Draw Media

بێزار بوین له‌ خۆتان و له‌ دروشمه‌كانتان

بێزار بوین له‌ خۆتان و له‌ دروشمه‌كانتان

2019-12-24 05:48:26


محەمەد فاتح حامد
ئه‌وه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌گوزه‌رێت ، تاڕاده‌یه‌ك هیچی له‌ بارودۆخی عێراق یان لوبنان باشتر نیه‌ ، كه‌ زیاتر له‌ دوومانگه‌ رژاونه‌ته‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان و داوای نه‌مانی گه‌نده‌ڵی و لابردنی حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵاتداره‌كان ده‌كه‌ن.
ده‌بێت ئێوه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێمی كوردستانیش زۆر سه‌رنج له‌م دوو خۆپیشاندانانه‌ی عێراق و لوبنان بده‌ن ، خۆ ئه‌گه‌ر هه‌رێم له‌گه‌ڵ عێراق به‌راورد بكرێت ، هه‌رگیز له‌گه‌ڵ لوبناندا به‌راورد ناكرێت ، كه‌چی هێشتا خه‌ڵكه‌كه‌ی ناڕازین و خۆپیشاندان ده‌كه‌ن.
ئه‌گه‌ر چی ئێمه‌ی هاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان بێده‌نگین و ناچینه‌ سه‌رشه‌قامه‌كان ، به‌ڵام ئه‌مه‌ مانای ئه‌وه‌ نیه‌ به‌م ده‌سه‌ڵاته‌ رازین و ده‌سه‌ڵاتدارانمان پێ په‌سه‌نده‌ .
ئێوه‌ درك به‌وه‌ ده‌كه‌ن ؟ ئێمه‌ش حه‌زمان ده‌كرد ، ده‌سه‌ڵاتداره‌كانمان وه‌كو حاكمی ئه‌بو زه‌بی بیوتایه‌ : دابین كردنی شوێنی نیشته‌جێبون منه‌ت نیه‌ به‌سه‌ر خه‌ڵكه‌كه‌وه‌ و به‌ڵكو مافی خۆیانه‌ و نابێت هیچ هاوڵاتیه‌ك كرێچی بێت ؟ ، به‌ڵام ئێوه‌ نه‌ك به‌ ته‌نها مافه‌كانمان ناده‌ن و پێشێلێشی ده‌كه‌ن ، به‌ڵكو زه‌وتی ده‌كه‌ن و ده‌یشی خۆن!
ئێمه‌ش حه‌زمان ده‌كرد ، كه‌ یه‌كیه‌كمان دووچاری نه‌خۆشیه‌كی سه‌خت ده‌بێته‌وه‌ بینێرن بۆ ده‌روه‌ی وڵات بۆ چاره‌سه‌ر وه‌رگرتن!
ئێمه‌ش حه‌زمان ده‌كرد خۆمان و منداڵه‌كانمان پشكی نه‌وتمان هه‌بێت و وه‌كو كوڕه‌ سوڵتان ژیان به‌سه‌ر به‌رین!
باشه‌ بۆ له‌ خۆتان ناپرسن ؟ ، له‌ئیمارات كاتێك به‌رپرسیه‌كیان به‌بێ ئه‌وه‌ی دركی پێبكات ته‌وقه‌ی له‌گه‌ڵ منداڵێكدا نه‌كرد كه‌ ده‌ستی بۆی راكێشابوو ، دواتر به‌پێی خۆی سه‌ردانی ماڵیانی كرد و داوای لێبوردنی له‌ منداڵه‌كه‌ كرد و ده‌ست و سه‌ری ماچ كرد ، كه‌چی ئێوه‌ مافیشمان زه‌وته‌كه‌ن و ده‌یخۆن و له‌ جیاتی داوای لێبوردن چاوه‌ڕێی شه‌قیشتان لێده‌كه‌ین! 
به‌ده‌یان ساڵه‌ دروشمی گه‌وره‌مان بۆ به‌رزده‌كه‌نه‌وه‌ و بۆ ته‌نها جارێكیش یه‌كسانیه‌كمان لێتان نه‌دی!
