Draw Media

بزوتنەوەی گۆڕان بەرنامە بوو یان کاردانەوە؟!

بزوتنەوەی گۆڕان بەرنامە بوو یان کاردانەوە؟!

2019-12-28 10:57:08



ساڵح ژاژڵه‌یی  به‌شی‌ حه‌وته‌م   
قوڵبونه‌وه‌ی‌ ناکۆکییه‌کان دوای‌ وه‌فاتی‌ کاک نه‌وشیروان   
له‌ به‌شه‌کانی‌ پێشوی‌ ئه‌م نوسینه‌دا ئاماژه‌م به‌وه‌کرد که‌ دوای‌ ماوه‌یه‌کی‌ کورت له‌ دروستبونی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان جۆرێک له‌ ناکۆکی‌ له‌نێوان کاک نه‌وشیروان و هه‌ندێک له‌ تێکۆشه‌ره‌ دێرینه‌کان سه‌ریهه‌ڵدا. به‌ڵام هه‌تا کاک نه‌وشیروان خۆی‌ له‌ ژیاندا مابوو کار و باره‌کان به‌ باشی‌ به‌ڕێوه ‌ئه‌چوو چونکه‌ کاک نه‌وشیروان یه‌کلایی که‌ره‌وه‌ی‌ هه‌موو بڕیاره‌کان بوو.
پێشئه‌وه‌ی‌ کاک نه‌وشیروانیش کۆچی‌ دوایی بکات. هه‌ندێک له‌ براده‌ران خه‌ریکی‌ هێنان و بردنی‌ قسه‌بون له‌نێوان کاک نه‌وشیروان و ناڕازییه‌کان. هه‌ندێکیان به‌ ئاشکراو بێ په‌رده‌ قسه‌یان ئه‌کردو هه‌ندێکی‌ تریشیان دیبلۆماسیانە واته‌ له‌ ژێر په‌رده‌وه‌ و به‌ جۆرێک وا خۆیان نیشان ئه‌دا کێشه‌یان له‌گه‌ڵ که‌سدا نییه‌و له‌گه‌ڵ هه‌موان ته‌بان. له‌ راستیشدا به‌رژه‌وه‌ندی‌ شه‌خسی‌ له‌و رێگایه‌وه‌ به‌ده‌ست دێت. 
کاک حه‌مه‌ تۆفیق یه‌کێک بوو له‌وانه‌ی‌ زۆر به‌ئاشکرا دژایه‌تی‌ کاک قادر و کاک عوسمانی‌ ئه‌کرد و ئه‌یوت ئه‌وانه‌ گۆڕان بن یان نه‌بن گرنگییان نییه‌. له‌ گردی‌ زه‌رگه‌ته‌ که‌ ئه‌کاته‌ باره‌گای‌ سه‌رکردایه‌تی‌ بزوتنه‌وه‌که‌، جگه ‌له‌وه‌ی‌ هه‌موو ژووره‌کان جمه‌یان ئه‌هات له‌ گۆڕانخوازان و سه‌ردانی‌ میوانیش له‌ لایه‌کی‌ تر،  هه‌موان ئاگاداری‌ ئه‌و ناکۆکیانه‌ بون. دیارده‌ی‌ زه‌م و زه‌مکاری‌ گه‌شه‌ی‌ ئه‌کرد و له‌ یه‌کتریان ئه‌خوێند. کاک عومه‌ری‌ سه‌ید عه‌لی‌ و کاک مسته‌فا و مامۆستا جه‌لال و جه‌مالیش به‌ده‌ر نه‌بون له‌ هۆکاری‌ ئه‌و ناکۆکیانه‌ی‌ پێشتر که‌ هه‌بون. به‌ڵام هه‌ر یه‌که‌یان به‌شێوه‌یه‌ک و بۆ مه‌به‌ستێک کاریان ئه‌کرد. ئەوان بە بەرنامە کاریان بۆ ئایندەی خۆیان ئەکرد. هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ که‌ پشتیوانییان له‌ کاک عوسمان و کاک قادر نه‌کرد بۆ ئه‌وه‌ی‌ بزوتنه‌وه‌که‌ به‌ دامه‌زراوه‌یی بکرێت و  بڕیاڕ بە ‌ ده‌سته‌جه‌معی‌ بدریت ، نه‌ک هه‌موو بڕیاره‌کان له‌ ده‌ست یه‌ک که‌سدابێت. مانای ‌وایه‌ جیاوازی‌ هه‌بوه‌ له‌ بۆچونی‌ ئه‌و دوو به‌ره‌یه‌دا. 
