Draw Media

خاڵە دیارەکانی کۆنگرەی یەکێتی

خاڵە دیارەکانی کۆنگرەی یەکێتی

2019-12-27 15:18:28


ئاسۆ حاجی
 

بۆ من ھەلبژاردنی ناوی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و پاراستنی بەرژەوەندیەکانی یەکێتی وەک یەخەی کراسەکەی گوتەبێژی کۆنگرە سەرنج راکێش بوو، جا نازانم ناوی ئەنجوومەنەکەش کە کاک کۆسرەت سەرۆکایەتی دەکات وەک کراسەکە ساخت ایران بوو یان بە سودفەیە!

خاڵێکی دیکەی سەرنج راکێش کە دەرھاویشتەی ئەو کۆنگرەیە بوو داھێنانی مۆدێلێکی نوێ کاری حیزبایەتی و سەرکردایەتی کردنییەتی، کە دەتوانین ناوی بنێین"ھاو بنەماڵەیی" لەسەر وەزنی ھاوسەرۆکایەتی پەکەکە، کە پێش کۆنگرە زۆری دەربارە دەگوترا و نیەتێک ھەبوو کە یەکێتیش ھەمانان مۆدێل پەیڕەو بکات، بەڵام نەیکرد، جا نازانم لە ژێر فشاری ئەنقەڕە بوو وەک دکتۆر فایەق گوڵپی رایگەیاند یان ناچاری.

یەکێتی وەک حیزبێکی ھاوبنەماڵەیی کە ئێستا لەلایەن چوار بنەماڵە (تاڵەبانی، کۆسرەت، ئیبراھیم ئەحمەد و شێخ جەنگی) سەرکردایەتی دەکرێ، بەو کارەی بەگژ مێژووی ھەبوونی خۆی دادەچێتەوە کە چل و چوار ساڵە وەک حیزب ھەیە و پەنجا و شەش ساڵیشە وەک بزاڤێکی سیاسی، کە لە بزووتنەوەی کوردایەتی ئینشیقاقی کردووە (جەلالیەت)، ھەموو ئەو مێژووە و ئەو دروشمانەی لە رێگەیانەوە خۆیان بە خەڵک ناساندووە بە درۆدەخاتەوە و خۆیان دەخەنە بەردەم لێپرسینەوەیەکی ویژدانیانەی کەسوکاری ئەو شەھیدانەی کە لەو پێناوەدا بوونەتە قوربانی.

ھەروەھا بەردەم لێپرسینەوەی پێشمەرگە و ئەندام و لایەنگرانی خۆیان، ئەگەر بە دەنگی بەرزیش نەبێت ئەوە بە دڵنیایەوە لە ناخەوە و بە ویژدانەوە رۆژێک دێت ئەوانە بە حوکمی مێژوو سزادەدەن.

پەڕینەوە شەڕ و ملشکاندن لە نێوان باڵەکان بۆ ماڵباتەکان کارێکی چاوەڕوان کراو بوو، بەتایبەتی لە نێوان کوڕانی شێخ جەنگی و کوڕانی جەلال تاڵەبانی، دەرئەنجامەکەشی ڕوونبوو کە لاھور شێخ جەنگی براوەی ئەو شەڕە دەبێ و زۆرترین دەنگی کۆنگرە دەباتەوە، کوڕانی شێخ جەنگی جگە لە بەشینەوەی سەدان چەکی جۆری ئێم٤ و دەیان ئۆتۆمبێل بۆ سەرخستنی کەسانی سەربەخۆی بۆ کۆنگرە، ئەوە دەمێکە کار لە سەر ھەردوو کوڕەکەی مام جەلال دەکا، لە رێگای میدیاکەی و میدیا وابەستەکانی کاری لە سەر وێنە کردنی قوباد تاڵەبانی وەک کەسایەتیەکی لاواز و بێ دەسەڵات کردووە.

