حیزب و خێزان باوك و سەرکردە
2019-12-31 07:28:23
پەیكار عوسمان
کۆمەڵگای دینی لەسەر بناغەی خێزان دامەزراوە، ئیتر هەموو شتەکانیش لەسەر شکڵی خێزان دروستئەکاتەوە.
کۆمەڵگای مەدەنی لەسەر بناغەی تاك دامەزراوە، ئیتر هەموو شتەکان بە خێزانیشەوە بۆ ئەوە هەن، کە وجودی تاك تیایاندا ڕەنگبداتەوە.
کۆمەڵگای نەریتی ئەوانیتر مناڵئەکاتەوە لە بەرژەوەندی باوکێك. ئیتر له هەموو پنتێکا تۆ بەر ئەم بچوککردنەوەو گەورەکردنە ئەکەویت. مەسەلەن دوکتۆرو مامۆستا دایمە گەورەن و تۆ دایمە بچوك و مناڵیت لەبەردەمیاندا!
بەڵام کۆمەڵگای مۆدێرن هەمووان یەکسانئەکاتەوە لەبەردەم یاسادا. ئیتر تۆ لە هەموو جێگایەکدا بەر ئەم یەکسانکردنەوەیە ئەکەویت. ئیتر تۆ لەبەردەم دوکتۆرو مامۆستادا بچوك نیت، بەڵکو هەردوکتان تاکی یەکسانن لەناو پەیوەنییەکی ئینسانییدا.
مناڵی ناو کۆمەڵگای سونەتی، هەمیشە کەسێکی بیرنەکەرەوەی هیچنەکردەیە لەچاوەڕوانیی فریادڕەسێکدا.
مناڵی ناو کۆمەڵگای مۆدێرن، خۆی بیرئەکاتەوەو چاوی لە دەستی خۆیەتی و خۆی بکەرەکەیە.
لەگەڵ باوکەکاندا تۆ ناکەویتە ناو گفتوگۆوە، بەڵکو ئەکەویتە ناو وەعزەوە. لێرەشەوە تۆ بە هەمیشەیی لە کەسایەتی و لە عەقڵت دراوەو ئینسانێکی گرگنی ناو مێگەلیت.
بۆئەوەشی لەم گرگنی و مێگەلییە دەرچیت، هەوڵ ئەدەی جۆرێکك لە باوکایەتی بۆخۆت دەستبخەیت و بەسەر هەنێك لەوانیتردا مومارەسەی بکەیت. یەعنی هەر هەمان کولتور قوڵئەکەیتەوەو ئیتر کۆمەڵگاش ئەبێتە مەکینەیەکی گەورە بۆ بەرهەمهێنانی ستەمکاری.
بەڵام لەگەڵ تاکی هاوتادا، تۆ ئەکەویتە ناو گفتوگۆوەو لێرەشەوە عەقڵ و کەسایەتی و کەرامەتت حزور پەیائەکەن و ئەو حزورەش ئینسانەکان ئەباتە ناو عەدالەت و پەیوەندیەکی ئینسانیی.
پەیوەندی هاوتایی تەواوکارییەو ئینسانەکان ناچنە شوێنی یەکتر، کەس نابێ بەویتر بەڵکو هەرکەس خۆیەتی و هەمووانیش یەکتری تەواوئەکەن و بەمەش پێشئەکەون.
بەڵام پەیوەندی باوکایەتی سفرکارییەو هەرکەس دێ ئەویتر سفربکاتەوەو بچێتە جێگاکەی و ببێت بەو! ئیتر پێشکەوتنێکیش ڕووناداو هەمیشە لە خاڵی سفرداین و بەردەوام یەینەوە ئەوێ.
کێشەی پەیوەندی گەورەوبچوکی و باوکایەتی ئەوەیە کە هەر گەورەیەك، گەورەییەکەی لەسەر بچوککردنەوەی ئەویتر بینائەکات!
مەسەلەن ئەم حەملەیەی دژی نەوشیروان ئەکرێ، مەسەلە حەقیقەت نیە ئەگەرچی ڕەخنەکان بڕێك حەقیقەتیشی تێدابێ! بەڵکو مەسەلە ماڵێکی نوێیە، کە باوکێکی نوێ ی ئەوێ و باوکی نوێش ئەبێ باوکێکی کۆنی بۆ بکوژیت!
ئەمە هەرئەوەیە کە نەوشیروان خۆی بەرامبەر مامجەلال کردی مامجەلالیش بەرامبەر مەلامستەفا کردی و مەلامستەفاش بەرامبەر نەیارەکانی ئەیکردو پێی ئەوتن قوندەر!