ئه‌مه‌ سه‌ره‌تای‌ قوڵبونه‌وه‌ی‌ ناکۆکیه‌کان بوو.  خانه‌ی‌ راپه‌ڕاندن وه‌کو مناڵێکی‌ تازه‌ به‌ که‌مئه‌ندامی‌ له‌ دایک بوو. به‌هۆی‌ داواکارییه‌که‌ی‌ کاکه‌ حه‌مه‌وه‌ کە بە زۆر داوای شوێنەکەی کاک عوسمانی دەکرد بە بێ رٍکبەر . ئه‌وانه‌ی‌ فۆڕمیان پڕکردبۆوه‌ بۆ پۆسته‌کانی‌ تر. جێگۆڕکی‌ به‌ شوێنه‌کانیان کرا. هه‌ندێک هه‌ر ده‌ستیان کێشایه‌وه‌. هیچ ژنێکیش نه‌بوو به‌ ئه‌ندامی‌ خانه‌ی‌ راپه‌ڕاندن. کاک قادری‌ حاجی‌ عه‌لیش خۆی‌ کاندید نه‌کرد، چونکه‌ ئه‌و ئه‌یویست بۆ پۆستی‌ رێکخه‌ری‌ گشتی‌ خۆی‌ بپاڵێوێت و دیاره‌ کاک عومه‌ریش ویستویه‌تی‌ رکه‌به‌ری‌ نه‌بێت و کاک قادریش نه‌یویستوه‌ کێشه‌ دروست ببێت. کاتێک پڕۆسه‌ی‌ ده‌نگدان کۆتایی هات. کاک عوسمان زۆرترین ده‌نگی‌ هێنا. بۆ ئاگاداری هەموتان ئەوە کاک نەوزادی نوری بەگ ماوەو بچن پرساری لێ بکەن تکام لە کاک نەوزاد کرد بەکاک قادر بلێت خۆی بۆ پۆستی رێکخەری گشتی کاندید نەکات ، بۆ ئەوەی کێشە بۆ بزوتنەوەکە دروست نەبێت . 
ئه‌گه‌ر پڕۆسه‌که‌ به‌شێوازێکی‌ دیموکراتیانه‌ به‌ڕێوه‌ بچویایه‌ و کاک عوسمان خۆی‌ بپاڵاوتایه‌ بۆ پۆستی‌ رێکخه‌ری‌ گشتی‌. به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌و ئه‌بوو به‌ رێکخه‌ر. لێره‌دا پرسیار ئه‌وه‌یه‌ بۆچی‌ کاک عوسمان یان کاک قادر خۆیان بۆ رێکخه‌ری‌ گشتی‌ کاندید نه‌کرد؟ له‌به‌ر دوو هۆکار:
یه‌که‌م: کوڕه‌کانی‌ کاک نه‌وشیروان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نه‌بون ئه‌وانه‌ ببنه‌ رێکخه‌ر و  تەنانەت ئەندامانی خانەش، چونکه‌ ئه‌ترسان به‌رژه‌وه‌ندییه‌ مادیه‌کانیان بکه‌وێته‌ مه‌ترسییه‌وه‌و بۆچونی‌ ئه‌وان به‌رامبه‌ر ئه‌و براده‌رانه‌ وه‌کو بۆچونی‌ باوکیان وابو.
دووه‌م: کاک قادر و کاک عوسمان پێیان باش نه‌بوو له‌سه‌ر پۆست کێشه‌ دروست ببێت و ئۆباڵی‌ شکستی‌ بزوتنه‌وه‌که‌ش بخه‌نه‌ ئه‌ستۆی‌ خویان. باشترین نمونه‌و به‌ڵگه‌ بۆ ئه‌مه‌: ئه‌وکاته‌ی‌ کاکه‌ حه‌مه‌ داوای‌ شوێنه‌که‌ی‌ کاک عوسمانی‌ کرد. کاک عوسمان بۆی‌ به‌جێهێشت. له‌سه‌ر ئه‌وه‌ له‌لایه‌ن براده‌ره‌کانیه‌وه‌ زۆر ره‌خنه‌ له‌ کاک عوسمان گیرابوو. پێیان وتبو نه‌ده‌بوو ئه‌وه‌ بکه‌یت ئه‌گه‌ر شه‌ڕی‌ گه‌وره‌شی‌ له‌سه‌ر دروست ببویایه‌.
له‌ وه‌ڵامدا کاک عوسمان وتبوی‌ خه‌ڵکێکی‌ زۆر هاتونه‌ لام و داوایان لێکردوم با کێشه‌ دروست نه‌بێت و منیش رێزی‌ بۆچونه‌که‌ی‌ ئه‌وانم گرتوه‌و حه‌زیشم نه‌کردوه‌ بڵێن له‌ سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی‌ شه‌خسی‌ بزوتنه‌وه‌که‌ی‌ توشی‌ شکست کردوه‌. 
دژایه‌تییه‌که‌ی‌ کاکه‌ حه‌مه‌ به‌رامبه‌ر به‌و براده‌رانه‌ هه‌ر ئه‌مه‌ نه‌بوه‌. کاتێک نێچیرڤان بارزانی‌ ئه‌یه‌وێت بۆ پرسه‌ی‌ کاک نه‌وشیروان بێته‌ سلێمانی‌. کاکه‌ حه‌مه‌ به‌ کاک عومه‌ری‌ سه‌ید عه‌لی‌ وتوه‌ جگه‌ له‌ خۆت نابێ که‌سی‌ تر به‌شداری‌ پێشوازیکردن بێت. ئێمه‌ وه‌کو بنه‌ماڵه‌ پێشوازی‌ لێ‌ ئه‌که‌ین. 
دواجار کاک عومه‌ری‌ سه‌ید عه‌لی‌ تکاو رجای‌ له‌ کاک عوسمان و ئه‌وانی‌ تر کردوه‌ که‌ به‌شداری‌ مه‌ڕاسیمی‌ پێشوازیکردنه‌که‌ بکه‌ن.  کاتێ کاک عوسمان ده‌ستی‌ له‌ ئه‌ندامێتی‌ خانه‌ی‌ راپه‌ڕاندن کێشایه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ره‌خنه‌ی‌ زۆری‌ لێگیرا. به‌ڵام وه‌ڵامی‌ ئه‌و ئه‌وه‌بوو کە بزوتنەوەی گۆڕان لە سەر ئەو بنەماو ئامانجانە نەماوە کە لە پێناویدا دروستکراو لە ئێستادا ناسنامەو ئامانجی بزوتنەوەکە بۆتە شتیکی تر.
کاک عه‌مید هۆشیار بۆی‌ گێڕامه‌وه‌ وتی‌ رۆژێک کاک نه‌وشیروان ناردویه‌تی‌ به‌ دوامداو منیش چومه‌ سه‌ردانی‌. کاک نه‌وشیروان پێی ئه‌ڵێت: خه‌تای‌ ئێوه‌یه‌ کاک عوسمان قسه‌مان پێ ئه‌ڵێت. کاک هۆشیاریش ئه‌ڵێت: کاک نه‌وشیروان تۆ گه‌وره‌ی‌ هه‌مومانی‌  بەو برادەرانەشەوە و ئەوانیش هەر بە گەورەی خۆیانت ئەزانن. ئه‌گه‌ر له‌ سیاسه‌تیشدا به‌یه‌که‌وه‌ نه‌گونجێن. حه‌ق نییه‌ دوای‌ ئه‌و هه‌موو ساڵانه‌ی‌ کە به‌ یه‌که‌وه‌بون په‌یوه‌ندییه‌ کۆمه‌ڵایه‌ته‌کا‌نیشتان نه‌مێنێـت و نه‌توانن به‌یه‌که‌وه‌ بگونجێن و بە راستی کارێکی خراپیش ئەکەن ئەم بزوتنەوەیە لەسەر دەستی ئێوەدا توشی شکست ببێت.   وتی‌ مام رۆسته‌میش لەوێ بوو  زۆر خەمبار بوو و دۆشداما. دوای‌ ئه‌وه‌ کاک نه‌وشیروان ئه‌ڵێـت  بچۆ سەردانی کاک عوسمان و کاک قادر بکە  بابەیەکەوە قسە بکەین . کاک هۆشیار سەردانی ئەو دوو برادەرە دەکات و دواجار ئێوارە خوانێک رێک دەخەن بە ئامادەبونی کاک عومەری سەید علی، کاک حەمە تۆفیق، کاک سالار عەزیز ، کاک قادر و کاک عوسمان لە مالی کاک نەوشیروان.  پێش ئێوارە خوانەکە لە کاتیکدا کاک هۆشیار خەریکی سەردانی ئەم و ئەو دەبێت  کاک حەمە توفیق بە کاک هۆشیار دەلێت : 
ئەوە خەریکی چیت مەشغول دیاری ؟؟. ئەویش دەلێت بە نیازم دانیشتنی ئەو برادەرانە رێک بخەم . کاکە حەمە دەلێت : ئەگەر ئەوان بگەرێنەوە من واز لە بزوتنەوەی گوران دێنم .  بە هەر حال ئێوارە خوانەکە ریک دەخرێت و قسەو ناز و گلەیی دەکرێت و  بارو دۆخەکە هێور دەبێتەوە.
 بۆ بەیانی کاکە حەمە لە ڕۆژنامەی چاودێر لێدوان دەدات و دەلێت ئەو دوو برادەرە گەرانەوە چونکە هیچ ئەجێندایەکی سیاسیان نەبوە. کاک نەوشیروان لە کاکە حەمە تورە دەبێت و کاکە حەمەش دەلێت ئەوە قسەی من نییە . بەلام چاودێر بەدەنگ لێدوانەکە لێ دەدەنەوەو  جارێکی تر ریسەکە بووە بە خوری و کێشەکە  بە هەلواسراوی مایەوە . 
کاک قادر جگه‌ له‌ کۆکردنه‌وه‌ی‌ کۆمه‌کی‌ زۆر له‌ دۆسته‌کانیه‌وه‌ بۆ گۆڕان. موچه‌ی‌ خانه‌نشینی‌ 33 مانگی‌ خۆی‌ داوه‌ته‌ نانبڕوه‌کان. کاک عوسمانی حاجی مەحمود ماوەیەکی زۆر هاوکاری بۆ ژمارەیەک لە نانبڕاوەکان دابین کردوەو سەرەڕای پەیداکردنی کۆمەک بۆ بزوتنەوەکە .
