Draw Media

پارتی لە بەرامبەر یەكێتییەكی نوێدایە؟

پارتی لە بەرامبەر یەكێتییەكی نوێدایە؟

2019-12-23 07:54:22


 
رێبوار کەریم وەلی
(1)
كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی بە پێچەوانەی ئەوانی پێشتر، لەلایەن پارتییەوە زۆر بە ساردی مامەڵەی لەگەڵ كرا. لەڕووی راگەیاندنیشەوە كەناڵە فەرمییەكان بایەخێكی ئەوتۆیان پێ نەدا. 
بەپێچەوانەوە لە سۆشیالمیدیا و كەناڵە نافەرمییەكانەوە هێرش و پەلاماری تووند بۆ سەر كۆنگرەی یەكێتی هەبوو. میدیا هاوشێوەكانی یەكێتیش بە هەمان زمان و دەستبەجێ وەڵامیان دەدانەوە. لێكدانەوەی بەشێكی ناو یەكێتی بۆ ئەو هێرشانە ئەوە بوو، ئەو تەسعیدە لە قازانجی ئەوانە شكایەوە كە پارتی وەكو دوژمنی خۆی وێنای كردن و كێرڤیان بەرز بووەوە. تەنانەت لێكدانەوەیەكی دیكەش هەبوو كە پارتی بەم كارە بیەوێت دەسەڵات لە یەك شوێن كۆبێتەوە!
 
یەكێتی لە رۆژی درووستبوونییەوە، وەكو گشتێك نەیاری سەرسەختی پارتی بووە. رێككەوتنەكانی تاڵەبانی و بارزانی و، رێككەوتننامەی ستراتیژیی دوای شەڕێكی بێئاكامی ناوخۆیی و، كاڵبوونەوەی بەشێك لە ناكۆكییە كۆنەكان لە نێو سەركردە و جیلی پێشوو، چ لەناو پارتی و چ لەناو یەكێتیش تا راددەیەكی زۆر كاریگەری لەسەر كەمبوونەوەی ئەو رق و قینە مێژووییە هەبووە، بەڵام ئەو نەوە تازەیەی كە بە درووشمی نوێبوونەوە و درێژەدان بە رێبازی مام، دەسەڵات دەگرنەدەست، دەستمایەی سەرەكییان ململانێ و تەحەدداكردنی پارتییە، لەوەشدا شانسیان هەیە كە بە هەمان رێژەش لەناو پارتیدا بەرامبەریان هەیە بۆ درووستكردنی حەماس لەناو ریزەكانیاندا. 
 
ئەگەرچی بۆ بەرزەفتكردنی نوێیەكانی ناو یەكێتی كۆنەكان لە ئەنجوومەنێكی باڵای سیاسیی دەسەڵاتداردا جێگایان كراوەتەوە، بەڵام ئەو ئەنجوومەنەش تا ئەو رۆژە بڕ دەكات كە كۆسرەت رەسوڵ لە ژیاندا بێت و دوای ئەوە رەنگبێ هیچ مانایەكی نەمێنێ. ئەو ئەنجوومەنە لە كورتماوەدا، دەتوانێ پارێزەری باڵانسی نێوان پارتی و یەكێتی بێت، بەڵام كاتێك سەركردایەتیی یەكێتی لە كۆنترۆڵی نوێیەكاندا بێت، زۆر زەحمەتە بتوانن پێشیان پێ بگرن. 16ی ئۆكتۆبەر و رووداوەكانی دوای ئەوە نیشانیان دا كە نوێیەكان (بێ ئەوەی هیچ پۆستێكیشیان هەبووبێ) تا راددەیەكی زۆر جڵەوی دەسەڵاتی یەكێتییان لەدەستە و ئەوانی دیكە بەدوای خۆیاندا پەلكێش دەكەن. بۆیە دەبێ پارتیش لە روانگای خۆیەوە توانای خوێندنەوەی ئەو واقیعە نوێیەی هەبێ، مام جەلال، برایم ئەحمەد و كۆسرەت رەسوڵێكی گەنج، پارەدار و بە دەسەڵات (لاهور، بافڵ و شاڵاو) هاتوونەوە.
 
براوەی كۆنگرەی یەكێتی
 
 (2)
ئەخیرەن كۆنگرە بەسترا. ساڵانێك كە كۆسرەت رەسوڵ و بەرهەم ساڵح داوای بەستنی كۆنگرەیان دەكرد، ماڵی تاڵەبانی (بەهۆی بەرهەم ساڵحەوە) رێگر بوون. چەندین وادە بۆ بەستنی كۆنگرە دیاری كران، بەڵام لە كۆتاییدا بە پلنیۆمێك بەردیان لەسەر دانا. دواتر كە ماڵی تاڵەبانی خۆیان لە پێگەیەكی قایمتردا دیتەوە و لەگەڵ بەرهەم ساڵحیشدا ئاشت بوونەوە، تا ئاستی خۆپێشاندان! گوشاریان درووست كرد بۆ بەستنی كۆنگرە.
 