جا لە کۆمەڵگای ئێمەدا، زۆر ئاساییە کە حیزب هی باوکەو لەوجودیدا مناڵەکان پشتئەستورن و لەغیابیدا هەتیوئەکەون و دواتریش وەکو میرات ئەبێ بە هی کورو ئامۆزاو کەسوکار.. چونکە حیزب تەنیا دەرکەوتەو وێنەیەکی خێزانە!
گیایەکە لەسەر ئەو بنجە ڕوواوەتەوەو تاکو دەسکاری بنجەکەش نەکەین گیاکان ناگۆڕێن، تاکو دەسکاری خێزان نەکەین سیحری باوکایەتی بەتاڵ نابێتەوە، تاکو ئەو سیحرەش هەبێت تاکی ئازادو یەکسان دروست نابێ!
لێرەدا من دژی خودی باوك و خێزان نیم کە دوو شتی بێ ئەندازە جوانن، بەڵکو من دژی دامەزراندنی کۆمەڵگام لەسەر بنەمای خێزان و باوکایەتی، کە شتێکی نادیموکراتەو دواتر هەموو شتەکانیش ئەباتە ناو پەیوەندیەکی نادیموکراتەوە!
بۆ ئەوەی دنیایەکی دیموکرات دروست بکەین، ئەبێ خێزان سەربە ئازادی ئینسانبێت نەک سەر بە موقەدەسی کۆمەڵگا! مەسەلەن نابێ زەواج گەورەترین ڕووداوی کۆمەڵایەتی و جیابوونەوە گەورەترین کارەساتی کۆمەڵایەتی بێت، بەڵکو هەردوکی تەنیا ڕووداوی ناو ئازادی دوو ئینسانن و هیچی تر.
دواجار ئێمە حیزبێکمان نیە لە دەرەوەی مەشروعی باوکایەتی، چونکە حیزبێکمان نیە قسەیەکی هەبێت لەسەر خێزان و بونیادی کۆمەڵگا!
ئیتر هەمووشیان یەک ماهییەتن و هی باوکێکن کە ئەچێ بۆ کوڕ یان ئەچێ بۆ باوکی دووەم.
ئەو حیزبەشی کە بۆ باوکێك ساغنابێتەوە، ئەبێتە مەیدانی ململانێ ی چەن باوکێك و لێرەشەوە کوتلەبازی دروستئەبێ و کوتلەبازیش هیچ نیە جگە لە فرەباوکیی.
یەکێتی هی چەن باوکێك و کوڕەکانیانە.
پارتی هی باوکایەتی بنەماڵەی بارزانیە.
گۆڕان هی باوکێکی کۆچکردو وەرەسەکەیەتی.
نەوەی نوێ و کۆمەڵ هی دوو باوکی زیندون بە ناوەکانی عەلی و شاسوار.
گۆڕانی ناڕازیش هێشتا دروستنەبووە دوو باوکی هەیە، قادرو عوسمان.
باوکەکەی یەکگرتووش، ئەگەر خۆشی لێگەڕێ، مناڵەکان لێیناگەڕێن و ئەیهێننەوە، چونکە عەقڵیەتی باوکایەتی دوولایەنەیەو هەرئەوەنیە کە کەسێك ئەیەوێ باوکایەتی بکات، بەڵکو ئەوانیتریش بە مناڵیی خۆیان ڕازین!
لێرەدا پەکەکە هەنگاوێ زیاتر ڕۆشتووەو باوکایەتی تەقلیدیی تێپەڕاندوە، بەڵام تاك هەر نائازادە، چونکە لێرەشدا ئینسانەکان هەر مناڵن و گەورەنەبوون، بەڵام ئەمجارە لەبری ئەوەی مناڵی شەخسبن، بوونەتە مناڵی ئایدۆلوژیا.
ئەگەر قسەی یەکەم لەسەر خێزان نەبێت، قسەکانی تر لەبارەی دیموکراسییەوە بەتاڵن، چونکە دیموکراسی لەسەر خێزان دانامەزرێ، لەسەر تاك دائەمەزرێ!
یەعنی ئەگەر فیلمەکە لە تاکەوە دەستپێبکا ئیتر بەدوایدا شتەکان دیموکراتن.
ئەگەریش فیلمەکە تاك بپەڕێنێ و لە خێزان و خێڵ و گروپەوە دەستپێبکا، ئیتر هەموو شتەکانی تریش نادیموکراتن ئەگەرچی پاشگڕو پێشگری دیموکراتیشیان پێوەبێت.
لە کۆمەڵگایەکی تاک پەراوێزی خێزان سەنتەردا، حیزبەکەت هیچ نیە جگە لە نوسخەیەکی گەورەی خێزانە باوکسالارەکەت.
کۆنگرەکانیش هیچ نین جگە لە مانۆڕی باوك و کوڕەکان. ئەندامەکانیش هیچ نین جگە لە کۆمەڵێ مناڵ کە بۆ باوکێك ئەگەڕێن.