 لە کاتیکدا نانبراوەکان هیچ کارێکیان دەست نەدەکەوت، له‌ به‌رامبه‌ردا کاکه‌ حه‌مه‌ هه‌ر سه‌فه‌رێکی‌ بۆ له‌نده‌ن بۆ لای‌ ماڵ و مناڵی‌ کردبێت. له‌ سه‌رحسابی‌ خه‌ڵک بوه‌. له‌ کاتێکدا بڕی‌ 7 ملیۆن دینار موچه‌ی‌ خانه‌نشینی‌ هه‌بوه‌. له‌ گرده‌که‌ ته‌نها ئه‌و سه‌یاره‌ی‌ گۆڕانی‌ هه‌بوو مه‌سره‌فی‌ سه‌یاره‌که‌ش له‌سه‌ر خه‌ڵک بوو. کاتێک بڕیاردرا هه‌ر که‌س مه‌سره‌فی‌ به‌نزین له‌سه‌ر خۆی‌ بێت، سه‌یاره‌که‌ی‌ ته‌سلیم کرده‌وه‌و دوای‌ ئه‌وه‌ به‌ پێ هاتوچۆی‌ ئه‌کرد. 
 پرسیاری‌ من ئه‌وه‌یه‌ له‌ هه‌مو گۆڕانخوازان و به‌ویژدانه‌وه‌ وه‌ڵام بده‌نه‌وه‌: کاکه‌ حه‌مه‌ زه‌رورتربو‌ بۆ گۆڕان یان براده‌ره‌کانی‌ تر؟؟. کاکە حەمە زیاتر بە گورانەوە ماندوو بوە ، یان ئەو دوو برادەرەی تر ؟؟.  کەواتە  کاکە حەمە بە چ مەبەستێک و بە پشتیوانی کێ هەوڵی دوور خستنەوەی ئەو دوو برادەرەی دەدا‌؟ ئاخر چۆن ئه‌بێت خه‌ڵکێک به‌م حاڵه‌یه‌وه‌ بێت و ته‌حه‌دای‌ که‌سانی‌ تر بکات؟. ئێستاش بپرسن کاکە حەمە لە کوێی بزوتنەوەی گوراندایەو چ خزمەتێک بە گۆڕان دەکات ؟؟. کاک مستەفا بە خشکەی و ژێر بە ژێر هەمیشە لە هەوڵی ئەوە دابوە بەرژەوەندییەکانی خوی بەدەست بهینیت . سەرەتا بەرپرسی دارایی بوو .
 دوایی بوو بەوەزیری پێشمەرگە. ئێستاش جێگری سەرۆکی هەرێمە بۆ وەرگرتنی موچەو نەسریە چونکە لەوە زیاتر هیچ شتێکی پێناکرێت بۆ گۆڕان.  بەراستی ئەمە جێگەی پرسیارە بۆچی کەسێک ئەم هەموو پۆستانە  یەک لە دوای یەک وەرگرێت ، لە کاتێکدا زۆر کەسی تریش هەن حەقیانە پۆستیان پی بدرێت . لێرەدا پرسیار ئەوەیە : ئایا ئەم پیاوە شایستەی ئەوەیە یان هوکاری تری لە پشتەوەیە؟.  
مامۆستا جه‌مال بە حوکمی ئەوەی ئەندامی خانە بوەو کەسێکی ناسراوەو خەلک زۆر هاتوچۆی کردوە، هەرچۆنێک بێت بە پێی مەکانەتی خۆی توانیویەتی هاوکاری ئەم و ئەو بکات و دڵیان رازیبکات ئەوش زۆر ئاساییە.  بەلام ئەوەمان لەبیر نەچێت مامۆستا جەمال پشتیوانی لە کاک قادر و کاک عوسمان نەکرد بۆ بەدامەزراوەکردنی بزوتنەوەکە . 
بەڵام بە ویژدانەوە دەڵێم مامۆستا جەمال نمونەی کادر و پێشمەرگەو سەرکردەی سەربازی ئازا بوە لە شاخ.   مامۆستا جەلال جەوهەر ژێر بە ژێر هەمیشە خەریکی  ئیشکردن بوە بو ئەم و ئەو وەکو دامەزراندن و هاوکاری مادی . جگە لەمانەش بە جۆرێک مامەڵەی لە گەل ئەندامانی ژوورەکە کرد، کە هەمویانی دڵگران کرد. نەیدەهێشت کەس ئیشی بەدەست بێت . دواجار دکتۆر بایەزید ژورەکەی جێهیشت . کورت و کرمانجی مامۆستا جەلال رۆلێکی زور خراپی دەبینی . پێشموایە کاریگەری خراپیشی  لەسەر کاک عومەر هەبوە.   