هیچ حزبێك نییە لە دنیادا كۆنگرە ببەستێ و بتوانێ دڵی هەموو پێكهاتەكانی خۆش بكات، یان هیچ ناڕەزایەتییەكی لێ نەكەوێتەوە، بۆیە ئەوە هاوكێشەیەكی نەگۆڕە. 
 
گوتاری كۆسرەت رەسوڵ لە دەستپێكی كۆنگرە پتر بە گوتاری ماڵئاوایی دەچوو، تێیدا ویستی ئەو پەیامە بگەیەنێت كە لە دوای نەخۆشكەوتنی تاڵەبانییەوە تا ئێرەم هێناوە و لێرە بەدواوەش ئەمانەتی ئێوەیە.
 
لەڕاستیدا سەردەمی كۆسرەت رەسوڵ لە هی تاڵەبانی بۆ یەكێتی گەشترە، چونكە گۆڕان لە سەردەمی تاڵەبانیدا جیا بووەوە و هەر لە سەردەمی ئەویشدا، یەكێتی دووجار بەرامبەر گۆڕان دۆڕاندی. لە سەردەمی كۆسرەت رەسوڵدا ئەگەر جیابوونەوەیەكیش روویدابێت (جیابوونەوەی بەرهەم ساڵح) بە مانۆڕێك سەرۆكی حزبەكەی هێنایەوە ناو یەكێتی و بۆ یەكەمجار بەبێ پشتیوانیی پارتی لە بەغدا سەرۆككۆماریان دانا. لە هەموو هەڵبژاردنەكاندا لە گۆڕانیان بردەوە و لەگەڵ پارتیدا سەرباری هاوپەیمانی بۆ سەرخستنی ریفراندۆم، بۆ پێكهێنانی حكومەت چەمكی شەراكەتیان تەرح كرد و زۆربەی خواستەكانیان هێنایەدی. 
 
كۆسرەت رەسوڵ ترسی لە فەشەلی كۆنگرە هەبوو، بەڵام تەوافوقاتی پێشوەختە زۆربەی بەربەستەكانی لابرد. لێرە بەدواوە رەنگبێ ئیتر هەست بكات، بەرپرسیارێتیی خۆی بەجێگەیاندووە.
 
هەر سەرۆك و هەر تەشریفاتی
 
(3)
بەدرێژایی چەندین ساڵی رابردوو، یەكێك لە گەورەترین ئاستەنگەكانی بەردەم بەستنی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی، ناكۆكیی نێوان ماڵباتی تاڵەبانی بوو لەگەڵ شەخسی بەرهەم ساڵح و پشتیوانیی كۆسرەت رەسوڵ بوو لە بەرهەم ساڵح. عاقیبەت و دوای ئەوە، بەرهەم ساڵح لە 2018 وازی لە حیزبەكەی خۆی هێنا و گەڕایەوە ناو یەكێتی و بەوەش یەكێتی كردیان بە تاكە كاندیدی خۆیان بۆ پۆستی سەرۆككۆمار و بە هەموولایەك كاریان بۆ كرد. سەریانخست بۆ پۆستێك كە تەشریفاتی بوو.
لە كۆنگرەی ئەمجارەی یەكێتیشدا و لە رۆژی یەكەم، ئەندامانی كۆنگرەی یەكێتی بە زۆرینەی دەنگ ئەوەیان رەتكردەوە كە بەرهەم ساڵح بۆ جاری چوارەم بە تەزكیە ببێتەوە بە ئەندامی سەركردایەتی. لە یەكەم دەنگداندا، زۆرینە كارتی سووریان بۆ بەرز كردەوە و ئەویش كۆنگرەی بەجێهێشت. بەڵام دوای رۆیشتنی ئەو (بێ ئەوەی لە دوای ئەو كەس وەك كاردانەوەیەك كۆنگرە بەجێبهێڵێت) جارێكی دیكە دەنگدان كرایەوە و ئەمجارەیان وەك ئەندامی سەركردایەتی قەبوڵ كرا! راستییەكەی، ئەوە لە سیاسییەكی متمانەبەخۆی وەكو بەرهەم ساڵح ناوەشێتەوە دوای ئەو هەموو ساڵە بۆ بوون بە ئەندامی سەركردایەتیی حزبەكەی نەچێتە نێو هەڵبژاردن و موحتاجی تەزكییە بێت. ئینجا تەنها بۆ هەڵگرتنی نازناوی سەرۆك بۆی گرنگ نەبێ سەرۆكی چییە و چ دەسەڵاتێكی هەیە! موهیم ئەوەیە سەرۆكە....

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand