد‌و به‌تایبه‌تی هه‌رێمی كوردستان، بكات.
هه‌رچی ئێرانه، ئه‌وا وه‌ك هێزێكی كاریگه‌ری ناوچه‌كه كه هاوسنوره‌و دانی به حكومه‌تی هه‌رێمدا ناوه‌و په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ هێزه سیاسییه‌كانیدا هه‌یه، وڵاتێك نییه حسابی بۆ نه‌كرێت، هه‌ڵه‌شه له‌روانگه‌ی ئایدیۆلۆژیای ناسیۆنالیستییه‌وه، هه‌ڵوێست له هه‌ر ململانێیه‌كی وه‌ربگیرێت كه له‌گه‌ڵ هه‌ر هێزێكی ده‌ره‌كیدا هه‌یبێ و هه‌رێم خۆی بخاته داوی به‌ره‌ی دژایه‌تیكردنییه‌وه.
بۆ هه‌رێمی كوردستان، به پێی تازه‌ترین پێدراوی ئه‌زموونی سیاسییش بێ، ئه‌مریكاو ئێران، وه‌ك یه‌ك، هه‌م هه‌ڵوێستی باشیان هه‌بووه‌و هه‌م پێچه‌وانه‌ش!. چه‌ند ئه‌مریكییه‌كان رۆڵیان له به‌رگریكردن له هه‌رێم هه‌بووبێ له شه‌ڕی دژ به داعشدا، ئێرانییه‌كانیش، هه‌مان رۆڵیان بینیوه. چه‌ند له‌و جه‌نگه‌دا هاوئاهه‌نگی له‌نێوان هه‌ولێر و واشنتۆندا هه‌بووبێ، ئه‌وه‌نده‌ش په‌یوه‌ندیی له‌نێوان تاران و هه‌ولێردا هه‌بووه، چه‌ند ئیداره‌ی ئه‌مریكی بێده‌نگیی له باڵاده‌ستبوونه‌وه‌ی سوپای عێراق كردبێ له كه‌ركوك و ناوچه‌كانی تری جێی ناكۆكیدا، ئه‌وه‌نده‌ش ئێرانییه‌كان و به‌تایبه‌تیش خوا لێخۆش‌بوو قاسم سلێمانی، رۆڵی تێدا هه‌بووه.
ئه‌گه‌ر بارزانی و دامه‌زراوه ره‌سمییه‌كانی هه‌رێم و دوو هێزه سه‌ره‌كییه‌كه جارێك ستایشی پاڵپشتیكردنی ئه‌مریكاو هاوپه‌یمانانیان بۆ كورد كردبێ به‌تایبه‌تیش له شه‌ڕی دژ به تیرۆردا، ئه‌وا به‌هه‌مان شێوه ستایشی ئێرانییه‌كانیان كردووه، به‌دیاریكراویش له پاراستنی خودی پایته‌ختی هه‌رێم!. به باره‌كه‌ی تریشدا، چه‌ند نیگه‌ران بووبن له بێ هه‌ڵوێستیی ئه‌مریكییه‌كان له‌پای كۆنترۆڵكردنی به‌غدا بۆ ناوچه دابڕاوه‌كان، ئه‌وه‌نده‌ش له رۆڵی ئێرانییه‌كان بێ تاقه‌ت بوون له‌هه‌مان رووداودا.
لێره‌وه، به هه‌موو پێوه‌رێك، قورسه كه له دۆخی ململانێی نێوان ئه‌م دوو(دۆست)ه سیاسییه‌و له‌هه‌مان كاتدا بكه‌ره سه‌ره‌كییانه‌ی شكسته‌كانی كورددا، به ئاسانی بتوانرێ هه‌ڵببژێریت!، سه‌خته بچیته به‌ره‌ی یه‌كێكیانه‌وه له دژی ئه‌ویتریان.. له‌رووی مه‌بده‌ئیشه‌وه، كورد، پێویستیی به پاڵپشتیی هه‌ردوولایه، به‌ڵام كێشه ئه‌وه‌یه، هه‌ریه‌ك له‌م دوو زلهێزه، له چركه ساتی به‌ریه‌ككه‌وتن و گرژییه‌كانیاندا، ئه‌و پاڵپشتییه به‌وه گرێ ده‌ده‌نه‌وه كه كورده‌كان له‌گه‌ڵ لایه‌كیاندا بن و له دژی ئه‌ویتریان!، ئه‌وه‌ش، به‌دیاریكراوی، ئه‌و ته‌ڵه‌زگه‌یه‌یه كه كورد تێی كه‌وتووه، به‌تایبه‌تی له‌م چركه‌ساته مێژووییه‌دا.