لە کاتی هەلبژاردنەکانی 25 / 7 من لە کەرکوک بوم مامۆستا جەلال نەک هیچ رۆلێکی نەبوە، هەر نەهاتە ناو جەماوەرەو خۆی شاردبووەوە . جێی خۆیەتی  پرساری لیبکریت بوچی خوی شاردبوەو نەدەهاتە ناو جەماوەر ، لە روی نەدەهات ، یان مەترسی لەسەر بوو ، ئەگەر مەترسی لەسەر بوو، سەرچاوەی مەترسییەکە کام لایەنە بوو ، هۆکارەکەی چیبوو ، ئەی بۆچی ئەوانی تر نەدەترسان . چ کارێکی کردبوو، کە ببیتە هۆکاری ئەو ترسە گەورەیە  ئەمانەو زۆر پرسیاری تر پێویستیان بە وەڵام هەیە ؟؟؟. داوامان لێکرد خانویەکمان لە دبز بۆ بگرێت کە خەڵکی ئەوێیە ، ئەوەشی  بو نەکرا ، ئێستا کە بەرپرسی ژووری حکومەت و پەرلەمانە بە دواداچونی کردوە بۆ چونیەتی کار کردنی ئەو کەسانەی لەسەر حسابی گوران پۆستیان وەرگرتوە ؟؟ ئایا چاکن خراپن گوران پییانەوە روسورە یان یان بونە هۆکاری رەخنە گرتن لە بزوتنەوەکە. 
کاری ئەو ئەوەیە و دوور و نزیک ئاگای لەوە نییە هەندێک لەوانە  گۆمەکەیان قوڕاو کردوە و گۆڕانیان لەکەدار کردوە. سەیرەکەش لەوەدایە داوای جێگری سەرۆکی حکومەت دەکات بو چاکسازی .  
 کاک عومەری سەید عەلیش کەلتوری تەکەتولاتی  ناو یەکێتیشی گواستۆتەوە بۆ ناو گۆڕان و بە هەموو توانایەکیەوە دەیەوێت لێرەش پەیرەوی ئەوە بکات و برەوی پێ بدات. هەموو گۆڕانخوازان وازبێنن، ئەو ئامادە نییە دەست بەرداری پۆستەکەی ببێت . ئەوەی تا ئێستا بە دیاریکراوی کردویەتی، پەرت کردنی ریزەکانی گۆڕانە و بریاریشی داوە  ئەو کاتە گردەکە جێدەهێڵێت کە کەسی تیدا نەمابێت.
 دەستەگەری و باڵباڵێن لەئێستادا بەجۆرێک قوڵبوەتەوە، متمانە و یەکڕیزی بزوتنەوەکەوەی خستۆتە ژێرپرسیارەوە. بەڕای من دەبوو کاک نەوشیروان هەر لە سەرەتاوە زۆر بە حەکیمانە چارەسەری ئەم کێشانەی بکردایە لە رێگای بە دامەزراوەکردنی بزوتنەوەکەوە کارو بارەکانی دابەش بکردرایە  بۆ ئەوەی هەر کەسەو کاری خۆی بزانیت و کەس نەتوانیت دەست بخاتە کارو باری ئەوی ترەوە. 
بەڵام هەر وەکو لە سەرەتاوە ئاماژەم بۆ کرد، کاک نەوشیروان نەک نەیتوانیوە بەڵکو نەیویستوە بزوتنەوەکە بەدامەزراوەی بکات و هۆکاری هەموو کێشەکانیش هەر بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە چونکە کرۆکی کێشەکان بنەمای فکری و فەلسەفی نەبوە، زیاتر کاردانەوەو تۆڵەو ڕقی شەخسی بوو. 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand