ئەنجومەنی باڵای میدیا، فوکردن بە گوێی شەیتاندا
2019-12-23 11:42:56
هێمن باقر
كۆمەڵە برادەرێك كە لە هەموو ژیانیاندا كاری رۆژنامەوانیان نەكردووە یان تاقەتیان لە كاری مەیدانی رۆژنامەوانی نەماوە یاخود ئەسڵەن لە هیچ شوێنێك جێگایان نابێتەوە.لەدەوری یەكتری كۆبونەتەوە و فوو بە گوێی شەیتاندا دەكەن بۆ ئەوەی ئەو نەختە ئازادیەش كە هەیە بیپێچنەوە و بەتەواوی نەیهێڵن.
ناوەڕۆكی پرۆژەكەیان نیەتی خراپیان دەردەخات كە دەیانەوێت دۆخەكە بەرەو كوێ ببەن.
دەسەڵاتیش لەخوای دەوێت ا ئەوەندە بواری ئازادی کەم ببێتەوە كە كەس نەتوانێت بجوڵێتەوە.
بەڵێ راستە كە لە كوردستاندا فەوزای میدیای هەیە، بەڵام هەموو كەس دەزانێت ئەم فەوزایە حیزب و دامودەزگا ئەمنییەكانی دروستیان كردووە.
ئەو ئەفسەرە ئەمنیانە دروستیان كردووە كە خزێنراونەتە ناو میدیاوە و لەلایەن دامودەزگای فەرمی و نیمچە فەرمی حكومەت و حیزبەوە پشتیوانی دەكرێن.
لەم لاشەوە یاسایەكی پڕ لە كۆت و بەندی وەها دادەڕێژرێت كە رۆژنامەنوسان ناچار دەكات لەناو یەكێك لەو میدیا ئەمنیانەدا جێگای خۆیان بكەنەوە كە گاڵتەیان بە یاسادێت و ئەنجومەنەكە و دەستەباڵاكەشی بە مرۆڤ نازانن و حسابیان بۆ ناكەن.
لە كوردستاندا كایەی ڕۆژنامەگەری یاسای هەیە و تارادەیەك یاسایەكی باشیشە،بەڵام گرفتەكە ئەوەیە یاساكە جێبەجێ ناكرێت،لەو حاڵەتانەش كە جێبەجی َ كراوە بەسەر كەسانی بێ پشتوپەنا جێبەجێكراوە.
ئەو میدیا و میدیاكارانەی دۆسیەی ئەمنی و سێكسی و سیاسی لەسەر یەكتر بڵاودەكەنەوە میدیاكاری حیزبی پشت ئەستورن كە گاڵتەیان بە یاساو دادگا دێت و كارەكەیان بەشێكە لە پلانی دەزگا ئەمنییەكان.ئەمانە وەك چۆن ئێستا حساب بۆ كۆمەڵگە و یاسا و پۆلیس و دادگا ناكەن هەر ئاواش حساب بۆ ئەنجومەن و رێكارەكانی ناكەن و گاڵتەشیان پێیدێت. لەم حاڵەتەدا ڕوونە كە ئامانج رۆژنامەنوسانی دەرەوەی بازنەكەیە، كە بۆئەوەی بەردەوام بن یان دەبێت بچنە پاڵ دەزگا ئەمنیەكان یان وازبهێنن.
كەواتە ئەم برادەرانە لەبەرخاتری كێ بەم ئەركە ناشیرینەی سنورداركردنی كایەی ڕۆژنامەگەری هەڵدەستن؟
بۆچی لە داڕشتنی پرۆژە یاساكەیاندا ئەو هەموو رێكارە قەمعیانەی تێدایە بەرامبەر بە میدیا كاران؟
ئایا لەبری هەموو ئەمانە باشتر نییە داوا لە دەسەڵات و حیزب بكرێت بەرۆكی میدیا بەردەن و ئەو پارەیەی كە لەوبوارەدا هەڵیان ڕشتوە لە خزمەنگوزاری و ئاوەدانكردنەوەی وڵاتدا خەرجی بكەن؟
یان ئەنجومەنی باڵای میدیاش دروستكردنی مەحكەمەیەكی تەفتیشە لەسەر گیرفانی خەڵكی و بودجەی حكومەت لەپێناوی ئارەزی شەخسی هەندێ كەس كە بەدوای وەزیفەیەكی باشدا دەگەڕێن. جا با ئەو وەزیفەیە ناوی راوێژكار بێت لە ئەنجومەنی باڵای میدیادا