لە ھەمان کاتدا برا گەورەکەی قوبادی وەک بارمەتە گرتووە و وەک کەرستەی بێھێزکردنی قوباد و منداڵەکانی ئیبراھیم ئەحمەد و مەلا بەختیاریش کە خەزووری بافێل تاڵەبانیە کەلکی لێوەرگرتووە، ھەروەھا لە پەنای بافێل رۆژ بە رۆژ خۆی بەھێز و ئەویشی لاواز کردووە، بۆیە ھێنانی نزیکەی دووسەت دەنگ زیاتر لە کوڕە گەورەی مام جەلال تەنھا یەک مانای ھەیە، کە لەمەودوا لاھور خاوەنی راستەقینە و سەرۆکی فعلی ئەو حیزبەیە، پافێل لە پێناو ئەو پۆستە بۆخۆی برا گچکەکەی کە یەکێتیەکان راھاتبوون بە مامی گچکە بانگی بکەن و لە جێگای مامی گەورەش قبوڵی بکەن پەراوێزخست و مەیدانەکەی بۆ لاھور خۆشتر کرد.

ئێستا کە زۆرینەی ئەندامانی ئەنجوومەنی گشتی سەر بە بنەماڵەی شێخ جەنگین کەواتە ئەوان بڕیار لەسەر گەورە و گچکەی ناو یەکێتی دەدەن، واتا دەتوانن ھەر شتێکیان بە دڵ نەبێت ڤیتۆی بکەن و ئەوەی بە دڵی ئەوانیشە ئۆکەی بکەن، ئەوەش دەرفەتی زیاتریان پێدەدات لە زیاتر لاوازکردنی بنەماڵەکانی دیکە.

سەرەتاش لە کوڕەکانی کۆسرەت رەسوڵ دەستپێدەکەن و پاشانیش کچەکانی ئیبراھیم ئەحمەد، کە ھێرۆیان نەخۆشی پەکی خستووە و شانازیش لەناو ئەو ھەموو دژانە ناتوانێ وەک پێشتر قسە بکا و دەست کراوەبێت، بە تایبەتیش کە دەزگا میدیایەکانی ھێرۆخانیشیان لەبەر دەست دەرھێناون.

دوای ئەو کارانە ئەوجا کوڕەکانی مام جەلال باشتر لەوە تێدەگەن کە چەندە پەڕ و باڵ کراون و لە باشترین حاڵەت دەبێ مەمنون بن دەسەڵاتێکی سیمبولێکیان ھەبێت و بەرژەوەندیان پارێزراو بێت.

کۆنگرەی چوارەمی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان کە زۆر کەس گرەوی ھەڵوەشاندنەوە و لێکترازانی زیاتر لەسەر دەکرد بە رواڵەت وا دەرنەچوو بەڵام لە ناوەڕۆکدا دۆخەکە ھەستیارتر و ترسناکترە، چوونکە ئێستا یەکێتی زیاتر وەک کۆمپانیایەکی فرە پشکە و مێژووی ئەو جۆرە کۆمپانیا و دامەزراوانەش ئەوەمان پێ دەڵێن کە وەک خانە کەرت دەبن و خانەی نوێیان لێ دروستدەبێت.

 ئەوە جگە لە دەیان کادیر و پێشمەرگەی دێرینی ئەو حیزبە کە خۆیان بە خاوەنی راستەقینەی دادەنێن لەو کۆنگرەیەدا نەک مافی خۆیان پێ نەدرا بەڵکو ژمارەیەکی یەکجار زۆریان خۆیان بە ماف خوراو دادەنێنن و ھۆکارەکەشی بۆ ململانێی ئەو بنەماڵانە و شەڕکردنیان بۆ دەستبەسەرداگرتنی یەکێتی دەگێڕنەوە لە رێگای دەستبەسەرداگرتنی پارە و داھاتی یەکێتی و پەنابردن بۆ دزی و گەندەڵی و کڕینی کادیران و فەرماندە سەربازیەکان بەو پارەیە یەکێتیان بەو رۆژگارە گەیاندووە لە حیزبێکی سۆشیال دیموکراتەوە بکرێتە حیزبێکی سۆشیال بنەماڵە

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand