دۆخی سیاسی كوردستان دوای كۆنگره‌ی یه‌كێتی
2019-12-29 13:21:30
شێرزاد شێخانی
به‌ده‌ر له‌گله‌یی و گازنده‌و ته‌نانه‌ت تووڕه‌بونی به‌شێك له‌كاندیدانی سه‌ركردایه‌تی له‌كۆنگره‌ی چواره‌می یه‌كێتی ، به‌ڵام گه‌ر به‌ویژدانه‌وه به‌ڕێوه‌چونی ئه‌م كۆنگره‌یه هه‌ڵسه‌نگێنین، ده‌توانین بڵێین كه‌وا باشترین كۆنگره‌ی یه‌كێتی بوه به‌درێژایی ته‌مه‌نیه‌وه ..
ره‌نگه زۆر كه‌س نه‌زانێ له‌چ بارودۆخێكی دژوار‌دا ئه‌م كۆنگره‌یه به‌ستراوه ، چونكه تا دواساته‌كانیش زۆر كه‌س هه‌بوون باوه‌ڕیان به‌وه نه‌بوو یه‌كێتی بتوانێ كۆنگره‌ی خۆی ببه‌ستێ ، ته‌نانه‌ت هه‌ندێ لایه‌نی سیاسیش هه‌وڵێكی زۆریاندا بۆ شكستهێنان به بڕیاره‌كه‌ی سه‌ركردایه‌تی به‌دیاریكردنی رۆژی به‌ستنی كۆنگر‌ه ..
خۆم یه‌كێك بووم له‌و كادیره ناڕازییانه‌ی ساڵی 2018 له‌ته‌لاری هونه‌ری شاری سلێمانی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی فراوانی كادیرانمان سازدا بۆ فشار خستنه سه‌ر سه‌ركردایه‌تی بۆ دیاریكردنی رۆژی كۆنگره‌ی چواره‌م ، ئه‌وسا كادیروئه‌ندامانی یه‌كێتی به‌گشتی له‌حاڵه‌تیكی ده‌روونی زۆر خراپ‌دا بوون و بێئومید ببون له‌به‌ستنی كۆنگر‌ه به‌هۆی كات كوشتنی به‌شێك له‌سه‌ركرده‌كان كه ترسێكی زۆریان هه‌بوو له‌به‌ستنی كۆنگر‌ه . هه‌ر ئه‌و ده‌میش مه‌سجێكی هه‌ڕه‌شه‌ئامێز گه‌یشته كۆبوونه‌وه‌كه‌و داوایان لیكرا هه‌وڵه‌كانیان راگرن بۆ دیاریكردنی رۆژی كۆنگر‌ه .. دوابه‌دوای ئه‌م هه‌وڵه له‌گفتوگۆكانم له‌گه‌ڵ به‌شێك له هه‌ڤاڵانی سه‌ركردایه‌تی ، گوێم له‌وه بوو كه‌وا هه‌ندێ له‌سه‌ركرده‌كانی یه‌كێتی ترسی ئه‌وه‌یان هه‌بوه ئه‌گه‌ر كۆنگر‌ه ببه‌سترێ له‌وانه‌یه له ناو هۆڵی كۆنگره‌دا خوێن بڕژێ .. ته‌نانه‌ت باس له‌وه‌شده‌كرا گوایه به ده‌بابه‌و چه‌ك و بیكه‌یسی ده‌وروبه‌ری كۆنگر‌ه ئه‌گیرێ و ناهێڵن ببه‌سترێ .
نازانم تا چه‌ند ئه‌و مه‌ترسییانه مه‌نتیقی بوون ، چونكه به‌ش به‌حاڵی خۆم قه‌ت ته‌سه‌ورم نه‌ئه‌كرد كار بگاته ئه‌وه‌ی سه‌ركرده‌یه‌كی یه‌كێتی زاتی ئه‌وه بكات خوێنی هه‌ڤاڵێكیتری برێژێت له‌ناو هۆڵی كۆنگره‌دا ، به‌ڵام به‌هه‌رحال ئه‌و مه‌نتیقه سه‌ریگرت و كۆنگر‌ه بۆ زیاتر له‌ساڵ و نیوێك دواكه‌وت . بۆیه به‌ستنی كۆنگره‌ی چواره‌م به‌و ئارامییه‌ی بینیمان و ده‌رئه‌نجامه‌كانیشی ، گه‌وره‌ترین سه‌ركه‌وتنی یه‌كێتی و هه‌ڤاڵانی سه‌ركردایه‌تین كه مێژوو بۆیان ئه‌نوسێته‌وه.
ئه‌مه‌و جگه له‌وه‌ی یه‌كێك له‌ده‌سكه‌وته هه‌ره مه‌زنه‌كانی ئه‌مجاره‌ی كۆنگره‌ی یه‌كێتی، هێنانه پێشه‌وه‌ی نه‌وه تازه‌كه‌یه. ئه‌گه‌رچی هه‌ندێ كه‌سو لایه‌ن ره‌خنه‌ی ئه‌وه ده‌گرن گوایه ده‌سته‌ی سه‌ركردایه‌تی ئه‌مجاره‌ی یه‌كێتی مۆركی بنه‌ماڵه‌یی پێوه دیاره ، به‌ڵام خۆ ئه‌وانه‌ی كه هاتونه‌ته پێشه‌وه هه‌موویان ئه‌ندامو كادیری یه‌كێتی بوونه ، به‌پێ په‌یڕه‌وی یه‌كێتیش مافی خۆكاندید كردنیان هه‌یه ، ده‌نگیشیان له‌ناو كۆنگر‌ه هێناوه ، ئیدی هیچ گرنگ نیه سه‌ر به‌چ بنه‌ماڵه‌یه‌كن . خۆ حزبی سیاسی هه‌یه حه‌فتا ساڵه له‌لایه‌ن یه‌ك بنه‌ماڵه‌وه به‌ڕێوه ئه‌چێ ، حزبی واش هه‌یه سكرتێره‌كه‌ی وه‌كو بته‌كانی بووزا و ئه‌هرامه‌كانی میسر هه‌ر له‌شوێنی خۆیانن ناجوڵێنه‌وه .
له‌به‌ر رۆشنایی ئه‌و خاڵانه‌ی سه‌ره‌وه‌و، به‌له‌به‌رچاوگرتنی هه‌وڵی نه‌یارانی یه‌كێتی بۆ شكستهێنانی كۆنگره‌كه‌ی ، پرسیاره گه‌وره‌كه ئه‌وه‌یه ، ئایا ئایینده‌ی دۆخی سیاسی كوردستان و به‌تایبه‌تیش په‌یوه‌ندی یه‌كێتی به حزبه‌كانی كوردستان و له‌سه‌رووی هه‌مووشیانه‌وه پارتی دیموكراتی كوردستان چی‌یان به‌سه‌را دێت ؟؟.
هه‌ڵبه‌ت حه‌قیقه‌تێك هه‌یه كه ئه‌بێ لێره‌دا باسی بكه‌ین ، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه‌وا ده‌رئه‌نجامه‌كانی ئه‌م كۆنگره‌یه به تایبه‌تیش هاتنه پێشه‌وه‌ی به‌شێكی گه‌وره له كادیر‌و سه‌ركرده گه‌نجه‌كانی یه‌كێتی ، به‌دڵی سه‌رانی پارتی نه‌بوه‌و نییه . چونكه پارتی ساڵانێكه له‌رێگه‌ی به‌شێك له‌سه‌ركرده ته‌قلیدیه‌كانی یه‌كێتی توانیویه‌تی به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت ، ده‌نگی یه‌كێتی كپ بكات و خۆی وه‌كو حیزبی قائید له‌سه‌ر ئاستی كوردستان بناسێنێ . دابه‌زینی ژماره‌ی كورسییه‌كانی یه‌كێتی و ملكه‌چبونی به‌شێك له‌و سه‌ركردانه‌ش ، یارمه‌تیده‌ر بوون بۆ ئه‌وه‌ی پارتی خۆی وه‌كو مه‌رجه‌عی سیاسی له‌كوردستان پیشانبدات .. به‌ڵام ئێستا هاوكێشه‌كان گۆڕانیان به‌سه‌را هات و ئه‌وه‌ی پێشتر بۆ پارتی ئه‌چوه سه‌ر ئێستا بۆی ناچێته سه‌ر .
نه‌وه‌یه‌كی تازه له‌نێو یه‌كێتی سه‌ری هه‌ڵداوه‌و شه‌رعییه‌تی كۆنگره‌ی له‌گه‌ڵه ..ئه‌م نه‌وه‌یه‌ش سه‌روه‌ری وجه‌ماوه‌رییه‌ته‌كه‌شی له‌وه‌وه به‌ده‌ستهێناوه كه دژی سیاسه‌تو پاوانخوازییه‌كانی پارتی بوونه . ئه‌گه‌ر پێشتر شه‌رمنانه ده‌یانتوانی هه‌ڵویستی خۆیان له‌سه‌ر ئاستی سه‌ركردایه‌تی بنوێنن ، به‌حوكمی ئه‌وه‌ی میوان بوون له كۆبوونه‌وه‌كانی سه‌ركردایه‌تی و مه‌كته‌بی سیاسی ، به‌ڵام ئێستا نه‌ك هه‌ر شه‌رعییه‌تی حزبییان هه‌یه ، به‌ڵكو بوونه به‌بڕیاربه‌ده‌ستی یه‌كێتیش .ئه‌گه‌ر قسه‌ش بێته سه‌ر مه‌سه‌له‌ی باڵباڵینی ناو یه‌كێتی ، بێگومان ئێستا باڵی زۆرینه ئه‌و باڵه‌یه كه دژی پارتییه و كار بۆ هه‌ستانه‌وه‌ی یه‌كێتی ئه‌كات ، ئه‌مه‌ش ره‌نگه زۆربه‌ی هاوكێشه‌كان قڵپكاته‌وه‌و چیتر پارتی نه‌توانێ كۆنتڕۆلی بریاره‌كانی یه‌كێتی بكات . ته‌نانه‌ت ئه‌و ئه‌نجونه باڵایه‌ی سیاسیه‌ش كه سه‌ركرده پییره‌كانی یه‌كێتی له‌خۆ گرتوه ، ره‌نگه ئه‌ویش نه‌توانێ به‌ر به‌و ته‌ووژمه‌ی دژه‌پارتی له‌ناو یه‌كێتیدا بگرێ ، چونكه بڕیاری زۆرێنه له‌مه‌سه‌له سیاسییه‌كاندا زه‌حمه‌ته ئه‌م ئه‌نجومه‌نه بتوانێ ره‌تی بكاته‌وه .
پێموایه سه‌ركه‌وتنی كۆنگره‌ی چواره‌م سه‌ره‌تایه‌كی به‌هێزه بۆ هه‌ستانه‌وه‌ی یه‌كێتی ، گومانم له‌وه‌شدا نیه كه‌وا له‌هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتوی كوردستانیشدا هاوكێشه‌كان له‌به‌رژه‌وه‌ندی یه‌كێتی بشكێته‌وه ، چونكه به‌ڕاستی خه‌ڵك بێزار بوه له‌سیاسه‌تی به‌ڕێوه‌بردنی سه‌رانی پارتی و هه‌موو خه‌ڵكی كوردستانیش چاوه‌رێی به‌دیلێكی به‌هێز بوون ، ره‌نگه یه‌كێتی ئه‌و به‌دیله چاوه‌ڕوانكراوه بێت ، به‌مه‌رجێك گۆڕانكارییه‌كانی ناو یه‌كێتی ببنه هه‌وێنی گۆڕانكارییه‌كی گه‌وره‌تر له‌سه‌ر ئاستی جومگه‌كانی ئه‌و به‌شه‌ی ده‌سه‌ڵات كه به‌ده‌ست یه‌كێتییه‌وه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی قه‌ناعه‌ت به كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان بێنێ كه‌وا یه‌كێتی به‌فیعلی گه‌ڕاوه‌ته‌وه سه‌ر رێبازه پیرۆزه‌كه‌ی مام جه‌لالی نه‌مر ..