له‌لایه‌كی تر، بێدەنگی و راگرتنی هاوسه‌نگی له هه‌ڵوێستدا بۆ كورد، هه‌رگیز وا ناکا كه نە تاران و نە کۆشکی سپییش وازی لێ بهێنن!. له‌گه‌ڵ رووداوی كوژرانی قاسم سلێمانی و ده‌رهاویشته‌كانیدا، جوڵەی دیبلۆماسی بۆ هەڵوێستوەرگرتن و ساغکردنەوەی هەڵوێست، به چڕی دەستی پێکردووە..! كێشه‌یه‌كی بونیه‌وی هه‌رێم ئه‌وه‌یه كه، به سیاسه‌ت توانای ده‌ستكاریكردنی هه‌ندێ فاكته‌ری نه‌گۆڕی نییه تا خۆی له ئاگری ئه‌م ململانێیه دووربخاته‌وه!.
جوگرافیای سیاسیی Geopolitics هه‌رێم كه سه‌رچاوه‌ی تێوه‌گلاندنێتی له‌م ململانێیانه‌دا، فه‌رشێك نییە لە کاتی رەشەبادا بیدەی بە کۆڵدا و لە شوێنێکی دی‌دا رای بخەیت!.. قەدەری جیوسیاسیی كورد، زۆر به ڕوونی، به‌مانای تێوەگلانه له‌و ململانێیانه‌دا ته‌نانه‌ت ئەگەر له بنه‌ڕه‌تدا خۆی نه‌شیه‌وێ تێوه بگلێ، ئه‌وه‌ی ئەمێنێتەوە لەم هه‌لومه‌رجه مه‌ترسیداره‌دا ته‌نها ئه‌وه‌یه كه كورد هه‌وڵ بدا کەمترین زیانی بەر بکەوێت و لایەنە ناکۆکەکان بزانن کە تێوەگلانەکەی، له كۆتاییدا، تێوه‌گلانێكی سەپێنراوە نەک هەڵبژێردراو.
به‌وه‌شه‌وه، بێگومان، ئه‌و هاوكێشه ئاڵۆزه به‌و مانایه نییه كه، ئه‌گه‌ر تاران و واشنتۆن له بنه‌مای تێوه‌گلانی كورد تێگه‌شتن، كه‌واته ئیدی چاوی لێ ده‌پۆشن و هه‌قیان به‌سه‌رییه‌وه نابێ، نا، به‌ڵكو ئه‌مه رێك به مانای دووچاربوونی كورده به گێمی تری ترسناكی فشار بۆ ئه‌وه‌ی ئاراسته‌ی تێوه‌گلانی خۆی بگۆڕێ!.
واته له كۆتاییدا، هه‌رێم، له هه‌موو دۆخێك‌دا ده‌كه‌وێته ناو به‌رداشێكه‌وه كه ته‌نها سێ ده‌ره‌نجامی هه‌یه، یه‌كه‌م: سه‌ركه‌وتن له هه‌ڵبژاردنی بژارده‌دا له هه‌ر پرۆسه‌یه‌كی تێوه‌گلان كه له‌په‌یوه‌ندیدا به ململانێی ئه‌مریكاو ئێرانه‌وه گره‌نتیی تیا نییه!، دووه‌م: سوتان له‌ناو پرۆسه‌ی تێوه‌گلاندا له‌گه‌ڵ لایه‌نێكی سوتاوی ناو ململانێكه كه خۆتت بۆ ساغكردۆته‌وه، سێیه‌م: دابه‌شبوونی سیاسیی ناوخۆیی كه ئه‌وه‌شیان ره‌نگه گره‌نتی مانه‌وه‌ی به‌شێك له خه‌ڵك و ناوچه‌یه‌كی جوگرافیی هه‌رێم بكا‌و، زیانیش به به‌شێك له‌خه‌ڵك و ناوچه‌یه‌كی تری جوگرافیی هه‌رێم بدات، ئه‌م ده‌ره‌نجامه‌ی كۆتاییش، بێگومان، یه‌كێكه له‌و سیناریۆیانه‌ی كه له‌حساباتی هه‌ریه‌كه له تاران و واشنتۆندا هه‌یه، به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر هه‌ردوولا شكستیان له‌وه‌دا هێنا كه هه‌رێم به هه‌موو هێزه سیاسییه‌كانییه‌وه بخه‌نه پاڵ خۆیان، ئه‌وه‌ی كه چاره‌نووسی ئه‌م سیناریۆیه‌ش یه‌كلای ده‌كاته‌وه ته‌نها ئاراسته‌و فۆرمی تیوه‌گلانه‌كه‌ی كورد خۆیه‌تی له‌ناو ئه‌و بژارده چاره‌نووسسازانه‌داو هیچیتر..!