به‌ ده‌یان ساڵه‌ قسه‌ی زلمان بۆ ده‌كه‌ن و بۆ ته‌نها جارێكیش دادپه‌روه‌ریه‌كمان لێتان نه‌دی!
به‌ده‌یان ساڵه‌ چه‌واشه‌مان ده‌كه‌ن و خێر و بێری ئه‌م وڵاته‌ ته‌نها بۆ خۆتان و خێزانه‌كانتان و كه‌س و كاره‌كانتان و داروده‌سته‌كانتانه‌!
درۆكانتان هه‌میشه‌ له‌ گوێچكه‌كانمان ده‌زرنگێته‌وه‌ كه‌ پڕبوه‌ له‌ درۆكانی ئێوه‌!
له‌ساڵانی نه‌وه‌ته‌كانه‌وه‌ ئێوه‌ ده‌مانڕه‌تێنن ، هه‌تاكو جارێك ده‌مان ژێنن ، هه‌زار جار ده‌مان كوژن و ده‌مان خه‌سێنن!
له‌ ساڵانی نه‌وه‌ته‌كانه‌وه‌ ، ئێمه‌ هه‌ر چاوه‌ڕێین هه‌تاكو شتێك بگۆڕن ، ئێمه‌ هه‌ر چاوه‌ڕێین یه‌كێكی خه‌مخۆر و دڵسۆزتان تیا هه‌ڵبكه‌وێت !
هه‌ر چاوه‌ڕێ بوین تاكو متمانه‌ی ئێمه‌تان له‌ده‌ستا ، ئێستا ته‌نها شتێك چاوه‌ڕێی بین ، چاوه‌ڕوانی رۆیشتنی ئێوه‌ و ده‌ركردنی ئێوه‌ و لابردنی ئێوه‌ ده‌كه‌ین!
هه‌مو شتیه‌كتان به‌ حزبی كرد : پێشمه‌رگه‌ ، پۆلیس ، فه‌رمانبه‌ر ، مامۆستا ، سه‌ندیكاكان ، پیاوانی ئایینی ، رۆژنامه‌نوس ، پێنوس ، ته‌نانه‌ت ئازادی و دیموكراسیتان به‌ حزبی كردوه‌!
كامه‌ ئازادی و كامه‌ دیموكراسی ؟ ئه‌ی كاوه‌ و سه‌رده‌شتان له‌سه‌ر چی هه‌ڵواسی ؟!
له‌ ساڵانی نه‌وه‌ته‌كانه‌وه‌ چه‌ندین سیستم و سه‌ركرده‌ لابران و گۆڕان ، كه‌چی ئێوه‌ هه‌ر دۆڕان و هه‌ر نه‌ گۆڕان!
"من له‌وڵاتێكدا ده‌ژیم ده‌ریاكانی تینوه‌ و ئاگره‌كانی مه‌یوه‌ و باخچه‌كانی ته‌وریان لێ ده‌ڕوێ !
من له‌ وڵاتێكدا ده‌ژیم دڵداری له‌گه‌ڵ چه‌كدا ده‌كا و پیرۆزترین ئه‌وینی جه‌نگه‌!
ئه‌وه‌تا كه‌ خامه‌كه‌م له‌ مه‌ره‌كه‌بی ئه‌وینی وڵاته‌كه‌م وه‌رده‌ده‌م
تۆپه‌ڵه‌ فرمێسك و خوێنی لێ ده‌بارێ !
من له‌وڵاتێكدا ده‌ژیم تاجی دڵسۆزیان له‌سه‌ر ناوه‌ و پاسپۆرتی وڵاتی بێگانه‌كانیش له‌ گیرفانیاندایه‌!
دروشمی مافی مرۆڤیان به‌رزكردوه‌ته‌وه‌ و مرۆڤیش هه‌ر ناناسن !
دڵیان بوه‌ به‌دار بوه‌ به‌ به‌رد بوه‌ به‌ ئاسن!
هۆ خه‌ڵكینه‌
له‌ شمشێری جه‌لاده‌كانی ئه‌م وڵاته‌ مه‌ترسن
گشتی سیحر و ساخته‌ن له‌ جه‌نگدا ده‌بن به‌ ته‌خته‌!
نا نه‌كه‌ن له‌ شمشێری جه‌لاده‌كانی ئه‌م وڵاته‌ سڵ نه‌كه‌نه‌وه‌
له‌بیرم چو كه‌ بۆ سه‌رپه‌ڕاندنی ئێمه‌ ساخته‌ نین و شمشێرن !".
محمد فاتح حامد

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand