بەستنی کۆنگرە بە یاسا ومۆدێلی تازە
2019-12-28 10:59:08
هیوا سەید سەلیم
بەرەو کۆتایی ساڵ دەچین، لە ٢٠١٩ چەند حزبێکی کوردستان( گۆڕان ، نەوەی نوێ، زەحمەتکێشان، یەکێتی ، یەکگرتوو) فریای بەستنی کۆنگرەکانیان کەوتن، ئەوانەی کە ماون دەبێت بۆ سالی داهاتوو کۆنگرە ببەستن.
ئەوەی جێگای هەڵوەستەیە سەرجەم کۆنگرەکان لە ژێر فشار و کاریگەری یاسایی پارتە سیاسیەکانی عێراق دەبەسترێن، فشارەکان سەرجەم پارتەکان پابەندی بەستنی کۆنگرەیی دامەزراندن دەکەن، کاریگەریەکانیش بریتین لە پابەندکردنی حزبەکان بە ناوەڕۆکی ئەو یاساییەی کە بەشی زۆری پارت و لایەنەکان دوای دەرچوونی یاساکە خۆیان لە فەرمانگەی حزب ورێکخراوە سیاسیەکانی سەر بە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەکان تۆمارکرد.
ساڵی ٢٠١٥، یاسایی ژمارە٣٦ی پارتە سیاسیەکان لە عێراق دەرچوو ،جیگای ئاماژەیە کە یاسایی پارتە سیاسیەکان وەک هەر یاسایەک لایەنی باش و خراب لە خۆەگرێت .
بەندی یەکەمی یاساکە کە بریتیە لە ئامانجی دەرچوونی ئەو یاسایە، بریتیە لە سێ خاڵ ، یەکەمیان رێوشوینی دامەزراندنی هەر پارتێکی سیاسی دیاریکردووە، لەو خاڵەدا کە دواتر مەرجی بۆ دەستەی دامەزراندنی حزب داناوە، بەوەی دەبێت دەستەی دامەزراندن کە نابیت ژمارەیان لە ٧ ئەندام کەمتر نەبێت، مەرجی بۆ دەستەی دامەزراندن داناوە کە دەبێت هەڵگری بڕوانامەی بەکالۆریۆس بن (ماددەی ٩ خاڵ ٦).
ئەو مەرجە کە لە یاساکە هاتووە هیچ پێویستی نەدەکرد ، چونکە لەوانەیە رۆژگارێک پێویست بکات لە عێراق حزبێکی جوتیاری یان کرێکاری دابمەزرێت، ئەو چین و توێژانە چ پێویستیان بەویە کە هەڵگری بڕوانامەی بەکالاریۆس بن؟
لەگەڵ ئەوەشدا ئامانجێکی ئەرێنی یاساکە بریتیە لە زامنکردنی فرەیی سیاسی و حزبی، کە ئەمەیان وەک پڕەنسیب بۆ ولاتێکی وەک عێراق گرنگە، کە زامنی ئازدیەکان دەکات بۆ هاولاتیان، لە دامەزراندنی پارتی سیاسی تایبەت بە خۆیان.
دیوێکی دیکەی نەرێنی ئەو یاسایە بریتیە لە ماددەی (٥)ی بەندی دووەم کە دەڵێت (نابێت حزب لەسەر بنەمانی رەگەزپەرستی، تیرۆر، تەکفیر، تائیفی، یان نەتەوەیی دابمەزرێت) ماددەی ٥ خاڵی ٢، دامەزراندنی حزب لەسەر بنەمایی نەتەوەیی بۆ دەبێت وەک ئەوانی دیکە بە تایبەت تیرۆر هەژمار بکرێت؟
ئەو خاڵەی یاساکە دەکرێن وەک لوغمێک بۆ حزبە کوردستانیەکان داندرابێت، چونکە ئەگەر زۆربەشیان لەسەر بنەمای نەتەوەیی دانەمەزرابن ئەوا ئامانجی نەتەوەیان هەیە بۆی تێدەکۆشن، بۆیە نەدەبوو لە یاساکە ئامانجی نەتەوەیی وەک پرسی تیرۆر و رەگەزپەرەستی سەیربکرێت.
بە هەمان شێوەی ئەو ماددەیە لە بەندی سێی یاساکە لە ماددەی(٨) خاڵی یەکەم هاتووە (نابێت پرەنسیپ و ئامانج و بەرنامەکانی حزب ناکۆک بن لەگەل بنەماکانی دەستووری عێراقی) کە ئەو خاڵەش بۆ هەندێک لەو حزبە کوردستانیانەی باوەڕی تەواویان بە سەربەخۆیی کوردستان و سیستەمی علمانیەت هەیە ناکۆکی لەگەڵ دەستووری عێراق درووست دەکات.
دیوی دیکەی ئەرێنی یاساکە بریتیە:
- نابێت لە دامەزراندن و ئەندامیەتی هیچ حزبێک کارمەندانی هیزە ناوخۆیەکان و بەرگری و دەستەکانی مافی مرۆڤ و دادگاکان ئەندام بن، دەبیت ئەو کەسانە لە نێوان کاری پیشەیی و حزبی یەکێکیان هەلبژێرن (ماددەی ٢٥، خاڵی ٤)
- حزبی سیاسی نابیت پەیوەندی ئۆرگانی و دارایی بە لایەنی دەرەکی هەبێت، یان بۆ کاری حزبی لەدەرەوە ئاراستە بکرێت( ماددەی ٢٥، خاڵی ١)
ئەگەر ئەمەی باس کرا کاریگەری یاسای ژمارە(٣٦)ی حزبە سیاسیەکان بێت بەسەر کۆنگرەکانیان، لە پاڵ ئەمەشدا هەست بە کاریگەریەکی دیکەش بەسەر ئە کۆنگرانە دەکرێت، ئەویش مۆدێلی ( HDP) یە لە بەستنی کۆنگرە ، وە شیوازی سەرکردایەتی کردنی حزب.
شایانی باسە هەدەپەیەکان لە کۆنفراسی ناوچەی سەرجەم کارەکانی کۆنگرە بە کۆتا دێنن، پاشان لە کۆنگرەیی گشتی شەرعیەت دەدەن بە کارەکانی ئەو کۆنفراسانە و هەر لەوێش سەرکردایەتی تازە هەلدەبژێرن.
دوای ئەوەی باسمان لە کاریگەری یاسا و مۆدێلی تازەی بەستنی کۆنگرەکان کرد هەمووشمان وا دەبینین کە کۆنگرەکان بە یاسا و مۆدێلی تازە بەستران و دەبەسترێن، بەڵام لەوانە گرنگتر ئەوەیە کە حزبەکانی کوردستان بە پڕاکتیکی خۆیان تازە بکەنەوە، کار بەو یاسایانە بکەن کە خزمەت دەکەن بە فرەیی سیاسی و هەنگاونان بۆ دیموکراسیەتی راستەقینە لە کوردستان.